لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

دەسەڵات‌و ئازادیی.. سەردەشت‌و بتەکان

Wednesday, 05.05.2021, 02:02 PM



دەسەڵاتە ستەمکارەکانی دونیا بۆ مانەوەی خۆیان ئامادەن هەموو شتێک بکەن، ئامادەن هەر کەسێک بکوژن کە ڕەخنەیان بکات و دژیان بێت، ئەمەش ڕووداوی سەیرنین و بەشێکی گەورەی سروشتی دەسەڵاتە خۆسەپێنەکانە.
لەناو دەسەڵاته ستەمکارەکان هەموو ڕەخنەیەک لە دەسەڵات و بنەماڵەکانی دەسەڵات جێگەی مەترسییە، لەبەر ئەوەی لەم ناوچەی ئێمەدا دەسەڵاتی سیاسیی تا ئێستاش عەقڵی خێڵچییەتی دەیجوڵێنێت، قبوڵنەکردنی ڕەخنە عەقڵیەتی خێڵەکانە و بەردەوام بەتوندی وەڵامی ڕەخنەکان دراوەتەوە تا دەگاتە کوشتن، ململانێی خێڵچیی و ڕەخنەکارەکان بەردەوامە لەگشت بوارەکانی ژیاندا.
سۆسیۆلۆژیای سیاسیی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان تا ئێستاش خێڵچییانە دەجووڵێت، یەکێتی و پارتی لە دوای ڕاپەڕینەوە بوونەتە خاوەنی نەوت و دۆلار، ئەم عەقڵیەتە خێڵگەرییە لە پێش ڕاپەڕینیش و لە شاخیشدا بوونی هەبووە، شتێک نییە دوای ڕاپەڕین درووست بووبێت. یادەوەری بەشێکی سیاسییەکان بخوێنەوە دەبینی ئەمانە چەند خێڵچیی بوون و چەند خوێنڕێژ بوون لەهەندێ ڕووداودا.
کاری نووسین و ڕەخنە لەناو ئەم جۆرە دسەڵاتە زۆر دژوارە، بەردەوام ململانێی نووسینی ئازاد و دەسەڵاتی خۆسەپێن گەرموگوڕ بووە، قەڵەم و چەک لەم جۆرە دسەڵاتە ستەمکارانە  پێکەوە هەڵناکەن، کاری نووسین و ڕۆژنامەوانی ڕەخنەیی و ئازاد قوربانی زۆری دەوێت. لێرەدا گرنگی نووسین دەردەکەوێت، نووسین دەبێتە چەکی بەرگری و بەردەوام دەسەڵات دەترسێنێت.
بۆچی نووسین گرنگە؟ زۆر جار خەڵک دەڵێت نووسین چییە؟ بەنووسین هیچ نابێت! بەڵام ئەم پرسیارانە کۆتاییان دێت کاتێک ڕۆژنامەنووسێک لەسەر یەک ڕاپۆرت شەهید دەکرێت، لەسەر یەک وتار شەهید دەکرێت، لەسەر بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێکی گەندەڵی شەهید دەکرێت، یان لەسەر یەک ڕەخنەی ڕۆژنامەوانی شەهید دەکرێت.
لێرەدا نووسین دەبێتەوە چەقی ڕووداوەکان و گرنگی نووسین دەردەکەوێت. هەموو دەسەڵاتەکانی دونیا لە نووسین و کاری ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەترسن، چونکە ڕۆژنامەنووس دیوە شاراوەکەی دەسەڵات و سەرکردەکان نیشان دەدات، هەموو ماسکەکانی دەسەڵات لادەبات و دەسەڵاتە ڕەسەن و ڕەشەکە نیشان دەدات. بۆیە کاری ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی ئازاد هەڵدانەوەی ماسکەکانی دەسەڵات و نیشاندانی دیوە ڕەشەکەی دەسەڵاتە.
بۆیە گۆبڵزی وەزیری پڕوپاگەندەی هیتلەر دەیگوت هەرکاتێ گوێم لە ناوی ڕۆژنامەنووس دەبێت دەست دەبەم بۆ دەمانچەکەم، واتا ڕوژنامەنووسی ئازاد بەردەوام خەلەل و عەیبەکانی دەسەڵات نیشان دەدات و بتەسیاسییەکان دەشکێنێت.
سەردەشت عوسمان لەساڵی 2010 لەبەردەم زانکۆکەی لەهەولێر دەڕفێندرێت و شەهید دەکرێت، تەنیا لەبەر ئەوەی بەئازادیی دەینووسی. بەڵام سەردەشت دوای مردنیشی هەر پەلامار دەدرێت و کێلی گۆڕەکەی دەشکێندرت و ئەو کتێبانەی لەسەری نووسراون قەدەغە دەکرێن لەسنوری زەرد.  ئەوە گرنگی نووسین و ڕەخنەمان بۆ دەردەخات، دەسەڵات تا ئێستاش سڵ لە قەڵەمە ئازا و ئازادەکان دەکاتەوە، ئەوە قەڵەمە ئازادەکان و میدیا ئازادەکانن بوونەتە ئۆپۆزسیۆنی گەورەی ئەم دەسەڵاتە.
ئەمە دەریدەخات هێشتا نووسین و ڕەخنە کاریگەرن و دەسەڵات زۆر دەترسێت لە قەڵەمە ئازاد و ئازاکان. دیارە بیروڕای ئازادیش لەم ناوچەیەدا کارێکی قورسە و وەک کێڵگەی مین وایە، قەڵەمی ئازاو میدیا ئازادەکان چەندین ساڵە لەناو ئەم کێڵگەی مینەدا ئازایەتی نیشان دەدەن و قوربانی دەدەن، ئێستاش بەردەوامن و زۆرکات چۆکیان بەم دەسەڵاتە داداوە.
سەردەشتەکان هێشتا بەپێوەن و نووسینیش هێشتا گەورەی خۆی نیشان دەدات لەم کێڵگەی مینەدا، وەک عەلی حەرب گوتی باسکرنی بیروڕای ئازادیش وەک چونە ناو کێڵگەی مینە.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟