TEVDA Press

ڕاگەیاندنی بنەماڵەی مەجید ئیبراهیم سەبارەت بە گیانلەدەستدانی کوڕەکەیان لە زیندانی دژە تیرۆری پارتی

| Tuesday, 08.04.2020, 06:17 PM |


بنەماڵەی مەجید ئیبراهیم  ناسراو بە (مەجید ھەرووتی) ئەو پێشمەرگەیەی یەكێتی، كە لە زیندانی ئاسایشی هەولێر گیانی لەدەستدا رایانگەیاند: لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە تا ئێستا هیچ ئەنجامێكی لێكۆڵینەوەیان ئاشكرا نەكردووە و پێشیان وایە پارتی كوڕەكەیانی كوشتووە. هەروەها دەشڵێن: ئەگەر دەرئەنجامەکان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەخرێتە ڕوو ئەوا دەستەوەستان نابین و ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین.بنەماڵەی مەجید ئیبراهیم، راگەیەندراوێكیان بڵاوكردەوە و تیایدا ده‌ڵێن: مەجید لە شەوی١٣ لەسەر ۱٤ ⁄ ١ ⁄ ٢٠٢٠ لەماڵەکەی خۆیدا ڕفێندرا لە لایەن ھێزێکی بەناو دژە تیرۆری پارتییەوە، بە ھاوکاری ئاسایشی باسرمە و ئاسایشی سۆران، بەبێ ھیچ فەرمانێکی دادگا . پاش دو ڕۆژ لە ڕفاندنی لە بەرواری ١٦ ⁄ ١ ⁄ ٢٠٢٠ پاش مامەڵەیەکی نامڕۆڤانە و دوور لە هەموو هەستێکی بەرپرسیارێتی و ئاكارێکی ئەخڵاقی  لە مەرگی چاوەڕوان نەکراوی مەجید ئاگاداریان  کردینەوە. پێیان ڕاگەیاندین کە  تەرمی کوڕەکەمان  (مەجید ھەرووتی) لە پزیشکی دادوەری ھەولێرە.بنەماڵەکەی ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، لە سەروبەندی ڕووداوەکەدا، بڕیاردرا بە پێکھێنانی لیژنەیەکی پەڕلەمانی و لیژنەیەکی حکومی ( ئەم لیژنە حکومییە پێکھاتبوو لە ئەندامانی دەزگای زانیاری یەکێتی و دەزگای پاراستنی پارتی)، بەمەبەستی ئاشکرا کردنی ڕاستی ڕووداوەکە بۆ ڕای گشتی کوردستان،  بەڵام تاکو ئێستا ھیچ دەرئەنجامێکی ئەو لیژنانە نەخراوتە ڕوو بۆ ڕای گشتی و بنەماڵەکەمان.بنەماڵەی مەجید ئیبراهیم ئه‌وه‌شیان خستۆته‌ڕوو، پارتی دوور و نزیك ھیچ بەڵگەیەکی یاسایی لەبەر دەست نەبووە بۆ  تۆمەتبارکردنی ڕۆڵەکەمان، بەڵکو  تەنھا پڕوپاگەندە و قسەی سواو دەھۆننەوە.له‌ كۆتایی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌شكردووه‌، ماوەی چەند مانگێکە بە بێ بەدەستهێنانی هیج ئەنجامێك  چاوەڕوانی دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەی لیژنەکان دەکەین، وەک ئەندامانی بنەماڵەکەمان ماوەیەکی دیکە چاوەڕوان دەکەین، ئەگەر دەرئەنجامەکان بۆ ئێمە و ڕای گشتی نەخرێتە ڕوو یٔئەوا  دەستەوسان نابین، ئەوەی پێویست بێت یٔەنجامی دەدەین لە شێوەی ناڕەزایەتی دەربڕین لەبەردەم قونسوڵخانەکانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێم و جوڵاندنی ڕای گشتی، ھەروەھا پەنا دەبەینە بەر ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتیی وە ھەروەھا تۆمار کردنی سکاڵای یاسایی لە بەردەم دادگاکانی عیراق دژ بکەرانی ئەو تاوانە.شایانی باسە  پرسەی مەجید ئیبراهیم لە زێدی خۆی لە گوندی سیساوای سەر بە شارۆچكەی حەریر بەڕێوەچوو، ژمارەیەکی زۆری دانیشتوان و هاوڵاتیان وەکو پرۆتستۆیەك بەرامبەر ئەو تاوانەی پارتی بەشدار بون لە پرسەکەدا.

تەڤدا پرێس