لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بۆچی سێ تاوانبارەکە تەسلیمکرانەوە...

Monday, 03.08.2021, 05:42 PM



ئێوارەیەکی درەنگی ڕۆژی هەینی بەرواری٢٦/٢/٢٠٢١لەشاری سلێمانی غالب محەمەد پەرلەمانتاری کورد لەپەرلەمانی بەغدا بەر چەقۆ درا و هەر هەمان شەو بکوژەکە وێنەی بڵاوکرایەوە و پۆلیس و هێزە ئەمنیەکان بکوژ و تیمەکەیان دۆزیەوە و بەشێکیان دەستگیرکران، هەمان شەویش مامەڵە و بازرگانی بەو دۆسیەی تیرۆرەوە لەنێوان بازرگانانی هەردو بنەماڵە دەستیپێکرد و هەردو لایان کۆک بون لەسەر ئەوەی بکوژ و تیمەکەی ڕادەستی پۆلیس نەکرێن و بە ڕێزەوە رادەستی پاراستن بکرێنەوە، بەو پێیە دوێنێ ٣/٣/٢٠٢١سێ چەقۆ کێشە دەستگیرکراوەکەی پاراستن لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە، بە فەرمانی بنەماڵەی بارزانی و جێبەجێکردنی فەرمانەکە لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانیەوە ئازاد کران و حەرەم و حورمەتی یاسا و دادگا هێندەیتر لەلایەن مافیاکانەوە شکێنرا.
کە دەبوایە بنەماڵەی تاڵەبانی ئەو تاوانبارانەیان ڕادەستی بنەماڵەی بارزانی نەکردایە و دادگاییان بکردنیایە، کلتوری سازش و بازدان و بێحورمەتکردنی یاسا و دادگا و تەواوی بەهاکانی کۆمەڵگەی کوردی، درێژکراوەی هەمان کلتوری جەلال تاڵەبانیە و یەکەمجاریان نیە، هەمیشە سازشی زۆر گەورەیان بۆ بنەماڵەی بازرانی و بەعس و ئێران و وڵاتانیتریش کردوە و بنەماڵەکەی هەمان ڕێبازی جەلال تاڵەبانیان پەیڕەو کرد، لەپشت ئەم ڕەفتارەوە هەمیشە کەسێکیشیان هەیە، بۆ  خۆ بە ئۆپۆزسیۆن نیشاندانی درۆزنانە و سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی بۆ لای حزب و بنەماڵەکەیان، بۆیە جریوەکەی لاهور تاڵەبانی هێندەی دوپاتکردنەوەی هەمان ڕێچکەکەی بنەماڵەکەیەتی و سیناریۆ و ڕۆڵ دابەشکردنەکەیە(توزیع ادوار)، کە کلتوری بنەماڵەکەیەتی هێندە ڕاستی تێدا نیە.
ئەگەر هەردو بنەماڵە جیاوازیان لەنێواندا بوایە و یەک عەقڵیەت و یەک ستەمکار نەبن، لاهور تاڵەبانی بەرپرسی دەزگای ئەمنیە و دەیتوانی هەڵوێستی زۆر ڕژد و پتەوی هەبێت و تاوانبارەکان ئازاد نەکات و ئالنگاری هەمو بنەماڵەی بارزانی و بنەماڵەکەی خۆیشی بکردایە، بەڵام نەک هەڵوێستی نەبو و بەرگری نەکردوە، وەک هەندێک لەلایەنگر و سێبەرەکانی ئاماژەی بۆ دەکەن، بەڵکو هەوڵە دوفاقیەکەی لەهەڵوێستی قوباد و پاڤێڵ تاڵەبانی و بارزانیش ساختەترە.
جریوەکەی پشتڕاستکردنەوەی ڕەخنە و سەرنجەکانی ئێمەیە، کە دەڵێین ئەم تاقمە داگیرکار و هاوردەیەی بنەماڵەی تاڵەبانی، لەژێر فەرمانی بارزانی و ئێراندان و تەنیا بڕیاری تاڵانکردن و قاچاخچێتیان بە داهات و سامانی مرۆیی و ئابوری سلێمانیەوە هەیە و هیچ کارەن و کلتوری فەرمان جێبەجێکردنی بارزانی و ئێرانیشیان لەتاڵەبانیەوە بۆ ماوەتەوە، هەر چەند مانگێک پێش ئێستا مستەفا سەلیمیان ڕادەستی ئێران کردەوە، لەبیرتانە لەساڵی٢٠٠٩جەلال تاڵەبانی چەند بێ منەت فڕۆکەوانەکەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی بە بێ دادگایی و سزادان ڕادەستکردەوە و حسابی بۆ یاسا و دادگا و هەستی میللەت و هەتا کەسوکاری شەهیدانی حزبەکەی خۆیشی نەکرد، هەر جەلال تاڵەبانی چەند بێ گرفت پاکانەی بۆ نزار خەزرەجی لەدانیمارک کرد و لەدادگاییکردنی ئەو وڵاتە ڕزگاری کرد، ئیمزا نەکردنی سزای لەسێدارەدانی عەلی حەسەن مەجید و ناردنی هەواڵ بۆ ساجدەی هاوسەری سەدام، کە بێن بۆ سلێمانی دەیانپارێزێت و پاراستنی سەدان بەعسی و تاوانبار و سەرۆکجاشیتری دەست سور بە خوێنی کورد، هاوڕێیەتی و دۆستایەتی لەگەڵ خەزرەجی و سەدام و هتد و هەزاران تاوانیتر بەڵگەی ڕونن، کە ئەم بنەماڵەیە چین؟، ئیتر لاهور تاڵەبانی بە تیویتێک دەیەوێت کێ بگەوجێنێت؟.
تاوانی ئازادکردنی سێ چەقۆ کێش و بکوژ بە بێ لێپرسینەوە و سزادان هێندەی تاوانی سەپاندنی شەش ساڵ حوکم بەسەر پێنج ڕۆژنامەنوس و چالاکوانەکەی دهۆک لەلایەن بنەماڵەی ستەمکاری بارزانیەوە ستەمکارانەیە، وەک چۆن پێش دادگاییکردنی ئەو پێنج چالاکوانە مەسرور بارزانی لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە ئەوانە ڕۆژنامەنوس و چالاکوان نین و تۆمەتی سیخوڕی خستە پاڵیان و پێش حوکمی دادگا کەوت و بڕیارەکە لەبنەماڵەیەکی ستەمکارەوە بۆ دادگا شۆڕکرایەوە، جریوەکەی لاهور تاڵەبانیش بە هەمان شێوەیە، چونکە ئەوە ئەرکی دەزگا ئەمنیەکانی ئەم سنورەیە، بڕیاری سزادان یان ئازادکردنی بکوژەکانی غالب محەمەد بدەن، نەک هاوسەرۆکی حزبێکی ستەمکار.
ئەم شانۆگەرییە تازە نیە لەنێوان هەردو بنەماڵەدا لەژورە تاریکەکاندا پێکەوە بڕیاری هاوبەشانە لەسەر ئەو کارانە دەدەن، لەپێش میدیا و خەڵک و ڕای گشتیشدا دەکەونە هەڵدانەوەی دۆسیەی تاوانی یەکتر و خۆ بە پاڵەوان نیشاندان لەدژی یەکتر، هەمیشەیش کلتوری ڕۆڵ و ئەرک دابەشکردن لەنێوان بنەماڵەی تاڵەبانیدا هەبوە و تازە نیە، لەچاوپێکەوتنێکدا باڤێڵی تاڵەبانی خۆی وتی، ئەرکی من ئەوەیە لەبنەماڵەی بارزانیەوە نزیک بم و ئەرکی لاهوریش ئەوەیە ئۆپۆزسیۆن بێت، پێموایە ئەو هەر بە نەزانی ئەو ڕاستیەی درکاند، هەرچەندە خەڵک لەو ڕاستیانە ئاگادارە، بۆیە شورەییە لایەنگر و سێبەرەکانی لەجیاتی هەڵوێست وەرگرتن لەدژی ئەو ڕەفتارە خراپەی بنەماڵەی تاڵەبانی، هەوڵی پەردەپۆشکردنی دەدەن و پاساو بۆ تاوانەکەی لاهور تاڵەبانی دەهێننەوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟