وتار

ئایا لەداهاتودا، ئاویش تاڵان دەکرێت؟

Wednesday, 05.12.2021, 10:14 AM



  ئایا کەرتی تایبەت ئاوی خواردنەوە و ئاودێریی بە حوکومەت و جووتیاران دەفرۆشێت؟
دوێنێ رۆژی ١٠/٥، هەواڵێکی سەیر دابەزیبوو: کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو  و وەزارەتی پلاندان و نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێی درووستکردنی بەنداوی ستراتییجیی و پرۆژەی ئاودێری گەورە لە هەرێمی کوردستان لەرێگەی سیستەمی PPP تاوتوێکراوە. داوای لە کۆمپانیاکان کردووە کە پرۆپۆزەڵ پێشکەش بکەن بە مەبەستی درووستکردنی بەنداو و پرۆژە ئاودێرییەکان!
ئایا سیستەمی PPP چییە؟ ئایا ئەم سیستەمە دەستدەدات بۆ پرۆژەی بەندا و سەرچاوەی ئاو؟ ئایا سیستەمی حوکومرانیی لە هەرێمی کوردستان شیاوی ئەوەیە سیستەمی وەها جێبەجێ بکات؟ کێ سوودمەندە و مەترسییەکانی ئەم سیستەمە لەسەر هاوڵاتیی و کەرتی کشتووکاڵ چیین؟
PPP
کورتکراوەی (Public Private Partnership) واتە:
هاوبەشدارێتیی کەرتی گشتیی و تایبەت. ئەم سیستەمە لە دنیای ئەمڕۆی سەرمایەداریی لەگەڕدایە و کەرتی تایبەت بەشدارکراوە لە لایەن حوکوومەتەوە بۆ بەشدارییپێکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت بە توانای مادیی و پسپۆڕیی و شارەزایی و ئەزموونەوە بۆ پرۆژەیەک کە سوودی گشتیی تێدایە بە پلەی یەکەم و سوودی مادییش بۆ کەرتی تایبەت، بەو مەرج و پیودانانەی کە حوکوومەت دیاریی دەکات و رێکەوتنی دوو لایەنەی لەسەر دەکرێت.
پەیڕەوکردنی سیستەمێکی لەم جۆرە لە کوردستان دا، بۆ تەرزێک لە پرۆژەی پیشەسازیی زۆر گونجاو و لەبارە کە یارمەتییەکی گەورەی بونیادنانی کەرتی پیشەسازیی دەکات و، متمانەکردنە سەر بەرهەمی بەکاربردنی ناوخۆیی و پاراستنی داهات و سامان و نەختیینەی ناوخۆ و خەرجکردنەوەی لە ناوخۆ و هەزاران هەلی کار بۆ هاوڵاتییەکان دەڕەخسێنێت. بەڵام ئەم هەنگاوە بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە بەم سیستەمە نەنراوە، ئەگیینا پیشەسازییەکەی گەورەی شەکر و کاغەز و سابوون و رۆن و قوماش و مافوور و لە قوتوونان و تایە و پێخەف و پلاستییکیی و بووکەڵە و یاریی مناڵان و زۆری تریش و رەنگە ئۆتۆمبیلیش بکرایە!!
بەڵام دەستبردن بۆ ئاو! بە تایبەتکردنی ئاو! مەترسییەکە گەورەیە لەو ولاتانەدا کە سیستەمی حوکومڕانییەکەی شکستخواردووە و لە ٦-٧ ساڵی بەرنامەی بازاڕی ئازاد دا، سامانی سرووشتیی هەرزان فرۆش دەکرێت و هاوڵاتیانی بۆ دەیان ساڵ دەکرێن بە ژێر قەرزەوە، نزییکەی سیی ملیار دۆڵار قەرزار دەبێت لە فرۆشتنی نەوت دا، نەک کڕیینی نەوت، نەک لە ئاوەدانیی، نەک لە دامەزراندنی کارگەی زەبەلاح! سیی ملیار دۆلار قەرزاریی بۆ بێکارکردنی گەنجی وڵات!
بانکی نێودەوڵەتیی،  چەندیین مەرجی گرنگیی داناوە بۆ هەبوونی ئەم ئاوێتەبوونەی کەرتی تایبەت و حوکوومەت، لەوانە: چاودێریی و لێپرسیینەوە، سەقامگیریی سیاسیی، حوکوومەتی چالاک و لەبار، لێهاتوویی رێکخراوەیی دەوڵەت، سەروەریی یاسا ، رۆشنکاریی و بنەبڕکردنی گەندەڵیی.
بۆیە، ئەم سیستەمە لە وڵاتێک دا لەبارە و درووست و سەلامەتە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی و حوکوومەت و ئاسایشی نەتەوەیی دەوڵەت، کاتێک حوکومرانییەکی تۆکمە و رەشیید بیبات بەڕێوە. پەرلەمان و دەسەڵاتی یاسادانان و سیستەمی دادوەرییەکەی بێ لایەن و بەهێز بیت. حوکوومەت تەنها جێبەجێکارێکی پرۆفیشنەل بێت و لەژێر چاودێریی و لێپرسیینەوەی توند دا بیت. بەڵام بە نەبوونی ئەم مەرج و پێوەندانە، پرۆژەیەکی مەترسییداری تر دەبیت بۆ ناو سیستەمە کلیپتۆکراسییەکەی دەوڵەت و، بۆ بەرژەوندییە تاڵانکارییەکان سازدەکرێن، لەسەر شانی میللەت و ئاسایشی نەتەوەیی. بۆیە سیستەمێکی تەنراو بە نارۆشنیی داهات و خەرجکردن، سیستەمێک نازانێت ساڵی داهاتوو چەند لە سندووقی حوکومەت دایە؟ پلانێکی سەرکەوتووی نییە لە بچووکتریین تەنگژەی دارایی و تەندروستیی و خوێندن و خزمەتگوزاریی دا، سپاردنی ئاو بە دەستی کەرتی تایبەت کە بێگومان کەسانێکی دەسترۆیشتووی پشتیوانییکراو بە دەسەڵات، کێ دەتوانێت پابەندیان بکات بە هییچ جۆرە یاسا و لێپرسیینەوەیەک؟ کێ دەتوانێت لێپرسیینەوە لە بنەڕەتیی راستیینەی ئەو بەناو سیی ملیار قەرزە بکات؟ ئاواش سبەینێ چارەنووسی ئاو دەکەوێتە دەستی خەڵکێکی چاوچنۆک و بێویژدان!
کاتێک کەرتی تایبەت دەهێنرێتە ناو دەسەڵاتی حوکوومەتەوە، کە شیاو بێت و لەباربێت بۆ بەجێهینانی ئەو ئەرکەی کە حوکوومەت ناتونێت لە مەودای کورت یان لە درێژخایەن دا بە کارییگەرانە هەڵی سوڕێنیت. بۆیە ئەم کەرتە تایبەتە، کە بەرپرسیارە بۆ چاککردنەوە و هەڵسوراندنی ئەو پڕۆژەیە، ئاواش مافی خۆی دەبیت لە ئیشپێکردن و فرۆشتنی بەرهەمەکەی بۆ خۆی و بەس بەپێی گرێبەستەکە بۆ ماوەیەکی درێژ! پێوەری ئاوی بەکارهێنان (سەعاتی ئاو) باشتریین نموونەی ناڕۆشنییە کە هێشتا قسەی لەسەرە!
پاشان، مەبەست لە کەرتی تایبەت کێیە؟ خۆ دیارە لە ناوخۆدا باڵەخانە دە نهۆمییەکانیش دران بە کۆمپانیای تورکیی، ئایا مەبەست لە کۆمپانیای تورک و ئێرانییە بهێرێن و بەشداربن لە فرۆشتنی ئاوی ئەم وڵاتە بە خۆمان!
رێی تێ ناچیت ، بەشدارییکردنی کەرتی تایبەت مەبەست لە کۆمپانیای ناوخۆ بیت! دیارە، لە کوردستان دا، چەندیین پرۆژەی بەنداوی بچووک شکستی هێناوە، نەک پرۆژەی مەزن! لە ناوخۆدائەو شارەزاییە پێویستە نییە بچیتە ژێرباری ئەو پرۆژە چارەنووسسازانەوە. بەڵام حوکوومەت دەتوانێت وەک چۆن لە رابردوودا لە رێی حوکوومەتەوە ئەو پرۆژە مەزنانەی کە شا دەماری ئاو و کشتوکاڵن بەجێهێنراون و موڵکی حوکوومەتن و هاولاتیان سوودمەند بوون لێی و ئاسایشی بژێویی گشتیی سەلامەت بووە، ئێستا چیی دەستی گروون پارە بۆ ئەو پرۆژە ئابوورییانە تەرخان بکەن؟  
پرسیارێکی تری گەوهەریی، ئەوەیە، بۆ ئەم بەنداو و پرۆژە ئاودێرییانە، تەنها دەستمایە پێویستە بۆ بەجێهێنانی ئەم پرۆژانە، ئەگیینا هەرچی ئاوە یان لە ئاسمان دێتە خوارێ یان لە وڵاتانی دراوسێوە دین! نە ئاوی بۆ هاوردە ئەکات و، نە ئاویش درووست دەکات. ئەوەی خەرجیی ئەم پرۆژە ئاوییانەیە دوای درووستکردن، خەرجغی چاککردنەوە و دەستپیاهێنانە، ئەوەش ئەرکی حوکوومەتە، ئەی حوکوومەت هەر ئیشی مووچەدان بێت و چاویشی لە دەستی بەغداد بێت و، کە ئەوەشی کلک و گوإ کردووە و نییوەی ئەماشێتەوە!
ئامانج لەم سیستەمە بۆ هەر پرۆژەیەکی گشتیی، دۆشیینی حوکوومەتە - لە داهاتوودا- بۆ گیرفانی دەسەڵاتدارە کلیپتۆکراسییەکان، کە تەنانەت ئاویش تاڵان دەکرێت و بە حوکوومەت و هاوڵاتیی دەفرۆشنەوە بەناوی بەنداو درووستکردنەوە!
ئەم پرۆژانە زۆر مەترسییدارن، لە نەوت و گاز مەترسییدارترن!! پێویستە لەسەری قسە بکرێت و هەروەها وەک هەواڵێکی رۆژنامەنووسانە پشتگوێ نەخرێت!
پێویستە، وردەکاریی ئەم پرۆژانە بخرێتە بەردەم رای گشتیی و مشت و مڕی زانستیی و ئابووریی و سیاسییانەی لەسەر بکرێت!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟