TEVDA Press

د. سەردار عەزیز

ئایا ئێمە دەتوانین حوکمی خۆمان بکەین؟

| Monday, 06.07.2021, 10:07 AM |



ئاراستەکردنی ئەم پرسیارە ئاڵۆزە. ئەوە کێیە دەپرسێت، ئەو کەسەی کە بەشێکە لەئەو ئێمەیە، بەڵام لەدەرەوەی ئەو ئێمەیە، دەربارەی توانای ئەو ئێمەیە دەپرسێت، لەحوکمکردنی خۆی! ئەو ئێمەیە ئاسان نیە. ئێمە یانی خەڵکانێک پێکەوە، کەدەتوانن یان توانیویانە هاوبەشییەکی وەها لەنێوان خۆیاندا دروست بکەن، کە ببنە یەک یەکە یان خاوەن رایەڵەی هاوبەشی وەها کە بتوانن وەک یەک، لەدونیادا بجوڵێن.

حوکمداری مانای کۆنترۆڵکردن نیە. کاتێک هێزێک کۆمەڵگایەک کۆنترۆڵ دەکات ئەوا مانای وەهایە کە ناتوانێت حوکمی بکات، بۆیە دەیەوێت لەجوڵەی بخات و ئازادی تیادا بکوژێت بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بێت. کەواتە دیکتاتۆریەت، ستەمکاری، تۆتالیتاری، تاک دەسەڵاتی، بەهیچ شێوەیەک ناچنە خانەی حوکمدارییەوە

پرسی دروستکردنی ئێمە، شێوازی زۆرە. بەڵام لێرەدا من جەختم لەسەر حوکم و حوکمکردنە. هەرچەندە بەڕای من ئەستەمە بتوانیت حوکمی کۆمەڵگایەکی پەرتەوازە بکەیت، کۆمەڵگای بێ ئێمە. بەڵام با جارێ کەمێک قسە لەسەر حوکم بکەین، حوکمداری هونەرێکی نوێیە. لەناوچەی خۆماندا هێشتا بە تەواوی نە گەیشتوە و نە لێی تێگەشتویین. حوکمداری مانای کۆنترۆڵکردن نیە. کاتێک هێزێک کۆمەڵگایەک کۆنترۆڵ دەکات ئەوا مانای وەهایە کە ناتوانێت حوکمی بکات، بۆیە دەیەوێت لەجوڵەی بخات و ئازادی تیادا بکوژێت بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بێت. کەواتە دیکتاتۆریەت، ستەمکاری، تۆتالیتاری، تاک دەسەڵاتی، بەهیچ شێوەیەک ناچنە خانەی حوکمدارییەوە، بەم پێیە کرۆکی حوکمداری ئازادییە. ئەمەش وەها دەکات کە پەیوەندییەکی ئۆرگانی لەنێوان حوکمداریی و لیبرالیزمدا بوونی هەبێت. لیبرالیزم جودایە لەنیولیبرالیزم. نیولیبرالیزم بڕوای وەهایە کە بازاڕ دەتوانێت هەموو پرسەکانی هەناو کۆمەڵگا چارەسەر بکات. ئەمەش هەڵەیەکی گەورەیە. بۆ نموونە توێژی بازرگانی نەخۆش وەربگرە لەکوردستان. بە بوونی نیولیبرالیزم، کە یانی تەشەنەکردنی عیادەو نەخۆشخانەی تایبەت لەبەرامبەر خەستەخانەی گشتیدا، وەهایکردوە کەنەخۆش لەکەسێکی ئازارداری پێویست بەهاوکاری بگۆڕدرێت بۆ کڕیارو سەرچاوەی داهات. لەئەنجامی ئەمەدا هەبوونی نەخۆش باشە، چونکە دەبێتە مایەی زۆری داهات. دەرئەنجامی ئەمە ئەوەیە کەکەرتی رێگریی لەنەخۆشی و خۆپارێزی پشتگوێدەخرێت و کەرتی چارەسەرو بەکارهێنانی دەرمان و نەشتەرگەریی بڕەوی دەبێت. بەمجۆرە سیستەمێک دروست دەبێت کە یەکتری تەواو دەکەن. کە بنەماکەی لەسەر بوونی نەخۆشی زۆر وەستاوە. بابگەڕێینەوە سەر حوکم. ئەگەر حوکمداریی و ئازادی پێکەوە نووسابن ئەوا دەبێت لەنێوان ئەوەی حوکمی دەکرێت و حوکمەتدا جیاوازییەک هەبێت. ئەمەشە جیاکاری نێوان کۆمەڵگاو دەوڵەت یان حکومەت. لیبرالیزمی کلاسیک بۆ داڕشتنی ئەم بنەمایە جەخت لەسەر تاک و ئازادی تاک و حکومەتی سنوردار دەکاتەوە، بەڵام ئەمە لەکۆمەڵگای ئێمەدا ئەستەمە کاتێک نە حکومەت رێگە دەدات کۆمەڵگای ئازاد هەبێت و نە کۆمەڵگا دەیەوێت ئازادبێت. ئازادی لێرەدا ئەو مانا شیعریەی نیە کە لەدەقی ئەدەبی و دەربڕینی هاکەزایی سیاسیدا دەوترێت. ئازادی کرۆکی سەرمایەدارییە. چونکە سەرمایەداری لە سەر بنەمای سەرکێشی و داهێنان و هەوڵدان دەژی. بۆ ئەمەش پێویستی بەئازادییە هەتا تاکەکان بتوانن ئەمە بکەن. بەڵام حکومەت بۆ ئەوەی ئەمە بەڕێوەببات سیستەمی دڵنیایی، ئینشورانس و یاساو پۆلیسی داهێناوە.  کەواتە ئەگەر بمانەوێت حوکمی خۆمان بکەین دەبێت هەموو ئەو بنەمایانەمان تیادابێت.

ئیستا با بێینە سەر خۆمان. خۆمان یانی رێگرییکردن لەوەی کە لەدەرەوەی خۆت حوکم بکرێیت.  ئەمە تەنها سەربەخۆیی ئابوریی و بوونی سەروەریی و ئازادی و هێزەوە بەردەست نابێت، بەڵکو دەبێت خۆت خاوەن فەلسەفەیەکی حوکمڕانی بیت. نەبوونی ئەم بیرە کرۆکییە بۆ حوکمڕانی وەها دەکات کەهەمیشە سەرگەردانییەک هەبێت لەوەی کە ئایا دەبێت حوکمڕانی چۆن بێت. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە لەنووسینەوەی دەستوردا دەبێت رووبەڕووی ببینەوە. ئایا ئێمە دەمانەوێت چۆن حوکمی خۆمان بکەین؟ کاتێک وەڵامی ئەم پرسیارەمان داڕشت ئەوا رۆڵ و پێگەو بواری دامودەزگاکان بە ئاسانی دیاری دەکرێت.

حوکمرانی لەدونیای ئێمەو دەوروبەرماندا وەها دەبینرێت بریتیە لەدەستگەیشتن بە دامودەزگانی دەسەڵات لە پێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت وەک سەرچاوەی هێز هەتا رێگری لەئەوانیتر بکرێت کەدەیانەوێت بەشیان هەبێت

کەواتە حوکمرانی هونەرە. پرۆسەی بەڕێوەبردنی یەکەیەکی هەمیشە گۆڕاوە، بۆ ئەوەی بتوانێت خۆی بێت. لێرەدا چەندێک گرنگە تاکێک خۆی بێت، دەبێت لەمیانەی کۆدا بتوانێت هاوخەمی و هاوبەرژەوەندیی و هاوژینی دروستبکات، حوکمرانی لەدونیای ئێمەو دەوروبەرماندا وەها دەبینرێت بریتیە لەدەستگەیشتن بە دامودەزگانی دەسەڵات لە پێناو کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی داهات، بۆ ئەوەی بەکاربهێنرێت وەک سەرچاوەی هێز هەتا رێگری لەئەوانیتر بکرێت کەدەیانەوێت بەشیان هەبێت. ئەم جۆرە دونیابینیە کە لەسەر بنەمای بردن و بێبەریکردن و پەراویزخستن و زاڵبون و ترس دروست بووە، ئەستەمە بتوانێت هونەری حوکمڕانی پیادەبکات. چونکە ئازادی نە بەمانا شاعیرییەکەی و نە بەمانا لیبرال و سەرمایەدارییەکی بوونی نیە. ئەمەیە هۆکاری بەتاڵبوونی دەسەڵاتداریی رۆژهەڵاتی لەمەعریفە.  دیارە لێرەدا دەبێت ئەوە روونبکەمەوە کە نامەوێت دیدێکی رۆمانسی بۆ سەرمایەداری دروستبکەم. سەرمایەداری لەقۆناغی تایبەتدا زۆر بەباشی لەسیستەمی کۆیلەیەتیدا دەژی. بۆ نموونە سۆشیالیزم کەجۆرێکە لەکۆیلایەتی، دەکرێت بەباشی بچێتە خزمەتی سەرمایدارییەوە وەک لەمۆدێلی چینیدا دەیبینین. ئەمە خۆی لەئەو بەکۆیلەکردنەی ملیۆنان ملیۆن مرۆڤی گوندیدا دەبینێتەوە، کە لەشارەکانی ئەو وڵاتەدا وەک کۆیلە زۆرترین کاردەکەن و کەمترین ژیانی مرۆییان هەیە. دەکرێت لەهەمانکاتدا ئازادی بکرێت بەکاڵا و هەموو ئەندامان نەتوانن دەستەبەری بکەن، بەتایبەتی کاتێک ئازادی پێویستی بەپارەیە.  لەسەر ئەو بنەمایانە ئایا حوکمداریی چۆن دەکرێت؟ لەساڵانی رابردوودا بەهۆی زاڵبونی کەلتوری لیبرالیزم بەسەر دونیادا، کۆمەڵێک چەمک لەدونیای ئێمەدا هێنرانە ئاراوە، وەک بەشێک لەپرۆسەی بونیادی حوکمی لیبرال، وەک کۆمەڵگای مەدەنی، میدیای ئازاد، دیموکراسی، جیاکاریی دەسەڵاتەکان و سنورڕێژی ناو کایەی دەسەڵات، بەڵام لەبەر ئەوەیە تێگەیشتنی گشتگیری بوونی نەبوو، لەوەی کەچۆن ئەم بوارە جیاوازانە دەتوانن بەشێک بن لەپرۆسەیەک، زۆرجار هەڵسوێنەرانی هەر بوارێک خۆی بە نەیار یان ڕەخنەگری بوارێکی تر دەزانی. هەموو ئەمە روویدەدا، چونکە تێگەیشتنی پەرت پەرت بوونی هەبوو بۆ ئەوەی کەئایا پرۆسەی حوکمڕانی چۆن دەبێت، یان چۆن حوکمڕانی دێتەدی.

بۆ ئەوەی حوکمی خۆمان بکەین، دەبێت ئێمەیەک دروست بکەین. دەبێت ئەو ئێمەیە بزانێت خۆی کێیەو چۆن لەگەڵ خۆی دونیادا مامەڵە دەکات. پاشان دەبێت کۆمەڵگا دروستبکەین، هاوشان حوکمڕانی وەک کۆدەزگای بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا لەپێناوی خۆدا. ئێستا حوکمڕانی میکانیزم و ئامراز نیە، بەڵکو ئامانجە. ئەوە خەڵکە حوکم دەکرێن بۆ ئەوەی حوکمڕانی بەڕێوەبچێت، کەچی دەبێت بەپێچەوانەوە بێت.

مرۆڤی ئێمە ناتوانێت بەئاسانی وێنای حوکمڕانی بکات وەک هونەرێک کەتیایدا بەڕێوەچون بەرهەمدێت نەک حاکم و حاشییە. بڵاوترین وێنەی حوکمداری لەئاگایی گشتی ئێمەدا باوکە. ئەمە دەرخەری ئەوەیە کەئێمە هێشتا لەسەردەمەکانی پێش مۆدێرنەداین.   هەموو وڵاتانی دەوروبەر دەیانەوێت حوکمی ئێمە بکەن. پرۆسەی حوکمداری ئەوان لەهەناو کۆمەڵێک پرۆسەدا بەڕێوەدەچێت. ئێمە لەپەراوێزی کۆمەڵێک ناوەنداین، وەک ئیمپراتۆریەتەکانی پێشوو ئەم ناوەندانە لەمیانەی دروستکردنی درز، گرژی، دژایەتی، دۆست و دوژمن، هەموو بنەماکانی حوکمڕانی ئێمە لە هەناو خۆماندا دادەڕێژن. ئەمە هۆکاری هەرە سەرەکی نەبوونی ئێمە و خۆمان و حوکمڕانییە. ئەمە ئەمڕۆ لەڕێگای تەکنەلۆژیاوە باشترو ئاسانترو خێراتر بەڕێوەدەچێت.  کوردەکان دوژمنی یەکترن. چێژ لەدوژمنایەتی یەکتر دەبینن. بەمەش ئەو پێداویستیی و زەخیرانە دابین دەکەن بۆ ئەوەی کەسێکی تر حوکمیان بکات دژ بەخۆیان.
د. سەردار عەزیز