TEVDA Press

حاکم شێخ لەتیف

گرنگی دادگای فیدراڵی باڵا

| Monday, 03.15.2021, 06:06 PM |



دادگای فیدراڵی گرنگترین دەزگای دەستوری وەڵاتە ، ئەگەر دەستور گرنگترین و باڵاترین یاسای وڵات بێ و ھەموو دەسەڵاتە باڵاكانی دەوڵەت پێویستە بەگوێرەی بڕگەو مادەکانی دەستور کار بکەن، ئەوە لەو گرنگتر بەدڵنیاییەوە دادگای فیدرالیە یان دادگای دەستوری ، چونکە دەستور ئەو بڕگەو مادانە نیە کە لەدوتوێی بڕوانامەی دەستورەکەدا ھاتون بەڵكو ئەوەیە کە دادگای فیدراڵی تەفسیری دەکاو مانای پێ دەبەخشێ ، جگە لەوە دەتوانێ ھەر یاساو رێنمایی و رێوشوێنکی فدرالی بەبیانوی سەرپێچی دەستورەوە « کە ھەرخۆی مانای پێ دەبەخشێ » ھەلبوەشێنێتەوە.
ھەر بۆیە یەکێک لەو رەخنانەی لە سیستەمە دیموکراتیە رۆژئاواییەکان دەگیرا لەلایەن فوقەھاکانی بلۆکی رۆژئاواوەوە لە سەدەی ڕابردودا ، ئەوەبو کە دەیانوت درۆیە دەوڵەتانی ئەوروپی و ئەمریکا دیموکراتی نین وەک ئەوەی خۆیان بانگەشەی بۆدەکەن ، چونکە بریاری کۆتایی بەدەست پەرلەمانی نوێنەری خەڵک یان سەرۆکی ھەلبژێردراوی گەلەوە نیە، بەلکو بەدەست کەمینەیەکی ئۆلیگارشیەوەیە کە دادوەرانی دادگای دەستورین و ئەوانیش بەدامەزراندن پۆستەکانیان وەرگرتوە نەک ھەلبژێردرابن لەلایەن گەلەوە ، وە بەتەوسەوە بە ئەمریکایان دەیانوت حکومڕانی دادوەران ،وەک رەخنەگرتنێک لەسیستەمی دیموکراتی رۆژئاوایی کەلەھەمان کاتیشدا گرنگی دادگای دەستوری پیشان دەدا
لە ئێستادا کە پەرلەمانی عێراق لە ساتەوەختی تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵیدایە ، قۆناغێکی یەکلایی کەرەوەو مەترسیدارە بەتایبەت ئەگەر زۆرینەی شیعە بۆیان بچێتە سەرو فوقەھاکانی شەریعە « یان راستتر فوقەھاکانی مەزھەبو لەوەش خراپتر حیزبی دینی » ببنە بریار بەدەست لە دادگاکەدا ، عێراق ئیتر بەرەسمی دەبێتە دەوڵەتێکی مەزھەبی.

حاکم شێخ لەتیف