وتار

کازمی لە ئەنقەرە و لاشەی کورد

Friday, 12.18.2020, 05:07 PM


مستەفا کازمی ئەمڕۆ بە پەلە دەچێتە ئەنقەرە. حکومەتی عێراقی و تورکی ماوەی سێ مانگە خەریکی کارکردنن لە سەر دۆسییەی ئاو، ڕەنگە ئەمڕۆ جۆرێک لە ڕێککەوتن لە سەر ئەو فایلە واژۆ بکرێت. بەڵام ئاو دەمێکە لای تورکیا چەکە. عێراق وەک وڵاتێکی بیخاوەن یان فرە خاوەن هیچ سیاسەتێکی ئاویی نیە، بۆیە نزیکەی نیوەی دانیشتوانەکەی لە بەردەم ڕەحمەتی تینیوتیدایە. ئەمە سەرباری کۆتایی کشتوکاڵ لەو ناوچانە.
سەردانەکەی کازمی لە سەر سێ پرسە، ئاسایش، ئابوری، ئاو. هەرسێکەیان راستەوخۆ پەیوەندی بە کوردی سێ پارچەی کوردستانەوە هەیە. ئەمە لە کاتێکدا کە کورد بەربونەتە گیانی یەکتری. نەریتێکی دێرینی بەناو گەلێکی خۆخۆر. پارتی و پەکەکە لە زۆر ڕوەوە لە یەکتر دەچن. هەردوو بەرژەوەندی حیزبیان لە سەروی هەموو بەرژەوەندییەکەوەیە. هەردوو شەخس پەرستن، هەردوو سازشنەکەرن. هەردوو یەکتری بە نەیاری سەرسەختی یەکتری دەبینن، پەیوەندییەکی سفری لە نێوانیادا هەیە. جۆری پەیوەندییەکەیان پەیوەندی شەڕی ناوخۆییە. لە کاتێکدا دەکرێت دوو هێز جیاوازبن بەڵام میکانیزمی پێکەوە کارکردنیان هەبێت، بەڵام وەک زۆربەی هێزە کوردییەکان ناتوانن هیچ هاوبەشی دروست بکەن، مەگەر فشاری دەرەکی ناچاریان بکات.
هەموو ئاماژەکان ئەوە نیشان دەدەن کە عێراق ئامادەیە پەکەکە بە تیرۆیست بناسێنێت و هاوکاری تورکیا بکات. ئەمە گەڕانەوەیە بۆ مامەڵەی دەوڵەتیانە لە گەڵ پرسی کورددا. مامەڵەی دەوڵەتی لە گەڵ پرسی کەمینە و پەراوێزدا، هەمیشە مامەڵەی زەبر و زەنگە.
لە ماوەی ڕابوردودا بەشداربووم لە پرۆژەیەکی ئەوروپی بۆ دیپلۆماسی تراک ٢. ئەم پرۆژەیە شەش کەس لە عێراق دەستنیشان دەکات بۆ دانیشتن لە گەڵ نوخبەی وڵاتانی دەوروبەر. یەکێک لەو شەش کەسە لە عێراق منم. یەکەم وڵات کە دانیشتنی لە گەڵدا دەکەین تورکیایە. بەڵام لە بەر ئەوەی هەموو ئەندامانی گروپەکە ئامادەن پەکەکە بە تیرۆریست بناسێنن، من ئامادەنیم بەشداری ئەو شاندە بکەم. بە توندیش دژی بە تیرۆر ناساندنی پەکەکەم. نەکە لە بەر پەکەکە. بەڵکو لە ڕوانگەی فیکری و ئەخلاقی خۆمەوە. تیرۆر یانی توندوتیژی بێ ئامانج یان بێ قەزییە. بەڵام پەکەکە خاوەن توندوتیژی بێ قەزییە نیە. پرسی کورد یەکێکە لە گەورەترین نادادییەکانی دونیا. لە هەمانکاتدا وەک دەوڵەتناسێک دژ بە مامەڵەی دەوڵەتیم لە گەڵ پرسی کەمینەدا کە خۆی لە تواندنەوە و مامەڵەی زەبریی و سڕینەوە و زۆرجار جیونۆسایدا دەبینێتەوە. ئەمە نەک بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو خەڵکانی تر لە ئەسیوپیاوە هەتا بنی دونیا.
ئەو هاڵاوەی لە بەغداوە دێت ئەوەیە کە ئاو دەکرێت بارتاقەی هاوکاری ئاسایشی و زیادکردنی گۆڕینەوەی ئابوری. پرسی ئاو ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە کوردەوە هەیە. پرۆژەی بەنداوەکانی تورکیا بۆ گۆڕینی دیموگرافی و سڕینەوەی یادەوەریی و کردنی کوردستانە بە سەبەتەی خۆراکی تورکیا و هەروەها کۆنترۆڵکردنی ئاوە و گۆڕینیەتی بۆ چەکێکی ئیقلیمی.
عێراق لاوازە و بە دوای ڕوبەعە دینارێکدا دەگەڕێت، نەک بۆ خۆی بەڵکو بۆ حیزبەکانی. تەماشای ئەو شەڕە بکە لە سەر بەندەری فاو. بەڵام تورکیا سەرباری لاوازی و فشار، ئەجیندای خۆی هەیە. تورکیای ئەمڕۆ دوو دونیابینی ڕێ پیشاندەرییەتی کە هەردوکیان فراوانخوازی لە کرۆکیاندایە، ئەوانیش قوڵایی ستراتیژی و نیشتمانی شینە، ماڤی ڤەتەن. عێراقییەکان کە زۆربەیان خاوەن دوکتۆرای عێراقین، هێشتا تورکیا وەک تورکیای هەشتاکان دەبینن، بڕوایان وایە کە تورکیا نەوتی نیە و عێراقی ئاوی نیە دەتوانن گۆڕینەوەیەک لەم بوارەدا دروست بکەن. بەڵام عێراقیەکان نازانن جیاوازی نێوان ئاو و نەوت چەند زۆرە. زۆر بە سادەیی هەموو وڵاتێک سوپاسگوزارە کە نەوت بە تورکیا بفرۆشێت، عێراق ناتوانێت ئاو لە جێگای ترەوە بهێنێت.
ئەم فراوانخوازییەی تورکیا تەبایە لە گەڵ ئەو دیدەی کە لە ئەنقەرە زاڵە کە بروای وەهایە سەردەمی بەهێزیی ڕۆژئاوا کۆتایی هات و تورکیا دەبێت سەربەخۆییانە وەک یاریکەرێکی هەرێمی هەڵسوکەت بکات. وەک جەیمس جێفری ووتی تورکەکان خاوەن عەقڵیەتی ئیمپراتۆریین زۆرترین هاوڕێتیان تەنها ٨٠٪.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟