لە مرۆڤی رەشبین بە دووربە، چونکە ئەوان بۆ هەر چارەسەرێک کێشەیەک دروست دەکەن!(ئەنیشتاین)

وتار

ئەزبەنی خراوت کرد!

Saturday, 02.12.2022, 12:31 PM


چەند جوان و ڕاستی گوتووە سەعدی شاعیری مەزنی فارسی زبانی ئێرانی:

تا مرد سخن نگفتە باشد                 عیب و هنرش نهفتە باشد
واتا: تا پیاو قسەی نەکردبێت   عەیب و هونەری شاراوە دەمێنێتەوە
مەبەستێتی بڵێ؛ ئەوە قسەکردن و دەربڕینە دەمانناسێنێت و بە وانی دیکە دەڵێ من بایی چەندم و لە کام دیار و  چەندەم پێیە بۆ هەڵڕشتن، لەکام فەرهەنگ و پایەی عیلم و زانستم و تەبەقەی شعور و هزر و تێگەیشتوویم لە کام پایە و ڕیزڕەوی سەردەمدا جێی بۆ دەکرێتەوە؛ شارستانی، ئاکادەمی، بورژوا، گوندیی یان بێسەواد وێنا دەکەم؟!
ئەم ڕۆژانە چونكێ لە مێژە وازم لە دەزگای زەبلاحی کۆکەرەوەی هەموو شتوومت و وردەواڵەی ناو سندووقی عەتار، فەیسبووک هێناوە و ئاگام لە خۆ گیفکردن و خۆبادانی مرۆڤە لاواز و هیچ لەباراندا نەبووی بەشێک لە "ڕوشنبیر و نوخبەی" مەیدانی کوردایەتی و موزایدەچییەکان نەماوە و لە ڕێی سایتەکان و دۆستان تێگەیشتم دیسان جەنابی کاک مەسعودی سەرۆکی پێشوی کوردستان و دەسەڵاتی بەڕ و بەحری ئەمڕۆ و موهەندیسی ڕێفراندۆم و خۆ بە باوکی نەتەوەیی کوردزانین، کەتنی ناوەتەوە و دیسان بەربۆتە گیانی کوردی بەستەزمان و ئاوارە و بێدەسەڵات و مجێورەکانی بەر قاپی مزگەوتەکەی خۆی، کوردی ڕۆژهەڵات.
دەڵێن شاخ ژان گرتی و مشکێکی بوو! کتێبی نووسیوە، ئەویش چ کتێبێک؛ مێژوو، چ مێژوویەک؟ مێژوویەکی چەواشەی ٤٥ ساڵ پێش، لەسەر چێ؟ لەسەر کوردە داماوەکەی پەنابەری خۆی و چاو لەدەستی خۆی لە ئوردوگاکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، کوردی ئێران!
هیچ پادشایەک و هێچ سەرکردەیەکی لای خۆمان ئەوەندە کاتی نییە دانیشێت و بە هەزاران لاپەڕە ڕەش کاتەوە بۆ پەروەردە و زانست و مێژوو بۆ نەوەکانی داهاتوو، لەمەڕ وڵاتانی لای خۆمان هەر لە دێرزەمانەوە باو بووە لە بارەگای سوڵتانەکان مەداحی جۆرواجۆری لێبووە و وەک ئەسپ و توتی و باڵندەکان بە خێویان کردوون و تەنانەت ئاخوڕیان ئەوەندە پۆشتە کردوون تەنیا ئیش و کاریان پێداهەڵگوتن بووە بە سوڵتان و پاشا!
ئەم کاک مەسعودەی ئێمەش بە حەق کەمی نەهێناوە لە سوڵتان و پادشاکانی سەردەمی ئێستا نا، چونكێ زۆربەیان ئەوەی ئەو دەیکا، پێیان ناکرێ و بۆیان نالوێت، بەڵکو دەبێ بگوترێت و هەڵیانسەنگێنیت لە گەڵ ئەوانەی سەفەوی و عوسمانی؛ لە ئاست دەسەڵات، ڕێژەی ڕاگرتنی مەداح، سەروەت و سامان و بە گشتی لە گەندەڵی و خۆ بە زلزانینیش!
ئەم کتیبە دەنگەی کە گوێم بۆ گرت و خێرومەندێک بە تێلگرامدا لە بۆی ناردم زۆر هونەری تێدا نییە کە بڵێم پاشاکەمان بۆ خۆی نەینووسیوە و بۆیان نووسیوە!
پێمدەڵێن ئاگات لێ نییە لە فەیسبوکدا چ حەشرێکە، ڕۆژهەڵاتییەکانی سەردەمی ڕێفراندۆم کە ‌هێنایانییە سەر دم و زاران و بە هەزاران درۆ و بوختانی وەک پیاوی سەدام و وێنەی فۆتۆشۆپ لەگەڵ سەدام و پیاوی ئیتلاعاتی ئێران و بەدەستی هێزی سواتی ئەمریکا لە ناو بازاری سلێمانی گیرا و ڕفاندیان و چی و چی، ئێستا لەسەر ڕەقەم باسی چەواشەکاری و خیانەتەکانی پاشا و قیادەموقەتە دەکەن و چەند هەنگاو لە پێشمەوە دەڕۆن!
جەنابی سەرۆک کاک مەسعود! لە منی ببیسە و ئەم چەند ڕۆژەی ماوتە بە بێدەنگی بەسەری بەری بۆ خۆشت و نەوە و دنیا و ئاخیرەتیشت مەسڵەحەترە!
ئاخر پیم ناڵێی ئەوە چ کەتنێکە پڕ لە درۆ و چەواشەکاریی لەسەر کوردی داماوی ئەمڕۆکەی ڕۆژهەڵات ناوتەتەوە، بۆ نازانی خۆری ڕاستی و حەقیقەتگۆیی هەتا سەر لە ژێر هەوری چڵکنی عاسمانەکەی سەری ڕەشی تۆدا نامێنێتەوە؟!
دەزانم و لە فیکەی خۆمان تێدەگەین و بۆمان ڕوونە دەنگ و وشە و ئینشا و ڕێنوسەکەت لە کامە مەداحەکانی "مێژوونووسی" دەربارەکەت هەڵقوڵاوە و خەریکی توکی سەگە هارەکە دەرخواردی خۆمان دەدەی. وریا بە ئەوانە ڕەنگە بە تەما بن تا ئاخرنەوەیان هەر بە ئێوە بەخێو بکەن، چونكێ دڵنیان لە باوەشی رۆژهەڵاتدا تازە جێیان نابێتەوە، ئاخر دەبوو هیچ نەبێ ئەوەندەیان نەسیحەت کردبای، کە مامۆستا شێخ عێزەدین و دوکتور قاسملو و کاک فواد زۆرت بۆ زەحمەت دەبێ بە سەر کاریزما و ڕابوردوویاندا باز بدەی.
خراپت کرد لەم ئاخری عومرە بۆ جاری چەندووم دیسان خۆت تووش کرد لە گەڵ کوردی ئێران! قەت لەبیرت نەچێتەوە بۆیە بە سابڵاخدا نەتان دەوێرا هاتوچۆ بکەن جادە و دار و دیواری هەر بۆنی خوێنی سولەیمان و لاجانێکانی لێ دەهات، هاواری " قیادە گورگە لەناو میللەتا گوێی ئاسمانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کەڕ دەکرد، بۆیە زاتی هاتوچۆی شارەکەی پێشەواتان نەدەکرد!
ئێمە هەموو باش دەزانین ئەوانەی تۆ لە ناو کتیبەکەت ددانی خێریان پێدا دێنی و بە ڕۆژهەڵاتیی باش ناویان دێنی و ئەوانەی ئەمڕۆ لە دیوەخانەکەتدا کەیفت پێیان دەبزوێ و مەداحانە بۆت دەنووسن، دڵنیا بە لەهەرە قێزەون و ڕیسواکانی ٤٣ ساڵی رابردووی مێژووی ڕۆژهەڵاتن. بریا سوخنەت نەگوفتە دەبوو ئەزبەنی!

ئەو بابەت و هەواڵانەی کە ناوی نووسەرەکانیان دیار و ئاشکرایە، تەنیا
نووسەرەکەی بەرپرسیارە، نەک تەڤداپرێس





وێنە

حالی مسعود بارزانی و ئەولادەکانی بەدەست دادگای فیدرالیەوە
خۆنەچەمێنن
مسعود بارزانی دوای سەرنەکەوتنی لە رواندنی ددانی دەستکرد
براوەی کۆنگرەی چواردە
ململانێی نێوان بنەماڵەی بارزانی

راپرسی

چارەنووسی بنەماڵەی بارزانی و تالەبانی چۆن دەبینیت؟