TEVDA Press

کارمەند کادیر

مەسرور و لاھور دووانەی ئۆدیبی ، ساتی دەرھێنانی چاوانتانە.

| Friday, 07.16.2021, 02:26 PM |



‫له‌ هەر‌ شوێنێكدا بزانین ده‌نگی ئێمه‌ی پێویسته،‌ پڕ بە‌ گه‌روومان هاوار ده‌كه‌ین، له‌ هه‌ر جێگایه‌كیشدا زانیمان شوێنی ئێمه‌ نییه‌ لێده‌گه‌ڕێین با پیاوه‌ حیزبییه‌كان یه‌كتر سووک بكه‌ن. به‌ڵام لە ‌هه‌ر چركه‌یه‌كدا هه‌ڵبكه‌وێت ئێمه‌ مێژوویان بیرده‌خه‌ینه‌وه‌ تا خۆیان بیرنه‌چێته‌وه‌. ده‌بێت زوو زوو بیریان بخە‌ینه‌وه‌ كه‌ نه‌ ئێوه‌ فیگه‌ری ئازادین، نه‌ ئه‌وه‌ ئێوه‌ن شه‌ڕی ئازادیتان كرد، ئه‌وه‌ باوک و براكانی ئێمه‌ بوون بۆ ئازادی مردن و ئێوه‌ش خه‌ریكن بەشه‌رمه‌زاری خوانه‌كه‌ی ده‌خۆن.‬

سەردەشت عوسمان

حوكمڕانی سیاسیەكانی باشوری كوردستان وەك ھەر جارێك كە دەكەوێتە بەر مەترسی گۆڕانكاری جدی و خۆپیشاندانی خەڵك ، ناشرینترین ڕووی خۆی نیشان دەدات و دەبێتە نموونەی باڵای فاشیزم و دیكتاتۆریەت.ھەر ئەوەندەی سیاسی و پارێزەران و پاسەوانی سامان و كۆمپانیا و خێزانە سیاسیەكان ، دركیان بە ھێزی توڕەیی جەمارە و ڕادەیی ترسناكی جوڵەی دەستە جەمعی شارەكان كرد ، ئیتر شارەكان ، قەزا و ناحیە و شارە دێكان دەبنە مەعسكەرێكی گەورەی سەربازیی و سیستەمێکی میلیتاری تۆقێن حوكمی فەزا سیاسی و كۆمەڵایەتییەكەی دەكات و دەسەڵاتی خێزانە سیاسی و ھێزە خێڵەكیەكەیان دیسپلینی ھەموو جۆرە جووڵەیەكی ناڕەزایی و بەرەنگاری دەكەن و بەرەنگاری دەبنەوە ، بە گەڕانەوە بۆ كلتوری سیاسیی بەعس و بەربەریزم ، شار و كوچە و كۆڵانەكان میدیا و دەروونی خەڵك تێكەڵ بە ترس و تۆقاندن بێباكی و توڕەیی سەرۆكە خۆجێی و سالاری خێزانە سیاسییەكان دەكەن ، بەم جۆرە درێژە بە و حوكمڕانییە كە لێوان لێوە لە چەتە گەری و حوكمڕانی میلیتاری و گەندەڵی و بێڕێزیكردن بە یاسا و كەرامەتی

مرۆڤ دەدەن ، لە ھەمان كاتیشدا تۆمەتی ھەبوون و پاڵپشتی دەستی دەرەكی و گێرەشێوێنی و چەتەگەری دەدەنە پاڵ ھەر ناڕەزایەتی و جوڵانەوەیەك خۆڕسكی خەڵكی ، ھەڵبەت وەك پاساو و درۆیەكی سیاسی بەردەوام بۆ درێژەدان بە حوكمدارییە خێڵەكی و خاڵی لە ھەر بەھایەكی سیاسی و ئەخلاقە سیاسییەكان. دۆخی سیاسی و ئابوری باشوری كوردستان لە پاش ڕاپەڕین و حەڤدەی شوباتی دوو ھەزار و یازدە و ڕیفراندۆمی 2017و لێكەوتەكانی ، دەچێتە قۆناغێكی نوێوە كە جۆرێك لە ھەڵاوێر بوون و جیاكاری لە قۆناغەكانی دیكە دەردەخات ، ئەمەش نیشانەو ھۆكار گەلی تایبەت بە خۆی ھەیە كە دەتوانین كورتیان بكەینەوە لە:

١-خراپ بوونی دۆخی ئابوری و دارایی خەڵك و كاریگەری لەسەر جووڵەی بازاڕ و ژیانی ئاسایی خەڵك كە چۆتە ترسناكترین قۆناغییەوە.

٢-دروست بوونی بێ متمانییەكی زۆر لای ھاوڵاتیانی ھەرێم بەرامبەر كابینەی حوكمەت و تێكڕایی حیزبەكانی نێو پڕۆسەیی سیاسیی ، لەوەی سەرچاوەیی ھەموو نەھامەتییەكی سیاسیی و ئابوری و كۆمەڵاتی ئەوان و ھەر ئەوانیش لێی بەرپرسیارن.لە نموونەی پرسی”چاكسازی ، ئابوری سەربەخۆ ،پرسی ڕیفراندۆم”.

٣-بێمانا بوونی سیاسەت و حوكمڕانی حیزبەكان لای جەماوەر ، كە خاڵییە لە ھەموو جۆرە پرەنسیپێكی حوكمڕانی دروست و تێكەڵە بە ھەموو جۆرە خەوش و كردەیەكی دەسەڵاتە خێڵەكی و فاشییەكان.

٤-سەرھەڵدانی ھۆشیاریەكی خۆرسك كە ڕەگەكانی لە نێو ئازار و نادادی و نایەكسانی خەڵكی و دابەش بوونێكی چینایەتی ترسناك
داكوتاوە.

ئەزموونی حوكمڕانی دوو جەمەسەری لە ماوەی بیست و نۆ ساڵی ڕابردوودا زۆرترین باس و قسەی لەسەر كراوە و ھەمیشە بەھۆی ناشرینی لە حوكمڕانی و خاڵی لە ھەموو بەھایەكی سیاسی و دیموكراسی ڕووبەڕووی زۆرترین ڕەخنە بۆتەوە ، چ لە ئاستی تاكە كەسی و میدیاوە چ لە ئاستی پڕۆژەی ئایدۆلۆژی و حیزبی لە ژێر و بە ناوی ئۆپزسیۆنەوە ، ھەر بۆیە لێرەدا ڕەخنەگرتن جۆرێك لە دووبارە کردنەوەیەکی بەردەوام بە باسەكە دەبەخشێت ، لە لایەك لە لایەكی دیكەوە ھۆشیاری جەماوەر لە قۆناغێكدایە ھەموو كێماسی و نادادی و خراپ بەكارھێنانی دەسەڵات لە لایەن حیزبەكانەوە دەبینێت و دركی دەكات.

لە ئێستەدا و لە ساتی ڕشتنی خوێنی گەنجانی باشوری كوردستاندا بەدەست و تفەنگی بارۆنەكانی نێو سیاسەتی كوردی ، چیتر مانایەك بۆ پارێزگاری و پاراستنی ئەو حوكمڕانییە بزننسییە خۆفرۆشییە نامێنێتەوە ، كە پایەكانی لەسەر نادادی و پێشێلكردنی یاسا و مافیاگەریی و حوكمڕانی خێزانی وەستاوە.

ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵكانی شار و شارۆچكەكانی كوردستان لەگەڵ ھەبوونی ھێزێكی خۆرسك و توڕەییەكی لە مێژیینەی كپكراو ، خاڵی نییە لە كەم و كورتی و ترسی لاوازی و كپبوونەوە كە دەتوانیین لێرەدا لە چەند خاڵێكدا كورتی بكەینەوە.

١- پەرتەوازەیی و نەبوونی ڕێكخستنێكی جەماوەری لە نێو كۆی چینەكانی جەماوەری ناڕازیی و تەواوی شار و شارۆچكەكان.

٢-نەبوونی كارێزمایەكی بەھێز و كاریگەر كە توانایی جوڵانەوەی جەماوەر و سایكۆلۆژیاكەی ھەبێت ، بە شێوەیەكی جەستە جەمعی و گشتگیر لە تەواوی شار و شارۆچكەكان.

٣-ڕووبەڕووبوونەوەی چەكداری و بەربەریانەی دەسەڵات لەگەڵ جەماوەری ناڕازیی و خۆپیشاندەر، وە بڵاوكردنەوەی سەرباز و ھێزێكی زۆر لە سەنتەری شار و شارۆچكە ناڕازییەكان.

٤-نەبوونی ھۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی لە نێو تەواوی پێكھاتەكانی نێو خێزان و جەماوەری ناڕازیی ، بە جۆرێك ھێزی ناڕازی ھێزی جیلێكی دیاركراوە ، بەردەوامیش توشی بێ ئومێدی و گۆشەگیری بۆتەوە لای ستراكتۆرەكانی خێزان و قوتابخانە و زانكۆ و حیزبەوە.

٥-نەبوونی بەدیلێكی سیاسی و نوێنەرایەتیەكی خاوەن متمانە و ڕاستگۆی لە سیاسەت و حوكمڕانی ، لای جەماوەر تا خەڵك ناچار بە بەرەنگاری و ڕاپەڕینی سەرتاسەری بكات.

٦-نەبوونی پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی و ئیقلمی لە بزاوتی ڕاپەڕیوە و بەشدار لە دروستکردنی فشارێکی کاریگەر لەسەر سیاسییە مشەخۆرەکانی دەسەڵاتی کوردی ، کە ناچار بە دەستبەرداربوون لە دەسەڵات یان لانیکەمی ملکەچ بوون بۆ داوا ڕەواکانی خەڵکیان بکات.
کارمەند کادیر