TEVDA Press

دانا ڕەشید

بۆچی سەرۆک کۆماری

| Friday, 06.04.2021, 06:20 AM |



بێ گومان سیستەمی پەرلەمانی  وەک سیستەمێکی  دیمۆکراتی بەرێوەبردن  لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا ، بە سەرکەوتوترین سیستەم  دادەنرێت ،کە هەموو دەسەڵاتەکان  بە یاسا رێکدەخرێت ، بۆ نمونە کاتێک دەوڵەتێک  ، فرە قەوم و زمان و فرە دین بێت وەک ( عیراق )  یاخود  زمان و  میلەت و کلتورێکی یەکگرتو وەک ( ئەڵمانیا )   دەسەڵاتەکان بە بە پێی دەستوری دەوڵەت  دەست نیشان دەکرێت ، واتە دەوڵەتی فیدراڵ بریتی یە لە یەکەیەکی بەرێوەبردنی دەوڵەتی دەستوری لە ڕوی دەوڵەتداریەوە وە یاسایی لە ڕوی فەرمانرەواییەوە ، دابەش دەبێت بەسەر چوار دەسەڵات ، دەسەڵاتی  یاسادانان کە دەکاتە  پەرلەمان ، دەسەڵاتی بریاردان کە دەکاتە حکومەت ، دەسەڵاتی داد کە دەکاتە داوەری ، دەسەڵاتی ڕاگەیاندن کە دەکاتە پەخش و رۆژنامەو هەواڵسازی .
هەر یەک لەم دەسەڵاتانە ،  لە گۆرەپانی کاری خۆیدا  بە یاسا کاروبارەکانی خۆی رێک دەخات و  ململانێ و چالاکی لە بەرژەوەندی خۆی  لە بازنەی تێروانینی  خۆی بۆ یاساو یاسا بۆ کۆمەڵ ئەسپی خۆی تاو دەدا، بۆ نمونە دەسەڵاتی ڕاگەیاندن کە بە دەسەڵاتی چوارەم ناسراوە ، هەمیشە لەگەڵ دەسەڵاتی بریاردان واتە حکومەت ناکۆکە ، چونکە حکومەت  بە جۆرێک لە جۆرەکان  هەمیشە کار لەسەر  بەرژەوەندی خۆی دەکات  دەنگی میلەت کپ دەکات بۆ ئەوەی عەیب و عارەکانی  دەرنەکەون ، ئەمما دەسەڵاتی ڕاگەیاندن بە پێچەوانەوە  دەنگی میلەت دەردەهێنێ و  هەمیشە سوچە تاریکەکانی  دەسەڵات رۆشن دەکاتەوە و  عەیبەکانی حکومەت پیشانی ڕای گشتی دەدات ، بەمەش فشار لەسەر دەسەڵاتی دادوەری دروست دەکات و    بازنەی ئازادیەکان لە گفتوگۆکانی پەرلەمان فراوانتر دەکات .
دەسەڵاتی وڵات ، سیاسەتی خاریجی و داخلی لەدەست سەرۆک وەزیراندا دەبێت ، هەروەک حکومەت لە پەرلەمان دەسەڵات وەردەگرێت و  یاساکانی بەردەوام لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت و جێبەجێکاری ئەو یاسایانە دەبێت کە لە نەتیجەی گفتوگۆکانی  نیوان فراکسیونەکانی ناو پەرلەمان  تاوتوێ دەکرێت  ،  وە حکومەت یان سەرۆک وەزیران  راستەخۆ بەرپرسی ئاسایشی کۆمەڵگەیە ، ( امنی داخلی )دەسەڵاتی دادوەری  بە پێی ئەو یاسایانەی لە دەستور هەڵدەهێنجرێت  بێ هیچ فشارێک  دادی کۆمەڵایەتی دەپارێزێت ، هەروەک  دەسەڵاتی ڕاگەیاندن  چاودێرێکی چاوتیژ و  رەقیبێکی  ئازایە لەسەر جۆر و کوالیتی دەسەڵاتەکانی بەرێوەبردنی وڵات ،  واتە بە کردەوە  هەموو ئەم دەسەڵاتانە  دەبنە  دەسەڵاتی بەرێوەبردنی کۆمەڵگەو وڵات ، لەسەرو هەموو ئەمانەوە  دەسەڵاتێکی تر هەیە ، کە (سەرۆک کۆماری دەوڵەتە) راستەوخۆ  سەڵاحیاتەکانی لە  جەرگی دەستور وەردەگرێت ، راستەخۆ پارێزەری  ئاسایشی نیشتمانی دەوڵەتە( ئەمنی قەومی )  سەر تا خوار ، رۆژئاوا تا رۆژهەڵات .  لەهەر ئان و ساتێک ، سەرۆک وەزیران هەر جوڵەیەک بکات بە ئاراستەیەکی  خراپ کە یەک زەڕە ئاسایشی نیشتمانی بکەوێتە  خەتەرەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان ،  سەرۆک کۆمار  دەسەڵاتی دەستوری و دەوڵەتی خۆی دەخاتە کار ، سەرۆک وەزیران لادەدات و پەرلەمان هەڵدەوەشێنێتەوە و  خۆی بۆ ماوەیەکی کاتی ،  یەک مانگ تا دوو مانگ ،سەرۆکاری حکومەتی کاربەرێکەر دەکات  تا   هەڵبژاردنێکی نوێ دەکرێت و حکومەت و پەرلەمان و دامودەزگای فەرمانروای نوێ هەڵدەبژێردرێت .  بۆ نمونە  لە ئەڵمانیا لە ساڵی سێەمی خولی دوەمی سەردەمی  فەرمانروایی ( گێردهارد شرۆدەر) کاتێ حکومەت لەدەستی خۆیان بوو واتە  سۆسیال دیمۆکرات و سەوزەکان  ، ئەمما پەرلەمان بە دانیشتنێکی تایبەت  متمانەی لە  راوێژکاری ئەڵمانیا گێردهارد شرۆدەر سەندەوە و  بە بریارێک  پەرلەمان خۆی هەڵوەشاندەوە ،  سەرۆک کۆمار  سەرۆکایەتی  حکومەتی کاربەرێکەری کرد تا هەڵبژاردنێکی نوێ ئەنجام درا  ، ئەنجێلا مێرکڵ بە ململانێەکی زۆر سەختی پڕ گفتوگۆ و کێشمەکێش هاتە سەر دەسەڵاتی راوێژکاری .
جالێرەدا وردەکاری هۆکاری  لێسەندنەوەی متمانە لە راوێژکار  گێردهارد شرۆدەر  جێی نابێتەوە  و بۆ بابەتگەلێکی تری هەڵدەگرین ئەم نمونەیەمان بۆ پیشاندانی دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار هێنایەوە لە دەوڵەتێکی فیدراڵی دەستوری .
بێ گومان لە عێراق  بە پێی دەستوری نوێی عیراق ، کە بە  خوێندنەوەی شارەزایانی  یاسایی و دەستوری  ، دەستورێکی دیمۆکراتی و  بێ کێشەیە ، واتە بە پێی ئەو دەستورە  ( دوکتۆر بەرهەم ساڵح ) سەرۆک کۆماری عێراق ،  واتە پارێزەری ئاسایشی نیشتمانی یە  هەر لە فاو تا زاخۆ ، بێگومان ئەگەر بتوانێ خۆی وەک سەرۆک کۆمار بنوێنێت نەک وەک نێردەی حیزبێک کە یەکێتی نیستمانی   وەک موحاسەسەی هەڵبژاردن مامەڵەی بە دوکتۆر بەرهەمەوە بکەن ، ئەگەر وەک دەستور سەرۆک کۆمار بێت، دەبێت  بە دەسەڵاتی دەستور  بجیتەوە بە گژ هەر خەتەرێکدا کە هەرەشە لە ئاسایشی نیشتمانی عیراق بکات بە هەرێمی کوردستانیشەوە ، ئەمما ئەگەر وەک موحاسەسەی هەڵبژاردن  خۆی  تەسلیمی یەکێتی بکات کە  وەک نێردەی  کەسێک بێ وەک سەرۆک کۆمار ، ئەوا لە موچەخۆرێکی قەبە زیاتر هیچ رۆڵێک ناتوانێ بگێریت ، بۆ نمونە کوا دەنگ و سەدای سەرۆک کۆمار ، کاتێ تورکیا  هەرێمی کوردستان تایبەت دەڤەری بادینان شەن و کەو دەکات ، لەکاتێکدا  جۆری سوکایەتی نەماوە تورک لە رێگەی دەسەڵاتی بارزانیەوە بە کوردی نەکردبێت ، لەسەرێکی ترەوە کوا دەنگو سەدای بەرامبەر  ئێران  کاتێ بەئارەزوی خۆی  هەرێمی ئەمدیو سنوری دێگەڵەی کردوە بە  تراتێنی  دزو جەردەوە پیاوکوژانی سەر بە دەسەڵاتی ئیتلاعاتی  کۆماریی ئیسلامی ، لەکاتكدا ئەم سەرۆک کۆمارە بۆ رەوشی جنوب و بەغداو موسڵ  هەندێ جموجۆڵ و کاری باشی ئەنجام دا  ، ئەدی بۆ کوردستان بۆ کڕو بێ دەنگ و  خەوتوە ؟ لەربەرامبەر کەرکوک بۆچی بێ ئاگاو بێ خەبەرە ؟ لەبەرامبەر کێشەی شەنگال و  بیانوی هێزەکانی قەندیل کە تورکیا  بەو بیانوە  دهۆک و زاخۆی داگیر کردوە و هەرەشە لە کۆی هەرێمی کوردستان دەکات ؟  لەبرامبەر ئەو هەموو بێدادی و گەندەڵی دزی و تیاوانە  ؟  دزینی موچە ، قاچاخجیتی سنورەکان ، مەلەفی نەوت ،   وشک کردنی روبارەکان لەلایەن ئێران و تورکیاوە کە ئاسایشی قەومی عیراقی خستۆتە مەترسیەوە ، ئەمانە پرسیارگەلێکن دەبێ  کورسی سەرۆک کۆماری پێ بخرێتە  ژێر پرسیارەوە .
دانا ڕەشید