TEVDA Press

قەهار گەزنەیی

پێناسەیەکی مێژووی جوگرافی و دزینی ئاسەوارێک!

| Sunday, 08.09.2020, 08:41 PM |


بەپێویستی دەزانم پێناسەیەکی بەستی بەستۆڕە بکەم ٫ ئاماژایەکیش بە ڕۆل و بە گرنگی کارێزەکەی سەنحاریب بکەم لە ستراتیژی هەولێر و لەبەرەبەیانی مێژوودا . بەستۆڕە کەندەلانێکی بەرینە نزیکەی هەشتا کیلۆمەتر درێژە. سەچاوەکەی لەلای ڕۆژهەلاتی هەولێرەوە لە کەلێن و شەقە چیاو دۆلەکانی سەفین و بناری سەفینەوە دەست پێدەکات بەمەیلی ڕۆژئاوادا دێتەخوار ، بە دەروازەی دەربەندی گۆمەسپاندا لەچیاو دۆلەکانی بناری سەفین دەرباز دەبێت ٫ دێتەوە بنار بەرزاییەکانی چیای سێنک،لەوێڕا مەیل و ڕێڕەوێکی ڕاست وەردەگرێت بەرەو باکور لەگەل بنارەکە درێژ دەبێتەوە گوندو سەیرانگای هەنارە دەرباز دەکات و دێت بەنێوان ناحیەی بەستۆڕەو لۆفەی خانزاددا لەژێر جسرێک لە شەقامی نێوان هەولێرو مەسیفیش دەباز دەبێت ،بناری سێنک بەجێ دێلێت ، ڕێڕەوی باکور بەرنادات لەگەل بناری زورگ و بەرزاییەکانی خانزادی میری سۆران دێتە خوارێ تادەگاتە گوندی قەلا مورتک ،لەگوندی قەلامورتک بەتەوای لە بناری بەرزاییەکانی خانزاد دەرباز دەبێت ،هەنگاو هەنگاو بەدەشتێکی پان و فراواندا مەیلی ڕۆژئاوا وەردەگرێت ، دەشتی بەڕانەتیی و زرارەتی لەیەکتر جیادەکاتەوە ،ڕێڕەوی ڕۆژئاوا بەرنادا تاکو دەچێتەوە ناو( زێی ئیفراز - زابی کبیر )بۆ زانیاری زیاتر لەودەشتەدا چەندین گوندی عەشیرەتەکانی گەردیی و زراریی و هەرکی دەکەونە ئەمبەر ئەوبەری نزیک لێوارەکانی بەستۆڕە،بەپێی ڕاپۆرت و زانیاریەکانی جیۆلۆجی عێراقی لە زەمانێکی زوودا بەستۆڕە ئاوێکی زۆری پێدا هاتوە ، بەدرێژایی بەستەکە ئەو کانیە بچوک و بچوک و باریکە جۆگانەی لەهەردوو بناری ڕۆژهەلات و ڕۆژاوا لەچیاو زورگ و دۆلەکان دەهاتنە خوار دەڕژانە ناو بەستی بەستۆڕە ...

جێگای بەبیر هێنانەوەیە ڕۆل و گرنگی بەستۆڕە لەبەرەبەیانی مێژوودا تاکو سەدەکانی هەژدەو نۆزدەش تایبەتمەندی خۆی هەبوە لەستراتیژی هەولێردا. بەستۆڕە دەروازەی ئاوەڕۆیەکی لێیە هی سەردەمی ئیمپراتۆری ئاشورە ،
ئەگەر وەک مێژووزانێک یان وەک جوگرافیناس و شوێنەوار ناسێک لێکۆلینەوەی لەسەر بکەین بۆمان دەردەکەوێت لەنێوان سالانی ۷۰۰ و ۸۰۰ ی پێش زاین سەنحاریبی پاشای ئاشوریەکان بەم زێرابە ئاوی بۆ هەولێرو ناوچەی گەڤگەمیلا ڕاکێشاوە ،ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە کارێزەکە سەرسام دەبین ! نزیکەی دووهەزارو هەشت سەد سال بێشی ئێستا چ کارسازیی و نەخشەسازیێکی ئاوەڕۆیی تێداکراوە ...
ئەگەر بمانەوێت بە بەلگەوە زانیاریەکان ڕوونترکەینەوە ، ناچارین بۆ بینینی دەروازەی ئاوەڕۆکە بگەڕێینەوە ، کە دەکەوێتە بن گردی قولیلان .بۆ ئەم مەبەستەش دەبێ سەرەتا بچینە گوندی قەلامورتک ،گوندی قەلامورتک دەکەوێتە سەر ڕۆخی بەستۆڕە هەژدە کیلۆ مەترێک لەباکوری هەولێرەوە دورە کەمێک مەیلی ڕۆژهەلاتی هەیە ،لە باکوری گوندەکەش دوو گردی سروشتی لەسەر ڕۆخی بەستۆڕە هەیە ،یەکەمیان گردی بە گوری پێ دەگوترێت. دوەمیان گردی قولیلان ،
ئەگەر بتەوێت سەیری گردەکان بکەیت لە گوندی قەلا مورتک سێ سەد مەترێک لەگەل ڕۆخی بەستەکە بڕۆ یەکەم جار دەگەیە گردی بەگور .
لەوێش سێ سەد مەتری تر بڕۆ دەگەیە گردی قولیلان ، لەسەر گردەکە بوەستەو کەمێک سەیری دەورو بەری خۆتکە ئینجا دانیشە ، پشوێک بدەو جگەرەیەک داگیرسێنە ،لەدوری بیست کیلۆ مەتر هەولێرو ئەم دەشت و دۆل و دەرە ببینە کەمێک بەپەلەو بەچاوێکی تیژ و بەهەستێکی قوول و لە ڕەهەندێکی فراوان سەیری ئەم جیهانەکە .
لە چەمکی کات و زەمان و مەکان وردبەوە کەمێک ڕامێنە ، لەیاساکانی ژینگەو سروشت و لەمێژوو کەمێک دامێنە ،
ئینجا هەنگاو هەنگاو لەگەل بەرەبەیانی مێژوودا بەڕێکەوە ، لەگەل شەپۆلەکانی کاروان سەرای تیرە ڕاوچی و کۆچبەرەکانی ( کلان) دەست پێکە ،بەم دەشت و دۆل و زەوییە بەپیتانە دابگەڕێ ،لەگەل شوانکارو جوتیارە سەرەتاییەکانی شۆرشی کشوکالیی پێدا وەرە، تەواوی ئەم دەشت و دۆلانە بەنوکی گاسن بکێلە ،کەمێکیش بیر لە شوێنەواری زەکورە حەوت نهۆمیەکانی ژێر زەوی بکەوە ،قۆناغ قۆناغ شارستانیەتەکانی کەنارکانی دیجلەو فورات تادەگەییە زێی گەورەو قەلای هەولێر سەرنج بدە ، گرد بەگرد گردەکانی تەل موسەک و گردی ماوان و ڕەشوان و گردعارەق و گردەچال و گرد جوتیارو گردی گەزنەو گرد مەسینەو تەواوی گردەکانی ئێلدەو قەلانچوغان و گردەشێرو ڕەشکین و کلک مشک تەماشاکە ، بۆ باشور ڕووت وەرگێرە کەمێکیش سەرنج بدە گردە بالا بەرزەکەی شیمەی هاڕوون و زورگ و هەلەتە بەرزەکانی گوندەکانی عەشیرەتی هەنارەیان ملا ئۆمەرو براغ و قەرەمان و ئۆغسر بسوڕێ بەرەو ڕۆژهەلات تا دەگاتە قەلای بانەمان ، ئینجا تەماشای پلێتە تەکتۆنیەکانی ناخی زەویی و گابەردەکانی چیاکانی سەربەن مەسیف و تەپۆلکە بەرزەکانی چیای سەفینیش بدە ، ئەوکات لەگرنگی هەولێر تێدەگەی کە هەر لەسروشتەوە وەک مەلبەندی ژیان و بەهەشت خولقاوە .
ئێستا جگەرەکەت فڕێدەو هەستە سەرپێیان ، هەنگاو هەنگاو ڕوەو گوندی شیناوەو گەریاوە بەوریایی لەگردی قولیلان شۆڕبەوە خوار ، ئێستا گەیشتیە بن گردەکە لەشوێنی خۆت بوەستە ، کونێکی سیحراوی لەبن گردەکە دەبینی ،
چەند تاتە بەردێکی چوارگۆشەیی و لاکێشەیی نیو مەتر ئەستور زۆر بەئەندازیاری و سندوقی لەدەروازەی کونەکەو لەدەوروبەرەکەی لەسەر یەک داندراوە ، بەگوتەی ئاسەوارناسە عێراقیەکان بەنوسینی بزماریی و بەزمانی ئاشوری لەسەر یەکێک لە تاتە بەردەکان نوسراوە ، ( من سەنحاریبم پاشای مەملەکەتی ئاشورم توانیم لە ئاوەڕۆی بەستۆڕە بەم کارێزە ئاو بۆ ( ئەڕبا ئیلۆ . ) ڕاکێشم .
لێرەدا ئەوەی زۆر سەرسامت دەکات ئەندازیاری کارێزەکەیە کەلەژێر ئەو هەمو زوڕگ و گردو دەشت و دۆلەدا ئەندازیار چۆن توانیویەتی وەک فیزیاناسێک ناوەندی هێزی ڕاکێشان بۆ ڕێڕەوی ئاوەڕۆیەکە بەتەرازو وەربگرێت لەدرێژایی ۲۰ کیلۆمەتر بۆ هەولێرو ۱۰ کیلۆمەتریش بۆ دەرەوەی هەولێر !
ئەدی هێزو وزەی ئەو کۆیلە خەسێندراوانەی ژێر زەویەکەیان هەلکۆلیوە ؟!
لەنێوان هەر چەند سەد مەترێکیش مەنهۆلێکیان لەسەر زەوی بۆ دروست کردوە !
جێگای باسە زێرابەکە کە لەئاوەڕۆی بەستۆڕەوە لەژێر گردی قولیلانەوە دەست پێدەکات سەرەتا بۆ عینکاوە هاتوە ،
بۆ زانیاری زیاتریش عینکاوە سێ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری هەولێر ٫ بەلام ئێستا لەگەل فراوانبونی شار لەگەل هەولێر تێکەل بوە .
عینکاوە شوێن و ملکی برا مەسیحیەکانە .
وشەی عین کاوە لەدوو ( بڕگەی ) لێک دراو پێکهاتوە ٫ ( عین ) واتە کانی یان سەرچاوەی ئاو ، ( کاوە ) ش ناوی ئەو شوانکارەیە کە مێگەلە مەڕێکی زۆری هەبوە لەم زێرابە ئاوی داوە .
زێرابەکە لەعینکاوە دەبێتە دوو جۆگە !
جۆگەیەک بۆ قەلای هەولێر چوە بەزێرابی ژێر قەلادا ڕۆیشتوە ٫ ئیمپراتۆری قەلا لەم جۆگەیە ئاوی بۆ دابین کراوە ،
جۆگەکەی تریش چوار پێنج کیلۆمەترێک بەدووری ڕۆژئاوای هەولێر بەرەو باکور بۆگوندی توڕەق ڕۆیشتوە . ئەو ناوچەی لە ڕۆژئاوای هەولێر ئاوەکەی پێدا ڕۆیشتوە ناوچەی ( گاڤگامیلا ) ی پێ دەگوترێت .
گاڤگامیلا ناوچەیەکی فراوانە سێ کیلۆ مەتر لەڕۆژئاوای هەولێرەوە لەگوندی کلک مشک بەمەیلی باکور دەست پێدەکات ، گوندەکانی ڕەشکین و ئێلدەو گەزنەو قەلانچۆغان دەگرێتەوە ،هەر یەک لەوگوندانە گردێکی دەستکردی گەورەی لێیە ، هەریەک لەو گردانەش هۆلێکی گەورەی لەژێرەوە وەک ژێر زەمین هەیە هەم شوێنی ئازوقە بووە ،هەم وەکو قەلا بازگەی سەربازی و ڕاداری ئاگادارکردنەوەی هێزەکانی سوپا بەکارهاتوە ،هەر هێرشێکی دەرەکی بۆ سەر هەولێر هاتبێت سوپا لەسەر ئەم گردە بەرزانە ئاگریان کردۆتەوەو هێزەکان یەکتریان ئاراستە کردوە ،لەڕاستیدا گەڤگەمیلا مەیدانێکی ستراتیجی سەربازی گرنگ بوە لەمێژووی هەولێردا ، هەربۆیە ڕژێمی حیزبی بەعسیش بارەگای فەیەڵەقی پێنج و گەورەترین مەعەسکەری لێدانابوو ،ئێستاش بەشێکی زۆری گەڤگەمیلا بۆتە فڕۆکەخانەی نێو دەولەتی هەولێر ،جێگای بەبیر هێنانەوەیە ، لەسالانی ( ۷٥۰ ی ) پێش زاینی لەسەردەمی سەنحاریب و هاوشێوەکانی ،گەڤگەمیلا مەعەسکەرێکی گەورەی ستراتیجی بەرگریکردن لەشارو گەورەترین قەسابخانەی پێکدادانەکانی ئاشوریی و هیلینیی و کاشیی و میتانیی و ئەخمینیی و پارس و بابلیەکان بوە،
لە سالای ۳۳۰ پێش زاینی داریوشی فارسیش لەگەڤگەمیلا ژیاوە .
بە گێرەی نوسراوەکانی سەر تاتە قوڕو بەردینەکان ،هێرشە گەورەکەی ئەسکەندەری کوڕی فلیپی مەکدۆنیش لەژێر ناوی هێزی بروسک بۆ سەر هەولێر و داریوشی فارسی لە سالی ۳۳۱ پێش زاین بووە ،یەکەمین گورزی شەڕە گەورەکەش لەسەر گردی گەزنەو گردی قەلانچۆغان و گرد ئێلدەو گردی ڕەشکین و گردی کلک مشک لەمێژوودا تۆمارکراوە .
بابەتەکە سەرنج ڕاکێشە . ‌داریوشی فارسی یان بابلێین داریوش گەزنەیی لەگاڤگامیلادا لەبەرامبەر ئەسکەندەری مەکدۆنی تێک شکاوە ،ئەوەی پێی سەرسامم ئەوە بۆ نزیکەی ۳۰۰۰ سال دەچێت هەمو ئیمپراتۆرە یەک لەدوا یەکەکانی هاتن هیچیان جورئەتی ئەوەیان نەکرد قەلاو دیواری جەنگاوەرە تیرهاوێژەکانی سەربازیی و شوێنەوارە مێژووییەکانی هەولێر تێگبدەن ، بەلکو وەکو چاوی خۆیان پاراستویانە و بە ملکی گشتیان زانیوە ، تەنانەت بایەخ و گرنگی زۆریان دەدا بەنوژەن کردنەوەی شوێنەوارە ڕوخاوەکان ،هەتا سەدام حسێیش شوێنەوارەکانی وەکو چاوی خۆی دەپاراست و جوانکاری بۆ دەکردنەوە ،شوێنەواری ئاوەڕۆی بەستۆڕەو تاتە بەردەکان لە ئارشۆلۆجی عێراقدا زۆر بەگرنگ داندرابوو ، بەپێی پێویست پارێزراو بوو ،بەلام ئیمڕۆ جێگای داخە ئەوبەردە جوانەی کە مەترێک درێژو مەترێک پان بوو ، ناوی سەنحاریب و مێژووی نەخشەسازی ئاوەرۆکەی لەسەر نوسرابوو ،هەر لەدوای ڕاپەرین لە ۱۹۹۲ چەند دزێکی کۆنە جاشی ناسراو بردیان فرۆشتیانە دەولەتی تورک ......
دلنیام ئەگەر سەنحاریب زیندو ببایەوە ، نەک هەر دزو فرۆشیاری دادگایی بە حوکمی ئیعدام دەکرد ،بەلکو ئەنقەرەشی لەگەل تەخت و وێران دەکرد ....




قەهار گەزنەیی