لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شاخ و شۆڕش!

Thursday, 09.02.2021, 10:46 AM


بەشێک لە پیاوانی شاخ بە سەرکردە و پێشمەرگەی ئاساییەوە و بە چاک و خراپیانەوە شۆڕشی شاخ و نرکەی شاخیان هیێدە لا سوک کردین، وایان کرد، شەرم لە شۆڕشی ڕابردوشمان بکەین.. کوڕینە زۆر قورسە! کوڕەکەم کە دوای لە سێدارەدانی "سەددام" لەدایک بووە و هەمو کتێبی یاداشت یان فەزیحەتنامەکانی شاخی لەبەردەستە، هەرچەندی من دەڵێم کورد لەم باشورە لە سەردەمی مەلەکیەوە لە شۆڕشی سەربەخۆخوازی و ئازادیدا بەردەوام بووە.
ئەویش بۆ شاردنەوەی بزە گاڵتەجاڕیەکەی بە ئەقڵ و سۆزی باوکی، چەناگەی بە سینگیەوە دەنێ و لە شەرمی کوڕێک بۆ باوکێک دەڵێ، دەزانم تۆ بە خوێنی یەک پێشمەرگەی دڵسۆز هەمو شۆڕش و پێشمەرگە و سەرکردەکان لەوپەڕی دڵسۆزیدا دەبینی و کدوراتی دڵت دەشۆیەوە. ئەو تا پێکەنینەکەی تەواون نەبێ، چەناگەی لەسەر سینگی و سەری هەڵنابڕی، نەوەک بێڕێزی بە هەستە خۆفریویەکانی باوکی بکا.  
من دەڵێم ئەها فڵان پێشمەرگەی پشت لە شار و ڕو لە شاخ ماڵ و منداڵی جێهێشت و لە بن فڵانە بەرد بۆ کوردستان خوێنی ڕشت، ئەو کوڕەم هەر لە گۆترە لەناو ئایفۆنەکەی لاپەڕەیەک لە یاداشتنامەی پێشەرگەیەک هەڵدەداتەوە و پەرەگرافێک دەخوێنێتەوە و هیشتا سەری لەسەر کتێبەکەیە و دەڵێ، سۆزی تۆ بۆ شۆڕشی شاخ فێل لەخۆکردنە و زۆر بە داخەوە ئەو پێشمەگەیەش فێڵلێکراوە.
من توڕيە دەبم و باسی وردودرشتی ئەوپەڕی جوانیەکانی خەباتی شاخ و خوێنی شەهیدان و ئەوپەڕی ناشیرنیەکانی بە عس و تەعزیبی مرۆنەکردە بۆ تەنزیمی داخیلی و ئەنفال و کوردکوژی و تێکدانی سەدان گوندی کوردستانی بۆ دەکەم. ئەو بە شەڕی براکوژی و کوردکوژی و دیلکوژی وەڵامم دەداتەوە.. ئەی خودا چی بکەم، کە لێی نابەمەوە!
کۆڵنادەم و نابێ کوڕ لە باوکی بباتەوە. من کتێبخانەکەم شڕوشیتاڵ دەکەم و لە هەر کتێبێک لاپەڕەیەکی سور بە خوێنی دڵسۆزترین پێشمەرگەی شاخ دەردێنم و دەمەوێ بە دەموچاویدا بدەم. ئەو کوڕە بێعارە ئایفۆنەکەی دەردێنێ و بە کلیکێک تەواوی ٣١ی ئاب و ١٦ی ئۆکتۆبەر دەخاتە بەر دیدەم. من هێشتا کۆڵنادەم و دەمەوێ بچمەوە سەر کتێبخانەکەم و گەشترین خوێنی دڵسۆترین پێشمەرگەی نیشان دەدەم. ئەو لە پشتەوە سەر لەسەر مۆبایل بانگم دەکا و دەڵێ وەرە با بە کلیکێک هەکاری و قڕناقە و پشتئاشانت پێ نیشان دەم.  زانیم ئیدی  لە دۆڕانم.
دەماری پیاوەتی دەمگرێ و چۆن دەبێ کوڕ لە باوک بباتەوە!  ویستم تەکانێک بدەمە بەر خۆم و کتێبێکی باشتر لە ستایشی شۆڕشی کورد ببینمەوە، دەستی گرتم و لە جێی خۆم داینیشاندم و گوتی وەرە، با من گریانی پێشمەرگەت لەوپەڕی هێزەوە لە چەککردنیان پێ نیشان دەم. من ڕکەم کرد و ئەو گوتی ئەیلول و حەفتاو چوار و هەندێ قسەی ناخۆشی تر. ئیدی مەفەرم نەما و خراپ دۆڕام و دڵۆپێک فرمێسک پێش ئەوەی بڕژێ، کوڕەکەم سڕیەوە و گوتی، بابە بمبورە بەس چیتر هێلکەکانت مەخەرە سەبەتەی سۆزەوە. ئێوە بڕۆن و ئێمە هەین.. ئێوە بڕۆن و ئێمە دێین!
یەکەم جارم بو بە کوڕەکەم بدۆڕێم، دۆڕانێکی زۆر قوڵ..من چوم خەوتم و پێش نوستن نزام کرد، خودایە! با سەرکردەکانی دوێنێی شاخ ئیفلیج بن و دەست و پەنجەیان بشکێ و چیتر کتێبی یاداشتەکانی خۆیان نەنوسنەوە. خودایە با پارتیش هیندەی یەکێتی شەپڕێو نەبێ، نەکا ترسی دەیان ساڵەیان لەسەر هەڵسێ و کەسەیاتیەکانیان ئازاد بن و فەزاحەتە هەرە گەورە و قوڵەکانی ئەیلول و گوڵان و دوای ڕاپەڕینیش و پەیوەندیان بە بەعس و تورکیاوە لە کتێبێکدا بەیان نەکەن!
دیارە کە دڵخۆشکەرە کوڕەکەت لە تۆ هەورازتر بێ، بەڵام لەسەر حیسابی شۆڕش و هەستی نیشتیمانی هەرگیز نا. تکایە چیتر مەنوسن و حەیای شۆڕش مەڕژێنن و لەوە زێتر خۆتان و شۆڕش سوک مەکەن. من بەو دۆڕاویەشم بەرامبەر کوڕەکەم هێشتا چیرۆکی پێشمەرگەیەکی شەهیدی کۆمەڵەم  لایە و لە پێناوی نیشتیمان و عەشق و دوا دیتنەوەی دایک و باوکی، دوا فیشەکیشی بە بەعسەوە نا،دەیزانی کە بێ دوا فیشەکی خۆکوژییش، دەتوانێ لەو ڕوبارە خۆی بخنکێنێ و هەو واشی کرد و خۆشی لە ڕوباری "کۆدەرە"  خنکاند. من دەمەوێ دوای سێچوار ساڵی تر  ئەم چیرۆکە بۆ کچە شەش سالانەکەم بگێڕمەوە و لەگەڵ کورد و شۆڕشەکەی ئاشنای بکەمەوە.
تکایە هیج کەس لە شۆڕشگێڕەکان هیچ نەنوسن و لێمی تێکمەدەن، با دوا منداڵم بە کورد و شۆڕش ئاشت بکەمەوە، گەر لە ڕێی شۆڕشیشەوە نەبێ، با لە ڕێی چیرۆکی ئەدەبیەوە لەگەڵ خۆی وەک بەچکە کوردێک ئاشتی بکەمەوە.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟