سکالاکەی ئەمریکا
دەشێ دادگاییکردنی سەرانی هەرێم ببێتە دادگای سەدە!
Sunday, 03.03.2024, 05:03 PM
لەوانەیە هەنوکە ئەستەم بێت کە بزانریت داخۆ بنەماڵەی مەسعود بارزانی چ جۆرە هەوڵێکی پشت پەردەیان داوە بۆ رزگارکردنی خۆیان و
دەربارەکانیان لە دەرهاوێشتەکانی ئەو سکاڵانامەیە پڕ تومەت ئامێزە کە سێ لایەنی سکاڵاکار پێشکەشی دادگای فیدراڵی ئەمەریکا لە واشنتۆن
کردووە و کورتکراوەکەی بە ( دی.دی.سی) ناسراوە.
سکاڵانامەکە رۆژی ٣٠ی مانگی یەکی
ئەمساڵ رادەستی دادگاکە کراوە. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رۆژی ٧ی مانگی شوباتی
ئەمساڵ لەو بارەیەوە ئاگادار کراوەتەوە.
دادگاش لە رێکەوتی ١٥ی شوباتدا بە فەرمی سێ هەفتەی داناوە بۆ ئەوەی تومەتباران یان پارێزەکانیان لە دادگاکە
ئامادە بن.
بەڵام هەر دوای تێپەربوونی دوو
حەفتە بەسەر ماوەکەدا، سەنگی سکاڵانامەکە وەدەرکەوت، بەوەی کە تومەتباران بۆ داکۆکیکردنیان
کۆمپانیایەکی گەورەی یاسایی و لۆبیکردنی فرەنەتەوەیی
بەناوی گرینبێرگ تراوریگ راسپاردووە.
ئەو کۆمپانیایە ساڵی ١٩٦٧ دامەزراوە و ٢٦٥٠پارێزەر کاری تێدا دەکەن و
٤٧نووسینگەیان لە سەرانسەری جیهاندا هەیە و لە سەر ئاستی ئەمەریکاش پلەی نۆوەمینی
بەرکەوتووە لە گەورە کۆمپانیاکانی یاسایی ئەو وڵاتە.
تێچووی داکۆکیکردن لەو ٢٥کەیسەی کە لە دووتووێی سکاڵاکەدا هاتووە یەکجار زۆر دەبێت بە پێی ئەو بڕە پارەیە کە بۆ
کاتژمێرێکی کاری هەر پارێزەرێک دانراوە کە سەرووی ٧٠٠ دۆلارە.
ژمارەی ئەو پارێزەرانەی کە بە کەیسەکەوە خەریک دەبەن پەیوەندی بە قەبارە و
ئاڵۆزی کەیسەکان و ئەزموون و لێهاتوویی و شارەزایی پارێزەکانەوە هەیە.
بۆیە گریمانەی ئەوە دەکریت کە سکاڵانامەکە سەرووی سەد پارێزەر بە خۆیەوە
سەرقاڵ بکات، بەڵام دەستنیشانکردنی مەودای یەکلاییکردنەوەی سەرجەم کەیسەکان
لەوانەیە ئەستەم بێت، چونکە کەیسەکان
هەمەجۆر و فرە رەهەندن و تومەتبارەکانیش زۆرن.
تا ساتی نووسینی ئەم وتارە کاتی دەستپێکردنی یەکەم
دانیشتن و چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سەرجەم پرۆسەی دادگاییکردنەکان دەستنیشان نەکراوە،
هەرچەندە هێڵە گشتیەکانی دادگاکە بۆ پرۆسەی بەرێوەچوونی هەر کەیسێک دانراوە، بەڵام
لە بەر گەورەیی سکاڵانامەکە لەوانەیە رێکارەکان هەندێک گۆڕانکارییان بەسەردا بێت.
بە شێوەیەکی باو دانیشتنەکانی دادگای دی.دی.سی کراوە
و شەفافن. بۆ ئەو کەس و لایانانەی کە خوازیاری
بەدواداچوونی داگاییکردنەکانن شوێنی تایبەت بۆیان ترخان دەکرێت، جگە لەو
دانیشتنانە نەبێت کە زانیاری هەستیارلە خۆیان دەگرن.
ئەو سکاڵانامەیە وەکو سندووقەکەی پاندۆڕا وایە کە پەردە لە سەر خراپەکارییەکانی
گەورە بەرپرسانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان
وکەسە نزیکەکانیان هەڵدەداتەوە و ئاواتبەخشیێکیش
لە ناو سندوقەکەدا بەجێ دێڵێت؟!...
بۆیە گرنگە هەموو ئەوانەی کە مافیان خۆراوە یان زیانیان بەرکەوتووە یاخود
بوونەتە قوربانی کردەوە ناڕەوا و نایاساییەکانی ئەم دەسەڵاتە و دارودەستەکانی، ئەم
دەرفەتە بقۆزنە و سکاڵاکانیان بگەیەنن بەو لایانانەی کە سکاڵانامەیان پێشکەش بە
دادگاکە کردووە تا مافەکانیان بەدەست بخەنەوە.
دوو لەو لایانانە کە سکاڵاکان وەردەگرن
هەر یەک لە سندووقی قەرەبووکردنەوەی
قوربانیانی کوردستانە و بارەگاکەی لە ئەمەریکایە و چالاکوانی سیاسی مەکی ئامێدی-یە
کە نیشتەجێی وڵاتی ئەڵمانیایە.
لایەنی سێیەمیش قوربانیەکانن کە لە
بەر سەلامەتی گیانیان ناوە راستەقینیەکانیان
بە نهێنی هێڵراوەتەوە و بۆ هەر
یەکێکیان ژمارەیەک دانراوە و لە ژێر ناوی خوازراوی( جۆن دەز)ەوە
تۆمار کراون یان دەکرێن . تا ٥هەزار قوربانیش دەتوانن بەو شێوەیە کەیسەکانیان
تۆمار بکەن.
بەڕاستی ئەم هەنگاوەی کە لەم رۆژگارەدا
هەڵهێنراوە وەرچەرخانێکە لە مێژووی سیاسی و یاسایی گەلی کورددا و سەرەتاییەکە بۆ هەنگاونان
بەرەو قۆناغێکی نوێ بەرێوەبردنێکی هاوچەرخی هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە چەندە
بەشداریکردن لەو هەڵمەتەدا بەرفراوانتر بێت، ئەوەندە ماوەی بڕینی قۆناغەکە کورت دەبێتەوە.
سکاڵانامەکەش لە ٣٣٢ لاپەڕە پێک
دێت. پێنج لاپەڕەی یەکەم بۆ نووسینی زانیاری
گشتی سەبارەت بە سکاڵاکاران و
تومەتبارانەوە ترخان کراوە. لە ٣٢٧ لاپەڕەی دیکەش بە دوور و درێژی باس لە کوشتنی بێدادگایی، بێسەروشوێنکردن،
ئەشکەنجەدان، فڕاندن، بەبارمتەگرتن، دەستگیرکردنی هەوەسکارانەی درێژخایەن،
توندوتیژی هەڕەمەکی، دزی و ساختەکارییەوە بگرە
تا دەگاتە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان، سپیکردنەوەی پارە، فێڵکردن
لە حکومەتی ئەمەریکا، هاوکاریکردن لە گەڵ
رێکخراوە تیرۆریستیەکان، تاوانە داراییەکان، دزینی داتاکانی کۆمپیۆتەر، شاردنەوەی داهاتەکان و خۆ دزینەوە لە باج،
پەرتیلدان، تێوەگلان لە کردەوە
نایاساییەکان، جینۆساید و تاوانەکانی دیکەی دژی مرۆڤایەتی دەگرێتەوە.
سەرۆکی سندوقی قەڕەبووکردنەوەی قوربانیانی کوردستان ستیفن ستیوارت رۆژی ٢٩ی مانگی دووی ئەمساڵ لە دیدارێکدا لە گەڵ بەشی
کوردی تەلەڤزیۆنی دەنگی ئەمەریکا رایگەیاند کە بە دڵنیاییەوە سکاڵاکە دەبەنەوە ، چونکە ئەوەندە بەڵگەیان
لایە کە دەتوانن هەموو ئەو تومەتانە بسەلمێنن کە لە دووتووێی سکاڵانامەکەدا
هاتووە.
لە ئێستا هەموو نیگاکان لە سەر دەستپێکردنی دادگاییکردنەکانن بۆیە وا
شیمانە دەکرێت کە جۆرەها بابەت و زانیاری نوێی
سەرنجڕاکێش و سەرسووهێنەر وەدەرکەون و
مەراقی بەدواداچوونی دانیشتنەکانی دادگاکەش بەرزتر بێتەوە.
تومەتباران و دەزگا راگەیەندنەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی سەر بەوان هەوڵی
کەمکردنەوە و بێنرخکردنی ئەرزشی سکاڵانامەکە دەدەن و دەیانەویت وا پیشان بدەن کە
ئەوان هێشتا بەهێزن و جێگای متمانەی کۆمەڵگای نێونەتەوەیین و بەشێکن لە پاراستنی ئاسایشی
هەرێمەکە.
بەڵام دوای ئەوە کە رۆژی ٢٦ی مانگی
شوبات وەزیری دەەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی
بلینکن دوو بە دوو لە گەل سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی کۆبووەوە
، سەرۆکی سندووقی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کوردستان ستیفن ستیوارت رۆژی ٢٨ی مانگی شوبات چەند نامەیەکی ئاراستەی هەر یەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەرێوەبەری هەواڵگیری
نیشتمانی، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژێردراوی
هەمیشەیی هەواڵگری لە ئەنجومەنی نوێنەراندا، سەرۆکی لیژنەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی
پیران بۆ هەواڵگری و سەرۆکی لیژنەی ئەنجومەنی پیران بۆ خزمەتگوزارییە چەکدارییەکان.
پوختەی نامەکە ئاگادارکردنەوەی
ئەم دامەزراوە گرنگانەی دەوڵەتن سەبارەت بەو دادخوازییە مەدەنیەی کە سندووقی قەڕەبووکردنەوەی
قوربانیانی کورد و کەسانی دیکە دژ بە
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانیتر بەم دواییە لە دادگای فیدراڵی لە ناوچەی کۆلومبیای
واشنتۆن تۆمار کردووە. سەرنجڕاکێشە کە سەرۆک جۆو بایدن هەفتەیەک دوای تۆمارکردنی سکاڵانامەکە،
یاداشتنامەی
ئاسایشی نیشتمانی تایبەت بە پاراستن و لێپرسینەوە سەبارەت بە کەرەسە و کاڵا گواستراوەکان
و خزمەتگوزارییەکانی بەرگری دەرکردووە.
بۆیە
ئەو نامانەی سەرۆکی سندووقی قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی کوردستان کە لە
سەرەوە ئاماژە بۆ کراوە، بانگەشەکانی گەورە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەخاتە ژێر
پرسیارەوە و دەرئەنجامەکانی
داگاییکردنەکەش دەبێتە سنگی مەحەک بۆ راستگۆییان.
تێبینی: بابەتەکە درێژەی هەیە.
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس