لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

بایدن و مافەکانی مرۆڤ

Wednesday, 04.07.2021, 05:15 PM




ئیدارەی بایدن زیاتر جەخت لە سەر مافەکانی مرۆڤ دەکاتەوە، چونکە ئیدارەی پێشوو هیچ بایەخێکی بە مافی مرۆڤ نەدەدا. ئەمە یەکەم هۆکاری پشت بایەخدانە بە خیتابی مافەکانی مرۆڤ لە لایەن ئەم ئیدارەیەوە. بەڵام پرسەکە هێندە بە سانایی نیە. ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە هۆی زاڵی مەسیحییە ئایندارەکانەوە ئازادی ئاینی لە سەروی هەموو مافەکانی ترەوە دادەنا. بە جۆرێک ئازادی ئاینی بە بنەمای هەموو ئازادییەکانی تر دادەنا. کەسانی وەک مایک پێنس و پۆمپیو، سەر بە گروپە ئاینیە ئیڤانجێلیکەکان بوون، لە ناوەو دەرەوەی ئەمریکا جەختی زۆریان لە سەر مافی ئاینی دەکردەوە. گروپە ئاینیەکان ئەوەیان دەزانی کە دیموکراسی لە سودیان نیە، بۆیە زیاتر بایەخیان بە دادگاکان دەدا، لەم ڕێگایەوە لە بەشێکی زۆری دادگاکان کەسی نزیک لە خۆیان دانا.

کاتێک بایدن لە کۆنفرانسی میونخ هاواری ئەوەی کرد کە ئەمریکا هاتەوە، دەیەوێت هاتنەوەی ئەمریکا، تەنها هاتنەوەی هێز یان ئامادەیی وڵاتێک نەبێت، بەڵکو هەروەها هاتنەوەی بەهاکانیش بێت.

مافەکانی مرۆڤ یەکێکە لە ئەو کۆمەڵە نۆرم و بەهایانەی کە ئەمریکا لە پاش جەنگی جیهانی دووەمەوە وەک جۆرێک لە هێزی نەرم خاوەندارێتی کردەوە و بەکاریبردوە.  هەرچەندە ڕەگی دیاری ئەم دیسکۆرسە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جیمی کارتەر. کارتەر مافەکانی مرۆڤی هێنایە نێو سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاوە. ئەوە بە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی خومەینی دادەنرێت. دیارە لێرەدا دەبێت ئاگاداری ئەوە بدەین کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا هەرگیز یەک ڕەوت و یەک شێواز و تاک ڕەهەند نیە. لە ساڵی ٢٠٠١ هێنری کیسنجەر کتێبێکی نوسی بە ناوی ئایا ئەمریکا پێویستی بە سیاسەتی دەرەوەیە؟ لەوێدا باس لە ئەم فرەییەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەکات لە دونیادا. دیارە زۆر بە سادەیی، ئەگەر ئەمریکا لە هەموو گۆی زەوی کاریگەری هەبێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە، هەموو گۆی زەوی وەک یەک نیە و لە هەمانکاتدا هەموو گۆی زەوی وەک یەک گرنگ و بە بایەخ نیە بۆ ئەمریکا.

بۆ ئەوەی باشتر لەم پرسە تێبگەین، میتۆدی  تێگەیشتن لە ناوەوە، لە پێناو تێگەیشتن لە دەرەوە بەکاردەبەین. بە پێی ئەم میتۆدە، ئەوە دۆخی ناوەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتێک دادەڕێژێت. دەکرێت ئارگومێنتی ئەوە  بونیادبنرێت کە لە نێو هەندێک وڵاتاندا، بە تایبەتی زلهێزەکان، دابڕانێک هەیە لە نێوان ناوەوە و دەرەوەدا. بەڵام لە دۆخی ئێستای ئەمریکادا ئەمە لە هەموو ساتێک ڕاستترە. دۆخی ناوەوەی ئەمریکا بە جۆرێکە کە ناتوانرێت بە ئاسانی بە هێند وەرنەگیرێت، بە تایبەتی لە لایەن ئیداریەکی دیموکراتەکانەوە.

دیارە لە هەمانکاتدا ئارگومێنتێک هەیە، بە تایبەتی لای ئەنتۆنی نێگرێ و ئەوان کە دەرەوە نەماوە، ئەوەی هەیە تەنها ناوەوەیە. ئەم ئارگومێنتە لە پێناوی ئەوەدابوو کە بڵێن ئەمریکا ئیمپراتۆریەتە، نەک تەنها سەرزەمینی ئەمریکا بەڵکو هەموو گۆی زەوی جێگای پیادەکردنی دەسەڵاتی ئەوە. ئەگەر لە سەردەمێکدا، بە تایبەتی لە ترۆپکی جیهانگەریدا، وەها دەردەکەوت کە دونیا دەبێت بە یەک ئەوا ئێمە بەرەو دۆخێکی تر دەڕۆین کە دونیا پەرت و فرە دەبێت.

لە ناوەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک پرس زاڵن بە سەر ئەجیندای وڵاتدا، پرسی وەک ڕەگەزپەرستی، نایەکسانی، مافی ئافرەت، بە تایبەتی ئافرەتانی ڕەشپێست، کۆچبەر، ژینگە. هەروەها  دادگاکان و دادپەروەریی تاوانباران لە گەڵ خوێندندا، بە تایبەتی قەرز و ڕێگرییەکانی خوێندن.

یەکێک لەو پرسانەی کە لە ناو ئەمریکادا بەردەوام دەوروژێنرێت پرسی بەندیخانەیە. کێ دەچێت بۆ بەندیخانە و کێ لە بەندیخانە دوورە؟ وڵامی ئەم پرسیارە ئاسان نیە. لە ڕۆمانی ژوری مەریخ ڕاچێل کوشنەر، بە شێوازی دیستۆڤیسکی باس لە سیستەمی بەندیخانەی ئەمریکا و کاریگەری لە سەر بەندییەکان دەکات. بە کورتی چۆن ئایدەلۆژیا و سیستەمێک لە سەر ڕەش و سپی بونیادنراوە بوار بۆ کەسایەتی ئاڵۆز دروست ناکات. لە کاتێکدا مرۆڤ بونەوەرێکی هێندە سادەنیە بە باش و خراپ یان تاوانبار و بێتاوان یان گوناهبار و بێگوناه مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. بەندیخانە پێودانگی پاشخانیشی هەیە. کەسێک کە ئازاد دەبێت، مانای ئەوەنیە ئازادبوە، بەڵکو لە ڕوی کار و مافی سیاسی و پێگەی کۆمەڵایەتی و مامەڵەی سیستەمەوە بە جیاواز مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە لە سەر پارتی دیموکرات چونکە زۆربەی هەژاران و ڕەش پێستان کە بەندیخانە نشینین دەنگدەری دیموکراتەکانن.

لەم ڕوانگەیەوە بایدن دەڵێت دایک و باوکە ڕەشەکان دەبێت هەست بە دڵنیایی بکەین کاتێک مناڵەکانیان بە شەقامەکاندا دەڕۆن. لێرەوەیە کە کەمپەینی ژیانی ڕەش پێستان بایەخی هەیە، پەیوەندی لە گەڵ مافەکانی مرۆڤدا هەیە.  لە ئاستی دەرەوەدا ئەم ڕوانگەیە دەکرێت بە سودبێت دەربارەی ئەوەی کێ دەچێت بۆ بەندیخانە و کێ ناچێت بۆ بەندیخانە؟ ئەمە بۆ هەموو چالاکوان و کەسانی سیاسی و ڕۆژنامەنوسان پرسێکی گرنگە لە ئاستی دونیادا. دەکرێت لە کوردستانیش سودی لێوەربگیرێت. دەبێت یاسایەکی دادوەرانە لە سیستەمی شەرعی و دیموکراسی بڕیاردەربێت لەوەی کە کێ دەچێت بەندیخانە و کێ ناچێت بۆ بەندیخانە.

بوارێکی تر کە جێگای بایەخە، مافەکانی ئافرەتە. ئافرەتان بە گشتی هەژار و بێ دەرامەت و بێکار و ئەرک قورسن، بە تایبەتی ئافرەتانی ڕەش پێست. ئەم پاشخانە ناوەکییە دەبێت پاڵنەری ئەوەبێت کە ئەمریکا لە دەرەوەش بایەخ بە مافەکانی ئافرەت بدات. بە پێگەی ئافرەت لە ناو کۆمەڵگا و کار و سیاسەتدا. چالاکوانانی ئافرەتان دەتوانن سود لە پەیمانەکانی بانگەشەی بایدن ببینن بۆ ئاوردانەوەی ئەمریکا لە پرسەکەیان.

بەڵام پرسی مافەکانی مرۆڤ تەنها لە بواری گروپە تایبەتەکاندا کاریگەریی نیە، بەڵکو لە ئاستی جیوپۆلەتیکیشدا کاریگەری تایبەتی خۆی هەیە.  ئەمە زۆر بە تایبەتی لە دونیای ئەمڕۆدا. مافی مرۆڤ بەشێکە لە خیتابی سیستەم یان شارستانیەتی لیبرالی ڕۆژئاوایی. بنەماکانی لە سەر بەها ڕۆژئاواییەکان بونیادنراوە، وەک تاکگەرایی، ئازادی، ڕێگریی نەکردن، مافی دەربڕین، جوڵە، کار و زۆر بواری تر. بڕێکی زۆری ئەم بوارانە لە زۆر جێگای دونیا ڕوبەڕوی تەنگوچەڵەمەی زۆر دەبێتەوە. ئەمڕۆ لە دونیادا بەرەیەک لە هەڵکشاندایە کە ئامانجیان ئەوەیە ڕێگریی بکەن لە باڵایی و دەستوەردانی ڕۆژئاوا بۆ کارەکانیان. ئەم بەرەیە لە ژێر ناو و پۆلێنی جیاوازدا خۆیان ناوزەد دەکەن.

یەکێک لەو پۆلێنانە دەوڵەتی شارستانییە. ئەم جۆرە دەوڵەتە بانگەشەی ئەوە دەکات کە دەوڵەتی نەتەوەنیە، بەڵکو دەوڵەتی شارستانییە. بەو مانایە وەک دەوڵەتێک، حوکم و نوێنەرایەتی شارستانیەتێک دەکات. هەندێک ئەمە بە بێ بنەما و ئەفسانە دادەنین. چونکە دەوڵەت و شارستانیەت پێکەوە ناگونجێن. لە کاتێکدا دەوڵەت ئامانجی ڕێکخستن و هاوشێوەکردن و کۆنترۆڵە ئەوا شارستانیەت بە پێچەوانەوە لە سەر بنەمای فرەیی و بێناوەندیی و گۆڕان و هەمەچەشنەیی بونیادنراوە. بۆیە هەتا ئاستێکی زۆر دەوڵەت و شارستانیەت پێچەوانەی یەکترن. بەڵام سەرباری ئەمە وڵاتی وەک چین، ئێران، ڕوسیا، تورکیا، لە گەڵ هیند بانگەشەی ئەوە دەکەن کە جۆرێکن لە دەوڵەتی شارستانین. ئەم بوارە نوێیە و خەڵکی کورد دەبێت لێی بە ئاگابێتەوە، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەری هەیە لە سەر وورد و دڕشتی ژیانی.

لە ڕوانگەی ئەم وڵاتانەوە مافەکانی مرۆڤ، تەنها ماف نین بەڵکو ئامراز و ئایدەلۆژیان کە ڕۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت بۆ دەستوردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە. بەڵام ئەو وڵاتانە ناتوانن لەم ڕێگایەوە دەست لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە بدەن. بە ئایدەلۆژیا بینینی مافەکانی مرۆڤ، دەرخەری هاتنی سەردەمێکی نوێیە. سەردەمێک کە تیایدا چیدی بە ئاسانی بەها مرۆیی و گەردونییەکان بونیان نیە و لە لایەن هێزە ڕکەبەرەکانی ڕۆژئاواوە دژایەتییان دەکرێت.

هەندێک لە بیرمەندانی جیوپۆلەتیک بڕوایان وەهابوو کە لە گەڕانەوە بۆ ململانێی زلهێزەکان مافەکانی مرۆڤ پشتگوێ دەخرێت، بەڵام وەها دیارە بە هۆی بونی پاڵنەری ناوەکیی و دەرەکی ئەم دیدە ئەوەندە ڕاستی بەپێکی.

لە ئاستێکی تردا، ئیدارەی ترەمپ زیانێکی زۆری لە دەسەڵاتی نەرمی ئەمریکا دا، ئەگەر ئەمریکا بیەوێت لە لایەن دۆست و ڕکەبەرەکانیەوە بە هێند وەربگیرێت ئەوا دەبێت بایەخ بە بەهاکان بدات زیاتر لە جاران.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟