لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

هێلکە پیسەکانی گۆڕان

Thursday, 04.29.2021, 11:17 AM



یەکەم: کە فکر نەبوو گەڕانەوە بۆ باوەشی جەهل ئاساییە، کە تۆ مەعدەنێکی تر نەبووی، کە تۆ تەنها بە زمان گۆڕابیت، باشترین شوێن باوەشی نەگۆڕاوەکان و نەریت و خێڵ و دەسەڵاتە. کە تۆ تەنها پشتت بە زمانت بەست ڕۆژێک سۆز و دڵ و تەماحەکانت زاڵ دەبێ بەسەر زمانتدا و پشت دەکەیتە کۆی ئەو قسە و گرفت و بەڵێنانەی کە بە خەڵکی دەدەی. هەر لەسەرتاوە دەمانوت هێزی سیاسی پێویستی بە پەروەردە هەیە، ناکرێ هەر بەتاڵێک بێـت و بیکەی بە گۆڕانخواز، نە گوێتان گرت و نە حەرفێکتان جیاواز بوو لەوی تر، ئیدی دەبێ تەنها سەنگەرگۆڕەکانتان بژمێرن.
دووەم: ناحەقی خەڵک ناگیرێت کە بایکۆتی هەڵبژاردن و هەموو بەشدارییەکی سیاسی دەکا، مرۆڤ چین چین عارەق دەکا کە گوێبیستی ئەوە دەبێ کە پێش چەند ڕۆژێ ناوی کارەکتەرێک دەهات لەگەڵ برادەرانیدا لیستێکی نوێ دروست دەکات و سەرپەرشتی دەنگی ناڕازی خەڵک دەکات، ئەمڕۆش پشت دەکاتە قسە و بەڵێن و هەڕەشەکانی لە دەسەڵات. مرۆڤ توشی شۆک دەبێ کورد لە باشور ئەم هەموو قسە و بەڵێنە دەدرێت و سبەی وەک ئەوەی هیچ نەبووبێ پشت دەکرێتە قسەو بەڵێن. سەردەمی ئێستای ئێمە سەردەمی بێحورمەتیە، ئەو سەردەمەیە کە مرۆڤ سەری دەسوڕمێنێ لە قسەی دوێنێ و پێچەوانەی ئەمڕۆ. کورد قەت وانەبوو، کورد لەسەریت بدایە لەبەڵێنی خۆی پاشگەز نەدەبۆوە. سی ساڵی دنیای ئێمە هیچ نەبوو جگە بێحورمەتکردن و بێبەهاکردنی مرۆڤ و سیاسەت.
سێیەم: هێزی بەناو ئۆپۆزسیۆن لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە یارییەکی تەواو خراپی کرد و ئەمڕۆش بێئومێدییەکی وای بڵاو کردەوە کە تا چەندین ساڵی تریش خەڵکی کوردستان بڕوا بە هیچ هێز و گروپ و بزوتنەوەیەکی ناڕازی تر ناکەن. بێئومێدی بەڵا گەورەکەی کۆمەڵگەیە، ئیدی هەرکەس هات و بیەوێ یەک هەنگاو بۆ باشترکردنی ئەو دۆخە بنێت، بە چاوی گومانەوە تەماشا دەکرێ. لە هزری کۆی تاکەکانی دنیای ئێمە گومانێک هەیە کە زۆری دەوێ تا دەڕەوێتەوە.
چوارەم: یەک گرنگی سەنگەرگۆڕینەوە هەیە ئەویش ئەوەیە مرۆڤ بە ڕاستگۆیی دەچێتە سەنگەرەوە و واز لە مزایەدە و دەنگەدەنگ دێنێت و چیتر سێبەر نیە. ئەوەی ئێستا مەترسیە تەنها دەسەڵاتی گەندەڵ نیە لە کوردستان، بەڵکو ئەو مرۆڤە زۆربڵێ و مزایەدەچیانەی بەناو ئۆپۆزسیۆنیشە کە خێریان دەگاتێ ڕێگە چۆڵ بکەن بۆ هێزی تر نەک بەناوی ئۆپۆزسیۆنەوە مەکیاجی دەسەڵات و جوکمداری ئەم هەرێمە بکەن و وەک ڕۆژی ڕوون دەزانین پێیەکان لەناو دەسەڵاتەو و هەرکات دەسەڵات کاری پێیان نەما لە زمان دەکەون و وەک منداڵ دەچنەوە ژێر عەبای گەندەڵکاران.
پێنجەم: ئەوەی بەناو ئۆپۆزسیۆن لەم دەساڵەی ڕابردوودا بەرهەمی هێنا دوو تایب بوو: یەکەم،گرگن و پەرپوتی زۆری بردە سەرەوە و بە سەروەت و سامان ئاشنای کردن کە بە خەونیش نەیاندەبینی، دووەم، زمانزبر و جنێودەر و ڕەشۆکی وای لە شەقامەکان بڵاو کردبۆوە کە سواری شەپۆلی ناڕەزایی دەبوون و لەو ماوەیەدا نەیاندەهێشت یەک ناڕەزایی و خۆپیشاندان شوێن خۆی بگرێ. ئەم بەرە بەناو ئۆپۆزسیۆنە یەک یەک گرگنەکانی دەچنەوە ناو دەسەڵات و ئەوەی دەستی بەتاڵەو دەستی بە هیچ نەگەیشت لەسەر شەقامەکان جنێو بەدار و بەرد دەدا ( کار بگاتە ئەوەی حیمایەی بەرپرسێکی پێشوی گۆڕان لەبەغدا، لە سلێمانی لەسەر شاشەوە بڵێ، چۆن دەبێ کچ و کوڕ سەما بکا، غیرەتمان نەماوە، دەبوو بەرشەقیان بدەین).
شەشەم: دڵخۆش مەبن بە دەنگە دەنگی سێشەممانی پارلەمان، نەوەک ڕۆژێک ئیحراج بن بەوەی کە هەریەک لەو مزایەدەچیانە سەنگەر بگوازنەوە و ژیانی خۆیان باشتر و تۆش بۆ خەم و ئازار و نەهانەتیەکان جێبێڵن. بێئومێدی زۆر باشترە لە ئومێدی ساختە. چەند سەختە سەردەمێک دڵخۆشبی بە دەنگەدەنگی کەسانێک کە ئێستا بەبەرچاوتانەوە بەرەو خەزێنەی گەندەڵەکان بەڕێ دەکەون.




ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟