لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

تورکیا و ئێران لەهەمان قوڕ بەدیل دروست دەکەن!

Wednesday, 06.02.2021, 01:25 PM



تورکیا و ئیران گرفتیان لەسەر داگیرکردنی عیراقە، بۆیە هەردووکیان پێویستیان بەوە هەیە کە جەنگی نێوانیان لەسەر دابەشکردنی لاشەی عیراق، هەر لەسەر خاکی عیراقدا بێت، لەبەرئەوەیە بۆ سێ دەیە دەچێت دەزگەی هەواڵگری هەردووک  وڵات بە هاوکاری بەکرێگیراوەکانیان لەنێو کورد و عەرەب کار لەسەر ئەوە دەکەن کە، هێز و میلیشیای سەربەخۆیان پڕ چەک و تەقەمەنی بکەن و لەنێو جەرگەی عیراقدا بنکە و بارەگایان بۆ دابمەزرێنن، سوپاکانیان بە ئاشکرا و بە نهێنی لە قوڵایی خاکی عیراقدا بێت.
ئەنقەرە و تاران  لە عیراق و کوردستاندا گەمەیان بە دەنگی ناڕەزایی شەقامی کوردی و عەرەبیش کرد لە ڕێگەی کڕینی سەرانی ئەو پارتانەی کە بانگەشەی ئۆپۆزسیۆنبوونیان دەکرد، کە لە ئەنجامدا توانیان دەنگی ئۆپۆزسیۆن لە گۆڕەپانی سیاسیی عیراقدا لە باکوورەوە بۆ باشوور لاواز بکەن، خەڵکیان وێڵ و سەرگەردان کرد، دەنگی شەقامیان پەرشوبڵاو و خامۆش کرد، بۆشاییەکی سیاسییان لە گۆڕەپانی پڕ لە کێشمەکێشمی عیراق و باشووری کوردستاندا دروست کرد، بۆ ئەوەی کەی خوازیار بوون ئەو کات هێزێک یان کەسێک و لایەنەکی سەربەخۆیان ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە تورکیا و ئیران سی ساڵە لەنێو حزبە عەرەبی و کوردییەکاندا، لەنێو پەرلەمانی عیراق و کوردستاندا خەڵک دەکڕن و لەهەمان کاتدا هەوڵیاندا دەستیان بگاتە نێو خێزان و بنەماڵە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم، وەک خێزانی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی، بۆ ئەوەی هەردووکیان بتوانن لەهەمان قوڕ بەدیلێک دروست بکەن و لەسەر وەتیرەی جاران بۆ چارەکە سەدەیەکی دی بۆ ئەجێندای خۆیان کاریان پێ بکەن!
دابەشبوونی بنەماڵەی بارزانی بەسەر بەرەی تورکیا و ئێراندا، جارێ ڕوون نییە چییە؟  پرسیاری گرنگ ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی و لە هەقیقەتدا ئەدهەم بارزانی ناڕەزاییە، ژێربەژێر پشتیوانی ئیرانی مسۆگەر کردوە بۆ جموجۆڵەکانی دژ بە کوڕەکانی مەلا مەستەفا و هەوڵدەدات شوێنیان پێ لەق بکات و خۆی ببێت بە سەڕۆکی هەرێم؟ یان وەک جاران بەرژەوەندیی ئەو بنەماڵەیە لێکگرێدراوە، ئەوانیش دەیانەوێت بەشێکیان دڵسۆزی خۆیان بۆ ئیران دەرببڕن و باشترین کەسیش بۆ ئەم کارە ئەدهەم بارزانییە کە بۆ چل ساڵ دەچێت سەڕۆکی حزبێکی ئیسلامی بە ناوی "حزبوئەڵا" بوو لە باوەشی ئێران، ئەو دەمێکە متمانەی تاران و دەزگەی ئیتیلاعاتی مسۆگەر کردوە و دەزانێت شوێنی خۆی بکاتەوە، کە بێگومان بەمە دوو چۆلەکە بە بەردێک دەکوژن، لەلایەک بەرژەوەندیی و مانەوەی خۆیان مسۆگەر دەکەن، لە کاتی لێقەومان چی لەگەڵ تورکیا بێت یان ئیران ئەوان دەبن بە داڵدە بۆ یەکدی، دەسەڵاتی کارتۆنی باشووریش هەر لەژێر دەست و ناوی ئەو بنەماڵەیە دەمێنێت، لەلایەکی دیش بۆ تاران دەبن بە بەدیلی کوڕ و برازاکانی جەلال تاڵەبانی و لە ئەنجامدا ئێران ئەوانیشیان بۆ تڕۆ دەکات!؟
لە کۆتاییدا دەبێت ئەوە بگوترێت، کە ئیران و تورکیا هەر ڕۆژێک توانیان هەژموونی خۆیان بەسەر باشووری کوردستاندا بسەپێنن و کۆک بوون لە دابەشکردنی پشک، ئەو کات قۆناغێکی تازە دەست پێدەکات و پێویستیان بە خێزانی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی نامێنێت، ئەوجا وەک زەمانی سەدام، لەنێو زۆرینەی سادەی شەقامدا، جاش ناونووس دەکەن و یەکەم هەنگاویشیان کڕینی ئەو سەرۆک عەشیرەتانە دەبێت، کە کاتی خۆی ڕابردوویەکی قیزەوەنیان لەگەڵ خیانەت و دەستتێکەڵاوکردن لەگەڵ بەعسدا هەبووە، کە هەنووکە زۆربەیان لە دەوری ماڵی تاڵەبانی و بنەماڵەی بارزانی کۆبوونەتەوە و بە فەردە دۆلار وەردەگرن، کەسیش ناوێرێت پێیان بڵێت، لەسەر چاوتان برۆ هەیە!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟