TEVDA Press

عەلی حەمە ساڵح جارێکی تر ناوی هیچ یەکێك لە گەندەڵکاران و خراپکاران ناهێنێت!

| Monday, 03.08.2021, 02:49 PM |


عەلی حەمە ساڵح جارێکی تر لە میدیاکاندا گەندەڵیەکان ئاشکرا دەکات، بە بێ ئەوەی ناوی هیچ کەسێك لە گەندەڵکاران بهێنێت! هەر بۆیە تەڤدا پرێس هەمان داوای ئاراستە دەکاتەوە، وەك ئەوەی لە داواکاری پیشودا خستبومانە ڕو.

بۆ دوهەم جار  هەمان داواکاری  تەڤدا پرێس لە عەلی حەمە ساڵح ؛

ئێمە وەکو دەزگای تەڤدا پرێس داواکارین ئەگەر بە نیازی ئەوە نین لە ڕێگای دەرخستنی نیوەی راستیەکان و بە مەبەستی هەوڵدان نەبێت بۆ دەسکەوتی ژێربەژێری خۆتان  و بەکارهێنانی ئەم جۆرە نیوە زانیاریانە وەکو ئامێرێکی هەرەشە و لە بەرامبەریا وەرگرتنی دەسکەوت و شەراکەت ئەنجام نادەن. ئەوا زۆر بە توندیەوە داواتان لێدەکەین یاری بە خەڵك  نەکەن و تەوای راستیەکان بخەنە ڕو، بۆیە داواکارین لێتان کە ئەو زانیارانە بە شێوازێکی کۆنکرێتی بخەنە ڕو. ناوی ئەو کەس و دەزگایانە ئاشکرا بکەن کە ئەو گەندەڵیانەیان ئەنجام داوە.


ئەگەر بوێری ئەوەشتان نیە ئەوا باشترە لێی بێدەنگ بن و ریکلامی بوێری و دڵسۆزی بۆ خۆتان نەکەن. تاکو ئەو کاتەی ئەم دۆسیەیە و هەر دۆسیەیەکی تر کە بە بێ ناوهێنانی کەسەکان بخرێتە ڕو  ئێمە وەکو دەزگای تەڤدا پرێس پەنجەی ئەوەتان بۆ رادەکێشین کە ئەو کارانەتان بە مەبەستی بونە شەریکی ئەو گەندەڵکارانەیە و دەتانەوێت لەو ڕێگایانەوە خۆتانن سود مەند بکەن و لە ژێرەوە بەشێك لەو دەسکەوتی گەندەڵی و پیسخۆریانەتان پی ببەخشرێت. لەو نیوە زانیاریانەتان  ناڕوانین وەك ئاشکراکردنی راستیەکان و  تێکۆشان بۆ باشکردنی باری گوزەرانی خەڵك و ڕیگری لە گەندەڵی، بەڵکو  وەکو تێوەگلانتان لە گەندەڵی و پیسخۆری تێی دەڕوانین.

دەقی بڵاوکراوەکەی عەلی حەمە ساڵح لە ماڵپەرێ ئاوێنە؛
2021-03-08
ئەندامێکى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ لە کوردستان ژمارەیەک کارگەى بێ مۆڵەت بۆ دروستکردنى جگەرە و مەشروب کراونەتەوە، کە نە باج دەدەن و نە چاودێرى دەکرێن.

ئاوێنه‌:   عەلى حەمە ساڵح، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، پەردەى لەسەر دوو دۆسیەى گەندەڵى لادا و رایگەیاند: کۆمەڵێک بەرپرس و دەستڕۆشتو، (96%)ى جگەرە و (40%)ى خواردنەوە کحولى دەهێننە هەرێمەوە.

دەشڵێت: لەوە ترسنکتر لە کوردستاندا ژمارەیەک کارگەى جگەرە و خواردنەوە کحولی هەن بە مۆڵەت و بێ مۆڵەت، بەبێ ئەوەى باج بدەن و چاودێرى بکرێن، بەبێ ئەوەى کەس پێیان بڵێت چى دەکەن و چى دروست دەکەن و چۆن دروستى دەکەن، چەندین جۆرى جگەرە و خواردنەوە دروستدەکەن.

عەلى حەمە ساڵح باسى لەوەشکرد، لە دونیادا باج لەسەر جگەرە و خواردنەوە کحولیەکان لە هەموو شتێک زیاترە، بەڵام لێرە باج لە دوکاندارێکى نانەوا و سەرتاشێک دەسەنرێت، کەچى هێنانى جگەرە و مەشروپ بە قاچاخى و بەبی باج دێتە هەرێمەوە، لە دونیادا کارگەکان لەژێر چاودێریدان بۆ دروستکردنى جۆرى ماددەى کحولى و جگەرە کە کەمترین زیانى هەبێت، بەڵام لە کوردستان لە جیاتى چاودێرى کردنى ئەو کارگانە دروستکردنى لوقمەقازى لەژێر چاودێریدا دروست دەکرێت.

لەبارەى دۆسیەیەکى دیکەى گەندەڵیشەوە کە پەیوەستە بە بەرهەمهێنانى گازوایلەوە، عەلى حەمە ساڵح ئاشکرایکرد؛ (95%)ى ئەو بەرهەمەى کە وەک و گازوایل دەفرۆشرێت بە مۆلیدە و بارهەڵگرەکان، گازوایل نین و لەکۆمەڵێک ماددەى زیانبەخش دروست دەکرێن.

جەختیش دەکاتەوە، ئەمانە هیچیان باج نادەن و چاودێریش ناکرێن، سەرەڕاى ئەوەى ئەو کارگانە مەترسى لەسەر هەوا و ژینگە دروست دەکەن، هۆکارى سەرەکیشن بۆ توشبون بە شێرپەنجە.

تەڤدا پرێس