TEVDA Press

دەرسیم پێشەوا

نزار خەزرەجی درۆزن و بەناو دۆستی سەرانی کورد

| Friday, 04.09.2021, 08:07 PM |


( لە ئەکاونتی فەیسبوکی دەرسیم دێبەگەیی وەرەگیراوە)
Dersim Peshewa | Facebook
کاتێک کە سه‌رۆ‌ك ئه‌رکانی سوپای ئێراق لە سه‌رده‌می شاڵاوی ئه‌نفاله‌کان (فه‌ریق ڕوکن نزار عه‌بدولكه‌ریم فه‌یسه‌ڵ ئه‌لخه‌زره‌جی)، لە دانمارک لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر بوو، ‌له دیمانه‌یه‌كی كه‌ناڵی (ئێم. بی. سی)، به‌رنامه‌ی گفتوگۆی هه‌فته (حوارالاسبوع )، کە له‌ ڕۆژی (10.11.2001)دا له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجام دراوە، به‌كورتی ده‌رباره‌ی کیمیاباران كردنه‌كه‌ی شاری هه‌ڵه‌بجه گوتی: (له‌ به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی (16.3.1988)دا ئه‌و ڕۆژه‌ی له هه‌ڵه‌بجه درا، فه‌رمانده‌ی فه‌یله‌قی یه‌كی ئه‌وكات لیوا ڕوکن كامیل ساجت (کامل ساجت عه‌زیز ئه‌لجه‌نابی، کە دواتر بە بڕیاری سەدام، له‌ ڕۆژی (16.12.1998)دا قوسەی سەدام (1967.4.17-2003.7.22)، بە تاوانی هەوڵی کۆدەتا کوشتی – دەرسیم پێشەوا) به ته‌له‌فۆن پێی ڕاگه‌یاندم كه شه‌وی ڕابردوو و به‌یانی ئه‌مڕۆ ئێرانیه‌کان هێرشیان هێنابوو بۆ سه‌ر ئه‌و به‌رزاییانه‌ی ده‌كه‌ونه ڕۆژهه‌ڵات و باكووری هه‌ڵه‌بجه. هه‌روه‌ها گوتی باره‌گای هێزی به‌رپرس بۆ پارێزگاری ناوچه‌كه كه باره‌گاكه‌ی له هه‌ڵه‌بجه‌یه به ‌ئه‌ركی خۆی هه‌ڵسا و زاڵن به‌سه‌ر ڕه‌وشه‌که‌‌دا. ده‌وروبه‌ری كاتژمێر چواری هه‌مان ڕۆژ دووباره لیوا ڕوکن كامیل ساجیت ته‌له‌فۆنی بۆ كردمه‌وه ‌و پێی ڕاگه‌یاندم (کۆمه‌ڵێک فڕۆكه هاتوو شاری هه‌ڵه‌بجه‌یان كیمیاباران كرد). لێم پرسی: فڕۆكه‌كان ئێراقی بوون؟ گوتی: (به‌ڵێ فڕۆكه‌كانی خۆمان بوون و پێوه‌ندیش به فه‌رمانده‌ی هێزی هه‌ڵه‌بجه پچڕاوه). له‌ ڕاستیدا سه‌رم سوڕما و ده‌ستبه‌جێ پێوه‌ندیم كرد به وه‌زیری به‌رگری فه‌ریق عه‌دنان خه‌یرولڵا وه له‌ ڕه‌وشه‌که‌ ئاگادارم كرده‌وه. ئه‌و پیاوه‌ش گوتی: (هیچ زانیاریه‌كم له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته نیه، كاتژمێرێك یان تۆزێك زۆرتر ماوه‌م بده پێوه‌ندیت پێوه ده‌كه‌مه‌وه). ڕێك دوای كه‌متر له دوو كاتژمێر، نزیک بە كاتژمێر و نیوێک پێوه‌ندی پێوه ‌كردمه‌وه ‌و گوتی: (به‌ڵێ فڕۆكه‌كانی خۆمان بوون به فه‌رمانی فه‌رمانده‌ی گشتیی سه‌دام حوسێن له ئه‌نجامی پێدانی زانیاری نادروست له‌لایه‌ن عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه، هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆمباران كردووه). ئەوکاتە عەلی حەسەن مه‌جید به‌رپرسی بیرۆی ڕێکخستنه‌کانی باكووری حیزب و باره‌گاكه‌ی له كه‌ركوك بوو. پێده‌چێت عەلی حەسەن مه‌جید له ڕێگای‌ كه‌سانی سه‌ر به‌ ده‌زگای حیزبیه‌وه زانیاری وای پێگه‌یشتبێت هه‌ڵه‌بجه كه‌وتبێته ده‌ست ئێرانیه‌کان. ده‌ستبه‌جێ پێوه‌ندی به سه‌دام حوسێن-ه‌وه كردوه ‌و بڕیاری ئه‌وه‌یان داوه بۆمبارانی هه‌ڵه‌بجه بكه‌ن. دواتریش ده‌ركه‌وت ئه‌و لێدانه لێدانی كیمیایی بوو).
نزار خەزرەجی، دوای ڕاکردنی لە دانمارک لە ڕۆژی (16.3.2003)دا بەرەو سوید، لەوێوە بۆ باشووری کوردستان (سەرەتا لە سەری ڕەش و دواتر بۆ کۆیە)، پاشانیش بۆ ئیمارات و لە شارۆچکەی (رأس العین) لەنێو خەزرەجییەکانی ئەوێ گیرسایەوە، کە پێشتریش هۆزی خەزرەجی لە ئیماراتەوە هاتوون و بە مەبەستی بەعەرەبکردنی باشووری کوردستان لە شاری موسڵی سەر بە باشووری کوردستان نیشتەجێ کراون، هەر دوای دەربازبوونی لە دادگای دانمارکی گەڕایەوە سەر ئەسڵی خۆی (دڕندە، نامرۆڤ، شۆڤینی، دژ بە کورد، کاولکەری کوردستان و بەعسی)، لە یاداشتەکانی خۆیدا سەدا سەد چیڕۆکی لێوان لێو لە درۆی داڕشتووە بۆ بێتاوان نیشاندانی دیکتاتۆر سەدام حوسێن، عەلی کیمیایی، خۆی وەکو سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕژێم و حزبی بەعسی عروبی و بەرپرسە شۆڤینییەکانی ئێراق.
نزار خەزرەجی، دوای سێزدە ساڵ، لەلاپەڕەکانی (382-384)ی یاداشتەکانی خۆی لەژێرناوی (الحرب العراقیة – الإیرانیة 1980 – 1988 مذکرات مقاتل)دا، ڕووی ڕاستەقینەی شۆڤینی، عروبییەت، بەعسێتی و بێویژدانی خۆی دەرخستووە، زۆر بێشەرمانە، درۆزنانە و نامرۆڤانە نکۆڵی تەواوی لە قسەکانی پێشووی خۆی کرد، کە لەکاتی داواکردنی مافی پەنابەرێتی لە دانمارک بۆ فەرمانگەی پەنابەرێتی دانمارکی کردبووی، هەروەها لەو دیمانە تەلەفزیۆنیەی كه‌ناڵی (ئێم. بی. سی)، به‌رنامه‌ی گفتوگۆی هه‌فته (حوارالاسبوع )، کە له‌ ڕۆژی (10.11.2001)دا، لەو کەناڵە عەرەبییە پەخش کرابوو، کە هەم بۆ دەسەڵاتدارانی دانمارکی و هەم بۆ کەناڵی (ئێم. بی. سی)، دانی بەوەدا نابوو کە حکومەتی سەدام و هێزی ئاسمانی ئێراق کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیان کردووە، کەچی لە یاداشتەکانیدا نووسیوێتی: (لە کۆبوونەوەی ئێوارەدا لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی و وەزیری بەرگری عەدنان خەیروڵڵا، لە بارەگای کاتیماندا لە سلێمانی، دوو ڕۆژ دوای کەوتنی هەڵەبجە، ئەفسەرێکی هەواڵگری سەر بە ئەرکانی گشتیی هاتە ژوورەوە و ئاگاداری کردینەوە لەوەی کە چەند چالاکییەک لەسەر ئامێرە بێتەلەکانی دوژمنی ئێرانی و چەکدارە کوردەکان هەیە کە مایەی سەرنج و تێڕامانن سەبارەت بەوەی کە لە هەڵەبجە و ئەو هێرشەی ئەمڕۆکە ڕوویداوە. وەزیری بەرگری عەدنان خەیروڵڵا پەیوەندی بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کردو پرسیاری ئەو بابەتەی کرد. وەڵایان دایەوە کە ئامێرەکانی گوێگرتنی ئەوان زانیاری جۆراوجۆری وەرگرتووە سەبارەت بەو بابەتە و ڕووداوەکە. هێشتا ڕاستییەکانی ئەو بابەت و ڕووداوە بۆ ئەوان ڕوون نەبۆتەوە. دوای چەند ڕۆژێک ئێرانییەکان و چەکدارە کوردەکان بانگێشەی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە فڕۆکەکانی ئێراقی هەڵساون بە لێدانی هەڵەبجە و زیانی زۆریان گەیاندووە. دواتر چاوم کەوت بە ژمارەیەک لە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی کە بەرپرس بوون لە بنکەکانی ئەوکاتی هێزی ئاسمانی، ئەوان هەر هەموویان جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ فڕۆکەیەک لە بنکەکانی ئەوانەوە بۆ کارێکی لەم شێوەیە نەفڕیون و لە بنکەکان دەرنەچووینە. دوای وەستانی شەڕی نێوان ئێراق و ئێران، چەند لیژنەیەکی نێودەوڵەتی تایبەت بە پشکنین و شیکردنەوەی پاشماوەی کیمیاباران لە تاقیگەکانیان، گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە ئەو کیمیاییەی کە لە هەڵەبجە بەکارهاتووە لای ئێرانییەکان هەیە و ئێراق تا ئەوکاتەش ئەو کیمیاییەی نەبوو. من دڵنیام کە ڕۆژێک دادێت و ڕاستییەکان ڕادەگەیەنرێت بەوەی کە لایەنی ئێرانی هەڵەبجەی بە گازەکانی سیانیدی هایدرۆجین، کلۆریدی سیانۆجین و ئارسین کیمیاباران کردووە، کە بریتین لە گازی ناجێگیری جوڵەکەر، کە ئێراق بەرهەمی نەدەهێنا).
منیش دڵنیام کە نزار خەزرەجی درۆزنە، شۆڤینییە، دژ بە کوردو کوردستانە، نامرۆڤە، دۆستی سەرکردەکانی کورد نەبووەو نییە (ئەوان درۆیان کرد کە گوتیان: نزار خەزرەجی دۆستی کوردە و پێوەندی بە ئێمەوە هەبووەو بەشداری ئەنفالی نەکردووە، ئەویش لە مذکرات مقاتل، بە دوژمن، چەتە، ڕێگر و موخەڕیب ناوی سەرانی کوردو پێشمەرگە دەبات، هەروەها لە یەکێک لە پەرتووکەکانی خۆیدا شاری کەرکوک بە شاری تورکمان دادەنێت و وا باسی دەکات کە کورد لەم شارەدا بوونی نییە)، بەعسییە، داعشە، دڕندەیە، مرۆڤکوژ و بێویژدانە، چونکە لە دانمارک ڕاستیەکانی گوت و دواتریش بەهۆی بیری (عروبی، شۆڤینی بەعسێتی) پەنای بردە بەر درۆو هۆنینەوەی چیڕۆکی پڕ لە بوختان و ناڕاستی بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان و تاوانەکانی (سەدام، بەعس و عروبەی سوپای سەدام). ئەو نزار خەزرەجیەی، کە بەناو سەرکردەکانی کورد داکۆکیان لێی دەکرد و نامەی غوفرانیان بۆ دادگای دانمارکی دەنووسی و ناوبراویان بێتاوان نیشان دەدا لە تاوانەکانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی هەڵەبجە، بەڵام دوای ڕوخانی ڕژێمی سەدام و حکومەتی بەعس کاتێ کە بەڵگەنامەکان کەوتنە دەست، بەگوێرەی چەندان بەڵگەنامە و ڤیدیۆ دەرکەوت کە نزار خەزرەجی ڕۆڵی باڵای هەبووە لە شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران کردنی باشووری کوردستان و شاری هەڵەبجە.  
چاوپێکەوتنەکەی کەناڵی ئاسمانی (ئێم. بی. سی)، لەگەڵ نزار خەزرەجی، لای خۆم لەسەر دوو کاسێتی ڤیدیۆدا پاراستوومن. هەروەها ڕائیدی ئەمن سەباح یەحیا ئەلحەمدانی، لە ڕۆژی (21.3.2021)دا ڤیدیۆی یادی (33) ساڵەی کیمیاباران کردنی شاری هەڵەبجەی لە کەناڵی (یوتوپ) داناوە، بەگوێرەی زانیاری ڕاست و دروستی ئەو، ناوبراو لە نزیکەوە ئاگادارە و بە بەڵگە دەیسەلمێنێ، کە سوپای ئێراق بەهۆی (هێزی ئاسمانی، فڕۆکە، هەلیکۆپتەر، ڕاجیمە، تۆپی دوورهاوێژ و ئاڕپیجی) شاری هەڵەبجەی کیمیاباران کردووە، هەروەها باسی ئەوە دەکات هێزەکانی سوپای ئێراق لە ڕێگەی فڕۆکەی (مێک 23)، سی و شەش (36) بۆمبی (250) کیلۆگرامی (خەردەڵ، سارین و کیمیایی تایبەتیان) فڕێداوەتە سەر هەڵەبجە (ڤیدیۆکە لە خوارەوە دادەنێم).
سەباح ئەلحەمدانی، لەو بەرنامەیەدا ئاماژە بە نامەیەکی نزار خەزرەجی دەدات کە بۆ ڕۆژنامەنووسێکی ناسراوی عەرەبی ناردووە بەناوی ئیبراهیم ئەلزوبەیدی ناسراو بە باوکی لیقاء (أبو لقاء)، لە نامەکەدا باسی ئەوە دەکات کە فڕۆکەکانی ئێراقی لە ڕۆژی (16.3.1988)دا کیمیابارانی شاری هەڵەبجەیان کردووە. ئەو نامەیەی کە خەزرەجی بۆ ئیبراهیم زوبەیدی ناردووە، هەمان ئەو قسانەی نزار خەزرەجی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەوکاتی سەدام و بەعسە، کە لە ڕۆژی (10.11.2001)دا بۆ کەناڵی (ئێم. بی. سی) کردوویەتی و پێشتریش بۆ دەسەڵاتدارانی دانمارک.

https://www.youtube.com/watch?v=WXGOoqC7PLo

دەرسیم پێشەوا