لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

شکستی مەعریفەی گەڕان…ئێمە چین؟ بەرەو کوێ دەڕۆین؟

Tuesday, 11.30.2021, 08:49 PM


خودایەک ئێمەی فڕێدایە ئەم دونیایەوە، نە خۆی هیچمان بۆ دەکات و نە خۆمان هیچمان پێدەکرێت، نە دەتوانین ببین بە بەشێک لە دونیا، نە دونیا ئامادەیە وەک بەشێک لە خۆی قبوڵمان بکات. نە دەتوانین لە ناو مێژوودا بین، نە بە دەرەوەی مێژوو رازین. سیزیف ئاسا بەردەکەمان بە کۆڵەوە بەرەو لوتکە، هەر کاتێ نزیک دەبینەوە بەرەو دامێن و خاڵی سفر گلۆر دەبینەوە. نە بە دامێن رازین، نە توانای گەیشتن بە لوتکەمان هەیە. قەدەری ئێمە وەهایە ئەم ئازارە سیزیفییە بچێژین، لەم پانتایی نێوان لوتکە و دامێنەدا بە دیار برینەکانمانەوە دانیشین و مێژووی ئازارێکی ئەبەدی بنوسینەوە!

ئێمە چین، چ بوونەوەرێکین و بەرەو کوێ دەڕۆین. بوونێک تا ئێستا نە دەتوانێ وەک نەتەوەیەک خۆی پێناسە بکات، نە دونیا وەک نەتەوەیەک ئامادەی ناسینییەتی. بوونێک تا ئێستا لەوە کەمتواناترە بە دوای ونبوونی خۆیدا بگەڕێ، تەنانەت هێزی گەڕان بە دوای دۆزینەوەی خۆیشی نییە، دونیاش ئەرکی دۆزینەوەی لە ئەستۆ ناگرێ و ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە لە ونبوویەکی ناو مێژووەوە وەک بوونێکی ناسراو و دانپێدانراو بیهێنێتە ناو مێژووەوە! ئەوان چۆن بخوازن یاری بە سیاسی و دەسەڵاتدارانی ئێمە دەکەن، دەسەڵاتدارانی کوردیش چۆن بخوازن یاری بە ژیان و نیشتیمان و کۆی بەها مرۆییەکانمانەوە دەکەن!
   
ئێمە نەتەوەیەکین، لەو شوێنەی بۆ بوونمان دەگەڕێین، هەر لە بنەڕەتدا لەوێ شتێکی تێدا نییە بە ناوی بوونەوە، گەڕانێکی لێوان لێو لە هەڵە، لەو شوێنەشدا کە پێویست دەکات ئامادەی گەڕان بین تیایدا، تواناکانی گەڕان و دۆزینەوەمان بەشی ئەوەندە نابێت شتێکی بە ناوی بوونەوە پێ بدۆزینەوە. ئێمە دەگەڕێین بەڵام لەو شوێنە نا کە بوونی راستەقینەی تێدا دەدۆزرێتەوە، چونکە گرفتە جەوهەرییەکەی ئێمە ئەوەیە، کە هێزی گەڕان و دۆزینەوەمان نییە، دەگەڕێین بەڵام بۆ دۆزینەوەی ونبوویەک نا، بەڵکو بۆ ونکردنی هەرچی زیاتری بوونێکی ون. واتە ئێمە لەبەردەم شکستی مەعریفەی گەڕانداین، مەعریفەیەک نە تەنها توانای کردنەوەی دەروازەکانی بوونی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر بوونێکی هەیە، بەڵکو توانای گۆڕینی بوونێکی نەناسراو و دانپێدانەنراویشی دەبێت بۆ بوونێکی ناسراو و پێناسەکراو، بوونێک بتوانێ لە نێو پانتاییە ئەنتۆلۆژییەکانی شانۆی جیهانیدا خاڵێک بێت و جێگەیەک بگرێت.

لە ئێستادا رەنگە یەکێک لە قورسترین شتەکان، گەڕان بێت بۆ دۆزینەوەی ئەم بوونەوەرەی ناوی کوردە، هەوڵدان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیاری: «ئێمە چین و بەرەو کوێ دەڕۆین»، گەڕانێک توانای ئەوەی هەبێت پێناسەیەکمان بکات و ناوێکمان بۆ بدۆزێتەوە… دەڕۆین و نازانین لە کوێین، دەڕۆین وەک ونبوویەک بێ ئەوەی خەمی خۆ دۆزینەوەمان هەڵگرتبێت، دەڕۆین و ونبوون بە ونبوونێکی دیکە دەسپێرین!

   هەرچی شۆڕشە، هەرچی سەرکردەی سیاسییە، هەرچی حیزبە، هەرچی میدیا و ماسمیدیایە، راست یان چەپ، دینی یان عەلمانی، گەورە یان بچووک، هەر هەموویان بەیەکەوە لەم پرۆژەی ونکردنی بوونی کوردەدا هاوبەش و بەشدارن. هەمووان لە باری تیۆرییەوە هەڵگری گوتاری دۆزینەوەی ونبوویەک و هێنانەوەی بوونێکی ونن بۆ ناو مێژوو، بەڵام لە باری پراکتیکییەوە لە پانتاییەکی گەورەتردا، لە تاریکییەکی قوڵتردا، ونیان کردووین!

دەبێ رۆژێک بێت و خودایەک بماندۆزێتەوە، خودایەک گومان دەکەم لە هیچ شوێنێکییەوە بچێتەوە سەر خوداکانی ئێستامان. خودایەک دەبێ هەگبەکەی پڕ بێت لە مەعریفە، مەعریفەی گەڕان، خودایەک بمانناسێت، بتوانێت بمانخوێنێتەوە و پێناسەیەکمان بکات، هێزی ئەوەی هەبێت لە نێوان دوو بووندا، بوونێکی ون و بوونێکی ئامادەدا، بوونێکی ساختە و بوونێکی راستەقینەدا، جیاوازییەکمان پێشانبدات و لەم دۆزەخی ونبوونەدا بمانگەڕێنێتەوە بۆ بوونێک لە مێژوودا.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی
جاشایەتی ئال بارزانی بۆ ئەردۆغان
تابلۆکانی شەهیدانی قەلەم لەکوردستان

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟