TEVDA Press

نیاز سەعید عەلی

ڕیفراندۆم، داواکارییەکی ڕەوا، بەڵام لەکاتێکی ناڕەوا و زەمینەیەکی شڕا !!

| Sunday, 09.26.2021, 11:48 AM |


پرۆسەی ڕیفراندۆمی خەڵکی کوردستان ، بۆ بڕیاردان لەچارەنووسی نەتەوەیی لە(٢٠١٧/٩/٢٥)دا، هیوا و خەوێکی دەیان ساڵەی نەتەوەی کورد بوو ، بەڵام بە نەزۆکیی و بە خەیاڵپڵاویی و لەسەر بنەمای میزاج و سەرکێشیی هەندێک سەرکردە ؛ وەکو بڕیارێک لەکاتێکی نالەباردا سەپێندرا ، لەکاتێکدا پێویست بوو لەڕووی هەلومەرجی بابەتیی و ناوخۆیی و دەرەکییەوە ؛ پێشتر شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ورد و هەمەلایەنەی بۆ بکرایە!
بڕیاردەرانی ڕیفراندۆم دەریانخست کە چەند سادە و سەرپێین لەبیرکردنەوەدا و چەند بێ ئاگان لەتێگەیشتن و خوێندنەوە و شیکردنەوە ؛ بۆ ڕۆڵ و کارگەریی بنەڕەتیی و یەکلاکەرەوەی فاکتەری دەرەکیی و چەند بێ پلانی ستراتیژیین و چەند بە ئاسانیی ئامادەن ، یاریی بە چارەنووسی نەتەوەوە بکەن و لەسەر مێزی قوماری سیاسی ؛ خەمساردانە چارەنووسەکە بدۆڕێنن .
بڕیاڕدەرانی ڕیفراندۆم وەکو یاری قومار، مامەڵەیان لەگەڵ ڕیفراندۆم کرد و نەتەوەی کوردیان خستە بەردەمی شانس و ئەوەیان قۆستەوە کە هەستوسۆزیی نەتەوەیی ؛ پاڵ بەڕێژەیەکی زۆری هاووڵاتییانەوە ئەنێت بۆ بەشدارییکردن، تەنانەت پاڵی بە بەشێک لەوانەش نا ؛ کە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەشیان بە هەڵە و نەگونجاو زانی!
پێش ریفراندۆم پێویست بوو ، لەئاستی دەرەکیی و لەلایەن ناوەندە گەورەکانی بڕیار لەجیهاندا ، بە ئاشکرا یان لەپشتی پەردەوە ؛ پشتگیریی و داکۆکیی لە بژاردەی ڕیفراندۆم زامن بکرایە ، ئینجا ڕیفراندۆمەکە ئەنجامبدرایە ، چونکە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و ئەنجامەکەی ؛ هێندەی کارکردن بە ئەنجامەکە و دانپیانان پێی ، گرنگ و کاریگەر نەبوو .
ڕیفراندۆم بە بێ لێکۆڵینەوەی بەرایی و تاوتوێی تێروتەسەل و دەرخستنی دەرەنجام و دوور لەڕاوێژ بە پسپۆڕان و شارەزایانی کاروباری نێودەوڵەتیی و بێ ئەنجامدانی شیکردنەوەی زانستیی و داڕشتنی پلانی ورد ؛ کرایە بڕیار و دەمارگیرانە جێبەجێکرا ، زیان و دەرەنجامی خراپ و نەخوازراوی زۆری لەچەندین کایەدا دەرخست ، گرنگترینیان دەرکەوتنی ناکامڵیی عەقڵی سیاسیی و ستراتیژیی هەندێک لەسەرکردە دەستڕۆیشتووەکانی ئەو قۆناغە و هەڵەشەیی و نێرجسییبوون (سەرسامبوون بە خود) و زاڵبوونی میزاج و تاکڕەوییان بوو، لەئێستادا ئەو سەرکردانە ، هەر ئەوە ماوە کە وەکو قومارچییە دۆڕاوەکە؛ بۆ ئەوەی شەق نەبەن ، ئەمانیش بڵێن بەهینمانەوە !!
نیاز سەعید عەلی