TEVDA Press

دۆکیومێنتە نهێنییەکان لە گەندەڵییەکانی دامەزراندن لەلایەن مەسروڕ بارزانییەوە

| Sunday, 08.09.2020, 10:39 PM |


وەرگرتنی لە کوردستان تایمز

مەسروڕ بارزانی بەنادادپەروەرانە و دژ بە قانون و پلانەکانی “چاکسازیی” چەندین کەسی نزیکی خۆی بە پۆستی وەزیر و بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی بە نوسراوی نهێنیی دامەزراندوە. بەپێی قسەی یەکێک لە چاودێرەکانی بواری حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستاندا “پلەبەرزکردنەوە و دامەزراندنی هەندێک لە کەسەکان لەپاش ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ بوە، واتا دوای گفتوگۆکانی پارلەمان و حکومەت لەسەر قانونی بودجە و دوای پەسەندکردنی قانونەکە لە ٢٠٢٠، کە ئەوەش ناجدییبونی کابینەکەی مەسروڕ بارزانیی لە چاکسازیی نیشاندەدات کە چۆن لە گەرمترین ساتەکانی قسەکردن لە چاکسازییدا دەرفەتی قۆستۆتەوە بۆ دامەزراندنی ستافەکەی.” کوردستان تایمز دەقی بەشێک لە دۆکیومێنتە نهێنییەکان بڵاودەکاتەوە.

ساڵێک و مانگێک بەسەر کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیوە. لەو ماوەیەدا، تاکە کار و شانازیی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی حکومەت مەسروڕ بارزانی و هەرسێ حیزبی پێکهێنەری کابینەکە (پارتیی و یەکێتیی و گۆڕان) تێپەڕاندنی قانونی بەناو چاکسازیی بوە. بەڵام لە پشتی پەردەوە، مەسروڕ بارزانیی بەنادادپەروەرانە و دژی بەندەکانی ئەو قانونە کاریکردوە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی هێشتا قانونە پەسەندکراوەکە هەر مەرەکەبی سەر کاغەزە و هیچ ئاسۆیەکی رونیش بۆ جێبەجێکردنی دیار نییە.
دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی ئەو کەسانە تەنها بۆ ئەوەیە موچە و ئیمتیازاتەکانیان باڵاتر بێت، ئەگەرنا هەمان ئەو کارانە دەکەن کە پێشتر کردویانە، هەندێکیان نەبێ کە کەمێک گۆڕانکاریی بەسەر کارەکان و ئەرکەکانیاندا دێ.
یەکێک لە چاودێرانی حوکمڕانیی و گەندەڵیی ئیداریی و دارایی لە هەرێمی کوردستان کە کوردستان تایمز لەگەڵیدا دۆکیومێنتەکانی هەڵسەنگاندوە، دەڵێت “ئەو دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوانە دەکەونە خانەی گەندەڵییەوە. بەرزکردنەوەی پلە و دامەزراندنەکان بەو پلە باڵایانە تەنها بۆ ئەوەیە ئیمتیاز و موچەی باڵاتر وەربگرن چونکە بەشی هەرە زۆریان نە وەزیر و بریکاری وەزیرن و نە راوێژکارن، بەڵکو تەنها بۆ وەرگرتنی ئیمتیاز و موچەی باڵاتر ئەو ناونیشانە وەزیفییەیان پێبەخشراوە. دامەزراندنی بەشێک لەو پۆستانە دەبوایە لەڕێی سیڤییەوە بوایە و پۆستەکان راگەیەنرابوان بۆ تەواوی خەڵک چونکە بەشی هەرە زۆری ئەو پۆستانە ئیشی پرۆفێشناڵانەن و پێویستە کەسانی پرۆفێشناڵ لەڕێی پێشبڕكێوە دابمەزرێن نەک لەڕێی نوسراوی نهێنییەوە، هەرچەندە دامەزراندنی زۆربەیان هیچ پێویست نییە، بەتایبەتتریش لە کاتی قەیرانی داراییدا.”

یەکێک لەو گەندەڵیی و کارە نابەجێیانەی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان لە سی ساڵی رابردودا، دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی کادیر و بەرپرسانی یەکێتیی و پارتیی بوە. تەواوی هێزە پێکهێنەرەکانی کابینەی ئێستای هەرێمی کوردستان رایانگەیاندوە کە نەک هەر ئەو کارە ناحکومڕانیی و نائیداریی و گەندەڵییە دوبارە ناکەنەوە و رێی لێ دەگرن، بەڵکو لارییەکانی سی ساڵی رابردوش پەیوەست بەمە راستدەکەنەوە. بەڵام ئەو فەرمانە نهێنییانە مەسرور بارزانیی دەریکردون و کوردستان تایمز لە سەرچاوە تایبەتەکانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەستیکەوتون، نیشانیدەدەن کە سەرۆکی حکومەت بارزانی گوێینەداوەتە پەیمانەکانی کە بە خەڵک و لایەنە بەشداربوەکانی حکومەتی داون و پێشێلی بەندی ١٢ی قانونی چاکسازییشی کردوە کە خۆی شانازیی بە تێپەڕاندنیەوە دەکات.

بەپێی چەند دۆکیومێنتێکی تایبەت و نهێنیی کە دەست کوردستان تایمز کەوتوە و هەندێکیان بڵاودەکەینەوە، بارزانی بەنادادپەروەرانە و دژ بە پلانەکانی چاکسازیی چەندین کەسی بە پلەی وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراندوە یان پلەکانیانی بەرزکردۆتەوە، بەتایبەت کە حکومەتی هەرێم تا ئێستا قانونی بودجەی نەناردۆتە پارلەمان و ستراتیژی حکومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی فەرمانبەران دیار نییە و دامەزراندن راگیراوە.
بەپێی دۆکیومێنتێکی نهێنیی بارزانی رۆژی ١٩ی مایسی ٢٠٢٠ فەرمانی “پەسەندکردنی ناونیشانی تازەی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەکادیمیای کوردیی” بۆ پێنج کەس دەرکردوە:
١- پ. د. عبدالفتاح علی یحیی، سەرۆک بە پلی وەزیر.
٢- د. نجات عەبدوڵا عەلی، جێگری سەرۆک بە پلەی راوێژکار.
٣- محمد باقي امین، راوێژکار.
٤-پ. د. فاروق عمر صديق، راوێژکار.
٥- پ. د. محسین محمد حوسین، راوێژکار.

لە دۆکیومێنتێکی نهێنیی تردا، بارزانی لە رۆژی ١ی ئاداری ٢٠٢٠دا پلەی زاگرۆس فتاح محمدامینی بەرزکردۆتەوە بۆ بریکاری وەزارەتی پلاندانان دوای ئەوەی لە بەڕێوەبەری گشتییەوە دەکرێتەوە بریکاری وەزارەتی پلاندانان -ئەمەیان ناکەوێتە خانەی گەندەڵییەوە.-

لە دۆکیومێنتیکی تری نهێنییدا بارزانی پلەی طاهر عبداللە عثمانی لە بەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ راوێژکار ا گۆڕیوە لەسەر میلاکی سەرۆکایەتیی فەرمانگەی بەدواداچون و هەماهەنگیی.

هەروەها رۆژی ١ی ئاداری ٢٠٢٠ بەپێی دۆکیومێنتێکی دیکەی نهێنیی، بارزانی فەرمانی دامەزراندنی ساناو فریدون محمدی بە پلەی بەڕێوەبەری گشتیی دەرکردوە.

هەر بەپێی دۆکیومێنتێکی دیکەی نهێنیی، بارزانی فەرمانی دانانی د. سەرباز نەجیب عثمانی لە پۆستی “راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری رێگاوبان و رێکخستنەوەی هاتوچۆ” دامەزراندوە.

بارزانی هەندێک لە کەسە نزیکەکانیشی لە دەزگای پاراستن و دامەزرێنەری تیڤییەکەی کوردستان ٢٤ لەگەڵ خۆی بردونەتە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و بە پلەی بریکاری وەزیر و راوێژکار دایمەزراندون.
بەپێی فەرمانێکی نهێنیی بارزانیی، عەزیز ئەحمەد لەسەر میلاکی ئەنجومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران گواستراوەتەوە بە پلەی بریکاری وەزیر و وەک جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆک وەزیران دەستبەکاربوە.

لە دۆکیومێنتیکی دیکەی نهێنییدا، بارزانی لە دیسێمبەری ٢٠١٩دا فەرمانی دامەزراندنی بە پلەی راوێژکار/ا بۆ کاروباری قوتابییان دامەزراندوە، ئەو پلەیە بەتەواوی نوێیە و لە کابینەکانی تردا نەبوە. لە دامەزراندنێکی دیکەی هاوشێوەدا، بارزانی لە حوزەیرانی ٢٠٢٠دا د. کارزان کەریم خواڕەحمی وەک راوژکار/ا لە پۆستی راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری خوێندنی باڵا و پەروەردە دامەزراندوە.

بەپێی مادەی ٢٣ بڕگەی سێیەم لە پەیڕەوی قانونی چاکسازیی، “وەزیر یان سەرۆکی لایەنی نەبەستراو بە وەزارەت تایبەتمەندە دەبێت بە رێکخستنەوەی پێگەی وەزیفی ئەو فەرمانبەرانەی حوکمەکانی ئەو مادەیە دەیانگرێتەوە.” ئەمە لە کاتێکدا بەشی هەرە زۆری ئەوانەی دامەزراون و پلەیان بەرزکراوەتەوە بەر لە پەسەندکردنی قانونی چاکسازیی بوە کە بە هەمو جۆرێک دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوە راگیراوە.
نیوەی ستافەکەی بە وەزیر تەعین کراوە و نیوەکەی تریشی بە وەکیل وەزیر. تەنها لە ئۆفیسەکەی خۆی چوار یان پێنج وەزیری تەعین کردوە، ئەمە بەپێی ئەو سەرچاوە تایبەتەی کە کوردستان تایمز قسەی لەگەڵ کردوە.
یەکێک لە حیلەشەرعییەکانی مەسرور بارزانی بۆ دامەزراندنی کەسانی نزیکی خۆی، داهێنانی هەندێک پۆستە، وەک راوێژکاری کاروباری قوتابییان، راوێژکار بۆ کاروباری رێگاوبان و راوێژکار بۆ خوێندنی باڵا و پەروەردە.
دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی ئەو کەسانەی نزیک مەسروڕ بارزانی -تەنها دوان نەبێت- لە کاتێک دایە کە کابینەکەی بارزانیی شکستیهێناوە لە پێدانی موچەی فەرمانبەران و هاوکاریکردنی ئەوانەی کاریان لەدەستداوە بە هۆی قەدەغەی هاتوچۆ کە بە هۆی رێککارییەکان بۆ رێگرتن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنراوە.
لە چەند رۆژی رابردوشدا ماڵپەڕی درەو میدیا ئەوەی راگەیاند کە قوباد تاڵەبانییش جێگری سەرۆک وەزیران چوار کەسی بە پۆستی باڵا دامەزراندون یان راژەکانی گواستونەتەوە و پلەکانیانی بەرزکردونەتەوە. کوردستان تایمز لە یەکێک لە سەرچاوەکانی خۆیەوە ئەوەی پشتڕاستکردەوە دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەی کەسەکان لەلایەن تاڵەبانییەوە وەک دڵڕازیکردنی بوە لەلایەن بارزانییەوە تا هیچ نیگەرانییەک لە دامەزراندن و پلەبەرزکردنەوەکانی بارزانیی دەرنەبڕێ. ئەوەی جێی تێڕامانیشە، ژوان سابر جافر بۆ بریکاری وەزارەت لەلایەن تاڵەبانییەوە دەکەوێتە خانەی خزمخزمێنەوە، نیپۆتیزم، بەو پێیەی ژوان سابر کچی پوری تاڵەبانییە.
کابینەی حکومەتی هەرێم لە دەستبەکاربونیەوە تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ لە بڕگە و پلانەکانی جێبەجێبکا، کەچی بارێکی گەورەتری خستۆتە سەر بودجەی گشتییەوە بە هۆی دامەزراندنی ئەو کەسانەوە. پێویستە بگوترێت دامەزراوان بە وەزیر و بریکاری وەزیر و راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتیی لەو ژمارەیە زیاترن کە کوردستان تایمز بڵاویکردونەتەوە و لە داهاتودا هەوڵدەدات گەندەڵییەکانی تریش بڵاوبکاتەوە.
پرسیارێکی جدیی کە چاودێرەکەی حکومڕانیی و گەندەڵیی ئیداریی و دارایی لە هەرێمی کوردستان خستیەڕو دوای ئەوەی کوردستان تایمز ئەو دۆکیومێنتانەی لەگەڵ هەڵسەنگاندن، ئەوەیە کە “بۆچی مەسروڕ بارزانیی کۆمەڵێک راوێژکار بۆ خۆی دادەدەمەزرێنێت لە کاتێکدا هەمو کار و کردەوەکانی بە تاکڕەوانە جێبەجێدەکات، تەنانەت بێئەوەی لەگەڵ جێگرەکەی و ئەنجومەنی وەزیرانیش گفتوگۆی بکات؟

رونکردنەوە: کوردستان تایمز دەقی دۆکیومێنتەکانی لای خۆی پاراستوە، بەڵام لەبەر هەندێک هۆکاری تایبەت و پاراستنی سەرچاوە جیاوازەکان، بە پێویستمان زانی هەندێک لە زانیارییەکان لاببەین. هەروەها، بەشێک لە دۆکیومێنتی دیکەی نهێنیی ماون کە هێشتا کوردستان تایمز بڵاوینەکردونەتەوە.


تەڤدا پرێس