وتار
		     
			لاوازی فیکری تاکی کورد بۆ ئازادی
Monday, 05.16.2022, 06:02 PM
 یەکێک لەو چەمکە سەرەکییانەی کە ئێستا زۆرینەی رۆشنبیران و رۆژنامەنوسان و چالاکوانان و هەتا حیزبە دەسەڵاتدارەکانیش بە کاری دەهێنن چەمکی ئازادی ڕادەربڕین و ڕەخنەگرتنە ، کەم هێزی سیاسی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتی دەدۆزینەوە کە  باس لە گرنگی ئەم چەمکە نەکەن و وای نیشان ئەدەن کە ڕیزگرو گەشەپێدەری ئازادی ڕادەربڕینن و پاراستن و بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی ئازادی ئینسانەکان وەک یەکێک لە ئەرکە ئەخلاقییەکانی خۆیان بەیان دەکەن . 
بەڵام بە داخەوە وەک زۆربەی چەمکەکانی تری ناو کایەی سیاسی کوردی چەمکی ئازادی رادەربڕین و قسەکردن و رەخنەگرتنیش لە رووی تیۆرییەوە هەوڵی فیکری ڕاستەقینە لە ئارادا نییە بۆ تیۆریزەکردن ، جارێ ئازادی ئینسانەکان بەر لەوەی چەمکێکی سیاسی ،ئەخلاقی بێت ، چەمکێکی فەلسەفیە ،  هەر تاکێک یان هەر کۆمەڵگایەک  پرسیاری فەلسەفی گەورە لە خۆی نەکات ناتوانێت پرسیاری سیاسی گەورەش لە خۆی بکات! لاوازی  فیکری تاکی کورد لە سیاسەتدا رێشە قوڵەکەی دەگەرێتەوە بۆ لاوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و تێرامان و ڕاڤەکردن ، کاتێک بیرکردنەوە و تێڕامان نەبوو قسەکردن لەسەر ئازادی من و تۆ و کۆمەڵگا کارێکی قورس دەبێت ، بۆیە هەموو دابڕانێک لە فیکرو لە تێڕامانی فەلسەفی  دابڕانێکی قوڵە لە چەمکی ئازادی ئینسانەکان . 
ئازادی من و تۆ و ئەوانی دیکە بەستراوە بە ئازادی تاکەوە و ئازادی تاکیش تەنیا لە کۆمەڵگای ئازاددا دابین دەکرێت ، مەسەلەن بۆ ئەوەی ئازادی کۆمەڵ دابین بکرێت دەبێ ڕێز لە ئازادی تاک و دیدو ڕوانینی جیاواز بگیرێت ، خۆئەگەر نا ئازادی کۆمەڵ بەبێ ئازادی تاک بە دەست نایەت ، ئازادی گرنگی و بایەخدانە بە تاک و خودی مرۆڤ ، ئازادی کەرەستەی مرۆڤە بۆ دروستکردنی خودی مرۆڤ ، مرۆڤ دەبێ خۆی ئەم ئازادییە بۆ خۆی بونیاد بنێت ، گەر مرۆڤ خۆی بونیادی نەنێت کەس بۆی بونیاد نانێت ، بەڵام هەمیشە  بەریەککەوتنی ئازادی من لەگەڵ تۆ ، یان ئازادی تۆ لەگەڵ ئەوانیتر ئەگەرێکی کراوەیە ،لەم بەریەککەوتنەدا ئازادی مانای خۆی وەردەگرێت ، واتە ئازادی من بە تەنیا کاتێک مانای هەیە کە لە پەیوەندیدایە بە ئازادی تۆوە تا چەندیک گرنگی و ڕێز لە روانینی جیاوازو ئازادی ئەویتر دەگریت ! 
مارکس قسەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێت ؛ “مرۆڤێک کە ئەویدی دیل دەکات ناتوانێت خۆی ئازاد بێت”. مەرجی یەکەم بۆ ئازادی ئەوەیە کە من و تۆ لەگەڵ ئەوانیتر ئازاد بین و ئازادی ئەوانیتریش ڕێزلێگیراو بێت لای ئێمە، بۆیە ئازادی من بەر لەوەی دەست بە ئەزموون و خۆتاقیکردنەوە بکات، بەر لەوەی ئەگەرەکانی ناو خۆی بخاتە گەڕ، بە ئازادی ئەویدی دروستبووە ، کەواتە پراکتیزەکردنی ئازادی  گرێدراوی دیدو ڕوانین و جیهانبیبی من و تۆیە بۆ ئازادی .
			
			ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس
بابەتی تر
						کۆسار ئەحمەد: بنەماڵەی بارزانی جاشایەتیان تێپەراندووە
						دانا مەنمی: مەرگی سەردەشت عوسمان سەربازە زیندووەکەی ئازادی
						دلێر محەمەد نوری: سەردەشت، دانتی ڕەخنەی سیاسی کوردی
						تەڤدا  پرێس: نامەیەکی کراوە لەلایەن زیندانیانی بادینانەوە بۆ رەوەندی کوردی لە بەریتانیا
						تەڤدا  پرێس: كۆنە بەعسیەك پێشمەرگەیەكی دانەبڕاو بەگرت دەدات
						تەڤدا پرێس: بەهجەت مەسیفی بەعسیە کۆنەکە و کارگێڕ لقە نوێکەی پارتی  لەئەوروپا.
						هەڤاڵ ئاکۆ: لە یادی یەكی ئایار ..
						یووسف مەنتک: ئیرادەو شکۆی تاکی کورد تێک مەشکێنن
						دلێر محەمەد نوری: لە شەوچەرە وە بۆ شەوسەرە
						هاوڕێ کوردی: ئاژیتاسیۆنی مەدەنیانەو، بەرخۆدانی پەکەکە.
					
				



