لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

من عەلاقەم پێدا نیە...!!

Wednesday, 06.30.2021, 09:39 AM


ساڵی ٩٦ لە سەرەتای مانگی ٨ بوو. ڕێک بەر لە لێدانی دیموکرات لە لایەن ڕژێمی فاشیستی ئێران و خیانەتی ٣١ی شووم. من لە گەڵ ٧٠ کادێری ڕێکخستنەکانی زانکۆی سلێمانی و سەلاحەدینی ی.ن.ک لە مەکتەبی ڕێکخستن لە هەولێر بووین. مەبەست بەشداری کردن بوو لە خولی کادری لە پەیمانگای کادێران کە کەوت بووەوە پشتی مەکتەبی ڕێکخستن. ئەو پەیمانگایەی کە پەنجەرەی ژوورە پڕ لە ئینجانە و گووڵ و ڕووەکەکانی ئەرسەلان باییزی بەرپرس م.رێکخستن ئەیڕوانی بەسەر پەیمانگاکەدا. ڕۆژانە بەرپرسی باڵا سەردانی ئەکردین و ڕۆژمێر و شارەزایی و تاقی کردنەوەکانی خۆی بۆ دەگێڕاینەوە. یەکێک لەو کەسایەتییانەی کە سەردانی کردین فوئاد مەعسوم بوو. ئەم کەسە باوەڕ ئەکەم کاریگەری لە سەر‌هەمووان دانا لەو ڕۆژەدا. زۆربەی بەشدار بووانی ئەو خولەی کادێران تا ئێستاش لە پەیوەندیدان لە گەڵما چ لە سۆشیال میدیا و چ لە ڕێی هۆکارەکانی دیکە و شاهیدی ئەم وتانەم بۆ دەدەن. هۆکاری ئەو کاریگەرییەش دووان بوون کە خودی کاک فوئادی سیاسی موخەزرەم ناوی بردن:-

یەکەم:- کاک فوئاد وتی: (لە درێژەی خەبات و پێشمەرگایەتی خۆم تاقە فیشەکێکیشم نەناوە تەنانەت بە دوژمنیشەوە، خۆشحاڵم بەوە و شانازیشی پێوە دەکەم. چونکە زۆر مرۆڤانە بیر دەکەمەوە و خودا منی وا خوڵقاندووە، ڕێزیشم بۆ هاوڕێ خەباتگێڕەکانم هەیە کە هەمیشە ڕوو بە ڕووی دوژمن ئەبنەوە بە چەکەکانیان).

ئەمە وای لە زۆربەمان کرد کە لەو کەش و هەوا بارکراوەدا، لە لایەک ئێران لە هاتنە بۆ لێدانی دیموکرات لە کۆیە و یەکێتی و حزبەکانی ناوچەی یەکێتی پێوە خەریکە، لە لایەکیش یەکێتی لە شەڕدایە دژی پارتی و ڕۆژانە قوربانی ئەدات، سەرکردەیەک هەبێت وەها بایەخ بە مافی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بدات لە کاتێکدا خودی حزبەکەی لە شەڕی‌ درێژ خایەنەیە دژی دوژمن و نەیارەکانی لە ناوخۆ. بە هەر حاڵ بوو، ئەمە بووە جێگەی سەرسوڕمان و نایشارمەوە سەرسام بوونی ئێمەی کادریش لەو کاتەدا.

دووەم:- باسکردنی بوو لە ڕووداوی لێدانی دیموکرات لە لایەن ئێرانەوە بەر لە ڕوودانی ئەو کارەساتە و بەر لە بیستنی لە لایەن ڕاگەیاندن و هەر کەس ولایەنێکەوە. باسکردنی بۆ ئێمەش لە ڕوانگەی ئەوەوە بوو کە کاردانەوەی ئێمە پێ بزانێت وەکو کادێری یەکێتی لە وەها ڕووداوێک. بە هەر حاڵ لە نێوان هەڵچوون و ڕەخنەی  توندی ئێمە و بیانووەکانی ئەو بەوەی ئێران پرس بە ئێمە ناکات و کە دێت، هەر دێت، هەموو لایەنەکان ئاگادار دەکرێنەوە بە دیموکراتیشەوە بەر لە هاتنی ئێران و یەکێتی هەر ئەمەی پێ دەکرێ و شەڕی ئێرانی بە تەنێ پێ ناکرێ چونکە خۆی وا لە شەڕدایە. بە کورتی ئەوی ئاشتی خواز و ماف پەروەر و مرۆڤ دۆست ئێمەی بە وتەکانی خۆی ڕازی کرد.

شایەنی باسە بەر لەو حەملەیەی سەر دیموکرات و ٣١ی ئاب، کۆتاییان بە دەورەکە هێنا و ڕەوانەی سلێمانییان کردینەوە، بەڵام ئەم کەسایەتییە لە لایەن پارتییەوە گیرا و بە جەوهەر نامیقدا ڕەوانەی لای سەرۆکی پارتی کرا وەک بیستمان لە دواترا.

ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە و لە هەموو ئەو هەڵکشان و داشکانەی کە لە ژیانی سیاسی و وەزیفی ئەم کەسایەتییە کە ڕووی داوە. هیچ کات سەرنجێکی ئەوتۆم لە سەر ئەم پیاوە نەبووە، تا ئەو کورتە ڤیدیۆیەی ئەم دواییەی نێو سۆشیال میدیا، لە کاتێکدا پرسیاری ڕا و بیروبۆچوونی لێ دەکەن سەبارەت بە پەسەند کردنی بڕیاری سەر زیندانیانی بادینان. ئەویش لە وەڵامدا ڕاشکاوانە دەڵێت: (ئەمن عەلاقەم پێدا نیە) لێرەدا ئەپرسم ئاخۆ بۆچی کەسایەتییەکی وا، کە سیاسییەکی موخەزرەمە، خانەنشینی سەرۆکایەتی عێراقە، دوو سێ هێندەی تەمەنی سیاسی و خەباتی هەر سەرۆک و هەر ئەندام و هەر وەزیرێکی حکومەت و پارلەمانی کوردستانی هەیە. ئاخۆ لە چی شەرم بکات یان سڵ بکاتەوە یاخود بترسێت کە لە جێی ئەو وەڵامە شەرم هێنە تەنها بڵێت (پێم وابێت ئەو دادگا و دادوەرانە بە هەڵەدا چوون و دۆخەکە و منیش دەخوازم پێداچوونەوە بکەن بە بڕیارەکەیاندا).

ئەپرسم ئاخۆ گیانی مرۆڤ دۆستی و ئاشتی خوازانەی ٩٦ ی گورگ خواردی یان بەرژەوەندی؟

ئەپرسم ئاخۆ لە مردن ئەترسێت و بۆ بە نیازە ٤٠بۆ ٥٠ ساڵێکی دیکەش بژی؟

ئەرێ دوای ئەو هەموو خەبات و تێکۆشانە بەسی نیە ئەو هەموو شەرمەزارییەی لە گۆڕەپانی عێراقی و کوردستاندا لە ئەنجامی ڕۆڵی سست و خاوی لە ئیدارەدانی سەرۆکایەتی عێراقدا، ئارەزووی تۆمارکردنی شەرمەزاری زیاترە بۆ خۆی.

بۆیە منیش ئەمەم نووسی چونکە منیش ئیتر هیچ عەلاقەم بە تۆدا نیە چونکە چەندین خێزان و چەندین مناڵی چاو بە فرمێسکی خوێنینی زیندانیانی بادینان چاوەڕێی قسەی خێرن لە شەیتانیش نەک لە فوئادێک کە وا دیارە ئەویش مەعسووم نیە لە غەڵەت وەکو دادوەران. بەڵام چ غەڵەتێک؟ غەڵەتێکی بە دەستی ئەنقەست!!


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟