TEVDA Press

لەسەر دەستگیرکراوانی بادینان ئەمەریکییەکان داوای ڕوونکردنەوە لە مەسرور بارزانی دەکەن

| Monday, 05.17.2021, 03:20 PM |



ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە 2021/5/16 شاندێکی باڵای ئەمەریکی، کە پێکهاتبوون لە جۆوی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک به‌ وه‌كاله‌ت و ئەیمی کەترۆنا نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت و زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان کرد.
سەرباری گفتوگۆ سەبارەت بە بارودۆخی عێراق و سوریاو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق، وەفدە ئەمەریکییەکە داوای ڕوونکردنەوەیان لە مەسرور بارزانی کردووە سەبارەت بە دەستگیرکراوانی بادینان.
بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی مەسرور بارزانی، هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری ڕاگەیاندن و ئازادی ڕادەربڕین و ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕیوەو هەر بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، لە سەر کەیسی دەستگیرکراوانی بادینان، مەسرور بارزانی بەوەفدە ئەمەریکییەکەی وتووە کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت.
وەکو لە ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکی حکومەتدا هاتووە، مەسرور بارزانی بە وەفدەکەی وتووە کە"  ڕەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەک گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسییەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات".
تەڤدا پرێس