وتار

گاڵتەجاڕی لە ترۆپکی دەسەڵاتدا

Friday, 03.05.2021, 05:16 PM



کاتێک کە ‌حکومڕانی لەسەر بنەمای گەندەڵی بنیات دەنرێت و دیموکراسیەت  تەنیا دەبێتە دیکۆرێکی مردوو، ئەوکاتە حکومەت  دەبێتە  ژینگەی گەشەکردنی  جۆرەھا فایرۆس و بەکتریا و کەڕوو. ئەگەر ئەمانە بە ئەنتیبایوتیکی تایبەت  چارەسەرنەکرێن، تەواوی  ژینگەکە  توشی نەخۆشی و دەردو بەڵا دەکەن. ھەرکاتێکیش حکومەت بەم ئاستەی لێ ھات  ئەوا دەبێتە مۆڵگەی سەرھەڵدانی حکومڕانە گاڵتەجاڕ و ئاست نزم و فاشیلەکان.  لەم کاتەدا  دامەزراوە  دیموکراسیەکانی  وەک پەرلەمان و حکومەت و دادگاکان لەجیاتی کارکردن لە پێناو چەسپاندنی  دادگەری و شەفافیەت و چاودێری و دەرکردنی یاساکان لەبەرژەوەندی  ھاوڵاتیان، دەبنە پێگەی  ئازارو نەھامەتی و  ستەمکاری و قۆرخکاری و پشتیوانی لەدەسەڵاتە گەندڵ و دزو تاڵانچی  ومافیاکان.

ئەوەی ئێستا لەھەرێمی کوردستاندا  دەبینرێت ئەو دۆخەیە، دادگا و پەرلەمان و حکوموت ھەمووی خزمەت  بەو دەسەڵاتە دەکات  کە ‌ئەو سەرکردە گاڵتەجاڕانە  دەیبەن بەڕێوە.  لەسایەی  ئەم جۆرە حکومڕانیەدا کۆمەڵێک  کەسی فاشیل و گاڵتەجاڕ ڕابەرایەتی دەکەن، وەک ئالان ئۆرنۆ دەڵێت: لەژێر سایەی ئەم جۆرە حوکمڕانانەدا، بەھیچ جۆرێک گەشەپێدان و پێشکەوتن و دادگەری و شەفافیەت دروست نابێت.

مانەوەی دەسەڵات  لەژێر حکومڕانی  یەکێتی و پارتیدا بۆماوەی ٣٠ ساڵ، بۆتە ھۆی ئەوەی کە  گەندەڵی و ستەمکاری ڕەگێکی بەھێزی  ھەبێت. ئەوەش جۆرێک لە متمانەی  بۆدروستکردون  کە ھیچ  ھێزێک نیە بتوانێت  لەڕەگ دەریان بھێنێت. بەرپرسە  فاشل وگاڵتەجاڕەکان  لەژێرسایەی  ئەم حکومڕنیەدا ھەموو جۆرە ئیمتیازاتێکیان ھەیە و چونەتە سەرەوەی ھەڕەمەکە، چارە نوسی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی  خەڵک  کەوتۆتە دەستیان. ئەمانە  بڕیار لەژیان وگوزەران و چارەنوسی خەڵک دەدەن. دەست دەخەنە  وردترین کاروباری  ژیانیان. یاری بە ‌بازاڕ و  موچە ‌و نرخی ھەموو شتەکان دەکەن. ژیانێکی پڕ لەنەھامەتی و  کولەمەرگی و ناشایستە بۆ خەڵک  بڕیار دەدەن.

لەکوردوستاندا ھیچ دەسەڵاتێک نیە لێپرسینەوە لە بەرپرسەکانی ئەم دوو حیزبە حکومڕانە بکات. پەرلەمان و  دادگاو حکومەت  خراونەتە خزمەت پلان و  ئەجنداکانیانەوە . کۆمەڵگە ‌و دیموکراسی و دامەزراوە مەدەنیەکان و ڕێکخراوەکان و میدیاکان  کراونەتە بوکەڵەیەک  بە ‌ئارەزوی خۆیان یاری پێدەکەن. دەیان مامۆستای زانکۆو ئەکادیمی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنوس و  قەڵەم بەدەستیان  وەک کۆیلە کردوە بەخزمەت کاری خۆیان. ئەمانە تەنیا ئامانجیان قازانجە. لای ئەوان  شتێک نیە بەناوی  مافەکانی ھاوڵاتیان و سەروەری نیشتیمان و پیرۆزیەکانی نەتەوە، بەڵکو تەنیا بەشوێن  قازانجدا دەگەڕێن. بۆیە بەردەوامیش  کۆنتڕۆڵی بواری ھێزیان کردوە لەڕوی سیاسی و ئابوری و مەعریفیەوە. ئەمانە  بۆ پاراستنی  ئەوحکومڕانیەی  ھەیانە ھەموو  ھۆکارێک  بەکاردەھێنن، چونکە دەزانن مانەوەی  ئەوان بە مانەوەی  کورسی و حکومرانیەتیەکەیانەوەیە و ئەگەر  ڕۆژێک لەحکومدا نەمێنن ھیچیان لێ نامێنێتەوە . لەبەر ئەوە  لەژێر سایەی ئەم جۆرە حکومڕانیەدا  ھەموو شتێک لەپەروەردە ‌و  تەندروستی و  ژینگەو دامەزراوەکانی دەوڵەت  وێران دەبن.

توانای وێرانکاری ئەمانە زۆرە و ڕۆژانە شوێناکرەکانیان دەبینرێت. ئەوان  گوێ بۆ ھیچ ڕەخنە و پێشنیازێک ناگرن. لەبەرامبەردا ھەرکەس بەرەوڕویان بێتەوە و داوای مافی ھاوڵاتیان و چاکسازی بکات ڕوبەڕوی  سزای توند دەبێتەوە و بە بەکرێگیراو و تیرۆرست تاوانباری دەکەن.

  حوکمدانی شەش ڕۆژنامەنوس و چالاکوانە  مەدەنیەکانی  بادینان باشترین بەڵگەی ئەم بۆچونەیە،، لەولاشەوە  دەبینین کە سەرتاپای ھەرێم  ئاڵۆزی و ناکۆکی و دژایەتی و  نائارامی  داگیریکردوە. بەردەوام  یەکێتی و پارتی  یەکتر تاوانبار دەکەن. ھێرش دەکەنە سەر یەکتر، چونکە پێیان وایە گەندەڵی بەشێوەیەکی شەفاف و دادگەری  لەنێوانیاندا بە یەکسانی  دابەش نەکراوە و  بەشی ھەندێکیان  لە ھەندێکیان  زیاترە. واتە ململانێ قورسەکە لەنێوان گەندەڵکاراندایە. نەک گەندەڵکاران و بەرەی چاکسازان.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟