TEVDA Press

کەمال جەمال موختار

روونکردنەوەیەک لە سەر لێدوانێکی خۆم سەبارەت بە پلانی فڕاندنی جەمیل بایەک

| Wednesday, 07.28.2021, 10:17 AM |


ئەو هەواڵ و گرتە ڤیدۆیەی کە لە دوو رۆژی رابردوودا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە  پلانی فڕاندنی جەمیل بایک لەلایەن تورکیاوە و بە هاوکاری نوێنەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان  قوباد تالەبانی کە ئەو کات لە ئەمەریکا نوێنەری حکومەتی هەرێم و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی بوو. وەک لە یادم مابێت مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی نێوان ٢٠٠٤  و ٢٠٠٥. هەواڵەکە بۆ یەکەمجار لە سەرچاوەیەکی نهێنی و باوەڕپێکراوەوە دەستمان کەوتبوو، ئەم هەواڵە دەنگێکی زۆری دایەوە،  ئەو کاتەش بوو، کە ژوورەکانی پاڵتاڵک لە گەرمەی چالاکییدا بوون، ژوورە کوردییەکان سەردانی زۆر دەکران.
بەیانییەک کە من لە قوتابخانەیەکی ئامادەیی لە سوید لە سەر کار بووم. یەکێک لە ئەدمینەکانی پاڵتالک بە ناوی کاک (بۆتین کوردستانی) پەیوەندیی پێوەکردم،  سەبارەت بە راستیی و دروستی هەواڵەکە پرسیاری لێکردم، منیش بەبێ ئەوەی خۆم ئامادەکردبێت، قسەم لەسەری کرد،  ئەوەی لە بیرم مابێت ئەو کاتەش بوو، کە رۆژێک پێشتر خودی قوباد تالەبانی پەیوەندیی پێوەکردم  زمانی تەتەڵەی دەکرد، پەشۆکابوو، ویستی هەواڵکە بە درۆ  بخاتەوە پێی وتم: (ئەوەی هەواڵەکەی پێداون ئێسکی مرێت و شکڵی خواتەوە).
ئەو سەردەمە قوباد زمانە کوردییەکەی رەوان نەبوو،  چونکە سیاسەتی نەکردبوو، نەیدەزانی بە زمانێکی سیاسییانە بدوێت، هێشتا نەگەڕابووەوە بۆ کوردستان،  دەربڕینی زمانە کوردییەکەی پەروەردەی  دەستی گەلاوێژ خانی نەنکی و شانازی برایم ئەحمەدی پوری بوو، لە ناو ئەواندا  گەورە و گەورە بوو، کە گەورەش بوو لە ناو پیاواندا هەڵنەستابوو، لەوانەوە فێری ئەو جۆرە قسانە بوو بوو، بۆیە دەنگی ناڕازیی بۆ هەواڵەکە بەو شێوەیە دەربڕی، کوردییەکەی زمانی ژنێکی سەرتەنوور و ناو ژنان بوو. ئاخر ژن، پیاو منداڵ، هەر یەکە کۆمەڵێک زاراوە و قسەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بە دەگمەن بۆ ئاخافتن ئەوەی یەکتر بەکار دەهێنن.
ئەو روونکردنەوەیەم لێرەدا بە پێویست زانی، چونکە  پەیوەندیی زۆرم پێوەکراوە و داوای روونکردنەوە دەکەن، هەرچەندە تا ئیستا و لەو ماوە دوور و درێژەدا کاک بۆتین کوردستانی چەند جارێکی تر ئەم ڤیدیۆیەی بڵاوکردۆتەوە، من دەستخۆشی لێدەکەم، بەڵام دەبوو وەک هەواڵیکی کۆنی ئەو دەردەمە  باسی بکردایە، کە من بەش بە حاڵی خۆم حەزم دەکرد لە ئاستی کاری راگەیاندنی لێهاتوودا ئەوسا  لێدوانەکەم بدایە، بەڵام  قسەکانم نە کات و نە شوێنەکەش گونجاو نەبوون.

https://www.facebook.com/botinnews24/videos/4100744723366745/

کەمال جەمال موختار