لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئیسرائیل و فەلەستین لە ڕوانگەی ڕەگەزپەرستان و ئایینپەرستانی کوردوە

Monday, 05.17.2021, 11:16 AM



لەگەڵ کایەیەکی نوێی خوێنڕشتنی نێوان ئیسرائیلییەکان و فەلەستینیەکان، کە هەردووکیان سامینەژادن، مەخابن دیسانەوە کورد هەست و هەڵوێستی ڕەگەزپەرستی و ئایینپەرستیی خۆی خستەڕوو.
بەدەر لە ڕێژەیەکی کەم، سەرجەم کۆمەڵگای باشووری کوردستان یان دوژمنی سەرسەختی ئیسرائیلن یان دوژمنی سەرسەختی فەلەستینیەکان.
هەرەزۆرینەی ئایینپەرستانی کورد لە ڕوانگەی ئایینبازییەوە بە ئەرکی ئایینیی خۆیانی دەزانن و بۆیان بلوێت دەچنە ڕیزی بزووتنەوەی حەماسی ئیسلامی و نەك هەر لە ئیسرائیل بەڵکو سەربڕینی هەموو جووەکانی دونیا بە ڕەوا دەزانن. هاوکات ڕەگەزپەرستانی کورد، کە مەخابن ئەوانەی ناویان لە خۆیان ناوە ڕۆشنبیر بەشێکن لەوان، بەلایانەوە ئاساییە و تەنانەت پێیانخۆشترە کە نەك فەلەستینیەکان بەڵکو هەموو عەرەب تەفروتوونا ببێت. سەیر لەوەدایە کە هەردوولایان، هەم ڕەگەزپەرستان و هەم ئایینبازان، چەندین بیانووی جۆراوجۆر بۆ ڕەواییدان بە بۆچوونەکانیان دەهێننەوە و لە دونیای خەیاڵپڵاوی خۆیاندا بە داکۆکیکردن لە دادپەروەیی و مرۆڤایەتی لێکیدەدەنەوە.
ڕەگەزپەرستانی کورد بە بەهانەی ئەوەی کە فەلەستین و عەرەب دژی دۆزی کوردن هەربۆیە حەز دەکەن و لایان ڕەوایە ئیسرائیل غەزەی ژێر چەپۆکی حەماسی ئیسلامی خاپور بکات. ڕاستییەکی مێژووییە کە چەندین ڕێکخراوی فەلەستینی و عەرەبی بە گووتە و بە کردەوە پشتگیریی و هاوبەشیان لە پەلاماری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بۆ سەر کورد کردووە، لەوانە شاڵاوی بەدناوی ئەنفال، بەڵام ئاخۆ ئەوە بیانووە بۆ ئەوەی ئێمە دژی هەموو عەرەب بین و دەستخۆشی لە پەلاماری دڕندانەی دەوڵەتێکی ئایینپەرستی ڕەگەزپەرستی پڕچەکی وەك ئیسرائیل بۆ سەر فەلەستینیەکان بکەین؟! خۆ ئەگەر ئەوە بیانوویەکی بەجێبێت ئەوە دەبێت لە هەمان ڕوانگەوە دژی کوردیشبین چونکە سەدان هەزار خۆفرۆشی کورد لە ئەنفال و پەلامارەکانی تر بۆ سەر کورد بەشداربوون!
بەداخەوە، ڕکوکینە وەهای کردووە کە ئەوان خۆیان لە چەندین ڕاستی گێل بکەن. کەرتی غەزە، کە ڕووبەرەکەی ٣٦٥ کم٢ (بە بەراورد بە پارێزگای هەولێر کە ڕووبەرەکەی ١٤٨٧٢ کم٢)، زیاتر لە دوو ملیۆن فەلەستینی تێیدا دەژین، کە نیوەی منداڵە[1] و، لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە بۆتە زیندانێك و لە ژێر ڕەحمەتی هێرش و ئابڵوقەی وشکانی و ئاسمانی و دەریایی ئیسرائیلدایە. زۆربەی ئەوانەی ئەمڕۆ نیشتەجێی ئیسرائیلن بە هیچ جۆرێك ناچنەوە سەر ئەو هیبرۆ (جوولەکە) دێرینەی کە دوو هەزار ساڵێك لەمەوبەر لە ئەو دەڤەرە جوگرافیەدا ژیاون[2]. بە هەمان شێوەش عەرەبەکانی فەلەستین، ئەوانیش نەوەی ئەوانەن کە هەزار ساڵێك لەمەوبەر بە زەبری شمشێر هاتوونەتە ئەو ناوچەیە. خۆ ئەگەر بیانووی ڕەگەزپەرستانی کورد ئەوەبێت کە ئیسرائیلیەکان مافی خۆیانە بگەڕێنەوە خاکی باوباپیرانیان، کەواتە ئێمەش دەبێت هەندێك ناوچەی کوردستان ڕادەستی، بۆ نموونە، نەوەی ئاشووریەکان بکەینەوە کە چەند هەزار ساڵێك لەمەوبەر دانیشتووی ئەو ناوچانەبوون. سەیر لەوەدایە، هەر بۆ نموونە، کە جوولەکەیەکی ڕوسی بە مافی ڕەوای خۆی دەزانێت بگەڕێتەوە بۆ سەرزەمینێك کە گوایە دوو هەزار ساڵ لەمەوبەر باوباپیرانی تێیدا ژیاوە بەڵام فەلەستینیەکانی کە هەر تەنها حەفتا ساڵ لەمەوپێش لەوێ دەرکراون و ئاوارەی نیشتەجێی ئۆردۆگاکانن بۆیان نیە بگەڕێنەوە!
زۆرێك هەمیشە تووتیئاسا دوو قەوانی سوواو چەندبارە ئەکەنەوە، یەکەم گوایە دەوڵەتی ئیسرائیل دۆستی کوردە و دووەم ئیسرائیل بەرامبەر فەلەستینیەکان تووندوتیژ نیە. بە کورتی و بە کوردی، بۆ خاڵی یەکەم پێویستە بووترێت کە ئیسرائیل و تورکیا لە ساڵی ١٩٤٩ەوە بە فەرمی پەیوەندییان هەیە و لە زۆر بواردا هاوپەیمانن و هەر دامودەزگاکانی ئیسرائیل بوون کە ئاسانکارییان بۆ ڕفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلانی پەکەکە کرد[3]. بۆ خاڵی دووەمیش، بە پێی ڕێکخراوی ئەمسنتی ئینتەرناشناڵ، ئیسرائیل زیاتر لە ٦٥ی یاسای ڕەگەزپەرستانەی بەرامبەر فەلەستینیەکان هەیە، تەنانەت ئەوانەی کە ڕەگەزنامەی ئیسرائیلیشیان هەیە.[4] بۆ نموونە لە زۆر شوێن هەر تەنیا جوولەکە ئیسرائیلییەکان دەتوانن کڕین و فرۆشتنی زەویوزار و خانووبەرە بکەن، کە ئەوە دەقاودەق ئەو سیاسەتەی ڕژێمی بەعسی عێراق بوو کە لە کەرکوك و ناوچەکانیتر بەرامبەر کورد پیادەی دەکرد، جا ئەگەر ئەوەی ئیسرائیل ڕەوابێت کەواتە ئەوەی ڕژێمی بەعسیش ڕەوا بووە!
هاوکات ئایینپەرستانی کورد، لە لایەك دوژمنی ئیسرائیلی تیۆکراسیین و لە لایەکی ترەوە دۆستی تورکیای ئیسلامۆفاشین! دڵنیام ئەگەر غەزە ئیسلام نەبووایە هەر باسیان نەدەکرد، کەچی گووایە ئەوان لە میهرەبانی ئایینەکەیان و مرۆڤدۆستی خۆیانەوەیە کە هاوسۆزی حەماسن و خوازیاری جینۆسایدی ئیسرائیل و جوولەکەن! ئاخۆ جیاوازیی ئەو هەڵوێست و ئامانجە چی بێت لەگەڵ داعش کە ویستی ئێزیدییەکان تەفروتوونا بکات؟ ئەوان هێندە مەستی تلیاکی ئایینن کە بە هەمان چاو لە دەوڵەتی ئیسرائیل و جووەکانی دونیا، کە دوو شتی جیاوازن، دەڕوانن. سەیر لەوەدایە کە خودی ئیسلام درێژەپێدانی ئایینی جوولەکەیە و هەردووکیان ئایینی ئیبراهیمین.
بەداخەوە، ڕکوکینەی کوێرانە و بیری چەقبەستوویان وەهای کردووە کە هیچ کام لەوانە ناتوانن تێڕوانین و هەڵوێستێکی مرۆڤانە و هاوچەرخانەیان بۆ ئەو کێشەیە هەبێت و، لایەنی کەم هەوڵبدەن نەفرەت لە مۆتەکەی جەنگ و کوشتار بکەن و خوازیاری پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان گەلانی ناوچەکەبن، بێگوێدانە نەژاد و ئایین و باوەڕ و، بەدەر لە ڕکوکینە و دەمارگیریی.



[1] بڕوانە ڕاپۆرتی یونیسێف (UNICEF)ی نەتەوە یەکگرتووەکان. (https://www.unicef.org/sop/media/341/file/Children%20in%20the%20State%20of%20Palestine.pdf)
[2] بڕوانە میکۆ پێلێد کە دۆست و هاوسۆزی فەلەستینیەکانە و خۆی جوولەکەی ئیسرائیلە و خوشکەزایەکی بە ڕۆکێتی حەماسی ئیسلامی کوژراوە و باوکی لە جەنگی ١٩٦٧دا ژەنەراڵێکی سوپای ئیسرائیل بووە. (https://www.youtube.com/watch?v=TOaxAckFCuQ )
[3] بڕوانە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی. (https://www.theguardian.com/world/1999/feb/18/johnhooper)
[4] بڕوانە ڕاپۆرتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ. (https://www.amnesty.org/en/countries/middle-east-and-north-africa/israel-and-occupied-palestinian-territories/report-israel-and-occupied-palestinian-territories/)

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟