سکالاکەی ئەمریکا
دەشێ دادگاییکردنی سەرانی هەرێم لە ئەمەریکا ببێتە دادگای سەدە!
Saturday, 05.11.2024, 05:10 PM
ماف چەمێکە کە یاساکان و پێودانکە ئاکاریەکان
و نرخە کۆمەڵایەتیەکان دانیان پیاناوە و
رێگەیان پێداوە. سەرچاوەکەیشی لەوەوە هەڵقوڵاوە کە هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لە دایک دەبێت، بەو پێیە
سەرجەم مرۆڤەکان یەکسان و هاوبەشن لە بەدەستخستنی مافەکانیاندا. هەر کاتێک ئەو
مافانە زەوت یان پێشێل کران پێویستە ئەو
میکانیزمانە بگیرێتەبەر و ئەو دەرفەتانەی بەردەست بەکار بهێندرێت بۆ گەڕاندنەوەی
ئەو مافانە، ئیدی چ بە خۆشی بێت یان بە ناچاری، چونکە ئەگەر داوای ماف نەکرێت، هەرگیز
ماف روو لە مرۆڤ ناکات، یان بە دیوێکی
دیکەدا هیچ مافێک وون نابێت ئەگەر داواکارێک بەدوایدا بچێت، چ جا ئەگەر زەوت کرا
بێت،هەر وەکو کورد دەڵێ: مافی زەوتکراو نادرێت، بەڵکو دەسەندرێت.
بەشی
شەشەم
ئەم بەشە تەواوکەری بەشی پێنجەمە و سەرەتاش
ناوی هەندێک لەو تۆمەتبارانە ریز دەکەین کە لە
سکالانامەکەی بەرزکراو بۆ دادگای
فیدڕاڵی ئەمەریکا لە واشنتۆنی پایتەختدا هاتوون کە بە بازنەی ناوچەی کۆلومبیای واشنتۆن دی
سی ناسراوە.
١.داوالێکراو عەفان سالح عومەر شێروانی:
نوێنەرو بریکارێکی بازرگانی و دارایی
تۆمەتبار مەسرور بارزانیە، بەرێوەبەرێکی بێگانەیە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا،
کەچی بەیاننامەی تۆمارکردنی تایبەت بەو
بابەتەوە پێشکەش بە داواکاری گشتی ئەمەریکی نەکردووە کە بە پێی مەرجە یاساییەکانی یاسای تۆمارکردنی بریکارە
بیانییەکان دەبێت پڕ بکرێتەوە. تاکێکە
مافی نیشتەجێبوونی هەمیشەیی هەیە لە وڵاتە
یەکگرتووەکان، هەر بۆیە وەکو کەسێکی
ئەمەریکیە و نیشتەجێی ڤێرجینیایە.
٢.داوالێکراو عومەر س. بارزانی:
تاکێکە کە ناونیشانی ئێستای لە شەقامی ویندبێرنی
شاری پلانۆی تێکساسە. بەرێوەبەری دەزگای خێرخوازی بارزانیە کە ناونیشانەکەیشی لە
شەقامی گرینڤیلی شاری دالاسی تێکساسە.
٣. داوالێكراو عەزیز ئەحمەد:
تاکێکە و جێگری سەرۆکی دیوانی سەرۆک وەزیرانی
هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانیە، بەرپرسی پەیوەندی گروپەکانی فشارە( لۆبیەکانە) کە
وڵاتە یەکگرتووەکانیش دەگرێتەوە، پێشتر یاریدەدەری راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی
حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق بووە، هەروەها خاوەن چەندین پێگە بووە لە فەرمانگەی
پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و نیشتەجێی هەولێرە.
٤. دکتۆر ئاشتی هەورامی:
هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە و وەزیری سەرچاوە
سروشتیەکان و یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی
حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کاروباری وزە، پێشووتر بەرپرسێکی جێبەجێکار بووە لە
بواری نەوتدا و ئەندازیارێک بووە لە
کۆمپانیای نەوتی نیشتمانی ئیراقیدا،
نیشتەجێی شاری لەندەنی پایتەختی بریتانیایە.
لێرەدا درێژە بە بڕگەی ٤٣٥ی بەشی پێنجەم دەدەین و ئاماژەش بەو تۆمەتانەدا دەکەین کە
ئاراستەی بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون لە دووتووێی
سکاڵانامەکەدا:
بڕگەی ٤٣٥/ج
کاوە گەرمیانی
گەرمیانی سەرنووسەری ماڵپەڕی هەواڵی راییڵ و
پەیامنێری رۆژنامەی ئاوێنە بووە کە بە زمانی کوردی دەردەچێت. کاوە گەرمیانی چەند
راپۆرتێکی بڵاو کردبووەوە کە گوایە گەندەڵی لە ناو سیاسەتمەدارە کوردەکاندا هەیە،
چەکدارە نەناسراوەکان رۆژی ٥ی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٣ یان لە دەوروبەری ئەم رێکەوتە، لە
دەرەوەی ماڵی گەرمیانی کە لە شارۆچکەی کەلاری باشوری شاری سلێمانییە تەقەیان لێکردووە
و کوشتوویانە. سەرچاوە مرۆییە نهێنیەکانی ژمارە ١ و ١١ کە دەستیان بە نهێنی و بە
شێوەیەکی راستەوخۆ دەگات بە کاربەدەستە
باڵاکانی حکومەتی هەریمی کوردستان ، هەروەها سەنتەری مێترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی
رۆژنامەنووسانیش کە بنکەکەی لە شاری سلێمانییە دەڵێن گەرمیانی لە پای تۆڵەسەندنەوە لە کارەکەی کوژراوە.
بڕگەی ٤٣٥/ح
سۆران موحەمەد عەزیز
کاتژمێر
٩ی شەوی ٢١ی مانگی تەمووزی ٢٠٠٨ لە دەرگای شوێنی نیشتەجێبوونی خێزانی سۆرانی مامەحەمە
درا کە لە گەرەکی شۆرجەی شاری کەرکوکی کوردستانی
ئیراقە. کاتێک سۆران دەرگاکەی کردەوە، سێ کەس لە پێش دەرگاکە وەستابوون و تەقەیان لێکرد. دوا وتەکانی سۆران ئەوە بووە کە وتوویەتی ئەمنیان کوشت. سەرچاوە مرۆییە
نهێنیەکانی ژمارە ١٢و ١٣ کە دەستیان بە نهێنی رادەگات بە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی
هەرێمی کوردستان رایانگەیاندووە پێشتر سۆران ئەوانی ئاگادار کردووە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە هۆی کاری
رۆژنامەوانیەکەیەوە هەڕەشەی جددی لێکردووە و بکوژەکانیشی وەکو دەستوپێوەندی پارتی
دیمۆکراتی کوردستانی ئیراقی ناساندووە. هاوکات سەرچاوەی مرۆیی نهێنی ژمارە ١ کە بە
راستەوخۆ و نهێنی دەستی دەگات بە بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراق، رایگەیاند کە لقی کەرکوکی
یەکێتی رۆژنامەوانان و گۆڤاری لڤین ئەویان ئاگادار کردووە سەبارەت بە هەڕەشە راشکاو و ناراستەخۆوەکانی پارتی دیمۆکراتی
کوردستان لە بارەی کوشتنی سۆرانەوە .
هەروەها سەرچاوەی مرۆیی نهێنی ژمارە ١٣یش شایەتحاڵی کوشتنی سۆران بووە بە فەرمانی
بارزانی.
بڕگەی ٤٣٥/خ
گۆهدار زێباری
راپۆرتی بۆ ماڵپەڕی هەواڵی ولات میدیا ئامادە
دەکرد و کاری پیداچوونەوە بە نووسینەکانی ماڵپەڕەکەیشی
دەکرد لە ئاکرێ کە شارێکی کوردیە و دەکەوێتە باکووری وڵات. هێزەکانی
ئاسایشی کوردی بە ١٣ئۆتۆمۆبیل هەڵیان کۆتاوەتە سەر ماڵی گۆهدارو دەستگیریان کردووە. دوای سەلماندنی بێتاوانییەکەی
لە دانیشتنی دادبینیدا، ئەمجارە گۆهدار زێباری رۆژی ١٦ی مانگی شوباتی ٢٠٢١ لە
دادگای تاوانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئیراقی بەحیزبیکراو بەوە تاوانبار کرا
کە بەشێک بووە لەو گروپەی کە زانیاریان لەسەر کوردستانی ئیراقیان کۆکردووتەوە
و بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان سزای ٦ساڵ زیندانی بە سەریدا
سەپێندراو لە بەرێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی هەولێر سزاکەی بەسەر دەبات. گۆهدار زێباری هەفتەکانی بەر لە دەستبەسەرکردنی بە
ترسەوە ژیانی دەگوزەراند، چونکە پەیامی هەڕەشەئامێزی پێدەگەییشتن. سەرچاوەی مرۆیی
نهێنی ژمارە ١ کە دەستی دەگات بە کاربەدەستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند
شایەتحاڵەکانی دادگاییکردنەکە رایانگەیاندووە
کە داواکارە گشتیەکان بەڵگەی لاواز و شەق و شڕی ناگرنگی هەڵبەستراویان پێشکەش کردووە تا بانگەشەکانیان دژ بە رۆژنامەوان
گۆهدار زێباری و هاو تۆمەتبارەکەی رۆژنامەوان شێروان ئەمین شێروانی بسەلمێنن.
بڕگەی ٤٣٥/ ح
شێروان شێروانی
شێروانی سەرنووسەری گۆڤاری مانگانەی باشورە،
کە رەخنەگری بژاردەی سیاسیی هەرێمی نیمچە خۆبەڕێوەبەری( سەربەخۆییی) کوردستانە و بە تایبەتی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و بنەماڵەی دەسەڵاتداری بارزانی. هێزەکانی
ئاسایش رۆژی ٧ی مانگی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ شێروان شێروانییان لە ماڵەکەیدا لە سێبیران دەستگیر کرد کە گوندێکە دەکەوێتە قەراغ شاری هەولێری پایتەختی
هەرێمی کوردستان. شێروانی بەوە تۆمەتبار کرا کە ئاسایشی هەرێمەکە دەخاتە مەترسیەوە.
نزیکەی دوو مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا توند کراوە و لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی
هەولێر ئەشکەنجە دراوە. دەسەڵاتی دادوەری بۆکەڵەی بەردەستی حکومەتی هەرێمی کوردستانی
ئیراق رۆژی ١٨ی مانگی شوباتی ٢٠٢١ سزای ٦ساڵ زیندانی بۆ شێروان شێروانی بڕیەوە.
دواتر و لە رۆژی ١٨ی مانگی تەمووزی ٢٠٢١ بە تۆمەتی گوایە ساختەکاری کردووە، چوار
ساڵی دیکەی بۆ زیاد کرا و لە زیندانێكدا توند کرا کە هەموو رۆژێك گیراوانی
زیندانەکە هەڕەشەی خۆکوشتن دەکەن و هیچ چارەسەرییەکی دەروونی لەبەردەستدا نیە. پێشووتریش
شێروان شێروانی چەندین جار لەلایەن دەستوپێوەندەکانی تۆمەتبار مەسرور بارزانی دەستگیر کراوە.
بڕگەی ٤٣٥/خ
ئەرکان شەریفی
سەرلەبەیانی رۆژی ٣٠ی مانگی تەشرینی یەکەمی
٢٠١٧ئەرکان شەریفی کامێرەمانی کەناڵی
تەلەڤزیۆنی کوردستان تیڤی لە ماڵی خۆی و لەبەردەم خێزانەکەی لە شارۆچکەی داقوق
لەلایەن ٨ لە نۆکەرانی بارزانیەوە بە چەقۆ
بەربوونەتە گیانی و تا مردن لێیان داوە. شارۆچکەی داقوقیش ناوەندی قەزای داقوقی
سەربە پاریزگای کەرکوکە.
بڕگەی٤٣٧:
سەرچاوە مرۆییە نهێنیەکانی ژمارە ١، ٢، ٣، ٤، ٥، ٩، ١٠، ١١، ١٢، ١٣ کە بە نهێنی
و بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەستیان دەگات بە کاربەدەستە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی
کوردستانی ئیراق باسی هەلومەرجی ئەو شوێنە
دەکەن کە ئەو رۆژنامەوانانە تێیدا بەند کراون و بە شوێنێکی تۆقێنەر و سامناک وەسفی دەکەن، بەندیخانەیەکی
سیاسیە بۆ دوژمنانی رژێمی بارزانی، دۆزەخێکی راستەقینەیە لە سەر زەوی، سیستەمی
بەردەوامی سەرکۆتکردن و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە، لە هیچ ستاندارێکی نێو
دەوڵەتیدا جێگای ئەوە نابێتەوە کە شوێنیک بۆ ٤٠ کەس دروست کرابێت، ١٢٠ بەندکراوی تێبخرێت
و هەواگۆڕگێشی تێدا نەبێت. لە بەر تەنگی شوێنێکەوە،
بەندکراوان ناچارن بە نۆرە بخەون کە بەشێکیان بە شەو و بەشەکەی دیکەشیان بە
رۆژ دەخەفن. خواردنەکە زۆر خراپە و چاودێری تەندروستی دەتوانرێ بووترێ هەر نیە. بەندکراوان بەدەست
ووشکبوونەوەی جەستە، بەدخۆراکی، داڕسانی مێروولە بە شێوەیەکی ترسناک، نەخۆشی
شیزۆفرینای چارەسەرنەکراو، شوێنی مانەوەی پڕ لە مێش و مەگەز و مێروو، توندوتیژی
بەربڵاو کە مردن و برینداربوونی لێدەکەوێتەوە، ئەفسەرەکان هێزی رادەبەدەر بەکار دێنن،
قەرەباڵغی، مردنی گیراوان، پرسەکانی خانووسازی، بڵاوبوونی ئەسپێ و گەڕی و چرچبوونی ماسوولکەکان کە بە
شێوەیەکی باو لای ئەو کەسانە دەبینرێت کە
لە دوا قۆناغەکانی تووشبوونن بە شێرپەنجە. هەروەها لە ناو بەندکراواندا
بەسەدان کەس هەن کە هیچ تۆمەتێکیان ئاراستە نەکراوە.
بابەتەکە درێژەی هەیە و چاوەڕوانی بەشی
حەوتەم بن.
.ئامادەکردن و وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە:
دلێر ئاکرەیی
تێبینی:
بە پێی مادەی ١١ی جاڕنامەی
گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە تا تاوانەکەی لە دادگایەکی داپەروەرانەی
گەرەنتیکراوی کراوەدا دەسەلمێندرێت..
سەرچاوە:
Case 1:24-cv-00278 Document 1 Filed 01/30/24 Page 1 of 332
لاپەڕە ٢٠٠-٢٠٤
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس