لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

لولە گووڵەبەڕۆژە

Wednesday, 09.01.2021, 10:36 AM


بەر لەوەی حزب خۆی دامەزرێ من باسم لێوە ئەکرێ. هەر لە یەکەم دانیشتنی ئەندامی دامەزرێنەرانی سەرەتای دروست بوونی حزبەوە. ئەو دمەی بیرۆکەی پێنج شەش کەسەکەی یەکەمی حیزب، کە لە چایخانەیەکی مەنفا یان ژێرزەمینی ماڵێک، لە دادەنیشتنێکدا گەڵاڵە ئەبێت. هەر ئەو دەمە بڕیار لە شکڵ و شێوەی سەرەکی من ئەدەن. من کە باسم لێوە دەکرێ، جارێ حزب نە بارەگا و نە چەک و نە ئەندام و نە ناکۆکی و نە پەیوەندی و ...هتد، حزب جارێ هیچی نیە. تەنانەت ئەو پێنج شەش کەسەی یەکەمیش جارێ ئەسپێ لە باخەڵیاندا سەوزەڵێ خانم ئەڵێت.
من بۆ ئەوە دەنووسرێم تا لای هەموان ڕوون بێت شێوە و شکڵی حزب چۆن ئەبێت؟ سەرۆک و سەرکردایەتی و بنکردایەتی ماف و ئەرکییان چیە؟ گەر ئەندامێک کێشەی لە گەڵ سەرکردایەتی هەبوو چارەی چیە؟ گەر سەرکردایەتی و سەرۆک کێشەیان هەبوو چارە چیە؟ ئەی ئەگەر خودی سەرۆک کێشە بوو بۆ حزب چی بکەین؟ من هاتووم هەموو ئەوانە رێکبخەم؟
من زۆر گرنگم بۆ حزب، ئەتوانم بڵێم قورئان و ئینجیلی حزبم. هەر کاتێ حزب هانای بۆ بردم، کێشەی نابێت، بە مەرجێک، بە فێڵ و تەڵەکە سوێندم پێ نەخۆن. هەرچ کاتێکیش حزب فەرامۆشی کردبم ئەوا ئەبێت بە پاشا گەردانی، یان بە پاشا دیکتاتۆری.
من کاتێ ڕەشنووسی یەکەمم ئەنووسرێت، حزب هێشتا یەکەم کۆبوونەوەی فراوانی خۆی نەبەستووە. من کە ئەشنووسرێمەوە، تیامدا ڕەچاوی پێویستییەکانی کۆمەڵانی خەڵک و مافەکانی مرۆڤ و یەکسانی و عەدالەت و بێروباوەڕی دامەزرێنەرانی حزب ئەکرێت. من لە شێوەی دەستورم و بە چەند یاسایەکی گشتی دەست پێ دەکەم. دواتر لە کۆنگرەدا وردەکاریم بە کۆی دەنگ ئەنووسرێتەوە و گۆڕانکاری پێویسم تیا ئەکرێت و ئەنجا دەنگم لە سەر دەدرێ و دەبم بە پاکنووسی دەستوری حزب.  من مەفرووز وایە لەم ساتە بە دواوە کەس لێم لا نەدات و دەستەیەکیش بۆ چاودێریم دابنرێ.
هەر منیشم بڕیار ئەدەم سەرۆک چۆن بێت و چی بێ؟ ئەرکی چیە و مافی چیە؟ ئەندامی خوار ئەویش تا ئەگاتە بچوکترین ئۆرگان و ئەندام، ماف و ئەرکیان چیە؟ هەر منیشم ئاڵای حزب و ڕەنگی حزب و دروشمەکانی دیاری ئەکەم. لە حزبی ڕەسەن و چاکدا هەمیشە لە سەر زاری سەرۆک و ئەندامانم و بۆ شاهیدی بانگم ئەکەن. هەتا من داوەری ڕاستەقینە بم و هەتا لە پشتی منیشەوە فێڵ و فەرەج نەکرێ، حزب نە سەری ئەیێشێ و نە پشتیشی ئەشکێ.
بەڵام داخەکەم تاقە کێشەیەک کە من هەمە دەست و دەم و قاچ و چاوم نیە. تاوکو ستەمکار و ستەملێکراو جیابکەمەوە. چونکە من کاغەزی ڕووتم، تەنها مەرکەب وتایپەکانم، زمانی قسەکردنی منن. من گەر پاسەوانی باشم نەبێ و لە دەستێکی ئەمیندا نەبم و زوو زوو هانام بۆ نەبردرێ، حاڵی حزب هەر وەکو دەوارە شڕەکەی بەر با ئەبێ. حزب هەمێشە خەریکی قڕقڕ و یەکترنانەچاڵ و پاشقوڵ گرتن و جیابوونەوە و دوو لەت بوون ئەبێت. جاران ئەو دەمەی سەرۆک و ئەندامانی باڵای حزب، لە گەڵ خوارەوە، لە یەک لەگەندا دۆیان ئەخواردەوە، ئەو کاتانەی ژوورە قوڕینەکەی سەرۆک چەند هەنگاوێک لەولای پێشمەرگەکانەوە بوو، من پیرۆزتر بووم لە ئێستا. ئەو دەم هەر ئەندام و پێشمەرگەیەک کۆپییەکی منی لە گیرفاندا بوو. هیچ کاتێکیش نە لە بۆنی ئارەقەی بن باخەڵی وەڕس ئەبووم، نەو فیشکەش کە بە جەستەیەوە منیشی قوناودەر ئەکرد ئەترسام، دەی ئاوهایە پەیمان و پەیڕەو و پیرۆزی. ئەو دەم نەک کێشەی ناو حزبم چارەسەر‌دەکرد، بگرە هەندێ‌ جار بۆ چارەسەری قڕە و بڕەی سەر کانی ژنان و شوان و گورگیش‌ دەستم ئەدا.
وەلی ئێستا...هەر لە یەکەم تەقەی ڕاپەڕینەوە من لە بیرکرام و بڕگەی مافی مرۆڤم پێشێل کرا. ئەو دەمەی سەرۆک و ئەندامانی باڵاش فێری قات لە بەرکردن و ڕیزە ئۆتومبێل و هەزارن حیمایە و سەفەری وڵاتان و بیرە نەوت ...هتد بوون، ئیتر بڕگەی دادپەروەری کۆمەڵایەتیشم ئێوە خۆش. وردە ورد وای لێ هات سەرۆک و ئەندامانی باڵا ژنی یەکەم و دووەم و سێیەمیان هێنا، ئیتر ‌بڕگەی مافی ژن و یەکسانیشم فەرامۆش کرا. کاتێکیش حزبەکەم خۆی تێوەگلا لە خیانەتە گەورەکان یاخود چاوی پۆشی لە خیانەتی ئەوانی دیکە و دوژمنی شاردەوە و حەواندنییەوە، یاخود بەڕەڵای کردن یانیش کردنی بە دەستەی یەکەمی ئەندامانی حزب، ئیتر بڕگەی نشتیمان پەروەریشم هەر ئێوە خۆش. ئەو کاتەشی حزبی مارکسیم لە گەڵ ئیسلامیدا نوێژی کرد و سۆشیال دیموکراتم خەریکی عەشیرەت و خێڵ و تەکییە و مەرقەد ئاوەدان کردنەوە بوو و دیموکراتیشم زمانی ڕۆڵەی خۆی بڕی و توندی کردن لە زینداندا و ئیسلامیشم باوەڕی بە پارلەمان و هەڵبژاردن هێنا، ئیتر هەموو هێڵە گشتییەکانم پێشێل کرا و هیچ قیمەت و حورمەتێکم نەما.
ئێستا من لە ناو حزبی کوردیدا، ساڵانە بە سەدان هەزارم لێ چاپ ئەکرێ، بە قەبارەی جۆراوجۆر. بەڵام بە هەر هەموومان هێزی شەکرێکی شکاوی دەمی سەرۆکمان نیە، کە بە سەرخۆشی ئەیشکێنێت. حزبی کوردی هەر وەکو عادەت و مۆدە چاپم ئەکەن، وا ئەزانن ئەبێت هەبم و هیچ پرسێکیشم پێ نەکەن. تەنها سەر ڕەففەکانم پێ پڕ ئەکەنەوە. من زۆرم ڕق لە سەر ڕەفەی مەڵبەند و ناوچە و مەکۆکان و بارەگاکانی دیکەیە. ئاخر ئێوە نازانن کاتێ کارگوزارەکان بیریان ئەچێت بمانتەکێنن تۆز ئەمانخوات. هەر هەموومان تووشی تەنگە نەفەسی بووین. ئێمە ئەمڕۆ لە زەرەری حزبین، چونکە نە کەس ئەمانخوێنێتەوە و نە کەس حیسابێکمان بۆ ئەکات. سەرۆک و ئەندامانی باڵای حزب چییان بوێ ئەوە ئەکەن، لە سەر چیش شەڕ بکەن، ئەیکەن. ڕەنگە ئێمە لە جیاتی ئەوەی خۆمان بووینایە، کلێنکسی لوت سڕین یاخود لولەکی دەسڕەکاغەزی نێو توالێتەکان بووینایە بۆ پاشەڵ سڕین ، زۆر بەڕێزتر و بە سودتر بووینایە بۆ ژیانی خەڵک و حزب. گەر جاروبار ژنە گووڵەبەرۆژە فڕۆشەکانیش نەیانکردینایە بە لولە، ڕەنگه بارگاکانی حزب پڕ پڕ‌بوونایە لە ئێمە. هێشتا نازانن ئێمە کێین؟ ئێمە پەیڕە و پرۆگرامی حزبی کوردین!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟