لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

هەڵکشان و داکشانی کۆمەڵگای مەدەنی

Wednesday, 08.18.2021, 11:03 AM





ئایا کۆمەڵگای مەدەنی لەکوردستان مرد؟ رەنگە هەندێک بڵێن ئایا هەر لەدایکبوو، هەتا بمرێت؟ ئەم پرسیارانە هێندە جێگای بایەخ نین، چونکە زیاتر دەربڕینی هەڵوێستێکن لەبری هەڵەوداوان بۆ تێگەیشتن. کۆمەڵگای مەدەنی بەجۆرێک لەجۆرەکان لەکوردستانی عێراق پاش هاتنی ئەمریکاییەکان لە ٢٠٠٣ دێتە ئاراوە. تایبەتمەندی ئەم مێژووە لەئەوەدایە کە کۆمەڵگای مەدەنی راستەوخۆ پەیوەستە بەپرۆسەی ئازادکردنی عێراق و هەوڵی ئەمریکا بۆ بەلیبراڵکردن و دیموکراسیکردنی عێراق و کوردستان.

لەپاش ئەم بەروارە پارەیەکی زۆر لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بەئەمریکاو نەتەوەیەکگرتوەکان روودەکاتە کوردستان و زۆر بەئاسانی خەڵکانێکی زۆر دەتوانن ئەوەی پێی دەوترێت فەند بەدەستیبهێنن. ئەم پەیوەستبوونەی پرۆژەی ئەمریکاو پارەی ئەمریکا، کۆمەڵێک خەسڵەتی کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانمان بۆ دەردەخات.

ئەگەر خواستی ئەمریکاییەکان و داراییەکەیان پاڵنەری سەرەکی بووبێت بۆ هەڵکشانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوا هەر ئەمەش هۆکارێکی گەورەی داکشانی ئەم کۆمەڵگایانەیە. لەمیانەی پەیوەندی نێوان فەندەرەکان و چالاکواناندا جۆرێک لەپەیوەندیی هەبووە کە لە سنورێکی تەسکدا قەتیس بووە


یەکەم، کۆمەڵگای مەدەنی خۆرسک و ناوەکیی و دەرئەنجامی ئاگایی و خواستی ناوخۆ نیە. بەڵکو وەک زۆر دیاردەی تر پاڵنەرێکی دەرەکی هەیە. ئایا لەنێوان ئەکتەرە ناوخۆییەکان و پاڵنەرە دەرەکییەکان چ جۆرە پەیوەندییەک هەبووە؟ چ جۆرە پەیام و ئامانجێک لەئارادابووە؟ بەباشی نازانرێت. بەڵام ئەوەی روونە پەیوەندییەکە زیاتر لەبوارێکی دارایی و بیرۆکراسیدا قەتیسماوەو هەرگیز رەهەندی فیکریی و فەلسەفی و ئامانجگەرایی پرسەکە روون نەبووە. ئەگەر خواستی ئەمریکاییەکان و داراییەکەیان پاڵنەری سەرەکی بووبێت بۆ هەڵکشانی کۆمەڵگای مەدەنی ئەوا هەر ئەمەش هۆکارێکی گەورەی داکشانی ئەم کۆمەڵگایانەیە. لەمیانەی پەیوەندی نێوان فەندەرەکان و چالاکواناندا جۆرێک لەپەیوەندیی هەبووە کە لە سنورێکی تەسکدا قەتیس بووە، وەک چەند چالاکوانێکی دیاری ئەو بوارە پێیان وتم. وەک دەردەکەوێت پەیوەندییەکە بریتی بووە لە بەدەستهێنانی فەند لەدەرەوەو دروستکردنی ڕێکخراوک لەبوارێک یان بۆ پرسێک و ئەنجامدانی چەند چالاکییەک. ئەم سنوردارێتییە، وەهایکردووە کە کۆمەڵگای مەدەنی نەبێت بەبنەمای هاتنەئارای جۆرێکی تر لەپێکەوەبون، خۆڕێکخستن، دروستکردنی جڤات و کۆمەڵە، لەسەروی هەموویەوە دروست نەبوونی خەیاڵی نوێ، کە ئەگەر ئەندرسنیانە (بێندیکەت ئەندەرسن) بیربکەینەوە بنەمای هەموو پێکەوەبوونێکی مۆدرێنە .

بەڵگەیەکی تری ئەم بوارە ئەوەیە کە کاتێک ئەمریکاییەکان و ئەوانی تر هەست بە بارگرانی پرۆسەی دیموکراتیزەیشن دەکەن و لەهەمانکاتدا بۆیان دەردەکەوێت کەهێنانە ئارای دیموکراسی لەکۆمەڵگایەکی دواکەوتوی وەک عێراق و کوردستان جۆرێکە لەمەحاڵ، ئیتر پارەکانیان دەگرنەوەو لە ئەنجامدا، ئەوەی پێی دەوترا کۆمەڵگای مەدەنی لەکوردستان لەشەوو رۆژێکدا دەبێتە مێژوو.  پێش ئەوەی بێین باس لەقەیرانەکانی تری کۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی بکەین، با چیەتی کۆمەڵگای مەدەنی روونبکەینەوە. کۆمەڵگای مەدەنی، بەشێکە لەپرۆژەی لیبرال، بۆ هێنانە ئارای جۆرێکی نوێ لەپێکەوەبوونی ئەندامانی کۆمەڵگا، بەپێچەوانە یان دژ بەپێکەوەبوونی تەقیلیدی یان ترادیسون. وەک لەبەدواداچوونەکانماندا بۆمان روون دەبێتەوە، هیچ چالاکوانێکی ئەم بوارە بەئاگا نەبووە کە ئەو ئەرکی ئەوەیە شێوازێکی نوێ لەپێکەوەبوون بهێنێتەئاراوەو دژایەتی بونیادە تەقلیدییەکان بکات، بەڵکو زۆرینەیان وەک پیشەیەک یان سەرچاوەیەکی بژێوی یان بەدەستهێنانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و رەمزی مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە.  لێرەدا دەبێت جەخت لەگرنگی رەهەندی فیکری ئەم بوارە بکەینەوە. کاتێک چالاکوانێک نازانێت ئامانجی گەورەو درێژخایەنی ئەو چیە، ئەوا ناتوانێت کار بۆ بەدیهێنانی بکات. پێکەوەبوونی مەدەنی یان کۆمەڵگای مەدەنی کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە کە لەسەرمایەدارییەوە بۆی هاتووە، خەسڵەتی سەرەکی کراوەییەتی. کۆمەڵگای مەدەنی کراوەیە بۆ هەموان و هەموان دەتوانن تیایدا ببنە ئەندام و وازی لێبهێنن. ئەم کراوەییە پێچەوانەی کۆمەڵە تەقلیدییەکانە وەک خێزان، تیرە، هۆز، خێڵ، کە کەسێک یان تیایدا ئەندامە یان نا، نە کراوەیە و نە ئازادە.

دووەم خەسڵەتی سەرەکی، جوڵەی بەردەوامییەتی، ئەوەی پێی دەڵێن فلۆ. کرۆکی سەرمایەداریی فلۆیە، دۆلۆز بەچڕی باس لەئەمە دەکات. فلۆ یانی شل بوون. یانی نەبوونی بەربەست و گرێ و رێگر.

خەسڵەتی سێیەم، دروستبونی جۆرێکە لەباوەڕ، ترەست. فۆکۆیاما زۆر جەخت لەسەر ئەم رەهەندە دەکاتەوە. کۆمەڵە تەقلیدییەکان لەسەر بنەمای رق و بێ سیقەیی لەنێوان کۆمەڵەکاندا دروست دەبێت. ئەندامی خێزان و تیرەو عەشیرەتەکان بەردەوام لەدژایەتی و بەربەرەکانیی یەکتردان. بەهیچ جۆرێک باوەڕ بەیەکترکردن لەنێوانیاندا نیە. دیارە باوەڕ بنەمای گەشەی ئەوروپایە لەبەرامبەر ئەوانی تردا. وەک چالاکوانێک بۆی ڕوونکردمەوە، زۆربەی چالاکوانانی بواری کۆمەڵگای مەدەنی لەبری پێکەوەبوون و دروستکردنی تۆڕو هەوڵی گەورەکردنی فشارو کاریگەرییان، کاریان بەپێچەوانەوە کردووەو هەوڵی کێبڕکێ و پەرتەوازەیی و بەسیاسیبوونیان داوە. ئەمە لەکاتێکدا تێنەگەیشتنە لەبوارەکە هەروەها لەزۆر باردا دژە بەبەهاکانی کۆمەڵگای مەدەنییە، بەتایبەتی کەدێتە سەر پرسی گەندەڵی و هەڵپەی داهات و فێڵ و تەڵەکەبازی لەو بوارەدا.

خەسڵەتی چوارەم، خەیاڵە. کۆمەڵگای مەدەنی لەگەڵ خۆیدا خەیاڵێکی هاوبەش لەنێوان ئەندامان و هەوادارانیدا دروستدەکات. بەبێ ئەم خەیاڵە ئەندامێتی بەرفراوان مەحاڵە. ئەم خەیاڵە نە ئاگایی هەبووە بەرامبەریی و نە کاری بۆ کراوە. گرنگی خەیاڵ لای هەردوو ئەندەرسن و نۆڤال حەریری بۆ کاری کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زۆر جەختی لەسەرکراوەتەوە. خەیاڵ لە سنورە تەقلیدییەکانی پێکەوەبوون، وەک خزمایەتی و ناسراویی و هاوبەشی ئاینی و ئایدۆلۆجی فراوانترە.

سەرباری ئەمانە ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێت لەسروشت و خەسڵەتەکانی کۆمەڵگا تەقلیدییەکان بەئاگابن. ئەگەر لەسروشتی نەیارەکەت تێنەگەیت ئەوا ناتوانیت بەباشی رکەبەری بکەیت. کۆمەڵگا تەقلیدییەکان وەها بینراوە کەڕەقهاڵاتوون، بواری جوڵەو بەریەککەوتن و پێکەوەبوونی ئازاد نادەن. مارکس ئەوان بە بنەمای ستەمکاریی و دواکەوتویی دادەنێت، لەمیانەی قسەکردنی لەسەر گوندی هیندی. لیبرالەکانیش بەهەمانشێوە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان وەها نابینن کە بنەمای دیموکراسی و نوێنەرایەتی و کۆمەڵگایەکی کراوە دابمەزرێنن.

دەرئەنجامی هەموو ئەمانە ئەوەمان پێدەڵێت کەکۆمەڵگای مەدەنی کوردستانی دیاردەیەکی دەرەکی، دارایی و بێ مەعریفەبوە. بۆیە جێگای سەرسوڕمان نیە کە لەئەنجامدا بەئاسانی دابکشێن و نەمێنن.  لەماوەی هەڵکشانیدا کۆمەڵگای مەدەنی و بوارەکانی تری وەک میدیای ئازاد، کە فەندی دەرەکییان هەبوو، فشارێکیان لەسەر دەسەڵات دروستکردبوو. بەڵام چونکە پاڵنەری سەرەکی فشارەکە پارە دەرەکییەکە بوو، لەگەڵ نەمانی پارە دەرەکییەکەدا زۆربەی ئەم چالاکوانانە چونکە بەرەی حزب بۆ بەدەستهێنانی دارایی و گۆڕینی کۆمەڵگای مەدەنی بۆ کۆمەڵێک رێکخراوی نامەدەنی سیاسی و حزبی کە ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی بوارە جیا جیاکانە بۆ سودی حزب.

پەکەکە پێشەنگە لەم بوارەدا بەردەوام رێکخراوی جیاواز بەناوی جیاواز لەبواری جیاوازدا دروستدەکات تەنها لەپێناو کۆنترۆڵکردنی رێگری لەدروستبونی جیاواز. یەکێتی و پارتی و ئەوانی تریش بەهەمانشێوە دەخوازن کۆمەڵە مەدەنییەکان بکەنە ئامرازی کۆنترۆڵ لەبری بنەمای دروستبوونی کۆمەڵگایەکی لیبرال لەسەر بنەمای پێکەوەبوونی جیاوازو خەیاڵی جیاواز. ئەم وەرچەرخانە ١٨٠ پلەییە، وەهایکرد کەکۆمەڵگای مەدەنی ناوی بزڕێت و هەموو سەرمایەیەکی کۆمەڵایەتی و سیمبولی و مەدەنی لەدەستبدات. ئامانجی هەرە سەرەکی حزبەکانیش پێش هەموو شتێک ئەمەیە. کاتێک رێکخراوێک یان میدیایەک سەرمایەکان و باوەڕی لەدەستدەدات، ئەوا لەدارێکی ئەستورەوە دەبێتە پوشێکی بێگیان

بۆ ئەوەی ببین بەخاوەن کۆمەڵگای مەدەنی خۆمان، دەبێت بیر لەخۆبژێوی خۆمان بکەینەوە. زۆر رێکخراوە ناحکومییەکانی دونیا، سەرباری ئەوە سودمەندن لەفەندی حکومەت بەبێ هیچ مەرجێکی سیاسی


کەواتە ئەگەر بمانەوێت کۆمەڵگای مەدەنیمان هەبێت، دەبێت مەعریفەمان هەبێت بەکۆمەڵگای مەدەنی. چالاکوانان خۆیان ناتوانن ئەم مەعریفەیە بەرهەمبهێنن، بۆیە دەبێت کەسانی تر ئەو کارەیان بۆ بکەن. هەرچەندە نامەی ماستەرو دوکتۆرا بەزۆری لەم بوارەدا نووسراوە، بەڵام بەگشتی توانای بەرهەمهێنانی مەعریفەی تایبەتیان نیە بەکەیسەکە. بەڵکو زیاتر جوینەوەی ئەدەبیاتی ئەم بوارەیە بەبێ هەبوونی توانای تێڕامان. لەلایەکی ترەوە، بۆ ئەوەی ببین بەخاوەن کۆمەڵگای مەدەنی خۆمان، دەبێت بیر لەخۆبژێوی خۆمان بکەینەوە. زۆر رێکخراوە ناحکومییەکانی دونیا، سەرباری ئەوە سودمەندن لەفەندی حکومەت بەبێ هیچ مەرجێکی سیاسی، سەرچاوەی بژێویی خۆیان هەیە، ئەگەر دەرەوە لەپێناوی ئامانجی خۆیدا هەوڵی دروستکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لەدونیای ئێمەدا دا، ئێمەش بێ بیرکردەوە هەوڵی پیادەکردن و سودلێوەرگرتمان دا، بەڵام ماوەکورت و بێئەنجام بوو. ئەوا دەبێت لەداهاتوودا لەخۆمانەوە بۆ خۆمان ئەم پرسە بوروژێنین. ئەمە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا تەقلیدییەکان لە بوژانەوەیەکی خێرادان. خێڵگەرێتی نوێ، دیاردەیەکی کوشندەیە.  دیارە چەندین لایەنی تری ئەم پرسە هەیە کەشایستەی رەخنەکردنە، وەک باری دەروونی چالاکوانان، بەئۆپۆزسیۆنبوونی کۆمەڵگای مەدەنی. دیاردەی بەئۆپۆزسیۆنبوونی لەکۆمەڵگای کوردستاندا نابێت تەنها وەک ئۆپۆزسیونبوون ببینرێت، بەڵکو زیاتر دەبێت وەها ببینرێت کەڕێگایەکی خێرایە بۆ ناسراویی وبەناوبانگبوون، لە کاتێکدا ئەرکی کۆمەڵگای مەدەنی ئۆپۆزسیونبوون نیە، چونکە ئەوکاتە دەبێتە بەشێک لەکۆمەڵگای سیاسی.

 

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟