وتار

مەرحەبا ئەی ئادابی گشتی مەرحەبا

Tuesday, 04.27.2021, 11:38 AM



ئادابی گشتی کۆمەڵگا، داب و نەریت و ئەخلاق و بەهای کوردەواری ...دوو سێ دەستەواژەی تا سەر ئیسقان لاستیکی و پڕاوپڕ لە دوو ڕوویی و بێ تام و بێ لەزەتی کۆمەڵگای ئەمڕۆی کوردەوارین. سەیرم لە پێوەرە ئەخلاقییەکانی کۆمەگایەکی شێواوی وەکو کۆمەڵگای کوردی دێت. چونکە ئەگەر تۆ لێکۆڵەرێکی کۆمەڵایەتی بێلایەن بێنی، تا لێکۆڵینەوەیەک لە پێوەرەکانی ئەم کۆمەڵگایە بکات، بەڵام تەنها سێ نموونە و سێ پێدراوی بخەیتە بەردەست لە گەڵ کاردانەوەکانی کۆمەڵگادا لە پاش ڕوودانی هەر ڕووداوێکیان. ئەوا دەگاتە ئەو ئەنجامانەی خوارەوە، گەر بزانێت کە ئەم کۆمەڵگا کوردەوارییە، ئەم پارێزە ئەخلاقیانە، ئەم پاسەوانی دب و نەریتی کوردەوارییانە:-
1/ لە سەر کلیپکردنی گۆرانی کچە هونەرمەندێک بۆ سەعاتێک لە سەر شەقامێکی سلێمانی حەوت ڕۆژ و حەوت شەو هەرچی بانگخواز و پاسەوانی ئەخلاق هەیە هاتنە دەنگ و هەرچی ناو و ناتۆرە هەیە دوای ماریا هەورامییان خست.
2/ لە سەر چالاکییەکی چەند دەقەیی کچان و کوڕانی شانۆی سەر شەقام لە شاری کەلار‌حەوت ڕۆژ و حەوت شەو بانگخوازان و پاسەوانانی ئەخلاق هاتنە دەنگ و بە ناشرینترین شێوە هێرشیان بۆ تەواوی هونەرە جوانەکان برد.
3/ لە سەر ئەوەی لە شەوێکی ئارامی سەهۆڵەکە و لە بەر فێنکی کەش و هەوای ئەو شەوەدا  کچ و کوڕێکی گەنج لە سەر ئاوازێکی ڕۆژئاوایی بۆ چەند چرکەیەک سەمایان کرد، ئیتر داباری کۆمێنت و هێرشی بانگخوازانی داب و نەریت و پاسەوانانی ئەخلاق.
لە سەر تیشکی ئەم سێ پێدراوە ئەو لێکۆڵەرە کۆمەڵایەتییە ئەگاتە بەر ئەنجامێک کە ئەم کۆمەڵگایە، کۆمەڵگایەکی نەریتییە و لە سەر سێ نموونەی وەها بچووک دونیا ئاوەژوو بکەنەوە و جێگە بە شەو و ڕۆژ بگۆڕێت، ئەوا هەرگیز ڕێگە نادەن کە:-
-حزب‌ بە هەر چوار لا خیانەت بکات و سەرۆک بە بڕیارێک شەڕ هەڵگیرسێنی و خاک بدۆڕێنێ و تاوانبارانی کیمیاباران و ئەنفال بحەوێنێتەوە و دەست لە گەڵ داعش تێکەڵ بکات و قاچاخچێتی لە گەڵ دوژمنا بکات.
-هەر ئەم پاسەوانانی ئەخلاقە ڕێگە نادەن کە سەروەت و سامانی وڵات بە هەدەر بدرێ و گرد پێشکەشی حزب و شاخ بە ناوی شێخەوە بکرێ و چەم بدرێتە تیاترۆ بە دیاری.
-بێ گومان ئەم پارێزەری داب و نەریتانە ڕێگە نادەن قوتابخانە بکرێ بە قۆپی خانە و پرسیاری بەکەلۆری لە بازاردا بفرۆشرێ وزانکۆ بکرێ بە مەلزەمە و ماستەر و دکتۆراش ببێ بە لێشاو.
-باوەڕ ناکەم هەڵگران دروشمی ئادابی گشتی ڕێگە بدەن کچی شەش‌ ساڵان لە تەوالێتی مزگەوتدا و منداڵێکی دیکەش بە سێ حیمایەوە دەستدرێژییان بکرێتە سەر و ئازاد بکرێن وەک ئەوەی نە بایان دی بێ نە باران.
-هەر ئەمانیش ڕێگە نادەن کەس لە گڵۆپی سوری ترافیک بدات یان بە ڕۆنگ سایت لێبخوریت، یاخود سەرەبڕی بکات لە نانەواخانە و لە سەرە عەیادە بە سەر هەژارێکدا یان بەساڵاچوویەکدا، یان لە مزگەوتدا بە دەم نوێژکردنەوە دڵی لە لای دزینی پێڵاوەکانی بێت.
-هەر ئەم پارێزەری داب و نەریتانە ڕێگە نادەن کەس لە پڕێکدا ببی بە کوڕێ جا لە ئەنجامی‌  لەش فرۆشی، ویژدان فرۆشی یان قەڵەم فرۆشی بێت.
-هەر ئەم پاساوانانی ئەخلاقانە بێ گومان ڕێگەش نادەن بانگخوازێک ژنی مێرددار لە مێردەکەی هەڵگەڕێنێتەوە و لە خۆی مارەی بکاتەوە، بانگخوازێکی دیکەش لە تەلەفونا مێبازی و شەهوەتبازی وەها بکات کە لە هیچ کلیپێکی پۆرنو نەبیسترابێ و لەولاشەو بە سەددان هەزارفۆڵەریان هەبێت لە فیس بووک و ئەنستاگرامدا. یان چۆن ڕێگە ئەدات بڵاوبوونەوەی ئەو هەموو ڤیدیۆ سێکسییەی سەرانی وڵات بە بێ دەنگی تێبپەڕێت؟
-هەر ئەم پاسەوانانی ئەخلاقە ڕێگە نادەن بە هیچ جۆرێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی مەدەنی بە تیرۆریست لە قەڵەم بدرێ و ڕێگە نادەم فرمێسکی چاوی مناڵانیان وشک بێتەوە نوێژی ئینتیقامی ئیلاهی لە بەردەمی دادگا دائەبەستن.
بە کورتی لێکۆڵەر پێمان ئەڵێت گەر ئەم پارێزەرانی ئەخلاق و ئادابی گشتییانە لە سەر‌ کلیب و شانۆی شەقام و سەمای شەقام وەها بە توندی هەڵبدەنێ، ئەشێ لە سەر ئەو کەیسە گەورانە کارەساتی گەورە گەورە بخوڵقێنن؟
منیش پێم وابێ لێرە مەبەستەکەم ئاشکرایە، گەر مرۆڤ زەڕەیەک لە دادپەروەری بڕیاردان شک ببات وای بۆ دەچێت یان ئەوەتا ئەخلاق و ئادابی گشتی هەموو ئەو کەیسانەش بە هەمان تەوژمی دژە سەما چارەسەر بکات، یاخود تۆڕی ڕاوی بانگخواز و پاسەوانانی ئەخلاق و پارێزەرانی داب و نەریت و ئادابی گشتی هەر هەمان تۆڕی دەسەڵاتە و ماسییە بچووکە بێدەسەڵاتەکان ڕاو ئەکات و گەورەکانیش ئازاد ئەکات.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟