لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

دە تێبینی بۆ هەڵبژاردنەکەی دەی ئۆکتۆبەر

Monday, 09.20.2021, 12:52 PM


یەکەم: مێژووی هەڵبژاردن لە کوردستان بەبێ تەزویر تێنەپەڕیوە. هەر لە تەزویری زیاد لە دەنگێک تا دەکاتە گۆڕینی سندوقەکانی دەنگدان و دوا هەڵبژاردنیش گۆڕینی کۆد و جیهازی دەنگدانی تێکەوت. هەموو ئەم کردە نەخوازراوانەی پرۆسەی تەزویر لە کوردستان بۆ خەڵک جۆرێک لە گاڵتەجاڕی دروستکردووە کە خەڵک پێی وایە بچی بۆ دەنگدان یان نا سودی نیە.
دووەم: نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا جیاواز لە دەسەڵات. هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات تەنها بە زمان لە دەسەڵات جیاوازن و زۆریشیان لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرامبەر بە دەسەڵات دەنگیان بەرز بوو دواجار گەڕانەوە بۆ باوەشی دەسەڵات. سەختە بەناو هێزی ئۆپۆزسیۆن بیت بەڵام جگە لە بەشداری لە هەڵبژاردنێکی چوار ساڵە زیاتر هیچ کەرەستەیەکی فشارت بەرامبەر دەسەڵات پێنەبێت. ترسی خەڵک لە ئێستادا تەنها خراپی ئەدای هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات نیە بەتەنها بەڵکو ترسە لەوەی کە بەشێک لەو هێز و قەوارانە دروستکراوی دەستی دەسەڵات بن ئەمەش بە مەبەستی کوشتن یاخود ڕێگەگرتن لە دروستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی کارا و حەقیقی لەم هەرێمە.
سێیەم: یەکێکی تر لە گاڵتەجاڕیەکانی هەڵبژاردن بۆ خەڵک بریتیە لەو مژدە و بەڵێنانەی کە بەربژێرەکان دەیدەن و خۆیان و خەڵکیش دەزانن کە ئەو جۆرە لە بەڵێن نە دێتە دی نە کاندیدەکان توانای ئەوەیان هەیە ئەم جۆرە لە مژدە و بەڵێن جێبەجێ بەکەن و تەنانەت نە لە توانای ئەوانیشدایە. مژدە و بەڵێنی قەوارە سیاسیەکان لە ڕابردوودا نەک هەر هیچی نەگۆڕی بەڵکو دۆخەکەی بەرەو خراپتر برد و متمانەی نێوان خەڵک و کاندیدی بەتەواوی نەهێشت.
چوارەم: خیتابی هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات و بەشێک لە چاودێران ئەوەیە کە بۆ ئەوەی دەسەڵات تەزویر نەکات باشترە بچین بۆ سندوقەکانی دەنگدان. هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەیانتوانیوە قەناعەت بە خەڵک بکەن کە ئەوان لە دەسەڵات جیاواز تر دەبن و بە شێوازێکی تری نوێنەرایەتیکردن ئاشنامان دەکەن. دەسەڵات زیندانی هەیە و هێزەکانی تر ناتوانن دەرگای زیندانەکان بە بەرپرسان بکەنەوە.چەند سەختە سندوقەکان تەنها لەبەر ئەوە پڕ بکەیت لە کارت بۆ ئەوە نا کە دنیای ئێمە باشتر بێت بەڵکو تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵات تەزویر نەکات. چەند سەختە بچی بۆ دەنگدان نەک بۆ باشتربوونی دنیای ئێمە بەڵکو تەنها لەترسی ئەوەی دەسەڵات تەزویر نەکات.
پێنجەم: خۆی هەڵبژاردن بریتیە لە گەمەی بردنەوە و دۆڕان. تەنها لە هەڵبژاردنی 2009 دا ئەگەری دۆڕانی کورسی دەسەڵات لەئارادابوو وە بەتەواوی دەسەڵات هەستی بەو مەترسیە کردبوو. بەڵام ئەم هەڵبژاردنە هیچ ئەگەرێک لە ئارادا نیە کە ئەم جۆرە لە حوکمڕانی بە هەڵبژاردن کورسیەکانی لەق ببێت و بەڵکو زۆرێک لە ڕاپرسیەکان پێمان دەڵێ کە ئەگەری ئەوە هەیە کورسیەکانی دەسەڵات نەک کەم نەکات بەڵکو زیادیش بکات. هەڵبژاردن لە دنیای ئێمە و ناوچەکە بۆخۆی جۆرێکە لە مانەوەی دەسەڵات لەسەر کورسی. ئەگەر هەڵبژاردن مەترسی بوایە بۆسەر دەسەڵات ئەوە لەمێژبوو هەڵبژاردن قەدەغە دەکرا. بێمنەتی دەسەڵات لە هەڵبژاردن خۆی بۆخۆی گرەنتی مانەوەی دەسەڵاتە و بۆ مانەوەشی لەسەر کورسی، لەڕێی هەڵبژاردنەوە شەرعیەتی پێ دەدات.
شەشەم: کورتکردنەوەی دیموکراسی لە هەڵبژاردنێکی درۆزنانەی چوارساڵە بۆ بەشێک لە خەڵک وەک ئیهانە دەبینرێ. زۆرێک وا دەبینن کە بە پەنجەمۆرکردنیان خەڵکانێک دەبن لە خاوەن سەرمایەیەکی زۆر و لەچەند خولی هەڵبژاردندا ئەمە تاقیکراوەتەوە و بەچاوی خۆمان بینیومانە. لە هەڵبژداردنەکانی پێشودا ئەم گاڵتەجاڕیەمان بینی. دەنگ دراوە بە کەسانێک کە کاسب بووە و عەرەبانەی پێ بووە، دەنگ دراوە بە ئافرەتانێک کە هیچ هونەرێکیان نەبووە جگە لە جوانی ڕوخساریان. ئەم کردە گاڵتەجاڕیە لای بەشێک لە خەڵک تەواو دەستی هەیە لە نابووتکردن و بێ بەهاکردنی دەنگدان لەم چەند ساڵەی دواییدا.
حەوتەم: یەکێکی تر لە ئیشکاڵەکان بریتیە لە قبوڵکردنی نەتیجە لە خولەکانی پێشوتردا. لە چەندین هەڵبژاردندا تەزویری وا ئەنجام درا و هیچ ئاسۆیەک نیە ئەمجارەش تەزویر ناکرێت و دواریش هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات نەتیجەکەیان قبوڵ کرد. بوونی تەزویری لەڕادەبەدەر وای لە خەڵک کردووە کە چوون و نەچوونیان وەک یەک بێت. هەڵبژاردنی 2018 باشترین بەڵگەیە. بەمانایەکی تر کە کەرەستەیەک نەبێت بۆ بەرگریکردن لە دەنگەکانیان و سنورێک دانەنرێت بۆ ئەوەی کە تەزویر نەکرێت و دەنگی هاوڵاتی بەهەدەر نەڕوا ئیتر وا لە خەڵک دەکات کە پێی وابێت دەنگی ئەو لە سندوقەکاندا پارێزراو نیە.
هەشتەم: داخوازی کورد لە کوردستانی عیراق کیان و سیادە و سەرورەی و خاک و شکۆ نیە بەڵکو ئەسڵەن کورد لە کوردستانی عیراق هیچی لەبەغدا ناوێت جگە لەنان و پارە. ئەمەش وادەکات کە ڕۆڵی کورد لە عیراقدا تەواو لاواز بێت و ئەمەش وادەکات هاوڵاتی کوردستانی عیراق هەست بە شکۆی خۆی نەکات. بچوکی داخوازیەکانی کورد لە لە بەغدا وای لە تاکی کورد کردووە بۆی گرنگ نەبێت کە کێ نانەکە دەنێرێ و موچە کێ دابەشی دەکات.
نۆیەم: چەند شەرمە چوار ساڵ لەمەوپێش خەڵک وەک مێگەل سەرە بگرن بۆ جیابوونەوە لە عیراق و پاسپۆرت و هەویەی عیراق بدڕێنن و بەغدا تەڵاق بدەن و موچەی بەغدا بە حەرام بزانن، کەچی لەم هەڵبژاردنە ڕیز ببەستن بۆ گەڕانەوە بۆ عیراق و شەڕکردن لەسەر کورسیەکانی بەغدا. ئەمەش کاریگەری گەورەی لەسەر شکاندنی شکۆی تاکی کوردی دروست کردووە و وای کردووە کە کورد لە کوردستانی عیراق و سەرکردایەتی کورد خاوەنی دید و تێڕوانینی خۆیان نەبن و دوژمنانی کوردیش هەست بەم بەتاڵیە دەکەن.
دەیەم: سەنگەرگۆڕینەوەی کاندیدەکان دوای هەڵبژاردن و گۆڕان لە دید و تێڕوانینەکان کاریگەری هەیە بۆ بێبەهاکردنی هەڵبژاردن. هاوپەیمانی هێزێکی وەک گۆڕان لەگەڵ یەکێتی و گەڕانەوەی قەوارەکەی بەرهەم ساڵح، تەواو خەڵکی لە پرۆسەی سیاسی و متمانە بە کارەکتەری سیاسی و قەوارەکان لاواز کرد. ئەو هێز و کاندیدانەی دوای ئەمانیش هاتن زۆر لەوە منداڵترن بتوانن دنیای ئێمە دەسکاری بکەن. ئەم هەموو گۆڕینی سەنگەر و نمایش و دەنگەدەنگەی دژ بەدەسەڵات دەکرێ جۆرێ لە بێتاقەتی دروست کردووە و وێنەیەکی لای خەڵکی کوردستان دروست کردووە کە هەمان دەم و چاون بەڵام تەنها زمانیان جیاوازە، ئەمەش ئەوەندەی تر بەهای بۆ هەڵبژاردن لای خەڵکی کوردستان نەهێشتۆتەوە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟