وتار

شۆڕشی ئەیلول دژ بە خۆی و وەك سەرچاوەی کارەساتێکی نەتەوەیی؟!

Sunday, 09.12.2021, 09:27 AM


وەك خاوەن فیکرو قەڵەمێك کە چەندین ساڵە دەربارەی ناسیۆنالیزم و جوڵانەوەی نیشتیمانی و نەتەوەیی کوردستان دەنوسم، پێم وایە ناسیۆنالیزمی کوردی لە ڕێی شۆڕشی ئەیلولەوە بەجەماوەری بوو، بەحوکمی ئەوەی شۆڕشێکی سەراسەری بوو. توێژە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی باشور تێیدا بەشداربوون، ماوەیەکی زۆری خایاند، ئەوەش کاریگەریە کلتوری و سیاسی و مەیدانییەکانی زێدەتر کرد.
شۆڕشی ئەیلول توانی توانای مرۆڤی کوردو کوردستانی بۆ وێناکردنی کورد وەك نەتەوەیەکی گەورەی خۆرھەڵاتی ناوەراست و گەلی کوردستانی باشور بەھێزتر بکات. پێشمەرگایەتی و شۆڕش و بەرخۆدان و چەکی نیشتیمانی و شەھید و جەنگ، توانیان خزمەتێکی بەرچاو بە خەمڵینی ناسنامەیەکی کوردستانیی جیاواز بکەن. شۆرش توانی ھوشیاری و ھزرو گیانی نەتەوەیی لەناو ئاپۆرای جەماوەردا بڵاوبکاتەوە، بۆ ماوەیەك و لە ئاستێکی دیاریکراویشدا بێت وایکرد ناسیونالیزمی کوردی سنوری ناوچەو خێڵ و زار تێپەڕێنێت و کوردستانی نیشتیمان بخاتە جێگەی (زێد) و کوردو گەلی کوردستانیش بکاتە بەرجەستەکەری ناسنامەیەکی دەستە جەمعی نوێ.
بەڵام، بەداخەوە ئەمە تەنھا بەشێکە لە دیمەنەکە چونکە شۆڕش لە ھەناویدا توخمی چەندین لاوازی ستراتیژی و دژبەیەکیی دژ بە ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی ھەڵگرتبوو؟! کە دواتر بوونە سەرچاوەی کارەساتێکی نەتەوەیی و سەرھەڵدانی ھەندێ کێشەی وا تاکو ئێستاش بەدەستایەنەوە بتلێینەوە؟! بەشێ لەو کێشانەش پەیوەندیان بە دۆخی پێش شۆڕش دژبەیەکییەکانی ناو پارتیەوە ھەبوو، کە ڕۆڵی پارتی پێشڕەوی لە شۆڕشەکەدا دەگێڕا. پارتی لەکاتێکدا ڕۆڵی گرنگی لە سازدانی خەڵك و ھوشیارکردنەوەیان و گۆشکردنیان بە ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی دەگێڕاو ڕێبەرایەتی سیاسی و سەربازی شۆڕشی دەکرد، لە ھەمان کاتدا بووە سەرچاوەی تەقینەوەی کۆمەڵێ کێشەی دژ بە سەرەتاکانی ھوشیاری و کاری نەتەوەیی؟! بەمەش بە کردەوە، بە گوتەی بارزانی ڕێبەری شۆڕش حیزبایەتی، بوو بە مایەی (فیتنە).
دیارە ھەندێ کەس ئەم دەربڕینەی ناوبراویان وەك بەڵگەیەك بۆ ئیدانەکردنی و لاوازی ھوشیاری حیزبایەتی ئەو بەکارھێناوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە وەسفێکی واقیعەکەی کردووە، تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت حیزبی کوردی لەو،ڕۆڵە فیتنەگێڕییە دژ بە نەتەوەییەی خۆی نەکەوتووە؟!
دژبەیەکیەکانی ناوخۆی شۆڕشی ئەیلول لە زۆر شتدا خۆی بەرجەستە دەکرد، بەڵام گرنگترینیان جیاوازی ئایدۆلۆژی ناو پارتی و مۆدێلی سەرکردایەتی و چۆنێتی ئیدارەدانی شۆڕش بوو.
ئەم ناکۆکیانەش لە کەموکورتیە ستراتیژیەکانی شۆڕشەوە سەرچاوەیان گرتبوو. کە گرنگترینیان ئەمانەی خوارەوە بوون:
١- نەبوونی ستراتیژێکی پێشوەختە بۆ ھەڵگیرساندنی شۆڕش وەك بەرەنجامی ھەڵسەنگاندنێکی ھەمەلایەنەی ھەل و مەرجی نێوخۆیی و دەرەکی و بوون و نەبوونی توانستی مێژوویی لەناو کۆمەڵگەی کوردی بۆ لە خۆگرتنی شۆڕش. ڕووداوێکی ناشۆرشگێڕانە، کە بەرگریکردنی خاوەن موڵکە گەورەکان بوو لە بەرژوەندییە چینایەتیەکانیان لە دوای دەرچوونی یاسای چاکسازیی کشتوکاڵی، بوو بە کڵپەی دەسپێکی شۆڕش؟ بە واتایەکی تر، بە مانای وشە پارتی شۆڕشی دەستپێنەکرد، بەڵکو ھەندێ لە سەرکردەکانی بەسود وەرگرتن لەو دۆخە بەسەریاندا سەپاند؟!
واتە، دۆخێکی ئاوارتەو لەناکاوی لە پشەوە بوو. ئەم سەرەتایەش تا کۆتایی شەستەکانیش مۆرکی خۆی بە سیمای شۆڕشەکەوە نابوو. شۆڕش لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ھێندەی کۆمەڵە، سەربەرزکردنەوەو بەرگری و ڕووداو ھەوڵی ھەڵکشاو و داکشاوی بەیەکەوە گرێدراوبوو، بەوئەندازە بەرجەستەی پەیکەرێکی تۆکمەی دۆخێکی شۆشگێڕانەی چەسپاو و موکوڕ بەرجەستە ناکات.
٢- نەبوونی دیدو ستراتیژێکی ڕوون سەبارەت بە داواکاری و مەسەلە نەتەوەییەکان و پەیوەندی نێوان گفتوگۆو بەرەنگاری چەکداری. بە خوێندنەوەی مێژووی شۆڕشەکەو یاداشتی کاراکتەرەکانی ناوی، ھەستدەکەین داخوازی و گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ناھاوسەنگ ملکەچی ھاوسەنگی ھێزو گۆڕینی دەسەڵات لە عێراق بوون؟! ھەندێ جار داخوازییەکان سەقفیان بەرزو ھەندێ جاری تریش بۆ ئاستی لامەرکەزی ئیداری و ھەندێ داخوازی سنورداری وا دابەزیون کە ناشێت ناوی داخوازی شۆرشێکی نەتەوەییان لێبنرێت، بە ئاسانیش لە چوارچێوەی ناسیۆنالیزمدا جێگەیان نابێتەوە. شۆڕشی ئەیلول لەم ڕووەوە گەر ئاماژەبێت بە پاشەکشەی بیری سەربەخۆخوازی لەنێو ماڵی ناسیونالیزمی کوردیدا، بەھۆی کاریگەربوونی پارتی بە بیری چەپ و جەبرە سیاسیەکانەوە، ئەوا لە دوای دەستبەرداربوون لەم خواستە سروشتیەی ھەر ناسیۆنالیزمێكیش، نەیتوانی بە درێژایی شەستەکان ببێتە خاوەنی دیدێکی ڕوون و تۆکمە سەبارەت بە فۆرم و بنمیچی داخوازییەکان، بۆ ئەوەی لە کات و شوێنە جیاوازەکاندا پێیان لەسەر دابگیرێت و بەرگریان لێبکرێت؟!
٣- کێشەی ڕێبەرایەتیکردن و ڕۆڵی پارتی لە شۆڕشدا، لەم ڕووەوە پارتی چەندە لە خزمەت شۆڕشدا بوو، بەو ئەندازە زیانی لێدا؟! چونکە بووبووە سەرچاوەی ڕاجیاوازی و ناکۆکی لەناو دڵی شۆڕشدا؟! ئەوەی واشی کردبوو دۆخەکە بەم جۆرەی لێبێت، چەند ھۆکارێك بوون لەوانەش:
*جوان نەخوێندنەوەی واقیعی کۆمەڵگەی کوردستانی ئەو کاتە.
*کاریگەربوونی حیزبەکەو بەشێك لە سەرکردە دیارەکانی بە چەپ لەوانەش سکرتێری مەکتەبی سیاسی، ئەمەش چەندین بەرەنجامی کارەساتباری لێکەوتەوە، کە ئێرە جێگەی باسکردنیان نیە.
*کێبڕکێ لەسەر ئەوەی کێ خاوەن بڕیاری یەکە لە شۆڕشدا.
*لە پاڵ سنورداری توانای حیزبەکە بۆ لەخۆگرتنی کۆی ئەو دۆخ و دەرھاویشتانەی شۆڕشەکە ھێنابوونیە کایەوە.
*بە ھەڵە خوێندنەوەی ڕۆڵ و ڕەمزیەتی بارزانی و توانای باڵی سەربازی بۆ ھەژمونکردن بەسەر دۆخەکەو ئاراستەکردنی و قورسبوونی ھەوڵدان بۆ ئەوەی بارزانی لەو دۆخەدا بکەیتەوە بە سەرۆکێکی ئاسایی حیزب.
بە کورتی، سەرەنجام ناکۆکی و دژبەیەکیەکانی ناو پارتی و شۆڕش زۆریان نەخایاند بە شێوەیەکی زۆر خراپ تەقینەوە؟!
پارتی کەرتبوو، بەڵام ھاوشێوەی کەرتبوونێکی ئاسایی حیزبیی نا، چونکە بەدوای ئەودا شۆڕشیش کەرتبوو، شەڕی ناوخۆ دەستی پێکرد!! دوابەدوای ئەمانەش: جوگرافیای کوردستانی باشور، ناسنامەی نیشتیمانی و مێژووی ھاوچەرخی کورد لەم پارچەدا کەرتبوون، تەنانەت ناسیونالیزمی کوردیش کەرتبوو! کە کارێکی لەو جۆرە ھەر لە بنەرەتەوە بەگوێرەی تیۆرو بەھاکانی ناسیۆنالیزم قابیلی تێگەیشتن نیە، ھەر ئەوەش وایکرد ئەم ناسیۆنالیزمە دوچاری چەندین کەماسی ستراتیژی بێت و چەندین خەسڵەتی ناسیۆنالیستانەش لەدەستبدات و بشێوێت.
بەم جۆرەوە لەو کاتەوە تاکو ئێستا کوردی باشور، خاوەنی مێژوو ڕەمزو شەھیدو سەرکردەو جوگرافیاو ناسیونالیزم و شۆڕش و بۆنەی ھاوبەش نەما!!! شکستی شۆرشیش لەم ڕووەوە ھێندەی تر کارەساتەکەی قوڵتر کردەوەو کۆمەڵگەی بەرەو لەبەریەکھەڵوەشانەوەی زۆرتر برد. بەم جۆرە گەورەترین و سەراسەرترین شۆرشی نیشتیمانی لەم پارچەدا، بەھۆی چارەسەرنەکردن و تەقینەوەی دژبەیەکیەکانی ناوی و شەڕی دەسەڵات، بووە سەرەتای کۆتایی یەکگرتوویی خاك و خەڵك و شۆڕش جوگرافیاو ناسنامەی نیشتیمانی لەم پارچەی کوردستاندا، ئەو عەقڵەی لە ئێستاشدا لە ھەرێم و کوردستان و باشوریشدا بڕیاری بەدەستە، درێژکراوەی ھەمان ئەو عەقڵە بریندارە پەرتخوازە نیگەرانە مێژووییەیە؟!
ھەر بۆیە، سی ساڵە لەبەردەم کۆتاییھێنان بە دۆخی نانیشتیمانی و نەتەوەییانەی دابەشبوون، بیناکردنەوەی ھەرێمێکی بەھێزو تۆکمەو یەکگرتوو بەدامەزراوەیی کراو، کۆڵەواری و بێتوانایی خۆی نیشانداوە! توانای بڕینی قۆناغی نیەو وەك کائینێکی زەبون و بێ دەرەتان لە بازنەیەکی داخراوی بێ ئاسۆدا خەریکی دوپاتکردنەوەی حیکایەتە جاڕسکەرەکانی خۆیەتی.
دۆخەکە لەم ڕووەوە گەیشتۆتە شوێنێ تەنھا پارتی خۆی بە خاوەنی شۆڕشی ئەیلول بزانێت و یادی بکاتەوە؟! لە کاتێکدا شۆڕشی ھەموو کوردستانیانی باشور بوو، لە چەندین حەڵقەیدا بەرجەستەکەری مێژووی ھاوبەشی تێکۆشانە، خۆبەخاوەنکردنەوەی ھاوبەشیش دەکرێت ھۆکارێك بێت بۆ دەرچوون لە زیندانی ئەو ناکۆکیانەی لە ھەناویدا سەریانھەڵداو تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێت، لە ناویدا دەژین، ئەوەش ڕێگەی لێگرتووین بۆ ئەوەی لە فەزایەکی کراوەی نیشتیمانپەروەریەکی کۆکەرەوەو ڕاستەقینەدا، چێژ لە ھەڵمژینی ھەوایەکی سازگارو شیفابەخش وەربگرین.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟