TEVDA Press

سەیرم بە گۆڕان و پارتی و یەکێتی و میللەتیش دێت کە باسی چاکسازیی دەکەن

| Saturday, 08.08.2020, 10:05 AM |


ئەمین بەکر، ڕاوێژکار لەنوسینگەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و په‌رله‌مانتاری‌ پێشوی‌ گۆڕان له‌نوسنێكدا ده‌ڵێت:"سەیرم لەبزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دێت کەدەیەوێت باوەڕ بەخەڵکی بهێنێت کە گوایە بۆچاکسازیی چۆتە حکومەتەوە، لەکاتێکدا خۆشی‌و خەڵکیش باش دەزانن کە نەپارتی قبوڵ دەکات بابەتی بیرە نەوتەکانی فیشخابورو مەرزەکانی ڕۆژئاواو ئیبراهیم خەلیلی لەگەڵدا باس بکرێت‌و لێکۆڵینەوە لەشێوازی دزینی داهاتەکانیان بکرێت، نەیەکێتی-یش واز لەپرۆسەی دزین‌و بەتاڵانبردنی پارەو ماڵ‌و موڵکی گشتی دەهێنێ."
ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌، "سەیرم لە پارتی وسەرۆکی حکومەتەکەی دێت ،چۆن ڕوویان دێت  بەردەوام بوقی چاکسازیی لێبدەن و پێیانوایە دەتوانن خەڵک باوەڕیان پێ بکات، لەکاتێدا دەزانن کە میللەت دەزانێت خۆیان‌و حزبەکەیان چەندان ساڵە کێڵگەیەکی تەواوی نەوتیان بۆخۆیان دەست بەسەرداگرتوەو دۆلارێکی لێ نادەن بەمییللەت و لەکێڵگەکانی تریش هەر یەکەو بەشێوەیەک پشکیان بۆخۆیان پچڕیوە پارەی میللەت دەبەن، باسی چاکسازی دارایی ولێپرسینەوە دەکەن، لەکاتێکدا مەرزەکانی ابراهیم خلیل وەلیدو خابور وحاجی ئۆمەرانیان دەست بەسەردا گرتوەو چەندان ساڵە دزی لەداهاتی گشتی دەکەن و ئەرشیفی ئەوراقەکانی دەسوتێنن نەوەک ڕۆژێک لایەنێک پەیدابێت لێکۆڵینەوەیان لەدزیەکانیان بکات، هەرچی پڕۆژەی ستراتیجی و زەوی باش و گرنگی هولێرو دهۆکە  بۆخۆیان وکۆمپانیاکانیانی حزب‌و نزیکەکانیان قۆرخ کردوەو ودەشیانەوێت خەڵک باوەڕ بەدرۆی چاکسازیان بکات."

"سەیرم بەیەکێتی دێت دەیەوێت میللەت باوەڕ بەشینی بۆچاکسازیی بهێنێت، لەکاتێکدا بەبەرچاوی میللەت و بەئاشکرا پارەی گومرگ و باجی مەرزەکانی پەروێزخان وباشماخ بۆخۆیان دەدزن ونوسینگەی دەڵاڵیان بۆ هێنانە ناوەوەی کاڵا و شمەک بۆ بازرگانەکان لەبازاڕی دۆلارەکەوسەهۆڵەکە دادەنێن و بەنیوەی نرخی پارەی گومرگ وباج  بۆیان دەهێننە ئەم دیوو ، میللەتیش هیچ بەدەستەوە. دەیانەوێت خەڵک بەبانگەوازی بەهەرێم کردنی سلێمانیان باوەڕبکات، لەکاتێکدا بەبەرچاوی خەڵکەوە خەریکی بردنی پارەو موڵک وماڵی گشتین."

"سەیرم بەمیللەت دێت کە باوەڕ بەدرۆی چاکسازیی دەکات، لەکاتێکدا دەزانێت سی ساڵە ئەم کاستە سیاسیەی ئێستاش لەدەسەڵاتدان بەرپرسن لەفەقیری‌و نەهامەتی وکارەساتەکانی."
تەڤدا پرێس