وتار

سی ساڵی رابوردوو

Thursday, 01.06.2022, 03:04 PM


سی ساڵ لەمەوبەر جەنگی سارد کۆتایی هات. ئەم رووداوە، لەهەموو رووداوێکی تر لەمێژوودا زیاتر بەسودی کورد بووە. تەمەنی دەسەڵاتی کوردی و کۆتایی جەنگی سارد هەمان ژمارەیە، ئەمە رێکەوت نیە. لەم وەرچەرخانە زەمەنییەدا ئێمە رووبەڕووی زۆر گرێی ئالۆز دەبینەوە: ئایا جیوپۆلەتیکە بڕیار لەچارەنووسی ئێمە دەدات؟ یان ئایدۆلۆژیا؟ لەساڵانی رابووردودا ئایدۆلۆژیا لەناو کۆمەڵگای باشوردا جێگای مشتومڕێکی زۆر بووە، بەبێ بەرهەمهێنانی هیچ دەقێکی قوڵ لەمبارەوە. دەقی ئایدۆلۆژیستی بەختیار عەلی زیاتر تومەتبارکردنە، بەبێ خوێندنەوەی بنەما کۆمەڵایەتی و مێژوویی و ئاگایی کەسەکان یان گروپەکان.

رەوتێک هەیە ئایدۆلۆژیا بە بەرپرسی یەکەمی قەیرانەکانی کوردستان دەزانێت، ئەمەش خۆڵکردنە چاوو فریودان نەبێت هیچی تر نیە. دەکرێت بوترێت کە یەکێک لەخەسڵەتەکانی کۆتایی شەڕی سارد کۆتایی ئایدۆلۆژیایە بەمانا تەقلیدییەکەی. دیارە ئایدۆلۆژیا ون نابێت، بەڵام رۆڵی تەواو دەگۆڕێت. ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم یان نیولیبرالیزم داوات لێناکات کە بڕوای پێ بهێنی، بەڵکو زۆرجار بەبێ ئاگایی پیادەی دەکەیت. لەپێناسەی ئایدۆلۆژیادا لەم سەردەمەدا تۆماس پێکتی وەک رەوایی بەخشێک دەیبینێت. ئەو دەڵێت دابەشبوونی سامان لەدونیادا زۆر نادادپەروەرانەیە، بۆیە ئایدۆلۆژیا پێویستە. بەهەرحاڵ کورد ئایدۆلۆژیای هەبێت یان نا، مەحکومە بەجیوپۆلەتیک زیاتر لە ئایدۆلۆژیا. هێزێکی کوردی کە زۆر جەخت لە ئایدۆلۆژیا دەکاتەوە، پەکەکەیە، دەبینین بەگۆڕانی قۆناغەکان، ئایدۆلۆژیاکەی دەگۆڕێت، هەندێک جار ١٨٠ پلە. بۆیە زیاتر گرنگە جەخت لە سەر واقیعییەتی جیوپۆلەتیک بکەینەوە، چونکە کە جیوپۆلەتیک دەگۆڕێت، کورد ناچارە بگۆڕێت.

دوو روداو ئێجگار گرنگە لەم رووەوە: جەنگی سارد، کۆتایی جەنگی ساردو دەستپێکردنی سەردەمی تاک جەمسەری. ئەم دوو رووداوە سیاسییە جیوپۆلەتیکییە، ئێستا خەریکە دەبنە مێژوو، ئێمە لەسەرەتاکانی قۆناغێکی تری مێژووییداین. لە سی ساڵی رابوردوودا دونیا ئاسان بوو، تەنها پێویستی بەئەوە دەکرد بزانیت واشنتۆن چیدەکات. هەرچەندە ئێمە نەمانتوانی ئەوەش بەباشی بکەین.  جەنگی سارد، کە لەئەنجامی قەیرانی ئێرانەوە دەستپێدەکات، کورد رۆڵێکی سەرەکی تیادا دەبینێت، هەرچەندە پەسیڤ. دوکتۆر بورهان یاسین لە تێزی دوکتۆراکەیدا کاری لەسەر پەیوەستی پرسی کوردو جەنگی سارد کردووە. ستالین بۆ ماوەیەکی کورت سەرکێشی رکەبەری بەریتانیاو ئەمریکای کرد، کاتێک پەیمانی بەشە نەوتی پێدرا لەئێران، کشایەوە. هەرچەندە پاشان لە نەوتەکەش سودمەند نەبوو، بەڵام سۆڤیەت بەباشی زانی هیچ نەکات. ئەمە سەرەتای جەنگی سارد بوو، بەتایبەتی لە دیدی قوتابخانەی پەراوێزەوە peripheral .  سەرتاپا ساڵانی جەنگی سارد کورد تەنها وەک یەکێک لەئامرازەکانی ململانێی نێوان دوو زلهێزەکە بەکارهاتووە. لەحەفتاکان ئەم بەکاربردنە دەبێتە بەشێک لە سیستەمێک یان نیزامێک کە هێنری کیسنجەر دایدەڕێژێت. کیسنجەر لە میانەی ئەم نیزامەدا یارییەک دادەڕێژێت کە لەکات و شوێنی تایبەتدا وڵاتێک فشار دەکاتە سەر وڵاتێکی تر لەپێناو گۆڕینی رەفتاری ئەو وڵاتە یان ناچارکردنی بەئەنجامدانی کارێک. بۆ نموونە: کاتێک کیسنجەر سەرکەوتوو دەبێت لەڕێکخستنی میسر و ئیسرائیل، هەوڵ دەدات کە عێراق ناچار بکات لەکشانەوە لەسوریا، کە بەئامانجی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیلدا لەئەو وڵاتە بوو. بۆ ناچارکردنی عێراق، کیسنجەر داوا لە شا دەکات، کە دەست بەجموجوڵی سەربازی بکات لەسەر سنورەکانی عێراق، بۆ ئەوەی عێراق ناچاربێت سوپاکەی لەسوریا بکشێنێتەوە. شا بەم کارە هەڵدەستێت. رازی بوونی شا بەم داوایەی کیسنجەر، دەبێتە مایەی شەڕ لەنێوان کوردو عێراقدا. مارتن ئەندیک ئەمساڵ کتێبێکی چاپکرد جەخت لەسەر پەیوەندی نیزام و ئاشتی دەکاتەوە. بەڕای ئەو میتۆدی کیسنجەر وەها بوو: نیزامی دادەمەزراند، وەک بنەمایەک بۆ ئاشتی . Master of the Game: Henry Kissinger and the Art of Middle East Diplomacy  ئایا ئەم دیدە چەند وەهایە یان نا، چەندێک کیسنجەر نیزامی بۆ ئاشتی بوو، پرسێکی ترە، رەخنەگرانی کیسنجەر زوو لێی هاتنە وەڵام. (وتارێکی رەخنەیی باش لەمبارەوە لەماڵپەڕی war on the Rock دایە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە کە کیسنجەر نیزامێکی دامەزراند کەکورد رۆڵی فشارکەرو ئامرازی رەفتار گۆڕینی ئەویتر بوو. لەپەیوەست بە کورد خۆیدا، لەنووسینێکی تایبەت بەم بوارە وەک گیسکەکەی هەیاسی خاسم چواندوە. بەپێی ئەم دیدە دەبێت ئەوەندە پشتیوانی کورد بکرێت کە ببێتە هۆکاری رەفتار گۆڕینی ئەوانی تر، لەنێویاندا سۆڤیەت و وەهایان لێبکات کە گەر بیانەوێت هەر دەستوەردانێک بکەن لەناوچەکە ناچاربن دووجار بیربکەنەوە. لەهەمانکاتدا نابێت ئەوەند پشتیوانی بکرێن کە ببنە مایەی گۆڕینی نیزامەکە. دەکرێت رەفتاری ئەمریکا لەکاتی ریفراندۆمدا لەم روانگەیەوە لێکبدرێتەوە. کیسنجەر ئەم دیدە لەبەرواری ٢٣ی تەمموزی ساڵی ١٩٧٣ دەردەبڕێت لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ ریتچارد هۆلمس باڵیۆزی ئەمریکی لەئێران.  بەکۆتایی شەڕی سارد، ئەم نیزامە کۆتایی دێت و ئەمریکا لەناوچەکە، لەبری هاوسەنگەر و ململانێی زلهێزی تری جیهانی دەبێتە هێزێکی خاوەن هەژموون. کورد زۆر سوود لەم سەردەمی هەژموونی ئەمریکایە دەبینێت. هەرچەندە ئەگەر کوردی باشور گەلێکی مۆدێرن بوونایە و بیانتوانییایە سیستەم و حوکمدارییەکی سەردەمیانە بونیادبنێن، ئەوا دە هێندە زیاتر سودمەند دەبون . ئەمریکا ئەمرۆ لەکۆتایی قۆناغی تاک جەمسەریدایە. ئەمە تەنها مانای کشانەوە یان گۆڕینی رۆڵ نیە بەڵکو یانی کۆتایی قۆناغی هەژمونیەت و بوونی ئەمریکا بە یەکێک لەهێزەکانی تری ناوچەکەو دەرفەت رەخسان بۆ ئەوانی تر، بە تایبەت چین و روس .  دیارە زۆر باس لەگەڕانەوە بۆ سەردەمی جەنگی ساردێکی تر دەکرێت. بەڵام ئەمە تەنها میتافۆرێکی سیاسییە لە پێناو ئاسانی وێناکردنی دۆخەکەدا، ئەگینا دووبارەکردنەوەی مێژوو مەحاڵە.  ئێمە ئێستا ئەزمونی دوو قۆناغمان هەیە. قۆناغی شەڕی ساردو قۆناغی پاش شەڕی سارد. ئەم دوو ئەزمونە ئەگەر بتوانین بە میتۆدی زانستی کاری لەسەر بکەین ئەوا دەتوانرێت بکرێتە بنەمایەک بۆ تێگەیشتن لەقۆناغی داهاتوو. قۆناغی داهاتوو، کۆمەڵێک خەسڵەتی هەیە، بە کورتی لێرەدا ئاماژە بەهەندێکیان دەکەین:

یەکەم، قۆناغی ناڕوونی و نادڵناییە. سی ساڵی رابودوو ئەگەر بەباشی چاودێری سیاسەتی ناوەوەی ئەمریکات بکردبا، هەتا رادەیەکی زۆر دەتتوانی پێشبینی هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا بکەیت، چیدی دۆخەکە بەمجۆرە نیە. لەمەودوا جگە لە ناوەوەی ئەمریکا، دەبێت چاودێری رەفتاری هێزەکانی تریش بکەیت.

دووەم، هیچ هێزێک نیە لەدونیادا گەر بیەوێت زلهێزبێت، بتوانێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پشتگوێ بخات. روسەکان کە دەیانەوێت ببنەوە بەزلهێز، دەیانەوێت بێنەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دیبەتێکی گەورە هەیە، لەمەڕ پەیوەندی روس و زلهێزبوون. روسیا قەدەری وەهایە یان دەبێت زلهێزبێت یان دەکەوێتە مەترسییەوە. ئەم دۆخە وەهایکردووە کە روس مێژوو بە دۆخێکی جیوپۆلەتیکی ناکۆتا دەبینن. جیوپۆلەتیک لێرەدا یانی جەنگەڵبوونی دونیا و نەبوونی جێگا بۆ لاواز. روسەکان دەرفەتیان قۆزییەوە و بوون بە بەشێک لە سیستەمی ئابوری و سیاسی ئێمە. چۆن لە داهاتوودا مامەڵە بە ئەو پێگەیەوە دەکەن؟ لەسەر سرشتی رووداوەکان وەستاوە.

  سێیەم، سەردەمی داهاتوو سەردەمی بێ ئایدۆلۆژیایە. هەرچەندە چین و روس و ئەوانیتر هەوڵدەدەن دژ بەدیموکراسی و مافی مرۆڤ و لیبرالیزم بدوێن، بەڵام خۆیان هەتا سەر ئێسقان بەشێکن لەسیستەمی لیبرالی جیهانی، گەرچی بەجیاواز. نوخبەی سیاسی و فیکری چین و روس لەو ڕاستیە گەیشتوون، ئەگەر بتەوێت لەدونیادابیت دەبێت مۆدێرن بیت، گەر بتەوێت مۆدێرن بیت، دەبێت کەپیتالیست بیت، باری بۆزان بە پوختی باسی ئەم پرسە دەکات، لەمەڕ روسیا و چین.  ئەم نەبوونی ئایدۆلۆژیایە وەها دەکات کە پێشبینی کردنی رەفتاری یاریکەرەکان ئاسان نەبێت، بەتایبەتی بۆ یاریکەرێکی لۆکاڵی وەک کورد کە هەتا ئێستا بیرمەندێکی نیە لەئاستی باڵادا بیربکاتەوە، هەمووی سەری کردووەتە خۆی .  ئەوەی جێگای ترس و نائومێدییە، ئەوانەی حوکمی کورد دەکەن، لەئاستی دۆخەکەدا نین، ئەوانەی نەیاریانن زۆر لەئاستێکی نزمتردان. خەڵکیش لە نێوان ملکەچیی و بۆڵەدا جۆلانێیانە.

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

ئایا مەسرور بارزانی لەسەر سكاڵاكەی دادگای واشنتۆن دەیدۆڕێنێت؟