وتار

هێلکەی چاوەزار و قیامەت و چاوشکان

Friday, 04.22.2022, 09:00 AM


بەهای هێلکە لای مریشکە، بۆیە لە دوای هێلکە کردن، کاتێ هێلکەکەی لێ دەشارینەوە، دەست دەکات بە گارەگار. مریشک خۆرسکانە کە هێلکە دەکات، بۆ ئەوەی ناکات مرۆڤەکان بیبەن و بیخۆن، یان وەکو چاوەزار بیکێشن بە پێشی ئۆتۆمبیلی تازە کڕدراودا، یاخود بیکێشن بە ئۆتۆمبیلی سەرۆک و سەرۆچکە ستەمکار و گەندەڵەکان. بەڵکو مریشک هێلکە لە پێناو هەڵهێنانی جووجەڵە و لە پێناو مانەوەی جۆری خۆی، ئەو کارە ئەکات. هەر وەکو مناڵ بوون و پەچکە بوون لای زۆرێک لە گیانداران.

جارێکیان ئۆتومبیلێکم کڕی. ئۆتومبیلی نۆبەرەی ژیانم بوو. ئەو دەم لە بری لێخووڕین بگونجایە و لە توانادا بووایە ئۆتومبیلم دەدا بە شانمدا لە تاسە و چاڵ و چۆڵی جادەکان ڕزگارم ئەکرد و لە تەختایی و جادە پوختەکانیشدا لێمدەخوڕی. بە کوردی شیرین بوو لە لامان. هەر بۆیە، بۆ یەکەم جار لە دوای کڕینی، یەکێ لە کەس وکار، هێلکەیەکی کوردی کێشا بە نێوچەوانی ئۆتۆمبیلی شیرینا. پرسیم ئەمە بۆچی؟ وتیان مەپرسە ئەمە بۆ چاوەزارە، تا ئۆتومبیلەکەمان لە چاوی پیس پارێزراو بێت. وتم ئەی چی لە گارەگاری مریشک بکەین کە ماوەیەکە خەریکە زەخیرە ئەخات، بە هەزار حاڵ ڕۆژی هێلکەیەک ئەکات، تا لە سەریان هەڵنیشێ بۆ هەڵهێنان. وتیان بێخەم بە، کێشە نابێ خۆ مریشک ژماردن نازانێت! تا ئێرە باسی هێلکەی چاوەزار بوو.

ئەگەر چی هێلکە وەکو خۆراک خاوەن سودێکی ئیجگار گەورەیە، بەڵام جگە لەوە دەبینین لای برا کریستییانەکانیش لە جەژنی قیامەتدا، کە لەم ڕۆژانەی پێشوو بە سەرمان کردەوە. هێلکە بووە بە سیمبولی ئەو جەژنە. لەو ڕۆژەدا کریستییانەکان، هێلکەکانیان ڕەنگڕێژ دەکەن و ماڵەکانیانی پێ دەڕازێننەوە. زۆرێک سەرچاوە بیرۆکەی ڕازاندنەوەی ئەم جەژنە بە هێلکە، دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە هێلکە سیمبوولی سەرلە نوێی ژیانە. هێلکە نیشانەیە بۆ بەپیتی و دووبارە لەدایک بوونەوە. بۆیە کریستییانەکەن جەژنی ڕۆژی دوایی پێ دەنەخشێنن. ئەمەش سەبارەت بەو هێلکانەی کرستییانەکان بوو.

گرنگی ئەم وتارە لەم سودە نوێیەی هێلکەیە، کە جیهانی کوردی بەرهەمی هێناوە. لێرە بە دواوە هێلکە جگە لە چاوەزار و سودە تەندروستییەکەی و ڕازاندنەوەی جەژنی کریستییانەکان، سودیشی هەیە بۆ گەیاندنی پەیامی گەل.

تۆی سەرۆک گەر بە ئاگر و ئاسن لە ڕۆڵەکانی خۆت بدەی. دەست بکەی بە گیرفانی نشتیماندا و نیوەی بکەی بە کۆشک و تەلار لە وڵاتان و نیوەکەی دیکەشی لە سەر سینییەکی زێڕین بدەی بە دوژمن. زیندانەکانت لەوانەی بەعس ئاوەدانتر بێ، بە دەنگی ئازاد و مامۆستا و ڕۆژنامەنووس. وەکو موخرکی لەشی خۆت هەر ڕۆژەو دەستی دوژمنێک بگری و چیا و دۆڵەکانی نشتیمانی پێ نیشان بدەی تا ڕاوی ڕۆڵەکانی خۆت و براکانی خۆت بکەن. لەولاشەوە شادەمارەکانی ئابوری لە نشتیمان ببڕی و بیبەستی بە لەشی داگیرکەرانەوە. لە پای هەموو ئەمانە نە گوێ بە خۆپیشاندان و نە بە ناڕەزایی و نە بە ڕەخنە و نە بە نووسین و نە بە هاوار و ئازار بدەی. نە دیمەنی مەرگی خانەنشینێکی سەرەی مووچە و نە گیرفانی بەتاڵی مامۆستایەک و نە خنکانی گەنجێکی دەریای ئیجە و نە ...و نە...هیچ شتێک بە ئاستەم نەتجووڵێنێ، وەکو ئەوەی سواری سەری خۆت بووبی. دڵنیابە لە پای ئەمانە کە دواجار پەیامەکان بە ڕێگای دیکە دەگەنە لات، وەکو ئەوەی لە فیستیڤالی هێلکەبارانی لەندەن بینیمان. بینیمان کە چۆن ئەو ڕۆژەیان وەکو جەژنی قیامەت بە هێلکەی پەیام ڕازاندەوە، تا داوای نوێبوونەوە و لە دایک بوونی سەردەمێکی نوێ بکەن. بینیمان کە چۆن ئوتومبیلە گرانبەکەتیان هێلکە باران کرد، بۆ چاوەزار تا کەسی دیکە نەوێرێ ئیرەیی بەو ڕۆژەت ببات. جا ئەگەر ئەم چەند سەدد هێلکە پەیامە ڕاتنەچڵەکێنن، دڵنیابە ئەگەر ڕۆڵەکانت هێلکەیان لە خۆیان حەرام کردبێ هەمووی هەڵ ئەگرن بۆ پیاکێشان و ڕازاندنەوەی هەواڵی سەردانەکانتان، جا چش لە گارەگاری زیاتری مریشکەکانیش.


ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟