لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

هەولیر لە ‎ڕۆژی ٣١ی ئاب

Monday, 08.31.2020, 05:35 PM



‎فرۆشگای تابلۆ لەبەردەم خەستەخانەی ڕزگاری ھی ھاوڕێم ئیبراھیم سۆفی بوو ئەو ھاوڕێیەم کەسێکی چەپی وڵات پارێز بوو ، بەدبەختیەکەی ئەوە بوو لە شەوی ٣١ ی ئاب زەماوەندی کرد ، شەو ھەتا توانیمان لە ژێر شەوقی ڕستەی گڵۆپە زەردەکان سوسکەیی و سێ پێییمان کرد ، درۆیە ئەگەر بڵێم خودی یەکێتیش لەو پلانە خەیانەتکارەی پارتی بە ئاگا بووبێت لە دەوری سەعات دووی شەو لەبەر ئەوەی ماڵمان نزیک خەستەخانەی ڕزگاری بوو لە گەڵ دەنگی تۆپ و تەقە گەیشتمە ناو خەستەخانە زۆربەی ھاوڕێکانیشم لەوێ بوون کەسیش ھیچی نەدەزانی بۆ بەرەبەیانیەکەی یەک دوو ئیسعاف کە تاھیر تۆفیق سەرپەرشتی دەکرد چوونە لای ڕێگای موسڵ و گەڕانەوە ئەوەی دووەمیان خۆم چووم نزیک کەوتینەوە لە کانی قرژاڵە بینیمان رەتڵێکی دەبابە وەستابوون سەربازەکان ئاسایی ھەڵس و کەوتی خۆیان دەکرد ، لە سوڕانەوەمان بەنزین خانەیەک بە دووری دوو سەد مەترێک لە ئێمە تۆپێکی بەرکەوت و گڕی گرت .
‎لە بەرامبەر حەدیقەکەی ھێرۆخان لە نزیک سایلۆ بەرازیلیەک پێکرابوو ھەمووی خوێن بوو بەس کەسی تیا نەمابوو ، لە چێشتەنگاوەکەی گەڕاینەوە ناو خەستەخانە تۆپێک بەر تانکیەکانی پشت ھەندەسە کەوت .
‎ئێمە چەند کەسێک بووین خەریکی بریندارەکان بووین دکتۆر فەیزوڵا جەلالیش خەریکی بریندارەکان بوو زووش ناسیاو بووین ، لە ناکاو لە دار الاطباء تلیفۆنێکیان بۆ کردم ووتی من دکتۆر موحەمەد کرمانجم ! ( ئەگەر ناوەکەی تەواو بیرم مابێ ) گووتی ئەوە چ دەکەی ئێستا دێم ئیعدامت دەکەم .
‎دواتر دکتۆر فەیزوڵا ووتی ئەوە یوسف لە حیرسی خەستەخانە و بریندارەکان لێرە مایتەوە .
‎لە دەوری سەعات یازدە خەستەخانە کەسی تیانەما نە دکتۆر موحەمەد خۆشناو کە بەڕێوەبەر بوو نە ھاوڕێکانم ناحەقیش نەبوون دۆخەکە زۆر نائاسایی بوو ، موقەدەم ڕوکنێک و عەقیدێکی حەرەس جمھوری ھاتنە ناو تەواریەکە ووتیان ( بابة لاتخافون دربالكم عل الجرحى )
‎ئەو دەم خەریکی تیمار کردن و فریاگوزاری سەرەتایی کوڕی پیاوێکی دەوڵەمەندی گەڕەکی کوران بووین بە سەختی بریندار ببوو ، لە ناکاو چوار پێنج چەکداری پارتی ھاتنە ژووری تەواری خەڵکی گەرمیان بوون کە ھەریەکەی تیلمە پەڕۆیەکی زەردی لە لوولەی تڤەنگەکەی خستبوو ، ووتیان کێ خاوەنی ئەو بەرازیلیەیە باوکی بریندارەکە ووتی منم ، ووتیان سویچەکەمان بدەیە جەنازەکمان ھەیە دەیگەیننەوە مەسیف ، بە باوکەکە و ئێمەش لە بەریان پاڕاینەوە بە زۆر سەیارەکەیان بردوو دواتر کوڕەکەشی مرد . لە ناکاو دیسان عەزیز پەیدا بۆوە جلێکی قاتی کوردی لەبەر بوو کۆمەڵێک حیمایەی لەگەڵ بوو ، نەمان ھێشت بمان بینێ پێ یەکمان ھەبوو دووشمان بۆ قەرد کرد بریندار و خەستەخانەمان جێ ھێشت و بەسەر دیوار ڕامان کرد .
‎بۆ ئێوارەکەی خۆم و خێزانەکەم و کچە یەک ساڵیەکەم دوای ئەوەی لەو جەھەنمە پیاوێکـمان لۆ پەیدا بوو کەنتۆرەکەی ماڵەوەمانی بە نۆسەد دینار کڕی و دایکی دکتۆر شاخەوان خۆشناو جیرانمان بوون پەنجا دیناری بۆ ناردین ، خۆمان گەیاندە خەستەخانەکەی حەدید و خەشەبی پەکەکە لە گەڕەکی شۆڕش ، دواتر ھەر ئێوارەکەی ئەو شڕە ماڵەی ھەمان بوو ھەر ھەڤاڵان بۆیان گواستینەوە ماڵی مام و تۆزێکیش ماڵی باوکم ، لە خەڵک وابوو ئەوانە پارتین ماڵمان تاڵان دەکەن ، من جێم نەدەبۆوە چونکە زووتر نەقیبی ( زابت طبابەی لیوای دووی یەکێتی بووم ) بۆ مێژووش ئەو دەمەی لە ناو سەیارەی ھەڤاڵان بووم لە گەڕەکی ئازادی فرانسۆ حەریریمان بینی بە پیکئاپ تویتایەکی سوور بە شاپ لە چەند کەسێکی دا کە خەریکی تاڵانی ماڵان بوون ھەر بۆ مێژووش لە تووژەلەی ھاوڕێیەکی مەکتەب سیاسی ( ! ) بینیم ووتی ئێمە چەند ڕۆژێک بە ئیختفا مابووینەوە لە ھەولێر دەمانەویست دەستێک لە فرانسۆ بوەشێنین .
‎ئیتر شەوەکەی لای ھەڤاڵان ماینەوە ، جیھازیان بۆ فەرھاد ئۆجەلان کرد کە لە خوا کورک بوو ، ووتی بەیانی بیانھێنن ، ئەوە بوو بەرگی پەکەکەمان پۆشی و کچە بچکۆڵانەکەشمان خستە بن پێیان و بە لۆفەکانی مەسیف بەسەر کەوتین ھەولێر دیمەنێکی تۆزاوی و پڕ دوکەڵ و دەنگی تەقەی ئێرە و ئەوێی زۆر خەمگین بوو .
‎لە سیدەکان دوا بازگەی پارتی بوو زۆر بە ئاسانی دەرباز بووین ، لای عەسر گەیشتنە خواکورک فەرھاد ئۆجەلان و نزیکەی سێسەد گەریلای لێ بوو براو خوشکێکی مەلا ھەندرێنیش لەوێ بوون ھاتنەلامان ، شەوەکەی ئەو کوێستانە زۆر سارد بوو ئاگریان کردەوە ، ھەڤال فەرھاد زووتر لە عەنکاوە و دواتر بەژدار بووم لەو خەستەخانەی مێزەپۆتۆمیا سەر شەستی لای مزگەوتی سپی دەیناسیم ، ووتی لای ئێمە دەبن یان بتان نێرمە ئورمێ خەستەخانەیەکی ئێمەی لێیە لەوێ بن تا بزانین چ دەبێ . ئەوە بوو بەیانی لاند کرۆزێکیان ھێنا شۆفێرەکەی ناوی غازی بوو شوفێری کاک خورشیدی مدیر ناحیەی ھیران بوو ، چەند ھەڤالێکیشیان لە گەڵ بوو کچێکیشیان بە گەڵ داین تازە عەمەلیات کرابوو بە نێوی قەدری ، لە یەکێتی ژنانی ڕواندزێ بوو بە توێی جانتاکەی دەستی و جلەکانی بەری ڕایکردبوە خوا کورکی تەنیا پێنج دیناری پێ بوو .
‎لە دوای سەعات یەکی نیوەڕۆ بەڕێ کەوتین ، بە نیشتمانی جوانمان دا دەڕۆنی بە ناوچەی لۆلان دا تێپەڕین چۆڵەوانیەکی کپ و بێ دەنگ بوو تاک و تەرا لە بن دارێک یەک دوو ھەڤاڵت دەبینی یان خێوەتێکی قاچاخچیان دەنا لە دەنگی باو ھاشو ھوشی گەڵای دار و خوڕەی دەنگی ئاو و جریوەی چۆلەکە شتێکی تر نەبوو .
‎من بە درێژایی ھەوراز و نشێوی ڕێگاکە مێژووی ئازاری نەتەوەکەم دەھاتە بەرچاو ، تا گەیشتینە شوێنێک ئیتر پاسدار پردەکەیان تێک دابوو ، ھاتینە خوارەوە و ھێندێک نان و خورما و دوو قووتی بیبسیان پێ داین و یەکتریمان جێ ھێشت ، بە ئاراستە دەمزانی بۆ کوێ دەڕۆین تەنھا کۆڵەپشتەکەمان و دوو ژن و منداڵێکم لەگەڵ بوو تاکە چەکێکیشمان چەقۆیەک و چەرخێک و لایتێکی پاتری قەڵەم بوو .
‎وڵات چەندە جوان بوو ھێندەش سەخت و بە ئازار بوو



ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟