وتار

راپەڕیندزەکان!!

Saturday, 03.06.2021, 12:48 PM



   پەیامەکانی مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، لاهور جەنگی، نێچیرڤان بارزانییم خوێندەوە، دڵنیام گەر قوباد تاڵەبانی و پاڤێڵ تاڵەبانیش شتێکیان لە زار دەرچوبێت هەر دوبارەکردنەوەی قسەی هاوسیاسیەکانیانە!
ئەمەوێ بەو زاتانە بڵێم: بڕوا بکەن سەدام حوسێن و عودەیی و قوسەی چەندە مافی ئەوەیان هەیە بەو زمانە پڕلەچەواشەکاریەی ئێوە قسە لە سەر راپەڕین بکەن، ئێوەش هەر هێندە مافتان هەیە!
خۆتان ئەزانن، لە فەرهەنگی سیاسیدا شۆڕش گێڕ هەیە، شۆڕش دزیش هەیە.
ئێوە خاوەنی راپەڕین نین، ئێوە راپەڕین دزن.
تکایە ئەم قسانەم بە بێڕێزی تێمەگەن!
بە عەقڵێکی کراوەو دەرونێکی ئارامەوە بیرێک بکەنەوە، ئەو کات خۆتان حوکم بدەن.
خۆتا ئەزانن؛ راپەڕین بۆ ئازادی بو، ئێوە خاوەنی سەدان کەیسی تیرۆر و کوشتن و گرتنی خۆپیشاندەرو رۆژنامەنوس و ئازادیخوازانن.
راپەڕین بۆ کۆتایی هێنان بو بە خیانەت؛ بۆ رزگاری نیشتیمان؛ ئێوە خاوەنی شەنگال و ٣١ ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەرو هێنانی سوپای تورکیاو ئێران و حەشدی شەعبین بۆ سەر خاکی کوردستان.
راپەڕین بۆ ئاشتی و پێکەوەبون بو؛ ئێوە خاوەنی شەڕی ناوخۆو دیواری دیگەڵەو دوئیدارەیین.
راپەڕین بۆ ئەوە بو چیتر داهاتی نەوتی کەرکوک و کوردستان نەدرێتە چەکوچۆڵ و خەڵکی کوردو گەلانی تری پێ جینۆساید نەکرێ؛ بەڵام ئێوە بەشە زۆرەکەیتان دایە وڵاتانی ئیقلیمی و ئەوانیش خراپتر لە بەعس، کوردی پێ دەکوژن و کوردستانی پێدەسوتێنن!
راپەڕین بۆ ئەوە بو هێزی چەکدار و دەزگا ئەمنی و هەواڵگریەکان، لە دەستی حیزبی بەعس و کوڕانی سەدام دەربهێنرێ و بکرێن بە دەزگای نیشتیمانی؛ خۆ هەریەکە لە ئێوە خاوەنی گروپی مافیایی و هێزی بە ناو ئەمنی و هەواڵگری و چەکدارن.
ڕاپەڕین بۆ ئەوە بو پەروەردەو زانکۆ فەرمانگەکانی تری حکومڕانی لە حزبیبون رزگار بکرێ؛ ئێوەش بە زۆر فۆرمی حیزبیبون بە خەڵک پڕ ئەکەنەوە، بە پێچەوانەوە نانبڕاویان ئەکەن.
راپەڕین بۆ کۆتایی هێنان بو بە حوکمی بنەماڵەو باوکو کوڕە ستەمکارەکان؛ ئێوە ریزێک بنەماڵەو باوک و کوڕو برازای لە ئاستی ناوخۆدا ستەمکارو لە ئاستی دەرەوەدا ترساو.
لێکچون و جیاوازیەکان زۆر زۆرن:
سەدام قاچاخچی نەبو، ئێوە قاچاخچین، سەدام باجێکی گونجاوی لە خەڵک وەر دەگرت و دەیکردەوە بە خزمەتگوزاری، ئێوە زۆر وەردەگرن و دەیدزن، سەدام جادەی دروست دەکرد، تەنکەرە نەوتەکانی ئێوە جادەیان بۆ خەڵک نەهێشت، سەدام خواردنی خراپی نەدەهێنایە بازاڕی عێراقەوە، ئێوە خراپترین کوالێتی دەهێنن.
رفتارە بەدەکانی سەدام کوردبون و نیشتیمان و پێشمەرگەو شەهیدبون و شۆڕش و ئازادی لا خۆشەویستتر دەکردین؛ ئێوە هەمویتان بێزراوو ناشرین کرد!
تاوانەکانی سەدام نەیتوانی بۆ ساتێک مرۆڤی کورد بێهیواو بێئیرادەو بێمتمانە بکات؛ ئێوە  خەڵکتان هیوا بڕاو کرد؛ هەرچی بەهای جوانی مرۆڤبون و کوردبون هەیە لە بەرچاوی خەڵکتان خست.
راستە سەدام یەکێک بو لە خوێنرێژە گەورەکانی مێژوی مرۆڤایەتی، وەلێ ئەوەی سەدام و دوژمنانی تری کورد نەیتوانی بە کوردی بکەن، ئێوە کردتان.
ئێوە ئاگاتان لە خۆتان نیە، بڕوا بکەن هیچ نین جگە لە کۆپیەکی خراپی سەدام و عودەی و قوسەی.
دارودەستەکانتان فۆرمێکی بچوکترن لە عەلی کیمیایی و تەها یاسین رەمەزان و بەعسیە خوێنرێژو ماستاوچیەکانی تری بەردەستی سەدام و کوڕەکانی.
ئەمەی من دەیڵێم: بەراوردی رفتارەکانی ئێوەیە دژ بە کوردو کوردستان، بەراورد بەرفتارەکانی سەدام و کوڕەکانی!
وەک پێشتر وتومە ئێوە هەن بۆ ئەوەی کوردو کوردستان نەبێ، بۆ ئەوەی مرۆڤی کورد بێ کەرامەت و کۆیلەو برسیبێت.
ئێوە هەن بۆ ئەوەی کورد نەفرەت لە مێژوی خۆی و لە فەرهەنگ و هونەر و زمان خۆی، لە شانازی و قوربانیەکانی خۆی بکات.
لە ناو مێژوی کورددا، ئێوە نوێنەری خەتی خیانەت و پەرتکردنی خاک و گەل و لەباربردنی هەر دەرفەتێکن، کە بۆ ئازادی و رزگاری و پێشکەوتن و پێکەوەبونمان رەخسابێت و خیانەت لە ئێوەدا دەگاتە پلەی کەماڵ!
بەڵێ ئێوە توانیوتانە تا ئاستێکی باش ئەجێندای دوژمنان جێبەجێ بکەن.
زەلکاوی سیاسی ئێوە هەر خۆتانی بەرهەم نەهێنا، بەڵکو ژینگەیەکی لەبارە بۆ گەشەو کاری ئەوانەش، کە بە زانین بێت یان بە نەزانی، دەیانەوێ کارە تەواونەکراوەکانی ئێوەو دوژمنان، دژ بەم گەل و نیشتیمانە، بە ناوی بەرهەڵستی ئێوەوە تەواو بکەن!
ئێوە کاتێک دەتوانن باسی راپەڕین بکەن، کە خۆتان داماڵیبێت لەو هەمو فەزاحەتە سیاسی و یاسایی و ئیداری و ئابوری و ئەمنیەی کە تا بیناقاقاتان هاتوە.
ئێوە، کە هەمو لەیەک ئەچن، کاتێک دەتوانن باسی راپەڕین بکەن، کە داوای لێبوردنتان لە خەڵک کردبێ.
ئەرکی ئێمەیە بۆ خەڵکی رون بکەینەوە، کە نیشتیمان و ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە دو شتی جیاوازن.
نەتەوەو شۆڕش و پێشمەرگەو راپەڕین و ئەم تاقمە دەسەڵاتدارە بە یەک نامۆن.
لە یادی سی ساڵەی راپەڕیندا شانازی بە راپەڕینەوە دەکەم، شانازی بە کوردبون و نیشتیمان و پێشمەرگەو شەهیدەوە دەکەم.
شۆڕش هاوتەریبە لە گەڵ ژیاندا، تا ژیان هەبێ دەبێ شۆڕش بەردەوام بێت، تا ستەم هەبێت دەبێ راپەڕین بەردەوامبێت.
   وێنەکەش قەڵای شێروانەیە و خەریکە ئەڕوخێ. راپەڕیندزەکان ناتوانن پارەی ١٠ تەنکەر نەوتی دزراوی گەرمیان، بۆ چاککردنەوەی تەرخان بکەن!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟