TEVDA Press

دلێر محەمەد نوری

بانگەشەی حزبەکانی دەسەڵات... (لە یاریگاوە بۆ هۆڵی پاش هێلانە)

| Saturday, 09.11.2021, 09:07 AM |


ئەگەر لە کۆڕۆنا بپرسیت: ئایا بۆ بانگەشەی ئەم هەڵبژاردنە، لە یاریگایەکی فووت بۆڵێنەوە، دەست پێبکەین یان لە هۆڵێکی داخراودا باشترە؟ ئەوا مام کۆڕۆنا بێ یەک و دوو ئەڵێت: نەخێر سەرۆک هەم بۆ خۆت و هەم بۆ دەنگدەرانیش، وا باشە لە گۆڕەپانێکی کراوەدا بانگەشە بکەن. کەمێکیش مەسافە جێ بهێڵن، چونکە من بە هەناسەدا ڤایرۆسەکانی خۆم ئەنێرم، زۆرم حەز لە شوێنی داخراوە.
گەر لە سەرۆکیش هەمان پرسیار‌بکەی، لە وەڵامدا ئەڵێت: نە کاکە گیان گۆڕەپانی چی؟ بۆ ناتەوێ حەیامان ببەی! من هەرچی پێشمەرگە و چەکدار و خزم و کەس و کار هەیە، شارەوشار‌ بە کۆستەر ئەیانگێڕم، ئەنجاش بەشی کورسییەکانی ‌سینەما سیروانی جاران، جەماوەرم بۆ کۆناکرێتەوە. کۆڕۆنای چی و کێ بیری کۆڕۆنای هەیە؟ لەو خەڵکەی ئێمە دڵسافتر نیە، یەک وتاری حەماسی و باسکردنی ڕابردوو و هەندێک فیتنە و مشتێ بەڵێنی درۆ و یەک دوو تانە لەم و ئەو، نەک کۆڕۆنا هەرچی ڤایرۆسە بە خۆشمانەوە لە بیریانی ئەبەینەوە.
کامە هۆڵ بچوکە ئەوە بگرن، چەندێک دانیشتن، با دوو ئەوەندەش بە پێوە بن. مکەبەرەی گەورە گەورە، لە هەر سوچێکی هۆڵەکەدا...کە قیژاندم بویاغی هۆڵەکە وەکو توێکڵە پیاز هەڵوەرێ و قژ ڕەپ بکات بۆ سەرەوە  و دەم داچەقێنێ. بیرتان نەچێ بە کامێراکانیش بڵێم بۆ چەپڵە بگەڕێن و لە نێوان هەر چەپڵەیەکیش زووم بخەنە سەر من و بە خێراییش ‌کانیدەکان. پێشیان بڵێ حەیامان مەبەن و کورسی چۆڵ دەرنەخەن. داخم ناچێت بۆ هەڵبژاردنەکەی ٩٢ یاریگاکەش بەرگەی نەدەگرت، سەربان و چەند گەڕەکێکی ئەودیویش پڕ بوون لە خەڵک. جا با دەست پێ بکەین...
دەنگمان بدەنێ ئێمە تاکە ڕزگارکەرین. ئێمە نەبووینایە ئێستا شتێک نەمابوو بە ناوی کورد. خۆ بیرتانە چۆن کردمانن بە خاوەنی تاپۆ ڕەشەکە. ڕاستە نایشارمە ٥١٪ی خاکمان لە دەستدا. وەعد بێ دەرچووم لە جێی ئەوە ٧٥ بگەڕێنمەوە. ئەزانم توڕەن چونکە لە  ٣٠ ساڵی ڕابروو کەمێک خێزانیانە و تاکڕەوانە بڕیارمان داوە. باوەڕ بکەن حزب خۆی ئەوەی ویستووە، بەڵام وەعدی پیاو بێت، دەنگم بدەنێ ژیانی حزبی رێکئەخەینەوە و تەنانەت ڕۆڵ ئەدەینە چایچی بارەگاکانیش. ئەزانم توڕەن لە وەزعی دیموکراتی و ئازادی و زۆرێکیش لە زیندانن. بەڵێن بێت دەنگم پێ بدەن زیندان نەهێڵم و کارێک بکەم هەموو دڵ خۆش بن بە ویست و ئازادی خۆتان، هەموو شارەکان بکەین بە زیندانی گەورە گەورە و ئێوەش ئازاد بن لە نێو ئەو زیندانە گەورانەدا، ڕۆژەکانتان ئەکەم بە ڕۆژی حەشر، هەر چۆن وتوویانە الحشر مع الناس‌ عیدُ، ئاوا منیش ڕۆژگارتان هەموو ئەکەم بە چەژن. تو ویژدانتان کێ هێندەی ئێمە کوردستانیە؟ ئەزانم ئێستا ئەڵێن  لە هەر پارچەیەکی کوردستان شۆرش هەبێ ئێوە سەرتان خواردووە. بەڵێن بێ ئەمجارە دەنگمان پێ بدەن، تاپۆی ڕەش بۆ هەر چوار پارچەکە وەرئەگرین. باش بوو بیرم کەوتەوە ڕاستە گەندەڵی هەیە تەنانەت خۆشم کردوومە، بەڵام بیرتان نەچێت ئێمە توانیمان نەوت و ئابوری لە ژێر چنگی داگیرکەر دەر بهێنین و ئابوری سەر بە "خۆم" دابمەزرێنین. بەڵێن بێ  ئەمجارە دەنگمان پێ بدەنەوە ئابوری ئەکەم بە سەر بە "خۆتان" ئەوسا بە دۆلار ئەڵێن، بە دینار ئەڵێن، بە تمەن و لیرە ئەڵێن، ماڵی خۆتانە چۆتان ئەوێ ئاوا بیفرۆشن...باوەڕ ناکەم دوای ئەمانە دوو دڵ بن لە دەنگدان بە ئێمە.
...ئێمە ئەو حزبەین لە یەکەم وشەی ناوەکەمانەوە دیارە، کە یەکین، کۆکەرەوەین، ڕاستە لە ڕابردوودا چەند باڵێکمان بە هۆی ناکۆکی بیرکردنەوە و شەخسی هەڵوەرین، ڕاستە هەر دوێنیش باڵێکی دیکەمان هەڵوەری، بەڵام باوەڕ بکەن گەر ئەمجارە دەنگمان بدەنی، هەرچی باڵە ئاشتی ئەکەینەوە. هەرچ باڵێکیش پیمان ڕازی نەبوو، هاوکاری ئەبین، شیشێک باڵی برژاوی دەدەینێ و لە گووڵ کاڵتری پێ ناڵێین. خۆ بیرتانە کاتێ برادەران چەکیان دانا، ئێمە هەڵمانگرتەوە، کە وڵاتیشمان ڕزگارکرد بانگمان کردنەوە. ڕاستە ئێستا ئەوان بوون بە برا گەورە و هەر دوێنێش بڕیارمان دا بە بێ ئەوان دەست نەخەینە ئاو. بەڵام خەتای ئێوەیە، دە دەنگمان بدەنێ بزانن چۆن دەبینەوە بە برا گەورە و حەقی بەر و دوا ئەکەینەوە. باڵانسمان دابەزیوە، بیرتان نەچێت بۆمانی پڕ بکەنەوە. ئەو ئازادی ودیموکراسی و مافی مرۆڤەش کە بووبووە وێردی سەر زمانمان، ڕاستە لە پاشە کشێیەکی گەورەدایە، بەڵام بەڵێن بێ ئەگەر دەنگمان پێ بدەنەوە، ئازادییەک فەراهەم بکەین مۆزەنبیق و سۆماڵ بە نموونە باسمان بکەن. ئەزانم ئێستا بارمان لارە هەندێ برادەرمان کار بۆ ئەم و ئەو ئەکەن و هەندێکیشمان بە کلیپەوە گیراون، هەندێکیشمان بە دەرمانی خراپ‌ و هەندێکیشمان خۆیان ئەیکێشین. بەڵام بەڵێن بێت ئەمجارە دەنگ بێنین هەمووی چارە ئەکەن و هاککەر ئەهێنین، کلیپەکان ئەسڕینەوە و تا ئەو کاتەش دەرمانەکان سەرف ئەبن و ئیتر نە قاچاخ و نە دەرمانی ئێکس پایەر و نە گەندەڵیش هیچ کامێک لەمانە و بەم شێوەیە ناهێڵین، زۆر بە شەفافی قاچاخی و گەندەڵی ئەکەین.
...دەنگ بدەن بە ئێمە کە حەز‌ناکەین یەک جۆر بەرگ لە بەربکەین و بە یەک ڕیتم بڕۆین، ئێمە حەزمان لە گۆڕانکاریە. سوێندتان ئەدەین ئێمە نەبووینایە کێ هەبوو بەم فیرعەونانە بڵێ نەخێر. ڕاستە ئێستا ڕۆژی هەزارجار، ئەوان بە ئێمە ئەڵێن نەخێر. بەڵام بەڵێن بێ ئەمجارە دەنگمان بدەنی، ئەمەنەتان مۆم بۆ دائەگیرسێنین، هەموو ڕۆژێکتان ئەکەین بە عید میلاد. هەر ڕۆژەی ئاڵایەک، هەر ڕۆژەی ڕەنگێک، هەر ڕۆژەی بەزمێکی تازەتان بۆ ئەخوڵقێنین، کارێک ئەکەین بێزار نەبن ئەمەندە ژیانتان لە گۆڕانکاریدا ئەبێت. ڕاستە ئێستا شەریکی سەرچەتەکانین بەڵام بیرتان نەچێت بۆ ئەوەمانە داتاکان کۆبکەینەوە و گەر دوای ئەم دەنگانە دەنگ بهێنین شەرت بێ هەمووی بدەینەوە بە چاویاندا، دەنگمان بدەنێ و رزگارمان بکەن لە شەریکی چونکە شەریکی واتا خەریکی.
گەر ئەم حزبانە بەم پاشەڵەوە
لە نێو هۆڵی پاش هێلانە و
بەم بانگەشە فاشیلەوە
دەنگی زۆر بێنن وەکو جاران
وا دیارە ئێمە زۆر نەخۆشین
وەکو کەوەری گەنیو
هەر بۆ ناو قاورمەی ستەم باشین.
دلێر محەمەد نوری