لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

كۆمەڵگای كوردی و هونەری بەڕێوەبردنی میرنشینایەتی و مێنتەڵیەتی خێڵ.

Tuesday, 03.09.2021, 01:18 PM



حیزبایەتی لە كوردستان جگە لە كلتورێكی سیاسی پر لە قەیران و كێشەی هەمەجۆر خاوەنی هیچ شانازییەك و هیچ جوانیەك نییە یەكێك لە خەسڵەتەكانی حیزبی كوردی بریتی یە لە بەخێزانیبون، ئەم بەخێزانیبونەیش هۆكارە بۆ ئەوەی كە بە ناوچەیی بن و لە جوگرافیایەكی دیاریكراودا سنوری بەبنەماڵەیبونی خۆیان بپارێزن، لەم مۆدێلەدا سیاسەتكردن بە دووی چاكەی گشتییەوە نییە، بەڵكو بە دووی چاكەو بەرژەوەندی وكەڵەكەكردنی سەرمایەو سامان و فراوانكردنی پێگەی تایبەتیی خێزانێكەوەیە، لە دوای ڕاپەرینەوە ئەم خێزانانە كە جوگرافیای هەرێمی كوردستانیان دابەش كردووە ئەوەندەی سەرقاڵی شەڕی ناوخۆو میكانیزمەكانی ڕێگرتن بوون لە چەسپاندنی پایەكانی دیموكراسی، نیوئەوەندە لە هەوڵی دابینكردنی ئاسایش و سەقامگیری و لە خەمی ئاشتی كۆمەڵایەتی و چەسپاندنی پایەكانی دیموكراسی دا نەبوون، ئەزمونی سی ساڵی حوكمرانیەتی كوردی نەك دیموكراسی نییە، بەڵكو مۆدێلێكی میرنشینی مێنتەڵییەتی خیڵ و یەكەی خێلایەتییە كە دورە لە خەیاڵ و لە مۆدێل و عەقڵی دیموكراسی و ئەگەریش نیمچە ئازادییەك هەبیت لە شاخەوە دانەبەزیوەتە ناو كۆمەڵگای كوردی، ئیستاش دوای سی ساڵ لە حوكمی بەڕێوەبردن هەڵویست و دیدو ڕوانینی دەسەڵاتی كوردی بەشێكە لە كۆلۆنیالیزمی فیكری و مەعریفی كە ئامانجیان بە كۆلۆنیالكردنی هاونیشتیمانیانە لە كوردستان و فریان بەسەر سیاسەت و هونەری بەڕیوەبردنەوە نییە.
هونەری بەڕیوەبردنی میرنشینایەتی و مێنتەڵیەتی خێڵ كۆمەڵگای كوردی لەبەردەم خەون و خەیاڵ و بەرژەوەندی حیزب دا زەلیل كردووەو لە ڕووی پراكتیكییەوە هەر شتێك قابیلی پارچە پارچەبوون بێت پارچەیان كردووە، ئەم عەقڵە دۆگماییەی حیزب ژیانی كۆمەلایەتی كۆمەڵگای كوردی لەناو بازنەی سیاسەتی ناتەندروستی حیزبیدا دیلكردووە، لە دۆخێكی وەهادا ئەركی ئەخلاقی نوسەرانی بە هەڵویست و رۆژنامەنوسانی بوێرو ڕاستگۆیە كە توڕە بن و ڕەخنە بگرن و شەقام بجوڵێنن، ئەم دۆخەی ئێستا پێویستی بە ڕەخنەیەكی مەنهەجی و میتۆدی و زانستی و مەعریفی یە كە گرنگی بە هەموو لایەنەكانی ئەم وێرانەیەو هەموو كایەكانی ژیان لە كوردستان بدات،كورد بە درێژایی مێژوو مرۆڤی خاوەن هەڵویست و هەقبێژو ڕەخنەگری هەبووە، لە ڕەفیق حیلمییەوە بیگرە بۆ عەلادین سوجادی و پیرەمێردو چامەكەی نالی و سالم كە لەدوای ڕوخانی میرایەتی بابانەوە هاتووەتە گۆڕێ، لە مەحوی و قانیعی شاعیری چەوساوەكانیشەوە بیگرە بۆ گۆران و لەتیف هەڵمەت و مامۆستا هێمن موكریانی هەتا شێركۆ بێكەس و پەشێو بەیتەكانیان لە رووی مانا و زمان و مەنتیقەوە بێوێنە بوون.
ڕەخنە پێویستی بە عەقڵەو هەوڵدانێكی زانستی میتۆدییە كەكاری گەڕان و پشكنین و لێكدانەوەو دۆزینەوەیە، بەبێ پشكنین و میتۆدی بیركردنەوە ناتوانین ڕەخنەیەكی بنیاتنەرانە بگرین ،هیچ رەخنەیەك بەبێ گەشەی فیكری و بەبێ میتۆدی فەلسەفی ئامانجەكان ناپێكێت، ڕەخنەگر لەناو بەستەڵەكی ئایدۆلۆژیای سیاسی دا پەروەردە نابێت، بەڵكو ڕەخنەگر لە ئیرادەو بوێری و راستگۆییەوە دروست دەبێت كە بڕیاربدات پشكنینێكی بابەتیانەو میتۆدیانە بخاتە بەردەم ڕای گشتی، ڕەخنەگری ڕاستگۆ ڕاستگۆیە لەگەڵ ویژدانی مەعریفی خۆیدا و فێڵ لە خۆی و لە خوێنەرو لە كۆمەڵگاكەی ناكات.
لە دونیای دیموكراسی دا ئەگەرسیاسەت بەدیوێكدا سەرزەمینی بەها هاوبەشەكان بێت، ئەوا بە دیوەكەی تردا سەرزەمینی ڕاوبۆچوونە جیاوازەكانیش بووە، دونیای دیموكراسی بەبێ رۆژنامەو ڕۆژنامەنوس و كەناڵی میدیایی سەربەخۆو ڕەخنەیی و پشكنەرو بەبێ ئازادی گەڕان و پشكنین بنیات نانرێت، دەبێ فێربین لەم سەرزەمینەدا ڕێز لە دیدو دونیابینینی جیاواز بگرین، ڕۆحی دیموكراسی سەروەری یاسا و حوكمرانی گەلە،كاتێك پەرلەمان و دادگاكان لە ژێر هەژمونی خیزانە سیاسییەكان و خیڵ و بنەماڵە و حیزبەكانیاندایە ئیدی شتێك نییە پێی بگوترێت سەروەری یاسا و رێزگرتن لە یاساو بنیاتنانی پایەكانی دیموكراسی، كۆمەڵگای كوردی لەبەردەم قەیرانی گەورەدایە قەیرانی نائارامییەكی ڕۆحی، پاشانیش قەیرانی سیاسی و ئابوری و شێوازی بەڕێوەبردن، دواتریش قەیرانی بەریەككەوتنی ئاشكراو نھێنی و ساتەوەختی تەقینەوەی ناكۆكیەكانی نێوان دوو میرنشین و دوو مەرجەع و دوو زۆن، هەرگیز ئەم قەیرانە یەكسان نییە بە گۆڕان، ڕزگاربوون لە قەیران و گواستنەوە بۆ قۆناغێكی باشتر پێویستی بە كۆمەڵێك كەرەستەو ئامرازو ئیرادەو ئامادەگی تاك و گروپ و كۆمەڵگا هەیە كە ژیان و بەختەوەری ئینسانەكان بە گرنگتر لە ژیانی میرنشین و مەرجەعەكان بزانێت، هەتا دەستكاری مەرجەعەكان نەكرێت بەختەوەری ئینسانەكان بنیات نانرێت.



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس






وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟