سکالاکەی ئەمریکا
دەشێ دادگاییکردنی سەرانی هەرێم لە ئەمەریکا ببێتە دادگای سەدە!
Thursday, 05.23.2024, 07:13 PM
بەشی حەوتەم
سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە ٩٧لاپەڕەی نوێ
خراوەتەوە سەر سکاڵای بەرزکراو دژ بە سەرانی هەرێم و دەستوپێوەندەکانیان بۆ دادگای
فیدراڵی بازنەی کۆلومبیای واشتنۆن دی سی، بۆیە ژمارەی لاپەڕەکانی لە ٣٣٢ ەوە بۆ ٤٢٩
لاپەڕە هەڵکشاوە. ئەمەش بە هۆی بەشداری زۆرتری شکاتکاران و دۆزینەوەی تۆڕێکی نوێی
کاروباری ساختەکاری و سپیکردنەوەی پارەی گەندەڵی.
ئەمەش رێک وەکو ئەوە وایە کە ئیمامی شافعی بۆ رۆژگاری ئەمرۆ ئەم بەیتە شیعرەی ووتووە:
چەندە باڵندەیەک بفڕێ و بەرز بێتەوە.... چۆن
فڕیوە ئەوهاش دەکەوێتە خوارەوە.
هەروەها وەکو بەشەکانی پێشتر لەم بەشەشدا
ژمارەیەک تۆمەتبار دەناسێنین کە لە سکاڵانامەکەدا هاتووە:
١.داوالێکراو جەیرا مەحەمەد خالد:
دایکی مەسرور بارزانیە و خاوەنی کۆمپانیا
سێبەرەکان یان رووکارەکانە لە ئەمەریکا،
نیشتەجێی هەولێری کوردستانی ئیراقە.
٢.داوالێکراو کاتیا ڤڕیکار بارزانی:
تاکێکە، هاوسەری تۆمەتبار مستەفا (بابۆ)
بارزانیە و خاوەنی کامپانیا سێبەرەکان یان
رووکارەکانە لە ئەمەریکا، نیشتەجێی هەولێری کوردستانی ئیراقە.
٣. داوالێکراو هومەیلا ( هەمیلە) گەردی:
تاکێکە و نیشتەجێی کوردستانی ئیراقە. سەرۆکی
بانگی بازرگانی هەرێمی کوردستانی ئیراقە بۆ وەبەرهێنان و دارایی کە بە ئار تی
ناسراوە و هاوسەری هاوپیلانگێری دامەزراوەی بارزانیە غەفور خۆشناوی تۆمەتبار.
٤. داوالێکراو روبار سندی:
هاوڵاتیەکی ئەمەریکیە بەڕەچەڵک کوردە و
نیشتەجێی شارۆچکەی پۆتماکی هەرێمی مۆنتگۆمرییە لە ویلایەتی مێریلاندی ئەمەریکا.
ئێستا بەرێوەبەرێکی جێبەجێکاری تی دی ئێس گلۆپال سۆلیوشنە کە بە ناوی کۆمپانیای
خزمەتگوزارییەکانی گەشەپێدانی دوور ناسراوە و لە واشنتن دی.سی تۆمار کراوە، هاوکات
سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کۆمپانیا خزمەتگوزاریەکانی راوێژە لە بواری
پەیوەندیەکاندا کە بە تی دی ئێس گلۆباڵ
هۆڵدینگز ناسراوە.
٥.داوالێکراو جۆناسن ئاڕ. مۆر:
تاکێکە و مۆڵەتی کارکردنی لە واشنتۆن دی سی و
نیویۆرک هەیە، پارێزەری بەرپرسیار لە کاروبار و بەڵگە و پەیوەندییە یاساییەکانی
مەنسور بارزانی، مەسرور بارزانی، موکسی بارزانی، مەلا مستەفا (بابۆ) بارزانی و
وەیسی بارزانیە لە واشنتن دی سی، بەرێوەبەرێکی ئاست بەرزی یان بریکاری چەندین کۆمپانیای
سێبەر یان رووکاری بارزانیەکانە، نیشتەجێی شارۆچکەی ئیست هامپتنی سەر بە شاری
نیویۆرکە.
٦.داوالێکراو جۆو ئاڕ.ریدەر:
وزیری پێشووی ئەرتەشی ئەمەریکایە، پارێزەرێكی
خاوەن ئەزموونە لە کۆمپانیای یاسایی گرینبێرگ تراوریگ لە واشنتۆن دی سی کار دەکات،
پارێزەری ئێستای کاروبارە یاساییەکانی
مەسرور بارزانیە کە پێشتریش هەمان کاری بەڕێوە بردووە.
٧.داوالێکراو ڤالێری کاپ:
تاکێکە و بەڕێوەبەری خانووبەرە و موڵکەکان و سەرۆک
و بەرێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا رووکارەکانی دامەزراوەی بارزانیە.
٨.داوالێکراو جولی مای سانفرد:
تاکێکە و بەرێوەبەری خانووبەرە و موڵكەکان و بەرێوەبەری
جێبەجێکار و سەرۆکی کۆمپانیا رووکارەکانی دامەزراوەی بارزانیە لە واشنتۆن دی سی. لە
شاری ستافرد لە ویلایەتی فێرجینیا نیشتەجێیە.
٩.داوالێکراو لۆرا گەهۆ هاریس:
بەرێوەبەری خانووبەرە و موڵکەکان و بەرێوەبەری
جێبەجێکار و سەرۆکی کۆمپانیا رووکارەکانی دامەزراوەی بارزانیە لە واشنتۆن دی سی.
تۆمەتبارانی سەرەوە هەر وەکو لە سکاڵاکەدا
هاتووە هاوشان لە گەڵ کەسانی دیکە تۆڕێکی نێو دەوڵەتی سپیکردنەوەی پارە و ئەنجامدانی
کردارە فریودەرەکانیان پێکهێناوە، بەڵام بەر لەوەی باس لە بەشێک لە کار و
چالاکیەکانی ئەم تۆڕە بکەم ، دەمەوێ هەندێک دەستەواژە بە گوێرەی یاساکانی ئەمەریکا
روون بکەمەوە.
زاراوەی سپیکردنەوەی پارە:
ئەم
زاراوەیە هەر وەک لە یاسای
بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمەریکا لە رێگەی سزاکان پێناسە کراوە بە واتای
بەشداریکردن( تێوەگلان) لە کردارە
فریودەرەکان دێت کە بۆ شاردنەوەی
سروشتی ئەو کاروبارە بازرگانیانەی کە پەیوەندیان بە جووڵەی پارەی کاشی( نەختینەیی)
نایاساییەوە هەیە یان ئەو داهاتە نەختینیانەی کە لە رێگای کارە نایاساییەکانەوە بە
دەست دەخرێت، دواتر دەهێنرێتە وڵاتێک
یان لە وڵاتێک دەبرێتەوە دەرەوە یاخود بە
وڵاتێکدا تێپەڕ دەکرێت، یان رەوانەی دامەزراوەیەکی دارایی دەکرێت و لەوێوە
دەنێردرێتەوە دەرەوە یان بەو دامەزراوەیەدا تێپەڕ دەکرێت،بە جۆرێک وا دەردەکەوێت
کە مامەڵە بازرگانیەکان یاسایین.
زاراوەی بریکار:
ئەم زاراوەیەش هەر لەهەمان یاسادا بەمشێوەیە پێناسە
کراوە کە هەر کەسێك قەوارەیەک بۆ
بەرێوەبردنی کاروبارە بارزگانیەکان لە جیاتی کەسێکی دیکە دامەزرێنێ بۆ ئەوەی
ناسنامەکەی بشارێتەوە.
بێگومان سەرەتای دەستپێکردنی کاری
سپیکردنەوەی پارە لەلایەن دامەزراوەی بارزانی بە تەواوی دیار نیە، بەڵام بەلانیکەم لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لە ناوچەی کۆلومبیا و شوینەکانی دیکە دەست پێکراوە
و تا ئێستا یان ئەم دەورەبەرە بەردەوام بووە. تۆمەتباران مەسرور بارزانی، موستەفا بارزانی،
وەیسی بارزانی، جەیرا مەحەمەد خالد، کاتیا ڤریکار بارزانی، سەروەر پێداوی، لاوین پێداوی، هومەیلا (هەمیلە)
گەردی، جۆناسن ئار. مۆر، جۆو ئار. ریدەر، جولی مای سانفرد کە لە بەڵگەنامەکاندا
وەکو یاریدەدەری کارگێڕی نێوەندیاران (جۆناسن ئار. مۆر، لۆرا گەهۆ هاریس، ڤلێری
کاپ و روبار سندی ) نیشان دراوە، لە گەڵ کەسانی دیکە و ژمێریارەکان کاریان کردووە
بۆ ئەوەی بەکارهێنانی پارەی گەندەڵ لە مامەڵەکاندا بە شێوەیەکی تۆکمەتر داپۆشن و رەوایی پێبەخشن و کارئاسانی بۆی
بکەن. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجەش، زنجیرەیەکی نەپساوی تێوەگلان و گەندەڵی دامەزراوەیی لە چوارچێوەی
پیلانگیریەکی نێو نەتەوەییدا ئەنجامیان داوە. ئەمەش بە رێگای پلان داڕشتن و هاوبەشیکردن لە
پیادەکردنی رێبازێکی کارکردنی پیلانگیریی پتەوتدا بۆ پەردەپۆشکردنی بڕی ملیۆنان دۆلاری نایاسایی بە
شێوەیەکی بەردوام چ لە ئەمەریکا یان لە دەرەوەی ئەمەریکا بەکار هاتوووە، کە ئەم
نەخشەیەش لەلایەن تۆمەتبار جۆناسن ئاڕ. مۆر دارێژراوە.
ئەو پارانەی کە بۆ کڕینی ئەو موڵکانە بەکار هێنراوە، پەیوەندی راستەوخۆ بە چالاکیە
نایاساییەکانەوە هەیە، بەو واتایەی کە
دەتوانرێت بە دواداچوون بۆ سەرچاوەکانیان و دەستنیشانکردنیان بکرێت. بە پێی ئەو
زانیاریانەی لە بەڵگە فەرمیەکانی وەزارەتی
دەرەوەی ئەمەریکادا هاتووە سەبارەت بە تاوانێکی بیانی (مەبەست لە دەرەوەی ئەمەریکایە) ئەگەر ئەو
تاوانە بریتی بێت لە خراپ بەکارهێنان و دزین، یان ساختەکاری و دزینی ملیاران
دۆلاری پارەی میری(گشتی) بۆ بەرژەوەندی کەسی، ئەوە بە پێی یاساکانی ئەمەریکای
تایبەت بە سپیکردنەوەی پارە وەکو تاوان دانراوە و پێناسە کراوە.
هەندێک کەس کە لەلایەن دامەزراوەی بارزانی
دامەزرێنراون و پابەندن پێوەی، لەوانە
تۆمەتبار جۆناسن ئاڕ. مۆرکە لەلایەن نێوەندیارە ئاماژەبۆکراوەکان کە هاوڵاتی
ئەمەریکین وکەسانی دیکەوە هاوکاری کراوە کە
ئەو پارانەی بە رێگای ساختەکاریەوە
بەدەستخراوە کە رەفتارێکی نایاساییە، بە
رێگای ئینتەرنێتەوە و لە بانک و دامەزراوە داراییەکانی جیاجیای دەرەوە و
ناوەوەی ئەمەریکا بۆ ئەو هەژمارە بانکیانەیان
گۆزراوەتەوە کە لە لایەن تۆمەتباران جۆناسن ئاڕ. مۆر ، جولی مای سانفرد، لۆرا گەهۆ
هاریس، ڤلێری کاپ و ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی و ئەندامانی بنەماڵە لە رێگەی ژن و
ژنخوازییەوە بەڕێوە براون و چاودێری کراون. هەروەها فرە جاریش بە رێگەی ئەلەکترۆنیەوە پارەیان
گوێزراوەتەوە. پارەکانیش لە هەژمارە بانکیەکانی ئەمەریکا و دەرەوە ( بانکە
بیانیەکان) کە لە ژێر ناوی دەزگا و دامەزراوەکانی هەمەجۆر تۆمار کراون بۆ ئەوەی سەرچاوە
و خاوەنداریی و ئامانج و هۆی ناردنەکەیان بشاردرێتەوە.
دەبێ هاوڵاتیان و دانیشتوانانی ئەمەریکا لەوانەی
کە بەرژەوەندی ئابووریان لە هەژمارە
داراییە بیانیەکانیاندا هەیە یان سەرپەرشتی و بەڕێوەبردن وچاودێری و کۆنترۆڵیان
دەکەن، ئەگەر بڕی پارەکەی ناو ئەو هەژمارانەدا لە ١٠هەزار دۆلار تێپەڕی کرد لە هەر
کاتێک لە ماوەی ساڵێکدا، پێویستە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ئاگادار بکرێتەوە.
ئەمەش بە پڕکردنەوەی فۆرمێکی تایبەت بەو بابەتەوە دەکرێت و کۆتا وادەش ٣٠ی مانگی
شەشی ساڵی دواترە کە تۆمەتبارەکان ئەو
ئەرکەیان جێبەجی نەکردووە.
تۆمەتباران مەسرور بارزانی، موستەفا بارزانی،
ویسی بارزانی، مەنسور بارزانی، سەروەر پێداوی، لاوین پێداوی، جۆناسن ئاڕ. مۆر، بە
یارمەتی جۆو ئار. ریدەر، جولی مای سانفرد، لۆرا گەهۆ هاریس، ڤالێری کاپ، ئەندامانی
بنەماڵەی بارزانی و ئەندامانی بنەماڵە لە رێگەی ژن و ژنخوازییەوە، رووبار سندی
وهاوکارە ناسراو نەناسراوەکانیان، بە زۆری لە نووسینگە یاساییەکانی تۆمەتبار جۆناسن
ئاڕ. مۆر کارسازی و هەماهەنگی و کارئاسانیان کردووە بۆ داڕشتنی بەرنامەیەکی تۆکمەی
ئالۆسکاوی شاراوەی سپیکردنەوەی پارە بە
پێشکەشکردنی زانیاری ساختە وشاردنەوەی زانیارییە گرنگەکان. لە بارەیەشەوە زۆر جار هاوکاریان لە گەڵ بارزانیە
تۆمەتبارەکاندا کردووە، لەوانە ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی و ئەندامانی بنەماڵە لە
رێگەی ژن و ژنخوازییەوە کە ئامانجی
سەرەکیان شاردنەوەی ناسنامەی راستەقینەی
خاوەنەکانی سەروەت و سامان و سەرچاوەکانی پارە پەیداکردنی دامەزراوەی بارزانی بۆ
تەگەرەخستنە بەردەم بەدواداچوونیاندا کە بوونەتە هۆی زیانگەیاندان و
ئازاردانی شکایەتکاران.
تۆمەتباران بۆ تاوتوێکردن و هەڵسەنگاندنی کار
و چالاکیەکانیان هەر شەش مانگ جارێک یان هەر سێ مانگ جارێک بۆ ماوەی دوو رۆژ،
زۆربەی کاتیش لە نووسینگەی یاسایی جۆنانسن
مۆر لە واشنتۆن دی سی یان لە ئۆتێلی ریتس
کارلتن لە شاری مەکلێینی ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکی لە گەڵ چاوگەی بیانی بۆ
دابینکردنی پارە و لاوین پێداوی هاوپیلانگێڕ کۆ بوونەتەوە. تۆمەتباران سەروەر
پێداوی، لاوین پێداوی و هومەیلە(هەمیلە)
گەردیش کەسانی بیانین هەر وەک لە یاسای
بەرەنگاربوونەوەی نەیارانی ئەمەریکا لە رێگەی سزاکان دەستنیشانکراوە. مەبەست لە کەسی
بیانی ئەو کەسەیە کە هاوڵاتی ئەمەریکی نیە. بەو پێیە تۆمەتباران
سەروەر پێداوی و لاوین پێدوای و هومەیلا(هەمیلە) گەردی کە لەلایەن تۆمەتبار مەسرور
بارزانیەوە ئاراستە و کۆنترۆڵ دەکرێن کەسانێكی بیانین و کار دەکەن بۆ زیانگەیاندن بە سکاڵاکاران و
وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا.
هەروەها تۆمەتباران سەروەر پێداوی، لاوین پێداوی و
هومەیلا گەردی بەئاگایی وبەمەبەستەوە
پارەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ گواستۆتەوە یان کارئاسانیان بۆ گواستنەوەیان
کردووە یان زانیاری جۆراوجۆریان ناردووە بە رێگەی پەیوەندیە تەلەییەکانیەوە ( بۆ
نمونە تەلەفۆن، ئیمێل، فاکس، پەیوەندیکردن لە رێگەی ئیتنەرنێتی گشتی، تۆڕی پەیوەندیکردنی ناوخۆیی کامپانیەک، رێبازە
ئەلەکترۆنیەکانی وەکو گوێزرانەوە بەرێگای بانکەوە یان هەر رێگەیەکی دیکەی
ئەلەکترۆنی و هتد....) ئینجا چ لە نێوان
ویلایەتەکانی ئەمەریکا بێت یان لە دەرەوەی سنووری ئەو ولاتە بێت. ئامانجەکەش
جێبەجێکردنی زنجیرە کردارێکی نەخشەبۆکێشراوی فریودەر یان ساختە بووە کە کەسەکان بە
شێوەیەکی چالاک رۆڵیان گێڕاوە و هاوبەشبوونە
لەو تاوانەدا.
تۆمەتباران سەروەر پێداوی، لاوین پێداوی و
هومەیلە گەردی سەرۆکی بانکی ئار تی و هاوسەری هاوپیلانگێری دامەزراوەی بارزانی
غەفور خۆشناوی تۆمەتبارە کە کەسێکە کار بۆ
بانکێکی بیانی دەکات کە قەوارەیەکی حکومی نیە و لە ماوەی چەندین ساڵدا بەئەنقەست و
بە نایاسایی پێکەوە و لە گەڵ یەکتر
کۆبوونەتەوە، پیلانیان گێڕاوە، رێکەوتوون وهاوبەشییان لە کارێکی قەدەغەکراودا
کردووە بۆ داڕشتنی پلانێک یان زنجیرە کردارێکی تەفرەدەر یان بەو نیازەوە کردوویانە
کە نەک تەنیا پەنایان بردووە بۆ هەڵبەستنی درۆی بەرجەستە لە شێوەی راگەیەندراو و
جەختکردنەوە و پارچە زانیاری لەخشتەبەر،بەڵکو ئەوەندە گرنگ و بنچینەیین کە
کاریگەریان لە سەر بریاڕەکان و دەرئەنجامەکانیشیدا هەبووە، بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پشتیان بە زانیاری ساختە بەستەوە و زانیاری گرنگیشیان
شاردووتەوە تا بانکەکان فریو بدەن کە بانکەکانی
ئەمەریکاش دەگرێتەوە، بەمەش یاسا نێودەوڵەتیەکان پێشێل کردووە . دامەزراوەی بارزانی
و هاوکارانی بۆ جێبەجێکردنی ئامانجە نایاساییەکانی دامەزراوەکە دەستیان کردووە بە ناردنی
پارە بە دۆلاری ئەمەریکی بۆ کاروباری بازرگانی لە ئیراق، دوبەی و شوێنەکانی دیکەوە بۆ بانک و
دامەزراوە داراییەکانی ئەمەریکا و و لەوەش
ئاگادار بوونە کە ئەو بڕە پارە نێردراوانە هەر هەمووی داهاتی چالاکی و سەوداگەری نایاسایین و بەشێكیشی بۆ شاردنەوە
و داپۆشینی سروشت و شوێن و سەرچاوە و خاوەندارەکان ترخان کراوە کە هەر یەک لەو
پارە ناردنانە بە جیا تاوانێک پێک دێنێت.
ئەم هەویرە ئاو زۆر دەکیشێ بۆیە چاوەڕوانی
بەشی هەشتەمی بن.
.ئامادەکردن و وەرگێڕان لە ئینگلیزیەوە:
دلێر ئاکرەیی
تێبینی:
بە پێی مادەی ١١ی جاڕنامەی
گەردوونی مافەکانی مرۆڤ هەموو تۆمەتبارێک بێتاوانە تا تاوانەکەی لە دادگایەکی داپەروەرانەی
گەرەنتیکراوی کراوەدا دەسەلمێندرێت..
سەرچاوە:
BARZANI_COMPLAINT_REDLINE_FILED_5.13.24
(3).pdf
بڕگەکان: ٦٣٦، ٦٣٨، ٦٤٦، ٦٤٧، ٦٤٨، ٦٤٩، ٦٥٠
و ٦٥١
لاپەڕەکان: ٣١١، ٣١٤، ٣٢١، ٣٢٢و ٣٢٣
ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس