TEVDA Press

د. سەردار عەزیز

دیموکراسی کوردی!

| Monday, 07.19.2021, 07:03 PM |


هیچ هێندەی حوکمداری سەخت نیە، بە تایبەتی بۆ خەڵێک کە مێژو و کەلتوریان نیە لەوبارەوە. کێیە ئەوە حوکم دەکات؟ بە ناوی کێوە؟ لە پێناوی کێدا؟ کومەڵگای کوردی تەمەنێکی ئێجگار کورتی هەیە لە ئەزمونی حوکمی خۆیدا. ئەم تەمەنە کورتە لە سەردەمێکی جیاوازدایە. جاران زۆرینەی خەڵکی حوکمداری و بەشداری لە حوکمدارییان لە دەرەوەی خۆیان دەزانی. هەرگیز بە بیریاندا نەدەهات کە ببنە بەشێک لە حوکم. بەڵام ئەمرۆ سەردەمەکە وەهایە کە هەموو کەسێک خۆی بە بەشێک لە حوکم دەزانێت. ئەمە وەرچەرخانێکی ڕادیکاڵە.
کۆمەڵگای کوردی لە پەیوەست بەم دۆخەوە بە دوو ئاراستەی پێچەوانەدا دەڕوات. ئاراستەیەکی بنەماڵەیی، کە یانی سنوردارێتی حوکم، لە گەڵ ئاراستەی دیموکراسی کە بە مانای بە ئاگابونی زۆرینە لەوەی کە ئەو حوکم دەکرێت و دەبێت چۆن حوکم بکرێت.
پرسی ئەوەی ئایا چۆن هەموان بەشێک بن لە حوکمڕانی تەنها چەند سەدەیەکی کەم لە مەوپێش لە ڕێگای داهێنانی سیستەمی نوێنەرایەتیەوە چارەسەر کرا. خەڵکی لە بڕی ئەوەی تاک بە تاکیان حوکم بکەن، نوێنەرێک بۆ خۆیان دادەنێن. سیستەمی نوێنەرایەتی لە دیموکراسی کوردیدا لە نێوان بێئاگایی و قەیراندا جۆلانێیەتی.
لە داهاتودا دێمە سەر پرسی نوێنەرایەتی، لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەیەکم بە زمانی ئینگلیزی لە سەری نوسی بۆ خانەیەکی بیری ئەوروپی.
لە ڕۆژانی رابوردودا ئێمە شایەدحاڵی کۆمەڵێک ڕوداوی دەگمەن بوین لە ناو کایەی حوکمڕانی کوردیدا. ئەم ڕوداوانە بنەمای ئەوەمان بۆ دادەڕێژن کە بتوانین ببینە خاوەن کونەواجەیەک بەرەو داهاتوو. ئایا لە سەردەمی دیموکراسیدا دەتوانرێت بنەماڵەیی بچەسپێت؟ ئایا بنەماڵەکان ئەو بنەمایانەیان هەیە کە بتوانن لە یەکێک لە ئالۆزترین جێگاکانی دونیادا حوکم بکەن؟ دیموکراسی و بنەماڵەیی لە سەرەتادا وەها دەردەکەوێت کە دژ بە یەک بن، بەڵام لە ڕاستیدا یان لە واقیعدا بەو شێوەیە نیە. لە ناو کایەی دیموکراسیدا زۆرجار ڕودەدات کە ووردە بنەماڵەی بچوک دروست بێت. کچ و کوڕ دوای باوک یەک بە دوای یەک بە بەردەوامی ببنە نوێنەری بازنەی هەڵبژاردنی خۆیان. زەقترین نمونەی ئەم مۆدێلە یابانە. لە ساڵی ٢٠١٢ دانیاڵ سمث لە زانکۆی کالیفۆرنیا نامەیەکی دوکتۆرا لە سەر ئەم پرسە دەنوسێت. پاشان لە ساڵی ٢٠١٨ لە زانکۆی ستانفۆرد وەک کتێبێک لە چاپ دەدرێت
Dynasties and Democracy: The Inherited Incumbency Advantage in Japan. By Daniel M. Smith. Stanford University Press, 2018
بۆ ئەوانەی بە ووردەکاری سیاسەتی ئەمریکی شارەزان ئەم دیاردەیە بە زەقی دەبینن کە چۆن کوڕ یان کچ بە دوای باوکیدا دەبێتە ئەندامی کۆنگریس. بەرهەمهێنانەوەی بنەماڵەی لە ناو کایەی دیموکراسیدا، تەنها ڕەهەندە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکەی نیە، بەڵکو ڕەهەندە ئابوری و ئیدارییەکەشی هەیە. کوڕەکان یان کچەکان کە بەردەوامی دەدەن بە ناوی خێزانیان وەک ئەوە وەهایە براندێکی خۆیان هەبێت و پێی بناسرێنەوە و ئاسانتر قبوڵبکرێن. بەڵام بنەماڵەیی بازنەیەکی هەڵبژاردن یان کورسییەکی پەرلەمان یان کۆنگریس جیاوازە لە بنەماڵەیی حکومەت، حیزب یان گەلێک. دیارە لە مێژودا بنەماڵەیی دەوڵەت یەکێکە لە بڵاوترین مۆدێلەکانی حوکم. حوکمی پادشاکان کۆنترین و بڵاوترین مۆدێلی حوکمە. دیڤید گرایبەر (ئەنترۆپۆلۆجیستی گەورە و دۆستی کورد) مارشاڵ سالین پێکەوە کتێبێکی مەزنیان نوسیوە دەربارەی پادشاکان و مۆدێلەکانیان.
David Graeber and Marshall Sahlins 2017 On Kings
بە قسەکردن لە سەر بنەماڵە وەک یەکەی سیاسی سەرەکی، ئێمە دژ بە ئەو داواکارییە دەبینەوە کە بیرمەندی گەورەی فەرەنسی میشێل فۆکۆ لە ساڵی ١٩٧٧ داوای لێکردین. بە ڕای ئەو ئەوەی دەمانەوێت فەلسەفەیەکی سیاسییە کە لە دەوری پرسی سەروەر نە ئاڵاوە. دەبێت سەری پادشا ببڕین لە تیورەی سیاسیدا. مەبەستی لە بڕینی سەری پادشا لە تیورەی سیاسیدا ئەوەیە کە بیری سیاسی هەتا ئێستاش لە دەوری پادشا و سەروەرەکان دەخولێتەوە و ئەوان بە هەڵگری دەسەلاتداری ڕاستەقینە دەبینێت. بەڵام بۆ ئەوەی لە دەسەڵات تێبگەین دەبێت لە ئەو پەیوەندیانە تێبگەین کە سەروەر بەرهەم دەهێنن و پاشان سەروەر بۆ مانەوەی خۆی بەرهەمیان دەهێنێت. چونکە پەیوەندییەکان دەسەڵات بەرهەم دەهێنن نەک کەسی سەروەرەکان. ئەم ڕاستییە وەها دیارە لای بنەماڵەخوازە نوێکانی کورد هێشتا ڕون نیە. چۆن دەسەڵات لە پەیوەندیدا بەرهەم دێت و چۆن ئەو پەیوەندیانە دەبێت بونیادبنرێن؟
بونی دەسەڵات لە پەیوەندیدا، بە تایبەت لە سەردەمی خێرایی و سۆشیال میدیادا، دەمانبات بۆ ئەو واقیعە تاڵەی کە دونیای دەسەڵاتی کوردی تیایدا دەژی، لەم دۆخەدا. ئەمرۆ ئەو ئامرازانە چین کە کەسێک پێویستیەتی بۆ ئەوەی ببێت بە کەسێکی خاوەن دەسەڵات یان سیاسی کاریگەر، لە دونیای کوردیدا؟ پارە، میدیا، تەنورگەرمکەر، شەقوەشێن، پەمپدەر، پەیجەوان. دەبینین هیچ کام لە ئەمانە کەسانێک نین کە دونیا ڕاڤە بکەن، مەعریفە بەرهەم بهێنن، پەیوەندی بونیادبنێن. لە ڕاستیدا هەموو ئەمانە بنەمای پەیوەندییەکی نەرجسی یان نارسیسی بەرهەم دەهێنن. پەیوەندی نارسیسی یانی کەسێک بەردەوام خۆی دەبینێت یان وەهای بۆ دەکرێت کە ئەوەی ئیگۆ و باری دەرونی پێخۆشە ببینرێت. ئەمە بە مانەی پشتڕاستکردنەوەی ئەو تیورە یان قسە باوەی ناو کۆمەڵگای کوردی نیە کە دەڵێت کەسەکە خۆی باشە بەڵام دەوروبەرەکەی خراپە. دەوروبەری هەموو کەسێک ئاوێنەی باری دەرونیی و ئاستی مەعریفی کەسەکەیە. ئەم خەسەڵتانەی کە کەسی سیاسی یان دەسەڵاتدار دروستدەکەن لە دونیای کوردیدا، کاتێک لێیان دەڕوانیت، خەسڵەتی ڕیشەداکوتەر نین، بەڵکو خەسڵەتی کاتین. ئەو جۆرە کەسانەی کە وەک ئامراز ئەو ڕۆڵە دەبینن، لە سەر بنەمای ئایدەلۆژیا و باوەڕ و کاری سیاسی ئەو کارە ناکەن بەڵکو، بە تایبەتی لە ئێستادا، وەک جۆرێک لە کاسبی و دابینکردنی بژێوییە. بە پشت بەستن بە ئەم واقیعە دەتوانین بڵێین کۆڵەکەی سەرەکی دیموکراسی کوردی جنێوە. جنێو تەنها پێویستی بە جنێودەر یان جنێوفرۆش نیە، بەڵکو دەتوانین بڵێین کە سیستەمی جنێو هەیە. جنێو پێویستی بە ئابورییە، بە داهاتە، بە کەسی خاوەن بەرژەوەندی و کەسی بە ئامانجکراوە. بەڵام گرنگی ئەم پرسە لە ئاستێکی تردایە. سیستەمی جنێو، سیستەمێکی بەرگریی و هەروەها لە مرۆڤخستنە. بە گشتی جێگای مەعریفە دەگرێتەوە و ژینگەی ئاگایی و سیاسی ژەهراوی دەکات. سیستەمی جنێو لە سەر بنەمای کەسە: یان کەسێک دروست دەکات یان ئاراستەی کەسێک دەکرێت. لەم دۆخەدا ناهێڵێت لە ئالۆزی سیستەمی پەیوەندی دەسەڵات تێبگەین بەڵکو هەموو شتێک لە کەسدا کۆدەکاتەوە، هەڵەکانی کەسەکان یان جوانییەکانی کەسەکان.
بەڵام ئەوەی دەبێت ڕون بێت کە سیستەمی جنێو ناتوانێت دەسەڵاتی سەقامگیر و درێژخایەن دروست بکات. چونکە لە کاتێکدا هەموو شتێک ڕسوا دەکات، ئەوا ئەوەی پێی دەوترێت هەژەمۆنیەتی سیاسی بونی نامێنێت. لێرەدا هەژەمۆنیەت لە دیدی گرامشیەوە دەبینین کە بریتیە لە ئەو بنەمایانەی کە وەها دەکەن کەسێک یان کەسانێک دەسەڵاتێک قبوڵ بکەن.
بە نەبونی دەزگا و مەعریفە سیستەمی بنەماڵەیی کوردی زیاتر لە مۆدێلی عوسمانی دەچێت لە پرسی ڕاگرتنی دەسەڵات و دەستاو دەستکردندا.
کە موحەمەدی سێیەمین دەبێت بە سوڵتان، ئەو نەریتە هاتبو کە نابێت برا خوێنی برا بڕێژێت. بۆیە کە موحەمەد دەبێت بە سوڵتان هەر نۆزدە براکەی داوات دەکات بۆ کۆشکی سوڵتان. پێی ووتن هیچ شتێک لە ئارادانیە و نابێت بترسن. بۆ ئەوە بانگتان دەکەم هەتا خەتەنە بکرێن. بەڵام لە ژوری تەنیشتی ژوری سوڵتان پیاوکوژەکان لە ئامادەباشیدا بوون. کاتێک یەک بە یەک بانگکران بۆ ژورەکەی تر، بە پەتێکی ئاورێشمین هەمویان خنکێنران. ئەمەیە باڵوێزی نەمساوی لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەنوسێت گەر کوڕی سوڵتانێکی عوسمانی بیت، ئەوا ئازارچەشتوترین کەسی دونیای. هەرکە کوڕێک جێگای باوکی دەگرێتەوە، ئەوانی تر چارەنوسیان کوشتنە. لە پاش ئەمە سیستەمی قەفەس داهێنرا کە براکانی تیادا بەند دەکرا.
دیموکراسی کوردی لە ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەی بەرەو ناسەقامگیرییەکی ترسناک دەروات. دەسەڵات گەر نوێنەر نەبێت ئەوا نامۆ دەبێت. نەبونی نوێنەر لە ناو کایەی پادشایەتی فەرەنسیدا هۆکاری سەرەکی شۆرشی فەرەنسی بوو، وەک ئیدمۆند بویرک باسی دەکات.
گەرچی ڕەنگە بنەماڵەی ئیحای ئەوە بدات کە سەقامگیرە، بەڵام بە هۆکاری ناوەکی و گۆڕانی ئاگایی خەڵک و بەرژەوەندی هێزەکانی دەرەوە، سیستەمێکی تەواو لاواز و ناسەقامگیرە.
د. سەردار عەزیز