TEVDA Press

ئاراسین سەڵاح

زمانی کوردیی

| Sunday, 08.09.2020, 09:10 PM |


ئەمە بەرگی دوو کتێبە لەسەر (ئەم ڕێزمانە کوردییەی کە ئێستا لە کوردەواری داگیرکراو لەلایەن عێراق و ئێرانەوە) قسەی پێدەکرێت و دەنووسرێت وەک زمانی کوردیی بەدیار دەکەوێت.

بەرگ سورەکەیان (ئ. ب سۆن = مێجەر سۆن) کە ئەفسەر و جاسوسی بەریتانییە و لە ساڵی ١٩١٩ دا نووسیوویەتیی و ئەو تریشیان لەلایەن (ل.ۆ. فەسۆم) کە مژدەدەری کلێسای لۆسەرییە هەر لە هەمان ساڵ ١٩١٩ نوسراوە!

مێجەر سۆن وەک کارمەندی دەزگای هەواڵگریی لەژێر پەردەی کارمەندی بانکدا لە ١٩٠٢ەوە هاتۆتە ناوچەکە (کوردەوار) پاشان وەک گەشتیار گەڕاوە و خۆی فێری کوردیی کردووە و بە ناوی (میرزا غوڵام) خۆی ناساندووە و چووەتە هەڵەبجە و پاشان ماوەی شەش مانگ لە ماڵی وەسمان پاشا و عادیلە خانم ماوەتەوە و دواتریش لە ماوەی حوکم و شۆڕشەکەی شێخ مەحموودا، ئەم پیاوە وەک کارمەند و ئەفسەری سیاسیی سوپای بەریتانیا بووە لە سلێمانی.

فەسۆم، بە ڕیشە ئەڵمانییە و هاووڵاتیی ئەمریکییە و لە سابڵاغ- مەهاباد، دەزگای مژدەدەری مەسییحیەکانی لەوێ ئیدارە کردووە. ئەم پیاوەش لە ١٩١١ بە نووسینی وتارێک لە ناوچەی (کوردستان) دواوە و تەنانەت سنووریشی بۆ دیاری کردووە کە دەکەوێتە کوێی (ئێران و تورکیا)! ئەمە لە کاتێکدا ئەو وەختە هێشتا شتێک نییە بەناوی (ئێران- تورکیا) هەردوو ئەم ناوە لەم دوو بەناو دەوڵەتە لە ساڵانی ٢٠ەکان و ٣٠ەکانی سەدەی بیست دێنە بەرباس و ڕاگەیاند لە چوارچێوەی دەوڵەت نەتەوەی درۆینەی دەستی بەریتانیا و غەربدا.

کاری مێجەر سۆن، چی بووە کەوا بە کوردەواردا ساڵانێکی زۆر گەڕاوە؟ ئەفسەرێکی دەزگای هەواڵگریی دێ بەدێ و ناوچە بە ناوچە وەک خۆی دوای یاداشتی کردووە، چی بووە جگە لە سازکردنی زەمینەی (پەیداکردنی "دۆست- جاش") بۆ بەریتانیا و مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی ئەو بەرنامەیەی کە بۆ کوردەوار کێشاویانە و دوای جەنگ و هاتنی ڕاستەوخۆی سوپای بەریتانیا و فەڕەنسا بۆ کوردەوار!

فاسۆم بە دەرکردنی گۆڤار و دامەزراندنی قوتابخانە و پاشان هەڵگرتنی قوتابخانە و لەناوبردنی ئەرشیفەکانیان... لەناو کوردی مەهاباددا چی کردووە. مەگەر ئەوە نەبێ "پێڕێکی وەک کارمەندی ئامادە بۆ ئەرکی ساڵانی دواتر "هەروەکو مێجەر سۆن" ساز نەکردبێت!

نووسینی کتێبی ڕێزمانیی بۆ شێوەزارێکی ناوچەیی "مەهاباد= سلێمانیی" و ناساندنی بە (زمانی کوردیی) لەسەر دەستی ئەم دووە، کە تا پێش ئەو بەروارە "شتێکی لەو بابەتە ئەوەندەی من ئاگادار بن لەلایەن کورد خۆیەوە نەنووسراوە" و پاشان دیاری کردنی سنووری کوردەوار... بەو شێوەی کە ئێستا مرۆڤی کوردی ئەم سەد ساڵە دەیناسێت و لای وایە ئەوە (کوردستان)ە... چ ئامانجێکە جگە لە بچووکردنەوەی کوردەوار ئامادەکاریی بۆ لەناوبردنی فەرهەنگی نووسراوی پێشووتری ئەم خەڵکەی ئێمە؟!!

کتێخانەی ئەوقافی سلێمانی وەک خۆیان دەڵێن دەستنووسیان هەیە هی ٨٠٠ ساڵ لەمەوپێش!! باشە ئەم کوردەی ئێمە تا پێش کتێبەکانی (فەسۆم و سۆن) نەیدەزانی بنووسێ و ئەلفبێی نەبوو؟ ئەگەر ئەمە لێدان نەبوو لە فەرهەنگ و شیواندنی کوردەوار بۆ ئێستا ئێمە (بۆ تێگەیشتن لە ئەحمەدی خانیی و بابا تاهیر و مەلای جزیری و مەحویی و نالیی) دەبێ ڕابکەین بۆ تەفسیر و ڕوونکردنەوەی مودەرسییەکان!! بۆ تا پێش ئەم دوو جاسوسە و بەرنامەی بە جەهەنم و داگیرکاریی و دابەشکردنی کوردەوار و نابووتکردنی خەڵکی ئێمە... لەم کوردەوارە کەس لە مەغزا و مەعنای ئەو ئەدەبیاتە گۆرانییە حاڵی نەدەبوو؟!!

زمانی یەکگرتووی نوسراو و مەعریفە و زانایی خەڵکی کوردەوار، گۆرانیی بووە، لەم گۆرانییەوە "دوای دروستکردنی دەوڵەت کۆمپانیای ئێران" لەم گۆرانییەوە "فارسیی" دەسازێنن... بۆ ئەمەش دەبووایە زمانێک دروست بکەن و ناوی بنێنن کوردیی (کورد سیفەتە نەک زمان= لە هیچ مێژووییەکدا باسی کورد وەک زمان نەکراوە بەڵکو وەک سیفەتی ئینسانی دژ و یاخیی و سەربەست کراوە کە بوو بە زمان لەم سیفەتە دابڕا و بچووککرایەوە) تا شەرعییەت و ڕەخساندنی گۆرانی بە فارسی بێ کێشە بچێتە پێشەوە و بسازێ بەو شێوەیەی کە ئێستا هەیە!

ئەمە دوو ئامانجی پێکاوە کە زۆر بۆ ئێمە ترسناکە:

١. کورد لە ئوومەتێکی فرە خێڵ و زاراوە و زمانەوە، کە بە سیفەتیاندا هاوبەشیان هەبوو، ئێستا بە داتاشینی لەهجەیەکی ناوچەیی... ناوچەکانی تر و خێل و دەڤەرەکانی تری لێ داماڵیی! ئێستا لە زیهنی منداڵی مەهاباد و سلێمانیدا، تەنها ئەوەی وەک ئەوان قسە دەکا کوردە، گەر ئەوەی بە باشی کەسێک مامۆستایەکی دڵسۆز فێری کردبێت، بە هەمان شێوەش کوردەکانی لوڕ و زازا و ئەسکەندەروونە، لە ڕووی زمانەکەوە لە کوردبوون داماڵراون و ڕەنگبێ خۆ بە کوردیش نەزانن، لێرەوە دزینی دەریایەک لە فەرهەنگی نووسراوی گۆرانی سەدان ساڵەی کورد، بووە موڵکی دەوڵەت و میللەتێکی درۆینە بەناوی فارس!

٢. دیاری کردنی سنووری کوردەوار بە زمان کە ئەمە بۆ خۆی کوردەواری ئێمەی ڕۆژ بەڕۆژ بچووکتر کردووە، چونکە ئێستا لایەک لە کوردەواری داگیرکراو لەلایەن تورکیاوە (کوردیی نازانن)..." لوڕی گەورە و بەختیاریی بە زمانی فەسۆم نانوسێ" کورێکی ئێستای قەوقاز بە پیتی سلاڤی دەنووسێ! زۆرینەی منداڵانی کوردی ئاوارەی هەندەران لە هەموو بەشێکی کوردەوارەوە ئەسڵەن ڕەنگە نەزانن بە کوردی قسە بکەن" جا بەم پێودانگە سەقەت و ساختەکراوەی "فەسۆم و سۆن" ئیتر کورد نەماون... لە کوێدا قسەکەر کورد نەبوو ئەو جێگەیە کوردەوار نییە، جا ئەمە حیزبی دەڵاڵ و بەناو نوخبەی گەمژە و جاش... برەوی پێدەدەن. چونکە کاری ئەوان قڕکردنی کورد و سڕینەوەی کوردەوارە!

٣. بە دابڕینی ڕۆڵەی کورد لە فەرهەنگی پێشینان، مرۆڤێکی ڕووت و گەمژە و بێ شوناس پێگەیی کەوا سەد ساڵە درێژەی هەیە، کە نازانێ کێیە و پێشینانی چۆن و نەریت و ئەدەبیات و فەرهەنگیان چییە!

٤. دیاری کردنی بەشێکی بچووک لە کوردەوار و ناساندنی بە کوردستان و پیشاندانی زمان خۆجێییەکەیشی کە بە بەراورد بە پانتایی کوردەوار و زار و زاراوەکانی تر، وەک زمانی کوردیی... بۆ خۆی پەستاوتنی هەموو کوردە بۆ ناو سوچێکی کوردەوار لەسەر بنەمای زمان. ئێستا لای خۆمان زۆرێک لە خەڵک دەڵێن "سوریی، ئێرانیی، تورکیی" چونکە لای وایە دەبێ بە زمانەکەی ئەمان قسە بکەن. لەکاتێکدا خەڵکی سویسرا بە سێ زمان قسە دەکەن و بەڵام هەر سویسرین. خەڵک سەر ئەم جوگرافایەی ئێمە سیفەت و ئەخلاق و نەریت و بەزەیی و گەردن کەشی (هەمووی پێکەوە کردبوو بە کورد) نەک زمان.

من بۆ خۆم لە زۆر لە فەرهەنگی پێشینەی خۆمان تێناگەم یان وا خەریکە تێدەگەم... درکم بە گرنگی ئەدەبیاتی نەنووسراو نەدەکرد، زەریایەک لە پەند و بەند و هەقایەت و باس بێئاگا بووم لێی... ڕاهاتبووم بەم (کوردییە پەتییە) ئاخر هیچ کەس نابینی لە هیچ نەتەوەیەکی تر بە نووسراو و مێژووی زمان و وشەی خۆی بڵێ ئەمە هی من نییە چونکە "بەم زمانەی ئێستا نەنووسراوە"!! ئەمە شتێکە تەنها (ڕاپەڕینی کوردەواری سەربەخۆ) هێنایە بەر باس و تەفسیر.

یەکێک لە هۆکارەکانی دەبەنگ بوونی کورد، لەبیرکردن یان فێڵ لێکردن بۆ لەبیرکردنی ڕابردوویی خۆ بووە... مرۆڤ هەمیشە بەرگریی لە یادەوەرییەکانی دەکا لەسەر ئەو خاک و لەناو ئەو خەڵکەی لە تیایدا دەژی... ئێمە بە هەزار فێڵ و تەڵە، خراینە ئەم مێژووە ساختەیەوە، بە ساختەیی گەورە بووین بۆیە لامان وا بوو "هیچمان نەبوو بەرگریی لێ بکەین" تەنها زمانێک = نەک ئوومەتەکە".

لای خەڵکی فریودراوی کوردەوار بەم سەد ساڵە کوردەوار کرایە کوردستان و هەموو ناوچەکانی تریان لێ دابڕی کە لە هەرچوار لاوە کوردەوار دەچووە سەر دەریا، تا ئەوەی ئەوەی ئێستا بچووکرایەوە بۆ (هەرێم و ئوستان و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باشوور و باکوور).

هەروەها بەرگری و شۆڕشیش لە ئازادیی و سەروەری خاک و هەڵوەشاندەوەی داگیرکراییەوە بوو بە "مافی زمان و بەرگپۆشین و هەڵپەڕکێ" یانی کورد قەینا کە خاکی لەژێردەستی داگیرکەر و ئوومەتێک وا قڕ دەبێ و ڕیسواکراوە... بەس مافی ئەوەمان بدەنێ (بە کوردی پەتیی) لەم پەرلەمانەی ئێوەی زاڵ بەسەر ئینسانی کورددا قسە بکەین! سوار کەرامەتی ئینسانیی و خاک و لەشمان ببن و تاڵانی خاک و نانی منداڵەکانمان بکەن، ئەوە کێشە نییە هەر ئەوەندە ڕێبدەن بە (کوردیی) قسە بکەین!!! ڕۆح و ئیرادەی بکوژن بەس با زمانی ببزوێ.

گرنگە باش تێبگەن (کورد) ئاوەڵناوی وەسفە بۆ شوناسی مرۆڤی ئەم کوردەوارە نەک زمانەکەی... ئەوەی کە فەسۆم و سۆن کردیان و دوایش هەموو نووسراوی ئەم سەد ساڵە بە تایبەت لەو دوو ناوچەیەی کە ئەم دوو زەلامەی لێ بووە و دواتر کتێبەکانیان دەبنە بناغە بۆ قوتابخانە و ڕۆژنامە و چاپ و میدیاکان... لە ڕووکەشدا وەک گەشەکردن پیشان دەدرێ بەڵام لە ناواخندا مەبەست گورزدان بوو لە کورد و کوردەوار!

بۆ نموونە بابەتی زمان بۆ نەتەوەی ئەڵمان دروست بوو کە یەکی خستن، بەڵام بەریتانیا و دەزگای جودۆکرستیان باش زانیان ئەم بابەت بۆ کورد ناکۆکیی و بچووکردنەوە و داماڵین لە شوناس دەخولقێنێ بۆ وتیان (کورد= زمانەکەی) نەخێر (کورد = بە سەروەرییەکەی) ئەوەی کە ئەوان نایەڵن زیندوو ببێتەوە و بە منداڵی کورد بگا، تا نەوەیەک پەروەردە ببێ... ئەم کوردەوارە ڕەها بکات.

ئێمە لێرەدا ناڵێین (زاراوەی سۆرانیی) نەبووە و ئەمانە دروستیان کردووە، بەڵکو ئامانجی پشت کردنی (ئوومەتێکی زۆر و زەوەندە (کورد) و جوگرافیای زەبەلاح (کەڵان کوردەوار)ە بە ناساندێکی فرە بچووکتر لەوەی کە هەیە و پارچە پارچەکردنی خەڵکەکەشییەتی لەسەر ئەساسی لکاندیان بە "لقێک لە زمانەوە". یانی ئەوەی کوردەکان بە هەزاران ساڵ ئەم سنوورە لەندەهۆرەدا هاوخوێن و هاوبەشیی نەریتیی و ئاکارییان هەبووە... تۆ بێێت تەنها خاڵی هاوبەشیان بکەیتە زاراوەی کوچەیەکی بچووک لە کوردەوار، ئەوەی زانی کوردە ئەوەی نەیزانی کورد نییە شتێکی ترە!

ئاراسین سەڵاح