لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

قادر نادر

Monday, 08.22.2022, 09:13 AM


من وای دەبینم، هەوڵی ئازاردان یان تیرۆرکردنی کاک "قادر" هەمان جوڵەی کردە تیرۆرکاریەکانی مێژووی دەسەڵاتی کوردیە، بەرامبەر تاکە دەرکەوتوە ئازادیخواز و دژەگەندەڵی و نادادیەکانە، کە هەمیشە بە تەنهاش بووبن، هەڵوێستێکیان نواندوە و بەردەوام لە بەرەی شەقام و هاوڵاتیانی ستەمدیدەی ئەم هەرێمە چالاکی و قسەیەکی جددییان هەبووە.

ئەم هەوڵە درێژکراوەی تیرۆرکاریی ئەم دەسەڵاتەیە، لە تیرۆرکردنی تاکە جوان و دادخواز و جیاوازەکانی وەک ڕەوف ئاکرەیی و بەکر عەلی تا دەگاتە سۆران و سەردەشت و کاوە و وەدات، کە هێشتا دیار نیە، لە کوێ و لە کێ کۆتایی دێ.

ئێمە دەبێ چەند جار وەبیر دەسەڵاتی بێنینەوە، کە لە تیرۆرکردنی ئەوانەی پێشوو چەندە قازانجتان کرد؟! تا جارێکی تر بتانەوێ، قادر نادر تیرۆر بکەن. جگە لە ڕقئەستورکردنەوە و وروژانی کینەی جەماوەر و بەرفراوانکردنی بەرەی هاوڵاتیانی کورد دژی دەسەڵاتی کوردی و خستنەوەی تەفرەقە و دووبەرەکی لە نێو خودی نێوماڵی کورداندا؟!

لە بەدیهیاتی لۆژیکی سیاسیدایە، هەموو دەسەڵاتێکی سیاسی و ناسیاسیش کە جوڵەیەک دەکا، ئیتر سەیری دەرەنجامەکەی دەکا، گەر دەسکەوتێکی لێ دوریەوە، دەشێ هەمان جوڵە لە شوێنکاتی جیاواز دووبارە بکاتەوە، کەچی دەسەڵاتی کوردی لە دوای ڕاپەڕینەوە چەندین کردەی تیرۆری ئەنجام داوە، وەک ڕۆژی ڕوناک بەرفراوانبوونی دژبەری گەل بەرامبەر دەسەڵات دەبینرێ و دەرەنجام هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە هەر هەڵبژاردنێک هەزاران دەنگ کەم دەکەن، کەچی سەیرە! هێشتا لەوە نەگەیشتبن، کە کردەی تیرۆر یەک دەنگ کپ دەکا، بەڵام سەدان دەنگی ناڕەزای گەورەی لێ دەکەوێتەوە.

"قادر نادر" لە سەرەتای نەوەتەکان لە ژێر قەڵا بە خۆپیشاندان بەرامبەر براکوژی وەستاوەتەوە و لە ئەوروپاش لەگەڵ هاوڕێکانی لە ڕێکخراوی "چاک" کاری جددی لەسەر بەدادگاگەیاندنی دەیان سەرکردەی بەعسیی کوردکوژی ئەنفالچی کردوە، کە دواتر سەرانی دەسەڵاتی کوردی لە دژی هەوڵە نیشتمانپەروەریەکانی کاک قادر و هاوڕێکانی وەستاونەتەوە و پاکانەی جددییان بۆ ئەنفالچیەکان کردوە، تا سزا نەدرێن و لە دەستی یاسا ڕزگاریان کردن. ئێستاش ئەوان نیشتیمانپەروەرن و قادر نادر مەترسیی گەورەی سەر نەتەوە و نیشتیمانی کوردانە و پێویستە تیرۆر بکرێ!

لە ژیانم یەک جاریش کاک "قارد"م نەدیوە، بەو مانایەی ناتوانم بڵێم هاوڕێمە. کەچی بە ئاگاداریم لە چالاکیەکانی دڵنییام، وەفادارترین کەسە، بەرامبەر هەر زولملێکراو و ستەملێکراوێک لە چالاکوان و ڕۆژنامەنوسانی هەرێم، تەنانەت گەر هەر نەشیناسێ.

منیش وەک بەشێک لە هاوڕێکانم تێبینی زۆر و جددیم لەسەر شێواز و ئەدای چالاکیەکانی کاک قادر هەیە و لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بە خودی خۆیشم گوتوە و ئیتر لە تەکنیکی چالاکیدا یەکناگرینەوە. کەچی دڵنییام، کە ئەو پیاوە بەوپەڕی تواناوە لە هەرە دڵسۆزترینەکانی قەزیەی ئازادی و دادپەروەریە. کاتێکی زۆر و زیاد لە دەرفەت و توانای خۆی لە ژیانی خۆی بۆ لۆبیکردن لە پشتیوانی دەنگە ئازادە ستەملێکراوەکانی هەرێم دابینکردوە. لە لایەکی تریش بە لە ئاستی وێنە گەورەکەوە بەرگری لە پێشهات و ڕووداوە نەخوازراوەکانی سەر هەرێم و نیشتیمان و نەتەوەی کوردان کردوە و دەکا.

دیسان سەرەڕای تێبینیم لەسەر هەندێ تاکتیکی جوڵە و چالاکیەکانی کاک قادر، بەڵام هیچ گومانم لە مەبدەئی ڕاستگۆیانە و قوربانیدانی لەپێناو خودی چەمکی ئازادی و بوێری و خۆئەرکدارکردنی وەک حەتمیەتێک بۆ بەرگری لە ئادادیخوازان نیە، هەر بۆیە ئەو پیاوە سەری لە زۆربەی هەرەزۆری نوسەر و شاعیر و ئەکادیمیستەکانی دەرەوە و ناوەوەی هەرێم بەرزترە، کە ڕۆژانێک ئێمەیان بە چێژی شیرینی ئازادی و دادگەری و کەڕامەتی مرۆڤ فرچک دا و لە نیوەی ڕێگا وێڵیان کردین و خۆیان دوور و نزیک بوونەوە چەلاوخۆری دەسەڵات و بوونەوە دەرباری کۆشکی ستەم.

کاک قادر! لێرەوە سڵاوم بۆتان هەیە و خۆشحاڵم کە سەلامەتن..

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟