لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئۆلیڤەر کرۆموێلەکانی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ گورک دەخۆن و لەگەڵ شوانیش دەگرێن

Wednesday, 08.11.2021, 04:26 PM



خەڵکی خێرلەخۆنەدیوی هەرێمی کوردستان چەندین ساڵە بەدەست دوو حزبی ئۆلیگارشی  ( یەکێتی و پارتی ) لەهەموو بوارەکان  ( سیاسی ، ئابوری ، كولتوری ، کۆمەڵایەتی ، خزمەتگوزاری) دەناڵێنن و رۆژ لەدوای رۆژیش ئاستەنگ و کێشەکانیان قوڵترو زەبەلاحتر دەبێت .  
دیارە ئەو خەڵکە ناڕازیەش دوای ئەوەی خەباتی شەقام و چاڵاکییەکانیان بەزەبری هێزو لێدان و گرتن و بەتۆمەت بەشینەوەو، بەهەنجەتی جۆراوجۆری دەسەڵاتی داپلۆسێنەری هەردوو حزب ( یەکێتی و پارتی ) چوارچێوە گیرکرا ، ئەمڕۆ تاکە شوێن کە خەڵک بتوانێت  نارەزایەتیەکانی تا ڕادەیەک بە ئازادی تیایدا دەرببڕێت ،سۆشیاڵ میدیاو چەند ماڵپەر و رۆژنامەیەکن کە خەڵک بەئازادی دەردەڵی خۆیی تیایدا دەکات .
لە بەرامبەری ئەو دەنگە ئازادانەش سوپایەک لە قەڵەم بەدەستی چاکەت  و پانتۆل  و یەلەگ لەبەرسەنگەریان لێ گرتوون و، لە کەناڵە جیاجیاکانی حزبەکان بونەتە زوڕنا ژەنی دەسەڵاتی هەربێنەی کوردستان . ئا ، ئەوانەی لەگەڵ گورک دەخۆن ولەگەڵ شوانیش دەگرێن !
خەباتی سۆشیال میدیا :
دیارە دەسەڵاتی هەرێم ، یان  باشتر بڵێم دەسەڵاتی هەربێنە ی هەرێم ،خەباتی خەڵکی ناڕازیی لە سۆشیاڵ میدیا زۆر بەدڵە ، چونکە  باش دەزانێت بە هاوار و ناڕەزایی دەربڕین ، دەسەڵات ناروخێت ، ئەوان باش دەزانن کۆمێنت و وتارنووسین هیچ لەبابەتەکان ناگۆڕێت . هەراج کردنی کەرتی گشتی ، دزییەکان ، تاڵانی سەروەت و سامانی خەڵک ، فەرهود کردنی  قوتی خەڵک ، کپکردنی دەنگە بوێرەکان ، شکاندنی قەڵەمە ڕاستگۆکان بەردەوامی دەبێت  ، ئەوەی بەدلیشی نەبێت ، خۆیان گوتەنی دەتوانێت هەرێم  جێبهێڵت، وەک ئەوەی ئەوان خاوەنی هەرێمی کوردستان بن ولە باوکیانەوە تاپۆی ڕەشیان بۆ مابێتەوە!
بەلێ دەسەڵاتی جوت حزبی ئۆلیگارشی  ئەمڕۆ سیاسەتی ئۆلیڤەر کرۆموێل  - Oliver Cromwell –  بەرامبەر خەلکی ناڕازی هەرێم  پەیرەو دەکات ، بەڵام بێ ئاگا لەوەی ئەو ناڕەزایەتییانەی ئەمڕۆ کە سۆشیال میدییای تەنیوە ، دەسپێکی ڕاپەڕینێکی جەوماریی سەرتاسەریە بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەوزوڵمەی کە ٣٠ ساڵە بەرامبەر خەڵکی بێ نازیی هەرێم  دەکرێت .
سیاسەتی بێباکی ئۆلیڤەر کرۆموێل ؟:
ئۆلیڤەر کرۆموێل (١٥٩٩ـ  ١٦٥٨ ) فەرماندەیەکی  سەربازیی و سیاسی ئینگلیزی ومەسیحییەکی توندڕەو و ڕادیکالی تاک ڕەوی سەردەمی خۆی بوو ، توانی بە ھۆی شۆڕشی خەڵک و لایەنگرانی پارلەماندا بەسەر  پاشای ( ئینگلتەرە و ئایرلەندە و ئوسکتلەندە )  چارلزی یەکەم (١٦٠٠ ـ  ١٦٤٩ )وپاشایەتیخوازەکان سەرکەوێت. ئەوە بوو حوکمی سەرپەڕاندنی  پاشای دەرکرد و  لە ٣٠ی کانونی دووەمی ساڵی  ١٦٤٩دا لە لایەن ھەندێک لە پارلەمانتارانەوە سەری پاشایان  لەبەردەم خەڵکدا پەڕاند و، کۆتایی بە دەسەڵاتی پاشایەتی وچینی ئەرستۆکراتی فیوداڵيی هێنراو، دەسەڵاتی بۆرژوازی و پەرلەمان بە رابەری کرۆموێل چەسپا .
هێندەی نەبرد کرۆموێل وێنەی توندڕەویی و تاکڕەوی ڕاستەقینەی خۆی بۆ خەڵک ئاشکرا کرد ، بیڕواباوەڕە جیاکان و ئازادی تاکی تاڕادەیەکی زۆر سنووردارکردو، دەستی بە گرتن و ئازاردانی خەڵکی ناڕازی کرد.
لە و سەروبەندەدا رۆژێک راوێژکاری کرۆموێل  بەپەلە  دێتە لایی و هەواڵی گردبوونەوەی خەڵکی توڕەو ناڕازی لەبەردەم کۆشکەکەی پێدەدا و دەڵێت :  گەورەم خەڵکێکی ناڕازی زۆر لەبەردەم کۆشکەکەت کۆبونەتەوەو هۆراو هوتاف لەدژی تۆ لێدەدەن!
ـ کرۆموێل: ئایا خۆپیشاندەرەکان  چەکدارن ؟
ـ راوێژکار: نەخێر !
ـ  کرۆموێل بەزەردەخەنەوە: لێیان گەرێن ، لێیان گەرێن  با هاوار بکەن و ناڕەزایی دەرببڕن !
دیارە کرۆموێل وەک سەرکردەیەکی سەربازی باش دەیزانی تەنها بە ڕاپەڕینی چەکداریی گۆڕانکاری دەکرێت ، بۆیە لە خۆپیشاندەرە بێچەکەکان و داواکارییەکانیان بێباک بوو .
بەڵام خۆشبەختانە حوکمی  سیاسی ئۆلیڤەر کرۆموێل کورت بوو و بە مردنی کۆتایی پێ هات.
پەشیمانی دادتان نادات :
لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ، کرۆموێلەکانی دەسەڵاتی هەربێنەی هەرێم ئەمرۆ زۆر بێباکن  بەرامبەر داخوازیەکانی خەڵکی بێنازی هەرێم ، ئەو هەرێمەی کە بە سەدان هەزار گەنج و لاوی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە تیایدا بێكارن و لە بازنەی دخراوی بێ ئومێدیدا دەخولێنەوە و ،بەسەدانیشیان رۆژانە لەدەست مافیاو چەتەی حزبی رێگای مەرگ و هات و نەهات دەگرنە بەر ،  بەوهیوایەی کە لە شوێنێکی دیکە هەڵی كاریان بۆ بڕەخسێت و، وەک گەنجی وڵاتانی دونیا ژیانێکی شایستە بەمرۆڤ بگوزەرێنن .
ئەمرۆ لەم دەڤەرەی ئێمەدا ، خەڵک بەسیستەماتیک برسی دەکرێت ، شکۆی دەشکێندرێت  ، بچوکترین مافی لێ زەوت دەکرێت ، بۆیە دەبینین رۆژ دوای رۆژ خەڵک رقی لەم دەسەڵاتە ئەستورتردەبێت ، نارەزایەتی خەلک  شێوازی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت و دەنگەکان زوڵال تروبەرزتردەبن .
پێمان وایە ئەم نارازیبونەی ئەمرۆ کە سوشیال میدیای گرتۆتەوە ،سەرەتایەكە بۆ ڕاپەڕین وهەستانەوەی برسییەکان و مافخوراوەکانی ئەوهەرێمە خێرلەخۆنەدیوە ، ئەو هەستانەوە جەماوەرییەی ﮐﻪ درﻧﮓ ﯾﺎ زو یەخەی دەسەڵاتی جوت بنەماڵەی هەرێم دەگرێت ،بەتایبەتی ئەگەر دەسەلات وەک ئێستا بەسیستەماتیک  لە برسیی و تینوکردنی خەڵک و فەرهود کردنی  سەروەت و سامانی میللەت بەردەوام وبێباک بێت  .
باشترین نمونەش ڕاپەڕینی ئاداری ٩١ ی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستانە دژی ریژێمی بەعس، کە تاهەتایە  (ئەمنە سورکە )چیرۆکی خەڵکی ڕاپەریوی هەرێمی کوردستان دژی زوڵم و زۆرداری فیرعەونە بەعسییە کان دەگێرێتەوە .ئەو ڕاپەڕیوە داخ لەدڵانەی کە بەچەند رۆژێک  تەخت و تاراجی بەعسییە فاشستەکانی هەڵتەکاند‌ و ئاڵای سرکەوتنیان لەسەر کۆشک و باڵەخانەو بارەگا بەرزو ترسناکە کانیان بەرزکردەوە .
هیوادارم دەسەڵاتی کوردی بیر لە داهاتووی خۆی بکاتەوە  وبەجدی بەخۆیدا بچێتەوە،چونکە دوایی پەشیمانی دادی نادات .

١١ / ٨ / ٢٠٢١
رۆژی گردبوونەوەی خەڵکی گەرکی باداوەی هەولێر بەهۆی بێ ئاوییەوە .

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟