لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

رەخنە لە پێناو فراونکردنی مەساحەی ئازادیدا

Wednesday, 02.02.2022, 10:07 AM


هەموو جارێک ئەو پرسیارە گەورەیە دێتەپێشێ: بۆ ڕەخنەگرتن پێویستە؟ بۆ ناتوانین و نابێت دەستبەرداری ڕەخنەگرتن ببین؟ پرسیارێکی دووبارە و ئەبەدی کە هەموو ڕۆژێک بۆ وەڵامی نوێ دەگەڕێت ، ئێمە ئێستا لە سەردەمێکداین  سیاسییەکانمان لە زۆربەی بوارەکانی بەڕێوەبردندا فەشەلیان هێناوەو خۆیان لە  ڕەخنەو پرسیارە گەورە و گرنگەکان دەدزنەوە و بەرەو گەندەڵی گەورەتر و کارەساتی وێرانتر و تراژیدیاتر و ناجدییەت دەڕوات، کۆمەڵگایان خاڵی کردووەتەوە لە بەها جوانەکان و لە ئەخلاق و ویژدان و لێبوردەیی و ڕێژەیی خۆکوشتن و هێرش و پەلاماردان و دەستدرێژیی سێکسی ڕوو لە زیادبوونە و کەرتی پەروەردە و فیرکردنیان دامالیووە لە مەعریفە و ئایدیا و پەروەردەکردن و مرۆڤیان لە ماهییەتی جوانی و مانای ژیان و مانای زمان و خۆشەویستی دامالیووە .

ئێمە دەبێ لە چەمکی ڕەخنەگرتن قوڵبینەوە ،زۆر بە سادەیی ڕەخنە بریتی یە لە ھەڵسەنگاندن و نرخاندن بەمەبەستی دەرخستن و نیشاندانی لایەنی باش و خراپ ، میشێل فۆکۆ لەیەک لە کتێبەکانیدا بەناوی "رەخنە چییە؟"، زۆر بەوردی باس لە رەخنەو جۆرەکانی دەکات ،  مرۆڤ دەبێ لە ڕێگەی فیکری ڕەخنەییی خۆیەوە ببێتە خاوەنی دیدگەی ڕەخنەیی و بەردەوام بەدوای تێڕاماندا بێت و دیدو ڕوانینی نوێ ڕەخنەگرانە بەرهەم بهێنێت ،ڕەخنەگر دەبێ خاوەنی ژیری و ژیربێژی بێت ،ڕەخنە بریتی یە لە هەڵسەنگاندن ، رەخنەگرئیش لەسەر دۆزینەوەو کەشفکردنی دیوی دووەمی شتەکان دەکات، هەموو ڕەخنەگرێک تینوی فکرو تێڕامان و دەربڕینی خۆیەتی  وکاری ڕەخنەگریش بریتی یە لە تێڕامان و فراوانکردنی مەساحەی ئازادی و ڕەخنەکانیشی ئەبێ خزمەتکردن بێت بە ئازادی ئینسانەکان و نەترازێ بۆ شتیتر ،هەر مرۆڤێکیش جیاواز بیری کردەوە ئیتر لەوێوە جیاوازی و رەخنە دەست پێدەکات، "ڕۆلان بارت" لە کتێبی" پلەی سفری نوسین "دا دەڵێت ؛ ڕەخنە تاک دروست دەکات و لە کۆمەڵگا جیای دەکاتەوە .

پرسیار و گومان بە درێژایی مێژوو بزوێنەری فەلسەفە بووەو مێژووی فەلسەفەش مێژووی ڕەخنەیە، رەخنەیش چەندین ئاراستەی فیکری جیاوازی دروست کردووە ، یەکەمین روانینی ڕەخنەگرانە وانەکانی "سوقراتە"کە ھەستا بە دانانی کارنامەیەک بۆ بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە بەمەبەستی ھێنانەکایەی پرسیارگەلێک دەربارەی لێکدانەوە باوەکان ،پاشان "پلاتۆ" لە ڕێگەی ڕەخنەوە پێوەندیی لەنێوان فەلسەفە و هونەردا دۆزییەوە. " ئەرستۆ"لە ڕێگەی ڕەخنەوە "پلاتۆ" تێ دەپەڕێنێت، "دیکارت" لە سەدەی حەڤدەدا ڕەخنە لە میراتی "ئەریستۆ" و تێکڕای ڕێبازە فەلسەفییەکان دەگرێت، تا مێتۆدێکی دیکەی جیاواز لەسەر گومان دادەمەزرێنێت، ئیمانوێڵ کانت لە سەدەی هەژدەدابایەخ بە ڕەخنە دەدات و کتێبەکەی ناو دەنێت "ڕەخنە لە عەقڵی پەتی" . هیگڵ شێوازێکی تری ڕەخنە دەهێنێت جیاواز لە رەخنەکەی کانت و بەگژ میراتی ئیمانوێڵ کانت دا دەچێتەوە، سەدەی نۆزدەهەم کە بەهیگڵ دەست پێدەکات سەدەی ڕەخنەیە ، من نامەوێت بچمە ناو مێژووی گەشەکردنی ڕەخنەوە ، چونکە مێژوویەکی قوڵ و هەمەلایەنەو رامان دەکێشێت بۆ ناو جیهانی ئیسلامی و ئەو کاتە دەبێ پەردە لەسەر بەرهەمە ڕەخنەیییەکانی " ئیبن خەلدوون" یش هەڵدەینەوە.   

سیگمۆند فرۆید دەڵێت: زۆرێك لە مرۆڤەكان ئازادییان ناوێت، چونكە ئازادبوون خوازیاری ئەوەیە لێپرسراوێتی هەڵبگریت، دیارە زۆربەی خەڵكیش لە لێپرسراوێتی دەترسن و خۆیانی لێ دەبوێرن! ڕاستە بەهای بەدەستهێنانی ئازادی زۆر گران لەسەر مرۆڤ بوەستێت، بەڵام ئەگەر مرۆڤ ڕازی بێت بەكۆیلایەتی باجدانەكە زۆر قورستر دەوەستێت ،
ویست و ئیرادەی مرۆڤ کاتێک دێتە دی کە ئازاد بێت ، بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ڕۆحی سەرجەم یاساکانیش گەڕانەوەیە بۆ ئازادی ، مرۆڤ کاتیک ئازاد بێت باشتر عەقڵی کاردەکات وئارەزووی دونیایەکی باشتر بۆ خۆی و دەورو بەری دەکات ، کە ئازاد بوین دەنوسین و نووسینیش یەکێکە لە کەناڵەکانی زمان ،ئەو کات شتێک هەیە بۆ گوتن و کاتێک ڕەخنەگر ڕەخنە دەگرێت ئیتر ئۆتۆماتیکی هۆشیاری گشتی بەرزئەبێتەوەو پرسیاریان لەلا دروست دەبێت، مەسەلەن ئێمە ڕەخنە لە پارتی ،یەکێتی ، بزوتنەوەی گۆڕان و حکومەتی هەرێم دەگرین مەبەستمانە هوشیاری لەناو کۆمەڵگاو چین و توێژە جیاجیاکان بەرز بێتەوەو ئیتر لەوێوە پرسیار دروست دەبێت لای خەلک و لای ئەندامان و کادیران و ناوەندو ئۆرگانە حیزبییەکان کە خۆیان کۆبکەنەوەو فشار لەسەر سەرکردەو حیزب حکومەت و پەرلەمان دروست بکەن لە پێناو چاکەی گشتی دا، هەرچەندە سیاسەتی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێم ھەرچی ئۆپشنی مەدەنی و دیموکراتی ھەیە بێ بەهایان کردووەو ھیچ ئیعتیبارێکیان بۆ ڕەخنەگرتن نەهیشتووەتەوە ،دواجار شێركۆ بێكەس زوو دركی بە هەرەس هێنانی هونەری بەڕێوەبردن لە کوردستان کرد  بۆیە نوسیویەتی :
دەمامکەکان هەڵبدەنەوە ... ئەم شانۆیە هەرەس دێنێ .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟