TEVDA Press

ئەیهان سەعید

چیرۆکە تراژیدیەکەی پیاوە مەزنەکەی بادینان

| Thursday, 08.19.2021, 08:15 AM |


ئەمە بۆ مێژوو دەڵێم
یەک ساڵ بەسەر زیندانکردنی م. بەدەلدا دەربازبوو
مامۆستا بەدەل بەرواری کێیە ؟ چۆن و بۆچی زیندانیکرا ؟ بۆچی دوای بڕیاری ئازادکردنی لە لایەن دادگاوە مەسرۆر بارزانی نەیھێشت ئازاد بێت ؟ بۆچی دۆخی تەندروستی تێکچویە ؟
کاتژمێر ٤ی ئێوارە بوو لە ماڵەوە لە گەرەکی نزارکێی دھۆک لە ماڵەوە لەگەڵ مێوانەکانم دانیشتبوم، ئومێد بەرۆشکی ئاموزام کە رۆژنامەنوس (ئەویش ساڵێکە لە زیندانی ئاسایش دایە) پەیوەندی پێوە کردم و وتی: “ئەیھان وەرە بچینە ماڵی مامۆستا بەدەل بەرواری ھێزێکی مکافحە چوە سەر ماڵیان و لە جیاتی مامۆستا کاک ئاری کوڕە گەورەکەیان بردوە و دەستی کاک کاوەی کوڕە بچوکەکەیان شکاندوە”.
ھەر وەکو بڵێیت ھێزە ئەمنیەکان لە چاغی بەردیندا دەژین و بە عەشایری لە جیاتی م.بەدەل کوڕەکەیان بەدیل گرتوە.
پەیوەندی بە م.بەدەل کرد بەردەست نەبوو، بۆ م.دڵشادم کرد کە پێکەوە لەگەڵ م. شڤانی برام چۆبونە شێلادزی بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری مەدەنیانە لە بادینان، م.بەدەل لە گەڵیان بوو بابەتەکەم بۆ رونکردەوە لەبەر کوڕەکانی بێ تاقەت بوو، وتم: مامۆستا خۆت مەدە بە دەستەوە نیەتیان باش نیە، ئەو زۆر ئازایانە وتی: “من چۆن کورەکەم بەتەنیا بەجێ دێڵم، بێ منەتانە دەچمە بەردەم ھێزە ئەمنیەکان و دادگا.
پێش کاتژمێر ٧ی ئێوارەی ھەمان رۆژ ئاگاداریەکمان بڵاوکردەوە کە خەڵک بێتە بنکەی پۆلیسی نەوروز بۆ ئەوەی نەھێڵین م.بەدەل دەستگیر بکرێت، کە چۆمە ئەوێ تەنیا سێ مامۆستا ھاتن ئەوانیش مامۆستایان دڵشاد گوھەرزی (دوای شەش رۆژ دەستگیر کرا)، م.شڤان سەعید (شڤانی براشم شەش ساڵ حوکمدرا) و م.رێبەر ئێمینکی بون.
م.بەدەل لەگەڵ حەمدی پارێزەری برای و ئومێد بەرۆشکی ھاتن بۆ ئەوەی کاک ئاری کوڕەکەیان ئازادکەن، بەداخەوە لەوێ م.بەدەل و ئومێد بەرۆشکی دەستگیر کران.
کوتا جار کە روخسارە نورانیەکەی م.بەدەلم بینی لەگەل کاک ئومێد لە ئوتومبێلی پۆلیسدابوون بەرەو زیندانی زڕکای دھۆک بران، دەستی بەرزکردوو و وتی: “بە خەڵک بڵێ شانازی دەکەم لەسەر مافی خەلک زیندانیم دەکەن، بس ئێوە بدەنگ نەبن”.
کاک ئومێدیش کە گەنجێکی بوێرو حەماسی بوو (ئەویش لەسەر بڵاوکردنەوەی وێنەی ھەڵکوتانە ھێزە ئەمنیەکان بۆ سەر ماڵی م.بەدەل ساڵێکە لە زیندان دایە) وتی: ئازادی ئازادی. ئوتۆمبێلەکان ئەوەنە بە سەریعی رویشتن ھەوەکوو دوو سەرکردەی داعش یان بەرپرسی گەندەڵیان رفاندبێت رویشتن.
لەو بنکەی پۆلیس بۆ ماوەیەک دەستگیرکرام کە ئەو دیمەنانەم ڤیدیو کرد دواتر موبایلەکەم حجز کرا.
دوای ماوەیەکی زۆر بێ ھیچ بەڵگەیەک مامۆستا م.بەدەل لە زیندانی دھۆک، لە رێکەوتی ٦/١٠/٢٠٢٠ دادگای دھۆک بڕیاری ئازادکردنی م.بەدەلیان دەرکرد، بەڵام ھێزە ئەمنیەکان لە ترسی گەورەیی و پێگە جەماوەرییەکەی حسابیان بۆ دادگا نەکرد و ئازادیان نەکرد، بەپێ زانیارییەکان ئەو بڕیارەش بە رێنمایی خودی مەسرۆر بارزانی بوو بۆ رێگێری لە درستبوونی خۆپیشاندانی مامۆستاو فەرمانبەران لە بادینان، دواتر نەقلی زیندانی ئاسایشی گشتی ھەولێر کرا.
ئێستا م. بەدەل ٤٠ کیلۆی کێشی لەدەست داوە و ببینن نایناسن !
ئەمە ساڵێک تێپەڕی لەسەر دەستگیرکردنی م. بەدەل ئێستا ئەو مرۆڤە مەزن و کەشخەچیە کە بەردەوام خەباتی کردوە بۆ خاک و وڵاتەکەی دوای زیندانی تاکەکەسی (انفیراد)ی گواسترایەوە زیندانێکی ٥٠ مەتری کە بەپێ ئاستی ستاندارد دەبێت تەنیا ٣٠ کەسی تێدابێت، بەڵام ئاسایشی پارتی ١٣٥ کەسی تێدا جێگیر کردوە کە شوێنی م. بەدەل پڕە لە تلیاک خور و بکۆژ و مرۆڤی نەخوش، ئێستا ٤٠ کیلۆی کێشی لەدەست داوە و کە کەسوکارەکەیان چۆبونە مواجھەی نەیان ناسیبوو و لەھۆش خۆی چۆبون!
تاکە تاوانی م. بەدەل ئەوەیە کە داوای مافی مامۆستاو فەرمانبەرو ھاوڵاتیانی کردوە، ئەو پیاوێکی مەزن و بوێر و خاوەن جەماوەرە، دەستەڵاتی ناوچەکە ھەرچی بەرژەوەندی و پلەو پۆست ھەبوو خستیانە بەردەم ئەو پیاوە پاک و خۆڕاگرە لەپێناو عیزەت نەفس و مافی خەڵک رەتیکردەوە، پێویستە گشت لایەک لەسەر ئەو و زیندانیانی بادینان بێنە سەر خەت.
تکایە تکایە مامۆستا بەدەل بەرواری بەتەنیا بەجێ مەھێڵن!

ئەیهان سەعید