TEVDA Press

کەمال جەمال موختار

شەڕی زڕئامۆزاکان بەرەو کوێ؟ (بەشی یەکەم)

| Saturday, 08.14.2021, 10:40 AM |


هیندییەکان دەڵێن: کاتێک دوو فیل شەڕ دەکەن، تەنیا گیا و سەوزایی ژێر پێیان زیانی پێدەگات


سەرەتا:

مانگی حەوتی ئەمساڵ، هەشت رۆژ پێش پەلاماردانەکەی پاڤێل بۆ سەر لاهور و دامودەزگانی، دیلێکی ناو دەزگای دژە تیرۆر لە سلێمانی، بە ناوی (بورهان)، کە زیاتر لە 10 مانگ بە بێ لێکۆڵینەوە زیندانی کراوە، دەبرێتە بەردەم دادگا و بە بڕیارێکی قەڕەقوشیانە چوار ساڵ زیندانی بۆ دەبڕنەوە، بەپێی بڕیاری دادگا دەست بەسەر سەیارە و خانووەکەیدا دەگرن، دوای دەرچوونی بڕیارەکە یەکسەر چەکدارەکانی دەزگای دژەتیرۆر دەچنە سەر مالەکەی، سەیارەکەی بۆ خۆیان دەبەن، بەڵام لەبەر ئەوەی سێ چوار منداڵی وردی هەیە، جارێ واز لە خانووەکەی دەهێنن. هۆکاری گرتنەکەش بەم جۆرە دەبێت:
لە ناوەڕاستی مانگی دەی ساڵی رابردوودا (2020) واتا پێش 10 مانگ، خزمێکی نزیکی ئەو کەسە، دەچێتە ماڵیان و زەرفێک بە ئەمانەت لەلایان دادەنێ، هەر لەگەڵ ماڵئاوایی و چوونە دەرەوەیدا و لە ماوەی کەمتر لە سەعاتێک چەکدارەکانی دژە تیرۆر دەدەن بەسەر ماڵەکەیدا، دەکەونە پشکنین و ماڵ و کەلوپەلەکان هەمووی بەسەر یەکدا دەدەن، ژن و منداڵەکانی لە ترساندا دەست دەکەن بە گریان و قیژە و هاوار، لێ ئەمە دادیان نادا، بە شێوەیەکی نامرۆڤانە پیاوەکە لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، گوایا مادەی هۆشبەریان پێگرتووە، لەو کاتەوە تا رۆژی دادگاییکردنەکە، بە بەردەوام بە چەندەها شێوە دارکاری دەکەن، هەڵیدەواسن و فەلاقەی دەکەن، تورەکەی نایلۆن دەکەنە سەری تا دەبورێتەوە، ئەوسا تورەکەکە لادەبەن. پاش ئەوەی راپۆرتی پزیشکی لەسەر ئەو حەبانەی کە لەناو زەرفەکەدا دەبێت، دەردەکەوێت مادەی هۆشبەر نییە، بەڵام پیاوەکانی دژەتیرۆری سەر بە پۆلاد شێخ جەنگی وا پرۆپاگەندە دەکەن، کە گوایە مادەی (یۆرانیۆمیان) گرتووە، لە رۆژی دادگاییکردنەکەشدا، دەردەکەوێت کە راپۆرتی پزیشکییەکە گۆڕدراوە بە مادەی هۆشبەر. ئەو سێ دادوەرەی دانرابوون، لە پڕ دادوەرێکیان لادەبەن و دادوەرێکی سەر بە دژە تیرۆر دەخەنە شوێنی، هەر ئەو دادوەرە بڕیارەکە دەردەکات کە وەک لەسەرەوە باسمان کرد چوار ساڵ حوکمی دەدەن لەگەڵ دەستبەسەراگرتنی ماڵ و سەیارەکەی.
ئەمە یەکێکە لە دەیان چالاکی دژە تیرۆری سلێمانی، کە بۆ تاڵانی و دزیی و دەستبەسەراگرنتی ماڵ و موڵکی هاوڵاتیان بەو شیوەیە کار دەکەن و خەڵک دەگرن، تۆمەتیان بۆ دروست دەکەن، ئەم کەسەش یەکێکە لەو قوربانیانەی کە لەناو زیندانیەکانی دژەتیرۆری یەکێتیدا بە هۆنینەوەی جۆرەها تۆمەت زیندانی کراوە.
یەکێکی تریش لەو زیندانیانە، وەک دەگێڕنەوە لە کاتی رۆیشتنەوەی بۆ ماڵەوە، تورەکەیەک ئاردی پێدەبێت، بەهەمان شێوە دژە تیرۆر دەیگرن و تۆمەتی بۆ دروست دەکەن، گوایە ئەو تورەکەیە هەمووی مادەی هۆشبەرە.
ئەو دوو نمونەیە ئەوە دەسەلمێنن، کە کاری رۆژانەی دژە تیرۆری کوڕەکانی شێخ جەنگی و پاڤێل و بەرپرسەکانی یەکێتیی، تەنیا بۆ راو و رووتی هاوڵاتیان و ماڵویرانی خێزان و خەڵکی کوردستانە، بەو شێوە دڕندانەیە رەفتار دەکەن، ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرپرسەکان لە نمونەی کوڕەکانی کۆسرەت و شێخ جەعفەر و مەحمود سەنگاوی و دەیان بەرپرسی دیکە  تاوانباری سەرەکیین هەر خۆیان هۆکاری هێنانی مادەی هۆشبەر و کەلوپەلی قاچاخن، هەر خۆشیانن لەناو ئەو دەستگایانەدا کاردەکەن، خراونەتە سەروی یاسا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا ناکرێت. وەهاب هەلەبجەیی، کە پاڤێل کردوویەتی بە بەرپرسی دژە تیرۆر، بۆ خۆی 53 کیلۆ مادەی هۆشبەری بەسەردا ساغبۆتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی سەر بە ئیتیلاعاتە، لێپرسینەوەی لەگەڵدا ناکرێت، کەسانی بێدەسەڵاتیش وەک ئەو دوو نمونەیەی سەرەوە بە بێ تاوان دەگیرێن، تۆمەتیان بۆ دروست دەکەن، تا بتوانن بیانڕووتێننەوە، پارە، سەیارە، خانوو، یان هەر سەرمایەیەکیان هەبێ داگیربکەن و لێیان بسەنن.  لەو ماوەی دەستبەرسەرکردنەکانیاندا، پێیان دەڵێن کە ئەگەر پەیوەندیی بە فڵانە کەسەوە بکەن و چەند دەفتەر دۆلارێک وەکو واستە بدەن، ئەوا بەرەڵا دەکرێن. بەو شیوەیە زیندانییکراوەکان وەکو مریشک ئاوەڕووت دەکەنەوە هەرچی پارە و سامان و موڵکێکیان هەبێت لێیان دەسەنن.
هەڵبەت ئەو دوو رووداوی، کە لێرەدا نووسیومە مەبەست لە دەسەڵاتی پۆڵات و لاهوری شێخ جەنگییە، کە لە ماوەی بەرپرسیارێتییان لەناو ئەو دەزگا بەدناوەی دژەتیرۆردا سەدان کەیسی ئاوایان بەڕێکردووە. بەشێکی زۆر لە چالاکی دەزگای دژە تیرۆرەکەیان بۆ ئەو مەبەستە بەکار هێناوە.
ئەمەی گێڕامەوە لایەنگیریی نییە بۆ پاڤێل و بەراوردکردن نییە بە دژە تیرۆرەکەی پارتیی گوایا ئەوان لەمان باشترن، هەموویان بۆ ئەوە دروستبوون، کە بەم شیوەیە دزیی و راوورووتی هاوڵاتیی و ئازاری خەڵکی بێدەسەڵاتی پێ بدەن.
ئینجا با بگەڕێینەوە بۆ سەر باسەکەمان.
--------------------------------------------------

ئەو گەلەی دەنگ بە خائین و پیسخۆر و نیشتیمانفرۆشان بدات، بۆ خۆی نابێتە قوربانی، بەڵکو دەبێتە هاوبەشی تاوانەکانیان (جۆرج ئۆرێل)

لە رۆژی 8 / 7 / 2021 پاڤێلی کوڕە گەورەی جەلال تالەبانی، بە فیت و هاندانی شانازی پوری و بە پشتگیری بارزانی، پەلاماری دامودەزگا و رێگا و جێگاکانی نیوە کوڕی مامی خۆی لاهوری دا.
ئەو رۆژە تا ماوەی چەند هەفتەیەک پشێوی و نائارامیان خستە نێو شاری سلێمانی و زۆنی سەوز. پاڤێل خۆی کردە سەرۆکی یەکێتی و کۆمەڵێک بڕیاری هەڵەشە و بە پەلەی دەرکرد . ئەمەی رووی دا ناویان نا (کۆدەتا).

پێناسەی کۆدەتا:

کۆدەتا بە مانای پەلاماردانی کوتووپڕی کۆمەڵێک کەسانی سیاسیی و سەربازی ناڕازیی لەو دەسەڵاتەی کە وڵات بەڕێوە دەبات، پەلاماردانەکەش بە یارمەتی هێزی سوپا جێبەجێ دەکرێت، کە هێرش دەکەنە سەر دامودەزگا و شوێنە هەستیارەکانی حکومەت، بە مەبەستی نەهێشتنی سیستەمی بەڕێوەبردنی ئەو دەسەڵاتە کە حوکمی وڵات دەکات، تا بەرپرس و سەرکردەکانی حکومەت دوور بخەنەوە.
لە روودانی کۆدەتادا رای گەڵ و دەنگی جەماوەر تێیدا بوونی نابێت، چونکە بە نهێنی پەلاماردانەکە روودەدات و کودەتاچییەکان بە کوتوپڕ دەیانەوێت کارەکەیان ئەنجام بدەن. کۆدەتا کارێک و جوڵەیەکی سیاسیی و سەربازیی پۆسەتیڤ نییە، رەوای دەسەڵات بە کودەتاچییەکان نادرێت، چونکە بە پرس و دەنگی خەڵک بەو کارە هەڵنەساون و دەسەڵات ناگرنە دەست، بۆیە رای هاوڵاتییان دوای کۆدەتاکە دەریدەخات، کە تا چەند کۆدەتاچییەکان مافی بەڕیوەبردنیان دەبێت، ئەویش کاتێک دەسەڵات دەگرنە دەست و کۆمەڵێک بڕیار دەردەکەن، بڕیاری دوایی بۆ سەرەنجامی کۆدەتاکە دەدرێتە دەست رۆژگار کە کۆدەتاچییەکان بیسەلمێنن لە دەسەڵاتەکەی پێشووتر دادپەروەرانە و دیموکراتیانە وڵات بەڕێوە دەبەن و لە رێگای دەنگدانی خەڵکەوە کەسانی بەتوانا و دڵسۆز دەهێنن و وڵاتیان پێبەڕێوەدەبەن.
بە کورتیی ئەمەی سەرەوە پێناسەی کودەتایە.

ئەوەی لەو رۆژەدا لە سلیمانی روویدا کودەتا نەبوو، بەڵکو کۆپی فلیمێکی کاوبۆی هۆڵیود بوو، کە چۆن دزەکان خۆیان بەسەر بانکێکدا دەدەن، لە دواییدا لەسەر دابەشکردنی پارە و دەستکەوت، دەبێتە شەڕیان و  پەلاماری یەکتر دەدەن.
ئەم بەرپرس و هەرزەکارانەی باشوور، جگە لە کۆمەڵێک چەکل و لاکەوتەی شەقام و کوچەکانی ئەوروپا، هیچی تر نیین. کەسانی تەمبەڵ و فاشیل بوون لە ژیانی خوێندن و زانست، کەسانی لێهاتووی مەیدانی سیاسەت و سەربازی نیین تا  شایستەی ئەو پۆستانە بن، کە بۆ خۆیان وەریانگرتووە و  وڵات بەڕێوە دەبەن. هیچیان لەسەر بنەمای رەوشت و پرەنسیبی وڵاتبەڕێوەبردن نەهاتوون و کارناکەن، تا بیانەوێت خزمەتی ئەو خەڵکە بکەن، بۆیە کۆمەڵگاکەش وای لێهاتووە، چونکە کەسانی شێت و شەلاتی و سەرسەری وەکو ئاراسی شێخ جەنگی و بێعەقڵێکی وەکو پاڤێل وڵات بەڕیوە دەبەن. لەناو  کۆمەڵگایەکی تەندروستدا لە نمونانەی ئەم کەسانە تەنیا لەبەردەم سینەما ومەیدانی چەورە و دەستبڕەکاندا دەبینرێن، نەک لە ناو دەسەڵات و رێکخراوە سیاسییەکاندا. ئەم بیچمانە کۆمەڵێک کەسانی ونبووی نێو کۆمەڵگای کوردەواریین، کە بەبێ پاشگری ناوی (تالەبانی) کەس نایانناسێ. ئەو دەسەڵاتە رەهایەی وەریان گرتووە، ئەگەر کوڕ و برازای تالەبانی نەبوونایە، ئەوا بێکار و لاکەوتە، لە ئینگلتەرا دەبوون بۆ خۆیان دەیانخولانەوە. هەر بۆیە لەسەر رێبازەکەی جەلال تالەبانی برەو بە خیانەت دەدەن. جگە لە خائین، دز و تاڵانچی، چەتە و وڵاتفرۆش، هەرگیز ئەمانە نابنە سیاسیی، موڕاڵی سەربازییشان نییە. چونکە لە دنیای ئەمڕۆدا سەربازەکان لە سیاسییەکان بە موڕاڵتر و مرۆڤدۆسترن، بەو پێوەرەش ئەگەر هەڵسەنگاندن بکەین، ئەوا دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور لە خوار رەوشتی سەربازیشەوەن. ئەمانە سیاسەت وەکو درۆ و خیانەت، هەروەها کاری سەربازییش وەکو میلیشیا پیادەدەکەن. کاری دزیی و قاچاخچێتی  وڵاتفرۆشییان تێکەڵ بە سیاسەت کردووە ، بازرگانی بە خوێن و چارەنووسی گەڵیکەوە دەکەن. کوڕەکانی جەلال تالەبانی و کوڕەکانی شێخ جەنگی، لە سەرو ئەوانیشەوە بنەماڵەی بارزانی چونکە شۆردراونەتەوە لە هەموو رەوشتێکی جوانی، ناتوانرێت کردار و کارەکانیان پێناسەیەکی لۆژیکیانەیان بۆ بکرێت و لە نێو هیچ فەرهەنگێدا پێناسە بکرێن! تەنانەت ئەمانە وەکو مافیاش نیین، تا بەوانیان بچوێنین، مافیا موڕاڵ و رەوشتیان بەرزترە لەم بەرپرس و بازرگانەی دەسەڵاتی پارتەکانی باشوور.
ئەوانەی کە ئەو رۆژە بە کۆدەتا پێناسە دەکەن، لە سەرەتاوە رەوا بە دەسەڵاتی لاهور دەدەن و مانەوەی لاهوریان پێ باشترە وەکو لەوانی تر، ئەمە بڕیاڕێکی یەکجار هەڵەیە، دوورە لە خواستی ئەو دەنگانەی کە دەیانەوێت ئەم دەسەڵاتە بڕوات نەمێنێت. لایەنگیریی بۆ لاهور یان هەر بەرپرس و کەسێکی ناو ئەو دەسەڵاتی باشوور ددان پێدانانە بەوەی کە ئەمیان لەوانەی تر باشترە. ددان پێدانانە بەوەی ئەمانە بە شێوەیەکی دیموکراتیانە لە رێگای دەنگدان و رەزامەندی خەڵکەوە هاتوون و گەندەڵی و پیسخۆریی و دزییان نەکردووە، وەکو بنەماڵەی بارزانی ناپاک نیین. ئەوەی دەنگ بە هەر کامێکیان بدات وەک ئەوە وایە کە بڵێت فڵانە بەرپرس و سەرکردە کەسێکی دڵسۆز و نیشتیمانپەروەرە.
بەداخەوە چەند بەڕێزێک لە گەرمەی رووداوەکاندا و لەبەر هەر هۆیەک بێت لایەنگیری خۆیان بۆ لایەنێکی ئەوانە دەربڕی، کە ئێمە دەتوانین لە سێ خاڵدا هۆکارەکان کۆ بکەینەوە.، کە لەم بەشەدا هۆکاری یەکەم باس دەکەین و لە بەشەکانی تردا باس لەوانی تریش دەکەین.
یەکەم: رقی زۆری خەڵکی بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی، کە ژمارەیەکی زۆر چوونە پاڵ لاهور، پێیان وایە لاهور و براکانی دژی پارتیی و بنەماڵەی بارزانین، ئەمە لە کاتێکدا پەیامنێری کوردستانپۆست ئەو نهێنییەی بۆ ئاشکرا کردین، کە کوڕەکانی شێخ جەنگی، بەتایبەتی لاهور شێخ جەنگی، چەندین جار هەوڵی نزیکبوونەوە و نێوانگەری داوە، تەنانەت لە کاتی دانانی پاڤێل و لاهور وەک هاوسەرۆکی یەکێتیی، کە مەسرور تەنیا پیرۆزبایی بۆ پاڤێل ناردبوو، لاهور بەمە نیگەران بووبوو، وتبووی من هەرچی هەوڵیکم داوە، نازانم بۆچی منیان بلۆک کردووە، ئەو بەڵگە ڤیدیۆیانەی خواریشەوە دەیسەلمێنێت، کە شەش کورەکەی شێخ جەنگی هیچیان کەمتر نییە لە بنەماڵەی بارزانی و کوڕەکانی تالەبانی، هەموویان دروستکراوی یەک کارخانەی خیانەت و ناپاکین، هەر یەکە سەرێکیان بە دوژمنی کورد و داگیرکەرانی کوردستان گرێداوە.لە هەموو کارێکدا دژی گەلی خۆیان هاوڕێ و هاوتەبان، لە دزین و تاڵانییدا شەریکە بەشن. لە خیانەت و وڵاتفرۆشیی و ئازاردانی هاوڵاتییان و خەڵکی کوردستاندا زۆریان نەکردبێت، کەمیان نەکردووە.
بڕوانە قسەکانیان، کە هەموویان بێ جیاوازی دروستکراوی یەک کارخانەی خیانەتن، بە خشکەیی وازیان لە کەرکوک هێناوە.

لەگەڵمدا بن بۆ بەشی دووەمی باسەکەم.

کەمال جەمال موختار