لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

كوردو جولەكەو ئیسلامییەكان كۆمەڵێك پرسیاری كۆمۆتراتژیدی ئامێز!

Sunday, 05.16.2021, 09:46 AM


توركیا هێرشێكی گەورەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بەئاگرو ئاسن گوندو چیاو دۆڵەكانی كوردستان بۆردومان دەكات، تەنانەت وەك سەرچاوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئاماژەی بۆ دەكەن، چەكی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی لەنێویشیاندا چەكی كیمیایی بەكاردەهێنێت، كەچی زۆرینەی كۆمەڵگای كوردی وەك ئەوەی نەبای دیبێت نە باران!.
ئەوەی جێگای سەر سوڕمانیە حكومەتی هەرێم، كە خۆی بەخاوەنی ئەو هەرێمە دەزانێت، نەك بێدەنگە، بگرە بەراشكاوانەو راستەوخۆ پارتی كرێكارانی كوردستان تۆمەتبار دەكات و ئەمەش واتای ئەوەیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەرووی راگەیاندن و بەشێوەیەكی راستەوخۆش لەرووی هەواڵگری و پڕۆسەی سەربازیەوە هاریكاری توركیا دەكات، كۆمۆتراژیدیاكە لەوە دایە پەكەكەش  تۆمەتبار دەكات، كە كێشە بۆ هەرێم دەنێتەوە!؟ ئەگەر دەڵێن ئەوە بە تەنیا پارتیە هاریكاری توركیا دەكات، ئەمە چەواشەكردنێكی میدیاییە، لەبەرئەوەی یەكێتی و گۆڕانیش هاوبەشن لەو حكومەتەو بەچاك و بەخراپ لەم هەڵوێستە بەشدارن. لەمەش سەیرتر بەرپرسەكانی حكومەتی هەرێم فرمێسك بۆ منداڵە فەلەستینیەكان دەڕێژن و لەكاتێكدا خۆیان شان بەشانی توركیا منداڵی كورد تیرۆرو بێباوك دەكەن و لە كونجی زیندانەكانیان دەئاخنن و  باكیان نەك بەفرمێسك بەڵكو بەخوێنی منداڵانی كوردیش نیە!.
بەراستی سەیرە وڵاتەكەت داگیر بكرێت، كەچی شین و واوەیلا بۆ خەڵكی تر بگێڕیت. لە دەسەڵاتی كوردی دووڕووتر بەناو ئیسلامیەكانی كوردستانن، كە خۆیان بە بانگخوازو چاكەخوازو .... هتد نیشانی خەڵك دەدەن و فرمێسك بۆ ئیسلام دەڕێژن، لەكاتێكدا بەر لەهەموو كەسێك خۆیان ئاینی ئیسلامیان چرووك بێبەها كردووەو بەگوێرەی بەرژەوەندیەكانی خۆیان بەكاری دەهێنن، ئەوانیش، كە لەسەر مینبەرو بڵندگۆكان، لەسەر بچووكترین كێشەی ناو كۆمەڵگا قسە دەكەن و جنێو بەدارو بەرد دەدەن، بەرامبەر هێرشی توركیا بوونە بەتەڵەی تەقیوو راشكاوانە دەستخۆشی لە ئەردۆگان دەكەن و بەسوارچاكی رزگاركردنی فەلەستینی لەقەڵەم دەدەن!. توركیا پێنج شاری باكووری كوردستانی وێران كرد، لەبەرچاوی میدیاكان زرێپۆشەكانی توركیا ئافرەت و منداڵی كورد دەشێلێت، كەچی ئەو  بەناو مرۆڤ دۆستە ئیسلامی و عەلمانی و رۆشنبیرو جاهیل و خوێندەوارو نەخوێندەوار نقەیان لێوە نایەت!.
ئەمە بەشێوەیەك لەشێوەكان دووپاتكردنەوەی ئەو هەلوێستە پڕشەرمەزاریەی دەولەتە ئیسلامیەكانە بەرامبەر كوردو داننانە بەو دەنگە ناسازو پر جەهالەتەی ئیسلامیە عەرەبەكان، كە كورد بەخێوو جنۆكەو كافر لە قەڵەم دەدەن، ئەی ئەگەر ئیسلامیەكانی كوردستانیش كوردیان لا موسڵمان بێت، بەلایەنی كەم دەبوایە تنۆكە فرمێسێكیشیان بۆ میللەتەكەی خۆیان بڕشتبوایە، ئەوان ناڵێن كەسە نزیكەكان زیاتر شایەنی چاكە لەگەڵ كردنن!. ئەی بۆ دوورو نزیك بەرامبەر ئەو هەموو تاوانەی ئەردۆگان بەرامبەر میللەتەكەیان دەكات نیوە قسەیەكی خێریش بۆ گەلەكەیان ناكەن!؟. ئەوان لەكاتیكدا لەسەر مینبەرەكان فرمێسك بۆ سەربازە كوژراوەكانی توركیا دەڕێژن، كە دەستدرێژیكارن و  پەلاماری خەڵكی بێوەی و موسڵمانیان داوەو ژن و منداڵ و خاك و وڵاتی گەلێكی موسڵمانیان هەتك كردووەو بەگوێرەی خودی ئاینی ئیسلام شوێنیان ناوەڕاستی دۆزەخە، بۆ دەنگێكی كزیشیان لێوە نایەت!؟ بۆ نووزە لاواندنەوەیكیش بۆ ئەو كچە گەنج و قارەمانانە ناگێڕن، كە بەرگری لەناموس و مافی گەلەی خۆیان دەكەن و ئەو سەربازانەی ئەوان بۆیان دەگرین، لەبەرزەقەی چاوی میدیاكان دەستدرێژیان دەكەنە سەرو بە نارەوا خوینیان دەڕێژن و تیرۆریان دەكەن!
ئایا ئاستی نەخوێندەواری و جەهالەتی گەیشتۆتە ئەو رادەیە  نەزانن گەلی فەلەستینی وەكو گەلی كورد كراوەتە قوربانی دەست هێزە ئیسلامیەكان و دەسەڵاتدارە گەندەڵەكان، ئایا نازانن ئەوە ئەو هێزە ئیسلامی و دەسەڵاتە گەندەلەكانی عەرەب و توركە بازرگانی بەو شەڕو خوێن رشتنە دەكەن و لەسەر حیسابی خوێنی مندالە فەلەستینیەكان كۆشكی بەرزو تەلاری گەورە لە وڵاتە كافرەكان بۆ مندالەكانیان دەكڕن و بونیات دەنێن و خەڵكی سادەی موسڵمانی پێ فریو دەدەن!. ئایا ئەوە ئەو دەسەڵاتدارە ئیسلامیە گەندەلانە نین، كە یاری بە چارەنوسی مندالە فەلەستینی و جولەكەكان دەكەن و یارمەتی گەشەسەندن و بەهێزبوونی جوولانەوەی زایۆنیزم دەدەن!؟ ئایا نازانن ئەگەر كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل چارەسەر بكرێت، ئەوان لەسەر مینبەرەكان چۆن بشیڕێنن و دەسەڵاتدارەكان پاساو بەچی بۆ رژێمە ناڕەواو گەندەڵگارەكانیان بێینەوە!؟
كامە دەسەڵاتداری عەرەبی هەیە لەژێرەوە، دیارە لە ئێستادا بەئاشكراتر، پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نەبێت و لەسەرەوەش جنێوی پێنەدات!. ئایا نازانن ئەردۆگانی رزگاركەری قودس گەورەترین بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل هەیە و هاوپەیمانی توركی – ئیسرائیلی یەكێكە لە هاوپەیمانیە بەهیزەكانی ناوچەكە!؟ ئایا ئەمە هەمان ئەو فرمێسكە تیمساحیە نیە، كە بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدتان دەڕشت، كە لەسەرەوە دژی جولەكە دەوەستاو لەژێرەوەش دەیان ئاكنجی و ناوچەی دەفرۆشتە جولەكەكان!؟، ئایا ئەو دۆكیونێنتانەتان نەخویندۆتەوە، كە سوڵتان عەبدولحەمید زەویەكانی فەلەستینی چۆن دەفرۆشتە جولەكەكان!؟، ئایا ئەمە واتای ئەوە نیە، كە سوڵتان عەبدولحەمید خۆی دامەزرێنەری راستەقینەو دانەری بەردی بناغەی ئیسرائیلە نەك بەریتانیەكان و بەڵێنی بەڵفۆر وەك خەڵكی پێ فریو دەدەن!؟
دیارە لەمەدا مەیەستم پاكانە كردن نیە بۆ ئینگلیزەكان، كە هۆكاری سەرەكی ماڵوێرانی زۆربەی گەلانی رۆژهەڵات و بەرپرسی یەكەمی دابەشكردنی كوردستانن لەدوای جەنگی یەكەمی جیهانی، بەڵكو دەمەوێت تەنیا چەند راستەقینەیەكی تاڵی مێژوویی روونبكەمەوە.
ئەگەر تۆ نەتوانیت رێزی میللەتەكەی خۆت بگریت، پیت وایە خەڵكی تر، هەرچەندە كۆیلایەتیشیان بۆ بكەیت ریزی تۆ بگرن!؟ لەمێژوودا هیچ كۆیلەیەكت دیوە لەلایەن خاوەنەیەكەوە ریزی لیگیرابێت!؟ هیچ داگیركەرێكت دیوە رێزی ئەو كەسانەی گرتبێت، كە پەلكێشیان كردووە بۆئەوەی وڵاتەكەیان داگیر بكات!؟ چۆن چاوەڕوان دەكەی میللەتانی تر رێزی تۆ بگرن، لەكاتێكدا تۆ درۆ لەگەڵ خۆت و ئاین و بیروباوەڕەكەت دەكەیت!؟ بەراستی بە هەموو ئاوەزی خۆتان پێتان وایە ئەردۆگان وەك برا موسڵمانێك سەیرتان دەكات، یاخود وەك جاش و خۆفرۆشێك؟! ئایا لەخۆتان نەپرسیوە، ئەردۆگان لەكاتێكدا خۆی بە زیندووكەرەوەی ئیپمراتۆریای عوسمانی دەناسێنێت و كار بۆ ئەوەش دەكات خۆی وەك یەكەم ئیمپراتۆری عوسمانیە نوێیەكان بچەسپێنێت، بۆچی هاوپەیمانی سەرەكی توركە عەلمانی ناسیونالیستە توندڕەوەكانە (MHP)!. ئایا لەكاتێكدا، كەمالیستەكان بەماسۆنیەت تۆمەتبار دەكەن، هیچ بۆنی ماسۆنی بوونێك لە ئەردۆگان ناكەن، ئایە خۆتان وەك بەرهەمی فریودانێكی مێژوویی نابیننەوە!؟.
كاتێك سوپای عوسمانیە نوێیەكان بە یارمەتی ئیسرائیل و ئەمریكاو ناتۆ و ئەمریكاو روسیا، عەفرینی داگیر كرد، زیاتر لە 95 هەزار مزگەوتی توركیا سورەتی فەتحیان خوێندو دوعایان بۆ ئەو داگیركاریە كرد، ئایا كوردەكانی عەفرین كافر بوون!؟. چەند مەلاو بانگخوازو زانا نەخوێندەوارەكان یەك قسەی خێریان بۆ عەفرین كردو ئەوانیش لە مزگەوتەكان دژی ئەو زوڵم و داگیركاریەی توركیا بوونەوەو دوعایان بۆ سەركەوتنی میللەتەكەیان كرد بەرامبەر ئەو زوڵم و دەستدرێژیە!؟.
بەراستی جێگای شەرمەزاریە كۆمەڵگای كوردیتان گەیاندە ئەو رۆژە، ئاینی ئیسلام و نەتەوەو خواو پێغەمبەر لەئێوە بێبەریەو واز لە فریودانی ئیسلام و خەڵكی سادەی كوردستان بێنن، كورد لەمێژە گوتویەتی سەد ساڵ بكەی بێگانە پەرستی دوایی چارەنووسەكەت دیارو روون و ئاشكرایە!.
دڵنیا بن من لاریم لەوە نیە فرمێسك بۆ فەلەستین دەڕێژن، لەبەرئەوەی منیش نەك بە تەنیا بۆ فەلەستین بەڵكو فرمێسك بۆ هەموو مرۆڤێكی زولم لێكراو دەڕێژم لەسەر ئەو گۆی زەویەو جیاوازی لەنێوان رەگەزو ئاین و نەتەوەو رەنگی پێست ناكەم، بەڵام چ واتایەكی هەیە بۆ خەڵكی تر فرمێسك بڕێژی و بۆ نەتەوەكەی خۆت بێدەنگ بیت!؟ ئایا كوردیش مرۆڤ نیە، چ درۆیەكی گەورەیە خەڵكی ترت پێ مرۆڤ بێت و نەتەوەو كۆمەڵگاكەی خۆت پێ مرۆڤ نەبێت!.
جێگای داخە ئێوە خۆتان وەك رەخنەگرو چاكسازیخوازو فریشتە نیشان دەدەن، لەكاتێكدا زۆر لەو دەسەڵاتە گەندەڵترن، كە رەخنەیان لێدەگرن!. هیوادارم بگەڕینەوە سەر راستەقینەی ئاینی ئیسلام و چیتر خەڵك فریو نەدەن و كەمێك رێزی هەست و سۆزی میللەتەكەی خۆتان بگرن.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟