وتار

زەنگی نادادی لێدرا

Wednesday, 05.05.2021, 02:15 PM



دادپەروەری ئەو پەیامە گەورەیەیە کە سەرجەمی یاسا دانراو و ئایینیەکان لەپێناوی دا دروست بوون و بە ئامانجی پاراستنی ماف و ئازادییەکانی تاکەکان و دروست کردنی ژینگەیەکی ئارام لە کۆمەڵگادا، ئەم چەمکە لە رووی واتاوە  زانایانی فەلسەفە و یاسا پێناسەی زۆرییان بۆکردووە بۆ نموونە پێناسەکراوە بەوەی کە بریتیە لە ھەستێکی شاراوەی دەروونی کە عقڵی دروست ( عقل سلیم) پەی پێدەبات و ئامانج لێی پێدانی مافە بە خاوەنەکەی (اعگاء کل ژی حق حقە) ، وە پێناسەیەکی تری یاسایی بۆ دادپەروەری ئەوەیە کەھەستێکی شارەوەی دەروونیە و ھەوڵ دەدات بۆ رێگریکردن لە پێشخستنی ئەو بەرژەوەندیانەی کە گرنگیییان کەمترە بەسەر ئەو بەرژەوەندیانەی کە گەورەتر و گرنگرن، وە ئەفلاتون ئەلێ دادپەروەری واتە راستگۆیی لەگەڵ ژیانی مرۆڤەکان و بەرژەوەندییەباڵاکانیان ، کەواتە دەتوانین بڵێین دادپەوەری ھۆکارە بۆ بەرجەستەکردنی خۆشگوزەرانی و ئارامی و ئاسایشی کۆمەلایەتی بەمەش گەشەی کۆمەڵگا لە سەرجەم بوارەکان دا بەدیدێت و متمانەی ھاوڵاتیان بە دامەزراوەکان دروست دەبێت و ئینتما بۆ ووڵات و نیشتیمان لە ناخی تاکەکان دا دەچەسپێت .

دادپەروەری ھەروەک مۆنتسکیۆ لە رۆحی یاساندا باسی دەکات ئامانج و فەلسەفەی دروست بوونی دەسەڵاتە گشتیەکان و بنەمای جیاکاردنەوەی دەسەڵاتەکانە  کە بریتین لە دەسەلاتەکانی ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) ، ئەمەش واتە ئەم دەسەڵاتانە دەبێت لە چوارچێوەی دادپەروەری دا دەسەڵاتەکانیان پیادەبکەن و ھەرکات لەو سنوورە لایاندا کارەکایان بە خراپبەکارھێنانی دەسەڵات ناوزەند دەکرێ .

دەسەڵاتە گشتیەکانی ھەرێم  و بەتایبەتی حکومەت بەردەوام و بەدرێژای دەیان ساڵ چەمکی دادپەووەریان پێشێل کردووە و ستەمیان لەم چەمکە کردووە، ئەمەش ھەندێک جار بە رێگە و شێوازی یاسایی شەرعییەتی پێدراوە ، ھەرچەندە ئەو یاسایانەی کە دادپەروەریان تێدانیە حوکمی یاسایی بوونیان قسەی زۆر ھەڵدەگرێ ، وە زۆرجاریش بە پێشیل کردنی یاساکان ماف و ئازادییەکانیان پێشیل و کۆت و بەند کردووە ، ھەرلە برینی مووچە و مافی مامۆستایان و مووچە خۆران تا دەگات بە گرتن و زیندانی کردنی رۆژنامە نووسان ، ھەموو ئەو کارانە پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەرییە ( پێشتر بە ووتاریک بنەماکانی دادپەوەرییمان روون کردووەتەوە ) و دەبوایە لەلایەن پەرلەمانیەوە وەک دەسەڵاتیکی تایبەتمەند بە ئەری چاودێری لێپرسینەوەی لە سەرۆکی حکومەت بکردایە بە رێگا و ئامرازە یاساکان لەبەرامبەر ئەو سەرپێچیانەدا ، بەڵام مەخابن پەرلەمان نەیتوانییوە بەم ئەرکەی خۆی ھەستێ و ئەمەش متمانەی خەلکی بە دامەزراوەی پەرلەمان تەواو لاوازکردووە ، و ئەم بێدەسەلاتیەی پەرلەمانیش لە کۆتا کۆبوونەوەی دا بە ئاشکرا ڕاگەیەنرا ، کەواتە دەتوانین بلێین فەلسەفەی پشت دروستبوونی حکومەت و پەرلەمان لە ئێستادا نەماوە و باشترین رێگاش بۆ چاککردنی ، ھەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و ھەڵبژرادنێکی نوێیە .

تا ئێرە دەتوانین بڵیین دۆخەکە ئاساییە و لە ھەرووڵاتیکدا کە بە قۆناغی راگوزەری دیموکراسی دا تێدەپەرن ئەم جۆرە ستەمانە روودەدات ، بەڵام زەنگی مەترسیداری نادادی  لێرەوە لێدەدرێت کە ئەم نادادی و ستەمە سەربکێشێ بۆ دەسەڵاتی دادوەری کە لە بنەمادا تاکە فەلسەفەی دروست بوونی دادگاکان چەسپاندنی دادپەوەرییە و دادوەر ھەڵگری تەرازووی دادپەوەرییە و لە ھەر کەیسێکدا دوو بریار دەردەکات و سێیەمی نیە ، یاخود دادپەروەری دەچەسپێنێ یان ستەم ونادادی ئەکات لە بریارەکەیدا .

کەیسی گوماناوی رۆژنامەنوسانی بادینان گومانی نادادی و سەربەخۆنەبوونی دادگای کرد بە حقیقەت و لە ئەمرۆ بەدواوە ئیدی دادپەوەری و سەربەخۆی دادگا لە ژێر پرسیار دەرچووە و راستیەکی بەڵگە نەوەیستە ئەمەش پێچەوانەی مادەی ( ٥ ) یاسای سەلماندی عێراقیە کە دەڵی ( دادگا شوێنێکە بۆ دادپەروەری و گەرانەوەی ماف بۆ خاوەنەکەی ) ، وە ھەروەھا پێچوانەی مادەی ( ١٩ ) ی دەستوری عێراقە کە دەڵێ ( دادگا سەربەخۆیە و ھیچ دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نیە جگە لە یاسا ) ، ئەمە سەرای ئەوەی کە پێچەوانەی بنەماکاگشتیەکانی مافی مرۆڤ و جاری گەردوونی مافەکانی مرۆڤە کە پەیماننامەیەکی بەرکارە لەسەر عێراق و ھەرێمی کوردستان .

لە بنەمادا رێگای تانەدان لە بریاری دادگاکان بۆ ئەوەیە کە دەشێ و روودەدات کە دادوەری دادگای تایبەت وەک ھەر کەسێکی ئاسایی ھەڵەی کردبێ بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست ، و ئەرکی دەستە جیاوازەکانی دادگای پێداچوونەوەیە ئەو ھەڵانە راست بکاتەوە و دادپەروەری بەدیبێنێت و حقیقەتی دادوەری نزیک بکاتەوە لە حقیقەتی واقعی و بەمەش متمانەی خەلک بە دەسەلاتی دادوەری پتەو بەھێز دەکات و بە ئەنجام ئینتما و سۆز بۆ نیشتمان زیادو گەشە دەکات .

دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوە دەتوانێت سزای سزادراوانی بادینان ھەڵبووەشێنێتەوە یاخوود ھەمواری بکات بە کەمکردنی سزاکەیان ، کەئەمەش رێگە دروستەکەی چەسپاندی دادپەوری بوو ، بەڵام مخابن ئەم داگاباڵایە بەم ئەرکەی خۆی ھەڵنەساو پێچەوانەکەی پیادەکرد، بەمەش دەتوانین بڵێین بە راگەیاندنی ئەو بریارە مەرگی دادوەری لەھەرێم دا رادەگەیەنن چونکە ناوەرۆک و بەڵگە بڵاوکراوەکانی کەیسی ناوبراوان ھیچ گومانێک نا‌ھێڵنەوە بۆ بێتاوانی و بریاردان بە ھەڵوەشانەوەی سزاکەیان.

لە کۆتایدا ھەرچەندە زەنگی نادادی و ستەم لێدرا لەم ھەرێمەدا کە پڕیەتی لە ستەم و نادادی بەڵام ئومێد دەکەین ئەم نادادییە بەسەر دەستەی گشتی دا تێنەپەڕێت چونکە ئەم دەستەیە لە رووی ژمارە و ئەزموونی دادوەرانەوە بەھێزترن و ئەسڵ وایە زیاتر ھەوڵی چەسپاندی دادوەری بدەن ، بۆ ئەوەی خۆیان لە فەرموودەکەی پێغمەبەر( د.خ.) بپارێزین و لەو دادوەرانە بن کە بە بریارە دروستەکانیان بەھەشتی خودا بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن و بەھەشتێکی دونیاییش بۆ خەڵک فەراھەم  بکەن .



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟